ئەوەی کە نایدرکێنین، ئایا خڵتەیە یان هەقیقەت ؟
Thursday, 27/02/2020, 1:18
بە وتەی ڤیکتۆر هیگۆ بێت ئەوەی کە نایدرکێنین، خڵتەیە
مرۆڤی سەرەتای، پێش ئەوەی ئەدەبو هونەرو مۆسیقاو سەمای هەبێت، پێش ئەوەی زمانو نوسینی هەبێت، بە خۆ سورکردنەوە، بە ئیشارەت، بە هەڵبەزینو دابەزینو خۆ ڕاوەشاندن، بە هاوارو قیژاندن، هەستو نەستی خۆی دەربڕیوە. هەر هەمان هەستو نەستن کە ئەمڕۆ بونەتە مۆسیقا، هۆنراوە و چیرۆکو تابلۆ و فیلم. کاتێک لەگێژاوی بیرکردنەوەدایە، چەندەها پرسیار لە ژیان، لە بون، لە دەوروبەری دەکات، دەیەوێت بە پەیامێک، بەزمانێک، بەشکڵێک، بیگەیەنێت بە کەسانی دەورو بەری، بۆ ئەمەش هەر لە مێژەوە مرۆڤ چەندەها زوانی ئەدەبی و هونەری داهێناوە، هەتاوەکو بتوانێت لەشێک بکات بەبەری ئەو بیرۆکەیەدا، بەبەری ئەو ڕۆحەدا، پەیکەرێکی پڕبە باڵای خۆی بۆ داتاشێت، هەتاوەکو ئەو شتەی کە پێی دەڵێن بیرۆکەو هێشتا لەناو مێشکیدایەو نەبینراوە و نەبیستراوە، هەستی پێنەکراوە، لەشێکی بۆ داتاشێت، بیکات بە شکڵێک، بەتەنێک، بەدەنگێک، بە مۆسقایەک بە وێنەیەک.
بیرۆکەکان دەکەین بە وشە بەدەنگ بە سەما، پاشان بە ڕستە، بە تابلۆ، بە سەمفۆنیا، ئینجا بە شیعرو چیرۆکو ڕۆمانو فیلم، لەهەر قۆناغێکدا روبەڕوی قانونو بەربەست دەبینەوە، لە هونەری ئەدەبیدا خۆمان ڕوبەڕوی قانونی وشە، ڕستە، زمانو شکڵی ئەدەبی دەبینەوە. خاوەنی بیرۆکەکە بە هەمو ئەم قۆناغانەد تێدەپەڕێتو هەریەکەیان دەبنە بەربەستێک بۆ ئەو، کە بەو هۆیەوە هەرچەندە توانایەکی دەداتێ بۆ بە ماتریالکردنی بیرۆکەکەی بەلام ناتوانێت هەمو بیۆکەکەی وەک ئەوەی کە ئەیەوێت پێمانی ڕاگەیەنێت.
بۆ ئەوەی لەمەبەستی نوسەرەکەش تێبگەین، پێویستمان بە کاتە، دەبێت گوێ لە شیعرێک بگرین لەسەرەتاوە هەتا کۆتایی، سەیری فلیمێک بکەین لە ژورێکی تاریکدا هەتا کۆتایی، ڕۆمانەکە بخوێنینەوە هەتاوەکو لە باسەکە تێ بگەین، لە مەبەستی نوسەر تێبگەین، ئەم هەمو بەربەستی وشەو ڕستەو زمانو شکڵی ئەدەبیەش، بیرۆکەکەمان بۆ دەخاتە ناو قەفەزێکی داخراوەوە کە هزرمان تیایدا پەنگ دەخواتەوە، بیرۆکە دەچێتە ناو قەفەزی وشەوە، ناو قەفەزی شکڵەوە، ناو قەفەزی وێنەوە، مۆسیقاوە. خۆ مەرجیش نیە ئەو تابلۆیە ئەو مۆسیقایە ئەو شیعرە ئەو ڕۆمانە ئەو چیرۆکە بە تەواوی ببێتە ئاوێنەی ئەو بیرۆکەیە، یان ئەم تارەی کە من ئێستاکە دەینوسم. خۆ هەندێک جار نوسەر خۆشی دان بەو ڕاستیەدا دەنێت کە نەی توانیوە ئەوەی لە ناخیدا بوە بیدرکێنێت. نەگەیشتن بە ئامانجی دەربڕینی ئەوەی لە ناخماندایە هۆکارەکانی زۆرن، جگە لەوانەی کە باسمانکردن، وشەو ڕستەو و زمانو بەربەستو قانونی شکڵی ئەدەبی، کەهەر یەکەیان بە پێی سەردەمو شوێن دەگۆڕێنو بەسەرتا سەپێنراون، لەهەمان کاتا بکەر یان نوسەری بیرۆکەکە هەتا چەندە شارەزا بوە لەو بوارەدا، هەتا چەندە بوێر بوە یان هەتا چەندە خۆی لەو گێژاوەدا دۆزیوەتەوە کە بتوانێت هەمو بەربەستەکان بشکینێت، هەتاوەکو وەک پەیامێک بە ئێمەی خوێنەری بگەیەنێت. کە دەشلێم خڵتە مەبەستم لەو بەشە نیە کەنەمتوانیوە دەریبڕم بە هۆکاری بەربەستو قانونی ئەدەبیەوە، یان توانای هونەریمەوە، مەبەستم ئەو بەشەی باسەکەیە کەنەم ویست یان نەموێرا دەری بڕم، یان زوانێکم نەدۆزیەوە کە شایەنی ئەوە بێت بیکات بەشکڵێکی هونەری.
کاتێک شەرابێکی تەمەن بیست سالانە دەکەیتەوە، خڵتەیەکی زۆر لەبنی بوتڵەکەدا دەمێنێتەوە، دەبێت ئاگاداربیت لەکاتی ڕۆکردنی دواهەمین پەرداخدا کە خڵتەکەی ڕۆنەکەیت. هەمو شەرابێکیش ئەو خڵتەیەی نیە. شەراب شەرابەو مرۆڤ مرۆڤ، ناتوانین ئەو ڕاستیە بچوێنین بە سەر مرۆڤداو بڵیین : کەواتە ، پێدەچیت مرۆڤی بە ئەزمونو بەتەمەنیش وەک شەراب ئەوەی کەنای درکێێتو پیشانی نادات خلتە بێت.
دانێ پێدا دەنێم کاتێک ئارتور ڕامبۆم خوێندەوە وتم ئیتر هۆنراوە تەواو، لەبەر ئەوەی کە ڕامبۆ هێندە لە گێژاوی فکریدا دەخولایەوە، هێندە لەئەشکەنجەی هۆنراوە و بەتوندی لە ژیاندا ژیا، بوێرانە توانی بە گژ هەمو قانونێکدا بچێتەوە، هەمو بەربەستێک بشکێنێت، زمانێکی شیعری بۆخۆی ئەفراند، هەر بۆیەش لەتەمەنێکی زۆر زودا وازی لە هۆنراوە هێناو سەری خۆی هەڵگرت. کەواتە ئەو بەربەستانە بۆ ئەوەبون کە ئەو خڵتەیەت تێدا بمێنێتەوە، جا ئیتر ئەو خڵتەیە تۆ ناوی بنێیت پیسایی ئەوە ڕای تۆیە، ڕای ڤیکتۆر هیوگۆیە . من بە جۆرێک لە هەقیقەتی دەزانم.
ئەو کارە هونەریەی هونەرمەندی فەرەنسی مارسێل دوشام کە ناوی ناوە ( کوفارە )، کە دەگدانەوەیەکی جیهانی هەبو لە سەردەمی خۆیدا و هەتا ئەمڕۆش هەمو بیرمەندو فەیلەسوفەکان باسی دەکەن، وەک مۆنالیزای سەردەمی نوێ ناسراوە. وەک وەرچەرخانێکی نوێ دەبینرێت لە مێژوی هونەردا کە ناومان نا ستایلی ؛ ready made، واتەبەکارهێنانی شتێکی ئامادەکراو لەوەو بەر. ئەوەی تەنگژی دەنایەوە لەم هونەرە نوێیەدا ئەوەبو کە خەڵکی پرسیاریان دەکرد : کوانێ هونەرمەندو دەوری هونەرمەند ؟ کوانێ دەستڕەنگینی ؟ هونەرمەند وەک ئەو کەسەی کە توانای ئەوەی هەبێت پەیکەرێک داتاشێت یان کارێکی دەستڕەنگینی بکات کە بینەر لەتوانایدا نەبێت ئەوە بکات، بۆیە خەڵکی بە بنینی ئەو کارە هونەریە، بێزیان دەهاتەوە و دژی دەوەستانەوە. بەلام بۆ مارسێل دوشام کارەکە گرنگ نەبو بەڵکو بیرۆکەکەی گرنگ بو، بۆیە ئەو وەک ئاررتور ڕامبۆ وازی لەوەزنو قافیە هێنا، هەرچەندە ئارتور ڕامبۆ بە پێی هونەری ئەدەبو شیعر ئیتر نەی دەتوانی لەوە زیاتر قانون بشکێنێت، بەڵام خاسیەتی هونەری شێوەکاری جیاوازە، هەلىژاردەکان زۆرترو فراوانترن، دەتوانێت زیاتر ببێتە ئاوێنەی هزری مرۆڤ. مارسێل دوشام لەسەر ئەو بیرۆکەیە ئەو ئاودەستخانەی وەک هونەر پیشاندا، وتی؛ ( ئەو کەلوپەلانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەکاری ناهێنین دەتوانن ببنە پەیکەرێکی هونەری )، هەرچەندە ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئاپخانە بەکار دەهێنین، بەلام مارسێل دوشام لە بازاڕی کۆنە فرۆشەکان ئەو ئاپخانەیەی دۆزیەوە کە فڕێ درابو، بۆیە مەبەستەکەی تۆزێک دوفاق دەبێتەوە و چەندەها پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت، جگە لەوەی کە خەڵکی بەدوای دەوری هونەرمەندا دەگەڕان .
لە هونەری شیوەکاریدا بە پێجەوانەی هۆنراوە و چیرۆکو فیلمەوە، مرۆڤ پیویستی بە کات نیە، لەیەک کاتا کە بەلای تابلۆکەدا تێپەڕ دەبێت هەمو تابلۆکە دبینێت، بۆیە هونەری شێوەکاری سەربەستە، بۆ نمونە تیپێکی مۆسیقای ئۆپێرا ناتونێت تڕێک لێبداتو بڵێت ئەوە مۆسیقاکەمانە، بەڵام هونەرمەندێکی شیوەکار دەتوانێت تەپاڵەیەک دابنێت لەسەر تابلۆیەکو بڵێت ئەوە کارێکی هونەریمە لەبەر ئەوەی کە بانگت ناکات بۆ ساڵۆنێک لە ژورێکی داخراودا هەتاوەکو گوێ بۆ مۆسیقاکەی، فیلمەکەی، ڕۆمانەکەی ، هۆنراوەکەی ڕاگری هەتا کۆتایی، لەیەک کاتا کەبەتەنیشتیەوە تێدەپەڕیت، هەمو تابلۆکە دەبینیت، بۆیە ئەو توانای جیاوازە. بێگومان باسی هونەرمەندانی وەک لالە عەبدە ناکەم کە تابلۆکانی بۆ ڕازاندنەوەی سالۆنەکانن، من باسی ئەو هونەرمەندانە دەکەم کە کارەکانیان بۆ مۆزەخانەکانە، نەک بۆ مەبەستی بازرگانیو جوانیەکی ناسراو. هەرچەندە هەندێک مۆسیقار لەسالانی حەفتادا هەوڵیان دا کە ئەوانیش وەک هونەری شیوەکاری ئەو ئازادیە بدەن بەخۆیان، بەڵام سەرکەوتو نەبون، یان تیپێکی شانۆ کاتێک دەگەنە ساڵەکە بۆ سەیری شانۆکەو پەردە دەکرێتەوە، کەسێک بە جۆرێک دەقیژێنێتو هاوار دەکات کە بینەران ڕادەچڵەکێنێت، هەردوای ئەوە پەردەی شانۆکە دادەخرێتو دەڵێن ئەوە کۆتایی شانۆکەیە، بەڵام خەڵکی ناڕازی دەبنو داوای پارەی بلیتەکەیان دەکەنەوە.
بۆیە تەنها هونەرێک کەبتوانێت ئەو خڵتەیەت پێ هەڵبێنێتەوە هونەری شیوەکاریە لەگەل سەماکردندا، لەبەر ئەوەی کە هەوردوکیان دو هونەری زۆر کۆنی مرۆڤایەتین پێیان دەڵین هونەرە سەرەتاییەکان، وەک کاری لەشفرۆشی کۆنترین هونەری مرۆڤایەتین .
کەواتە مەرج نیە ئەوەی کە تیامانا دەمێنێتەوە و نایدرکێنین خڵتە بێت وەک ڤیکتۆر هیوگۆ دەلێت، پێدەچیت هەقیقەتێک بێت زۆر لەهەقیقەت خۆی گەورەتر بێت، بەڵام ئەو خڵتەیە پیویستی بەزمانێکی زۆر زیرەکترە، جیاوازترە، هەربۆیەش لەگەڵ کاتا مرۆڤ هونەری جیاوازی بەرهەم هێنا، لە هونەری شێوەکاریەوە هونەری فۆتۆگرافی و هونەری فیلمسازی و ڤیدیۆ و ...تاد، مان داهێنا هەتاوەکو بتوانین دوا خڵتەی بنی پەرداخەکەمان ڕۆبکەین.
خۆ ئەگەر ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی لۆڤەردا خەڵکی بەهەزارەها لەبەردەم مۆنالیزادا چرکەی کامێراکانیان دێت، ئەوا لەسەردەمی خۆیدا وەک ئاودەستخانەکەی مارسێل دوشام خەڵکی مۆنالیزایان بەلاوە گررنگ نەبوە و دڵگیر نەبوە، بەڵام کاتێک داڤنچی لە ئیتالیاوە دێت بۆ فەرەنسا بەسواری کەر، سێ تابلۆی بەشانوە دەبێت یەکێک لەو تابلۆیانە مۆنالیزابوە. بۆ مارسێل دوشامیش بەهەمان شیوە ئەو ئاپخانەیە یەکێک بوە لە گرنگترین کارەکانی، تەنها رەسمەکەی مابویەوە و کارە هونەریە ڕەسەنەکەی کە لەساڵی 1917 دا لە ئەمەریکا لە پێشانگایەکدا پیشانی دابو لەناوچوبو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست