ڕاو و کشتوکاڵ! دڕندەیی لە کامیاندایە؟
Tuesday, 11/02/2020, 22:24
مرۆڤ تا ئەو سەردەمەی وازی لە ڕاو و شکاری نەهێنابوو، لەسەر زەوی، کۆی ژمارەی مرۆڤەکان، لە نێوان دوو بۆ سێ ملیۆن بوو، کە ئەوە ساڵانی دە هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەکات. ڕاو ژمارەیەکی زۆری مرۆڤی گەرەک نییە، بۆیە ڕاوچیێک زۆر بیر لە زۆری ژمارەی مرۆڤ ناکاتەوە، ڕاوچیێک هەمیشە لە جولەدایە، بۆیە ژمارەی زۆر ناخاتەوە، ژمارەی زۆر یەکسانە بە جولەی کەم، چونکە ڕاوچییەکان هەمیشە دەجولێن و دەگەڕێن، ئەوە هۆکارە بۆ ئەوەی، کە ژنی ڕاوچی جەستەی هەموو کات لەبار نەبێ بۆ خستنەوەی منداڵ، چونکە بار و دۆخ و کەش و هەوا، کاریگەری بەسەر توانای وەچەخستەنەوەی ژنەوە هەیە! لەبەر ئەوە، ئەوەی کە ئەوڕۆکە دەیبینی، ئەو هەموو ژمارە زۆرە لە مرۆڤ، بەرهەمی سەردەمی کشتوکاڵە، کاتێک کە کشتوکاڵ داهات، مرۆڤەکان لادێیان دروست کرد و ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤیان خستەوە، ئەوەش بوو بەو تەقینەوە خێرایەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان!
لە سەردەمی ڕاودا، خانووی مرۆڤەکان، خڕ بوو، ئەمڕۆکەش ڕاوچییەکان کە لە هەندێ شوێن ماون، خانووەکانیان خڕە، خانووێ خڕ، خانووێکی نا پاوان خواز بوو، خانوێک بوو بۆ ژیان، نەک بۆ گەورە کردن، کاتێک مرۆڤەکان فێری کشتوکاڵ بوون، لە میزۆپۆتامیادا، خانووە خڕەکانیان کرد بە چوارگۆشە، قاتێکیان کرد بە دووان و دووانیان کرد بە سیان، تەنانەت خانوێکیشیان کرد بە زیاتر و هەژموونگەرایی تێیاندا چەکەرەی کرد، لەبەر ئەوە، قەسر و ڤێلا و نمایشی بێ مانای مرۆڤەکان لە ڕێگای بیناسازی و کەرەستەی بیناییەوە، بەرهەمی کشتوکاڵ و سەردەمی کشتوکاڵە!
لەگەڵ داهاتنی کشتوکاڵ، مرۆڤەکان بەرهەمی زیادەیان هێنایە، کایەوە، لەگەڵ ئەوەدا کەوی کردنی ئاژەڵان و لەوێشەوە کەوی کردنی مرۆڤی تر لە نەست و هەستیاندا چەکەرەی کرد، دەست بەسەر سروشت داگرتن و ڕەوایی دان بە هەموو ئەکتێک، لەوێوە جیقڕیدا و شین بوو، کاڵای زیادە و عەمباری گەنم و دانەوێڵە، یەکسان بوو بە دروست بوونی پاسەوان و سەرمایە و ئەشکەنجە و دزی و زۆر ئەکتی تر، بە تایبەتتریش، چینایەتی و چەوساندنەوە و برسی کردنی یەکتر، تا مرۆڤ لەڕاودا بوو، زێدە بەرهەم بوونی نەبوو، بۆیە کەمترین پێکدادان لەنێوان گروپ و قلانەکاندا هەبوو، بەهیچ شێوەیەک سەرمایەداری و چینایەتی بوونی نەبوو، چەند لادێیەک دۆزراونەتەوە، کە هی قۆناغی ڕاو بوون، خانووەکانیان هەمووی بە قەد یەکە و هیچ نیشانەیەکی جیاوازی چینایەتی و خاوەنداری تایبەت، لە ئارادا نەبووە، لەبەر ئەوە بێ گومان، سەرمایەداری، بەرهەمی کشتوکاڵە، تەنانەت دەوڵەت و سیستەمیش هەر نەوەی کشتوکاڵن، بە سوپا و جەلادیشەوە.
لە ڕووی تەندروستییەوە، لەگەڵ بەرپا بوونی کشتوکاڵ، کامپ و لادێ ساز بوون، قەرەبالغی دروست بوو، وەستان لە شوێنێک هاتە کایەوە، بۆیە مرۆڤەکان هەم لە،نێوان خۆیاندا نەخۆشییەکانیان ئالوگۆڕ دەکرد و زیاتر نەخۆش بوون، هەم گۆڕانی سیستەمی خۆراکیان، دەرگای لەبەردەم پوکانەوەی ماسولکە و سیستەمی بەرگری لەشیان کردەوە، تەنانەت کورتر بوونەوەی تەمەنیان و پەکەوتنێکی زووتر، کە ئەوە لەگەڵ بە لوتکە بوونی کشتوکاڵ لە سەدەی بیستدا، ئەویش گەیشتە لوتکە! بە پێچەوانەوە، لە سەردەمی ڕاودا، تواناییێکی مێشکی زیاتر و جەستەیەکی پتەوتر و تەندروستیێکی باشتر و تەمەنێکی درێژتر لە ئارادا بوو. هەڵبەت بەلەبەر چاو گرتنی نەبوونی سیستەمی تەندروستی و کوتان و پێداویستییەکانی تر.
شارستانییەت، دین، شار، جەنگ، بەرهەمی کشتوکاڵن
کشتوکاڵ، یەکسانە بە بڕینەوەی زۆرێک لە دارستانەکان، تێکدانی ماڵی ئاژەڵەکان، وەرگەڕاندنی چەندان زەوی بۆ بیابان، تەنانەت کشتوکاڵ هۆکارە بۆ داڕوخانی زەوی و پیسبوونی ڕوبارەکان، لەو ڕێگایەشەوە، مردنی ژمارەیەکی بەرچاوی ماسییەکان، تەنانەت ئەمسالیش، بڕینەوە و سوتاندنی دارستانەکانی ئەمازۆن، بەردەوام بوو، ئامانجیش لێی کشتوکاڵ بوو، جگە لە بەکارهێنانی ئاوێکی زۆری شرین، بەکارهێنانی پەینێکی زۆر، چەوساندنەوەیەکەی زۆریش، بۆ خاک و بۆ مرۆڤەکانیش!
لەبەر ئەوە، ئەوەی کە خەتەرە، ڕاو و گۆشت خواردن نییە، بەڵکو کشتوکاڵ و گەنم خواردنە!
وەک یوڤالیش دەڵێ؛ مرۆڤەکان کە توشیان بوو بە کشتوکاڵەوە و بە تەڵەی گەنمەوە بوون، گەورەترین نەهامەتییان بەسەردا هات، بەڵام تازە کار لە کار ترازابوو، ڕێگای گەڕانەوە بۆ ڕاو و وازهێنان لە کشتوکاڵ، لەبیر مرۆڤەکان چوویەوە، ڕاو و شکاری، بوو بە سەردەمێک، کە هەرگیز نەبووبێت!
ئەوەی کە ئێمە بووین بە ئاژەلێکی زۆر هیچ و پوچ، هۆکارەکەی، کشتوکاڵ بوو، دەنا لە سەردەمی ڕاودا، ئێمە بە هیچ جۆرێکی ئەوەی ئێستا نەبووین، نە یەکتریشمان دەچەوساندەوە، هەر ئەکتێک بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی ڕاو و تەرککردنی کشتوکاڵ، شۆڕشە!
لە ڕاودا خوێن هەیە و لە کشتوکاڵدا، مەرگ!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست