کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پیاوێک خەیاڵە پوچەکانی بەهیچ کوێی نەگەیاند

Wednesday, 29/01/2020, 0:50


ئەم جەنگە بەساردی بۆ ئێستا دەمێنێتەوە، ئێرە پڕە لە پەشیمانی ، بەڵام نەشی دەویست، ئەو چەند مانگەی مابووی بگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، ئەو کاتێک نیشتمانی جێهێشتبوو پڕبوو لەخەیاڵ. پیاوەکە دەیووت خەوی بەپیاو چاکێکەوە بینیوە دڵنیایە ، کە زانست لەم چەند ڕۆژەدا دەرمانێک دەدۆزنەوە و کارئەکتەری ناو چیرۆکەکەمان دەکەنەوە بە کوڕی ١٤ ساڵ . ئەو دەم وەک دەیجورێک گەشت دەکاتەوە بەرەو نیشتمان و هەموو ئەو خەیاڵ و بیرۆکانەی هەیەتی دەیخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە ، بەلێشاو کتێب دەنوسێت و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات.
بەر لە چەند ساڵێک سەرگەرمی نوسینەکانی چیرۆکەکانی چیابووم ، هەر جارێک پیاوی ناو چیرۆکەکەم دەدی لەبازاڕ لەسەر شەقامێک لەناو ئاپورەی خەڵکدا ، دەهات و دەیووت : چیرۆکەکانت دەبینم ، بڕوا بفەرموو من شتی وام بەسەر هاتوە ، بینوسمەوە هەموو کورد سەرسام دەکەم ...!
دەیگوت من لە نزیکەوە ئاگام لە کارەساتی هەکاری بووە، بگرە من یەکێک بووم لە ناو ڕەتڵەکە دا ، قسەم لەگەڵ سینەماکارێکدا کردوە سوکە پەیمانێکی پێداوم و دەیبەمە جێگاکان بەر بە بەرد و دەوەن بەدەوەن دەیگێرم، بڕوابکە لەهەموو شەڕەکانی ئەڵوەتان و کونەمشکە دەستی دیارم هەبووە . 
منیش دەم ووت: کاک ببورە ناوەکەتم بیرچۆوە ؟ 
پێدەکەنی دەیووت من خۆم حەزم بە نهێنییە، زۆر حەزم بەکالۆسە ئەو پیاوی تارمایی بوو، سەرسامیشم بەچیرۆکەکانی کاسپەر، بۆیە ناوم نازانی، من دکتۆرم، ئێمە بە تایەفە دکتۆرین.
لەدەمم دەرچوو ووتم: دکتۆری ئاژەڵن "ڤێترانارین " ؟ 
 ئێ باشە لە چ خەستەخانەیەک کار دەکەن ؟ 
نا نا من دەمزانم دەرزی لێدەم و برین بپێچم، بۆیە ناوم نرا دکتۆر.
ئێ دکتۆر چی یە ؟
تۆ بزانی برین بپێچی و دەرزی لێدەی خۆ فڕۆکە لێخوڕین نییە ؟
ووتم: وایە منیش بڕوام وایە فڕۆکە لێخوڕین قورسترە لە دکتۆری.
باشە تۆ سەرگەرمی چیت، مەبەستمە بڵێم بە چیەوە خەریکی؟
من خەریکی هەموو شتێکم و هیچیش ناکەم، ڕاستی نەخۆشم خەمی ووڵات و خەڵک برسییەکان لێبڕیووم ، زۆر دەخوێنمەوە.
 ژنەکەی هەڵی دایە ووتی : کابرا کەی دەخوێنیتەوە ، ئەی بۆ من نەمدیوە کە بخوێنیتەوە ؟ 
گیانەکەم کە ئێوە دەخەون من دەخوێنمە.
ژنەعەجولەکە لەوەڵامدا ووتی: پیاوەکە ئێمە کتێبمان نییە لەماڵەوە، چی دەخوێنیتەوە ؟
منیش بابەتەکەم گۆڕی بە وەرزشکردن ،خۆم وادەرخست کە گوێم لە گفتوگۆی پیاو ژنە جەربەزەکەی نییە .
کارئەکتەری ناو چیرۆکەکەم ووتی منیش چاک وەرزش دەکەم . هەمووجارێک ١٠٠٠٠کم  ڕادەکەم . 
هەرگیز حەزم بە تەریق کردنەوەی خەڵک نەبووە ، نازانم بۆچی خەریک بوو بڵێم ، بە ورگتدا دیارە چەندێک ڕادەکەیت و هەڵبەزو دابەز دەکەیت .
 کەباس دەهاتە سەر دەسەڵاتی کوردی، چاوێکی دەگێڕا گەر کەس لەدەورمان نەبوایە ئەوە دەیووت:
- دەسەڵاتی چی .بۆ ئابڕوویان بۆ کەسمان هێشتوە؟ بەڵام جارێک چەکلێکی ناو دەسەڵات هاتبوو سمیناری کردبوو، ئەو کارئەکتەرەی ناو چیرۆکەکەم هێندەی پیاهاڵدا بوو، کابرا ووتبووی بەڕاست ئێمە واین ... نەم زانیوە ؟
کۆمێدیای ئەم کابرایە لەوەدابوو هەرچیەکت باس بکردایە ، چیرۆکێکی بێلەزەتی دەکردە وەڵام ، 
من کەم حەزم لە دیداری دەکرد، بگرە هەرجارێک لە دوریشيوە بمدیایە هەوڵم دەدا ڕێڕەوەکەم بگۆڕم ، بەڵام کە دەمدی کۆڵێک خەمبار دەبووم و دەمووت: بەس نییە ئەمە باوکم نەبوو....! 
 بەدڵ بە زەیم بەمنداڵەکانیا دەهاتەوە، چونکە هەستم دەکرد منداڵەکان گوناحن ئەم باوکە تێکشکاوە گۆشیان بکات .
 بەهەرحاڵ لەم ڕۆژانەدا گیانی دەرچوو ، ئیتر هەموو بیرەوەرییەکانی لەگەڵ خۆیدا پێچایەوە ، دڵنیام سەد ساڵی تر ژیانی بکردایە هەر هیچی نەدەکرد، چونکە چیرۆکەکانی خەیاڵێک بوو کە خۆی دروستی دەکرد ، ئەم کابرایە نەفشەکەر بوو، نەفشە زان بوو، ڕاستی هیچ نەبوو، تەنها کەسێک بوو هەتامرد نەیتوانی خۆی بدۆزێتەوە ، چۆن وونببوو هەر وا مایەوە . دوواجار بۆم دەرکەوت مردن هیچ دژواریەکی تێدانییە ، بەڵام بێمانایە کە نەزانی چۆن بژی و دوایی بمری .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە