کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڤايرۆسی کۆرۆنا و ڕاسيزمی دينی و ڕه‌گه‌زی

Thursday, 05/03/2020, 16:26


يه‌کێك له موسه‌له‌ماته‌کان * ئه‌وه‌يه که مرۆڤه‌کان به جياوازی ڕه‌نگ و ڕه‌گه‌ز و شێوه و ئاين و نه‌ته‌وه‌وه هه‌مويان له هه‌ناودا به هه‌مان شێوه‌ن ، بۆ نمونه‌ هيچ ڕه‌گه‌ز يان ڕه‌نگێك نيه سێ چاو يان دوو دڵ يان ٤ گورچيله‌ی هه‌بێت ، به واتايه‌کی تر مادام که ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌موو له گۆشت و خوێن و ئێسك پێك هاتوين و هه‌ناومان هاوشێوه‌يه ، که‌واته هه‌ر ده‌رد و به‌ڵايه‌کی ته‌ندروستی له شێوه‌ی په‌تادا بڵاو ببێته‌وه که‌س لێی به‌ده‌ر نابێت و هه‌موان له بازنه‌ی مه‌ترسی توشبون داين.

له‌سه‌ره‌تای بڵاوبونه‌وه‌ی ڤێرژنی نوێی ڤايرۆسی کۆرۆنا و گواسترانه‌وه‌ی بۆ ناو مرۆڤه‌کان له چين ئه‌م به‌ڵايه مرۆڤه‌کانی دابه‌ش کرد بۆ چوار به‌ش :

بەشی یەکەم:

ئه‌وانه‌ی که به‌ريه‌ککه‌وتنی ڕاسته‌وخۆيان له‌گه‌ڵ ڤايرۆسه‌که هه‌بو جا نه‌خۆش که‌وتبن يان فرياگوزار و پزيشك بوبن ، يان ئه‌وانه بوبن که له چين و له زۆنی نه‌خۆشيه‌که نزيك بون و خۆيان ئه‌پاراست له گواسترانه‌وه‌ی ڤايرۆسه‌که بۆيان.

بەشی دووەم:

  ئه‌وانه‌ی که درکيان به مه‌ترسی ڤايرۆسه‌که کرد و ده‌ستيان له‌سه‌ر دڵيان دانابو وه جيهانيان له مه‌ترسی ئه‌م ڤايرۆسه ئاگادار ئه‌کرده‌وه چونکه زۆربه‌ی ئه‌مانه که‌سانی پسپۆڕ و زانا و پزيشك و خاوه‌ن زانياری بون له‌سه‌ر په‌تا و ڤايرۆسه‌کان و چۆنێتی بڵاو بونه‌وه‌يان ، ئه‌مانه له هه‌موو به‌شه‌کانی تر به‌رپرسانه‌تر مامه‌ڵه‌يان ئه‌کرد به‌ڵام به داخه‌وه که‌مترين گوێ لێگرتن و به‌هه‌ند وه‌رگرتن بۆيان هه‌بوو ، ئه‌گه‌رنا ئه‌کرا نه‌خۆشيه‌که له ناوچه‌يه‌کی دياريکراودا قه‌تيس بکرايه و ڕێ له ته‌شه‌نه کردنی بگيرايه ، به‌ڵام سياسه‌ت و ئيکۆنۆمی و لا موبالاتی بوه له‌مپه‌ر له به‌رده‌م ئامۆژگاريه‌کانيان.

بەشی سێیەم:

  به‌شێکی زۆری دانيشتوانی گۆی زه‌وی بون که پێيان وابوو ئه‌م ڤايرۆسه له چين دا قه‌تيس ئه‌بێت و ئازار و مه‌ينه‌تی چينيه‌کان و هه‌موو شێوه ئاسياييه‌ك ببوه بابه‌تی گاڵته پێکردن و کۆمێديا و هه‌ست بريندار کردن لايان به‌شێوه‌يه‌ك که سه‌دان و هه‌زاران ديمه‌نی ڤيديۆیی گاڵته ئامێز ڕۆژانه به تۆڕه‌ کۆمه‌ڵايه‌تيه‌کاندا له‌لايانه‌وه بڵاو ئه‌کرايه‌وه بێ گوێدانه ئازار و هه‌ستی توشبوان و که‌س و کاريان ، له‌ڕاستيدا زۆربه‌ی ئه‌م چينه به ته‌مه‌ن زۆر گه‌نج و هه‌رزه‌کارن و جددی نين له ژياندا ، بۆيه ناکرێت مرۆڤ زۆر به جددی ته‌ماشای هه‌ڵوێستيشيان بکات.

بەشی چوارەم:

  ئه‌م به‌شه به‌ڕاستی مايه‌ی شه‌رمه‌زاری و ئه‌و په‌ڕی بێ ئابڕوویی و نه‌فامی و بگره گێليشه چونکه بنيات نراوه له‌سه‌ر " ڕق " و " پێ خۆش بون " و " ڕاسيزمی دينی " که به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌وانه‌ی له‌م به‌شه‌دا پۆلێن ئه‌کرێن پێك هاتون له مرۆڤی موسوڵمان به‌داخه‌وه. ئه‌م به‌شه پێی وايه ده‌وڵه‌تی چين ده‌وڵه‌تێکی هه‌م کافره و هه‌م زاڵمه و زوڵم له ئيگۆره‌کانی خزمی ئه‌ردۆغان ئه‌کات و له‌ مافه‌کانيان بێ به‌شيان ئه‌کات ، بۆيه کۆرۆناش سه‌ربازێکی خودايه " جند من جنود الله " وه هاتوه تۆڵه‌ی موسوڵمانان له چين ی کافر بکاته‌وه ، ئه‌م توێژه تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا زۆرينه‌ و که‌مينه موسوڵمانه‌کانی وا هه‌ڵئه‌خڵه‌تاند که ئه‌م به‌ڵايه به‌لای موسوڵماناندا نايه‌ت ، خودی خۆم به وردی چاودێری تۆڕه کۆمه‌ڵايه‌تيه‌کانم کردوه ئه‌م دوو مانگه‌ی ڕابردوو به چه‌ندين زمان " کوردی ، عه‌ره‌بی ، ئينگليزی و هتد " هه‌ميشه به‌شێکی کۆمێنتی مرۆڤه موسوڵمانه‌کان پێ خۆش بونێکی قێزه‌وه‌ن بوه به چينيه‌کان و دۆعا کردن بوه که زياتر و زياتر لێيان بکوژێت ! هه‌روه‌ها هه‌ستان به دروست کردنی کۆمه‌ڵێ هه‌واڵی فه‌يك وه‌ك گريان و قوڕپێوانی سه‌رۆك وه‌زيرانی چين به حساب له مزگه‌وتێك و نوێژکردنی له ترسدا !!! ته‌نانه‌ت پێيان وابوو مه‌نع کردنی نيقاب هۆکاری بڵاو بونه‌وه‌ی ئه‌م ڤايرۆسه بوه تا ژن و پياو له چين به زۆر ببنه نيقاب !
ئه‌م جۆره له ڕاسيستی زۆر مه‌ترسيداره ، چونکه سه‌ر ئه‌کێشێ بۆ گێل کردنی کۆمه‌ڵگا ئيسلاميه‌کان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنيان و دورخستنه‌وه‌يان له خۆپارێزی له‌و نه‌خۆشيه‌ کوشندانه‌ی ئێستا و داهاتووش.
ئه‌وه‌تا هه‌موو ئێستا ئه‌بينين که ڤايرۆسه‌که سه‌ربازێك له سه‌ربازه‌کانی ئيسلام نيه ، چونکه که‌وتۆته چنينه‌وه‌ی گيانی موسوڵمانه‌کانيش به تايبه‌تی له ئێران که هه‌موو موسوڵمانن ،، لێره‌دا موسوڵمانان پێيان وابوو ئێرانيش شيعه‌يه بۆيه ڤايرۆسه‌که وايان پێ ئه‌کات ، واتا ڕاسيزمه دينيه‌که ڕاسيزمی مه‌زهه‌بيشی چوه سه‌ر ! به‌ڵام سنوری ئێرانی تێپه‌ڕاند و ئێستا زۆربه‌ی وڵاتانی جيهان به نا موسوڵمان و موسوڵمانه‌وه ڤايرۆسه‌که‌يان تێدا بڵاو بۆته‌وه و له کوردستانی خۆشمان که ئيسلاميه‌کانی به به‌رنامه و سيستماتيك به‌شێکن له بڵاو کردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ناماقوڵيانه ئێستا لوتيان بوه به لوتی ڤايرۆسه‌که‌وه وه‌ك هه‌مو تاکێکی کۆمه‌ڵگا ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و لوتبه‌رزيه‌ی يه‌کێتی به ناو " زانايانی " ئيسلامی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌يه نوانديان به سوربونيان له‌سه‌ر ڕاسيزمی دينی و مه‌زهه‌بی و به به‌کراوه‌ییی هێشتنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌کان بۆ نوێژی هه‌ينی ، ئێستا خه‌ريکه ياريه‌کی قێزه‌وه‌نتر ده‌ست پێ ئه‌که‌ن دوای ئه‌وه‌ی زۆر به‌داخه‌وه هاوڵاتيه‌کی هه‌رێمی کوردستان بوه يه‌که‌مين قوربانی ده‌ستی ڤايرۆسه‌که له کوردستان و عێراق وه ده‌رکه‌وت که مه‌لايه !!! ئێستا له تۆڕه کۆمه‌ڵايه‌تيه‌کان هه‌ڵمه‌تێکی فراوانيان ده‌ست پێکردوه و ئه‌ڵێن که خوالێخۆش بوو به کۆرۆنا نه‌مردوه و کێشه‌ی تری ته‌ندروستی هه‌بوه !!! که ئه‌مه ده‌ليلی ئيفلاسی عه‌قڵی و مه‌عريفیه و نيشانی ئه‌دات ئه‌م چينه مشه‌خۆره " مه‌لا و ئيسلاميه‌کان " ته‌نها ناو بانگ و پێگه‌ و گيرفانی خۆيان لا گرنگه و هيچ گوێ به ته‌ندروستی خه‌ڵك ناده‌ن که به درۆوه‌ زۆر خۆيان وه‌ك به‌رگريکار له موسوڵمانان نيشان ئه‌ده‌ن
مه‌لاکان ئه‌مڕۆ زۆر به په‌له به‌يانێکيان ده‌رکرد و له فتوای به‌رده‌وامی نوێژی هه‌ينی په‌شيمان بونه‌وه و ڕايانگه‌ياند نوێژی هه‌ينی له سلێمانی به‌ڕێوه ناچێت ئه‌م هه‌ينيه !
له کۆتايدا له خوای گه‌وره داواکارم هه‌موان بپارێزێت له‌م به‌ڵايه‌ ، هه‌موان ئا ئا هه‌موان ، به‌هه‌موو نه‌ته‌وه و ڕه‌نگ و ئاين و مه‌زهه‌به‌کانه‌وه ، چونکه هه‌مومان مرۆڤين
بڕوا بونمان به ئاينێکی دياری کراو نابێت ببێته هۆی که‌ر کردنمان ، بێويژدان کردنمان و بێ ئه‌خلاق کردنمان به ناوی غيره‌ت بۆ ئيسلام و هتد

* موسه‌له‌مات : واتا ئه‌و شتانه يان بابه‌تانه که چيتر پێويستی به لێکۆڵينه‌وه و سه‌لماندن نيه

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە