کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بیانوی غازو شتی تر

Tuesday, 04/02/2020, 23:02


تا پارتی و یه‌كێتی وه‌ك دوو حزبی قۆرخكارو خاوه‌نی دیرۆكی خوێناوی ، نه‌یه‌نه‌ پای ئه‌وه‌ی كه‌ شكۆ بۆ مرۆڤی كورد بگێڕنه‌وه‌و له‌و هه‌موو سته‌م و نادادی و ناشرینیه‌ داوای لێبوردن له‌ میله‌ته‌كه‌یان نه‌كه‌ن و نه‌بنه‌ دوو حزبی ماقوڵ زۆر ئه‌سته‌مه‌ كوردستان پێشكه‌وتن و گۆڕانكاری به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت .
تا پارتی و یه‌كێتی به‌ هه‌مان ئاست سه‌یری سلێمانی و هه‌ولێر كه‌ركوك و دهۆك نه‌كه‌ن و یه‌ك بۆ یه‌كتری بسه‌ننه‌وه‌ كه‌ سته‌م له‌ هاوڵاتیانی خۆیان ده‌كه‌ن له‌ دژی یه‌كتر ، هه‌رگیز باشوری كوردستان ئارامی به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت، ئه‌وان نایانه‌وێت ئارامی به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت ، بڕوانه‌ پارله‌مانتار بیت ، نوێنه‌ری خه‌ڵك بیت ، به‌ ده‌نگی خه‌ڵك موچه‌و ئیمتیازت هه‌بێت و پێت خۆش بێت جیاوازی قوڵ له‌ نێوان شاره‌كاندا هه‌بێت، پێت خۆش بێت شارێك له‌ سه‌ر حسابی ئه‌وانی تر پێشبكه‌وێت و ئه‌وانی تر دوا بكه‌ون و به‌ خاكدا ڕۆچن ، هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی شاره‌كه‌ لایه‌نێكی تر تێیدا باڵاده‌سته‌ ، یان خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌نگ به‌ تۆ ناده‌ن .
سه‌یركه‌ پارتی و یه‌كێتی چۆن ده‌یانه‌وێت هه‌ولێری و سلێمانی بكه‌نه‌ دوژمن و نه‌یاری یه‌كتر ، چۆن ده‌یانه‌وێت سلێمانی وا تێبگات جاده‌ی 150 مه‌تری هه‌ولێر له‌ سه‌ر حسابی ئه‌وانه‌و له‌لاشه‌وه‌ هه‌ولێری وا حاڵی بكه‌ن كه‌ گرانبوونی غاز له‌ هه‌ولێرو دهۆك ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌م سنوره‌وه‌ هه‌یه‌ ، به‌ كرده‌وه‌ پارتی و یه‌كێتی له‌ ساڵی 1992ه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت باشوری كوردستان بكه‌نه‌ دوو پارچه‌وه‌ ، له‌و ساڵه‌وه‌ هیچ نه‌ماوه‌ به‌ لایه‌نگرو هه‌واداری یه‌كتر نه‌كه‌ن ، ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ركردنی یه‌كتر باوه‌شیان كردوه‌ به‌ شه‌یتانداو سوپای عیراق و ئێران و توركیایان هێناوه‌ته‌ سه‌ر یه‌كتر ، ئه‌گه‌ر پێشیان بڵێی بابه‌ ئه‌مه‌ی ئێوه‌ ده‌یكه‌ن خیانه‌ت خراپتره‌ له‌ بری به‌ خۆدا چوونه‌وه‌ په‌لامارت ده‌ده‌ن .
گرفتێكی گه‌وره‌یه‌ ده‌سه‌ڵات نه‌یه‌وێت عه‌قڵی لۆكاڵی و خێڵه‌كی تێپه‌ڕێنێت و خزمه‌ت و ئاوڕدانه‌وه‌و به‌ ته‌نگه‌وه‌ هاتن ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ ملدان و كه‌وی بوونه‌وه‌ ، شه‌رمێكی گه‌وره‌یه‌ بته‌وێ‌ له‌ رێگه‌ی وێرانكردن و خزمه‌تنه‌كردن و برسی كردن و یاساغكردنی كه‌ل و په‌له‌وه‌ شه‌ڕی نێوان خۆت و ئه‌وی تر ببه‌یته‌ نێو خه‌ڵكه‌وه‌و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ئازاری خه‌ڵك بده‌یت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە