کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆڕبەندی دافوس: سێركی جیهانی دزەكان

Wednesday, 22/01/2020, 23:23


گەڕان بە دوای مرۆڤایەتی بوون لە سەرمایەاریدا محاڵە, لێ لێرە پەنجا ساڵە ئۆلیگارشیەكان جیهان چیاكانی ئەڵپ بە دوایدا تەی دەكەن, وەلێ نەگەیشتن پێی وەك جیهانی دیلمۆن و بەهەشتی عەدەن, ئایا دافوس نوسخەیەكی باشتری سەرمایەداری پێیەبۆ مرۆڤایەتی ؟, ئەم گەڕانەش لە ناچارییەوەیە , چونكە ئۆلیگارشییەكان هەستە كەن بەهۆی نایەكسانییەكەوە ئابلوقە دراون لە جیهان, ناڕەزایەتییەكان رۆژو ساڵ لە دوای ساڵ رێكخراوترو رادیكاڵترو فراوانتر دەبن, ئەوانیش چارەسەریان تا ئێستا بۆ ئەم نەخۆشیە كوشندەییە نەدۆزیوەتەوە, كۆڕبەندی دەوڵەمەندانی جیهان, رێكخەرانی ئەم سێركە گەورەیەی سەرمایەداری جیهانی , لەم نمایشە گاڵتە جاڕییەیاندا كە نوخبەی سەرمایەداری جیهانی بەشدارن تیایدا قسەو باس لەسەر داهاتووی ئەستێرەكەمان دەكەن, گفتوگۆ لەسەر چاككردنی سستەمی سەرمایەداری و درێژە دان بەو سستەمە دەكەن,قسە لەسەر سفرەی بەردەست و جێگای خەوتن و هەوای ناو سییەكانمان دەكەن, دافوس شوێنی یەكتر بینینی ئەوانەی هۆكاری كێشەكانی نایەكسانی پیسی ژینگەو شەڕن, لەم پەنجا ساڵە ژمارەی دانیشتوان لە 3,7 ملیۆنەوە بۆ 7,7 ملیۆن زیادی كرد, ژمارەی ملیاردێرەكان سەدان جار زیادی كرد, بۆ یەكەمجار لە مێژوودا 3 ملیاردێری خاوەند زیاتر لە سەت ملیار دۆلار هەیە لە جیهان, بەفری گرینلاند توایەوە , ئەمان هێشتا حەكایەتەكانی رابردوو دوبارە دەكەنەوە, تەنانەت بەخششەكانی گیتس و بافێت و 200 لە هەرە دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا هیچی لە دەردو بەڵاكانی سەرمایەداری وەك زەكاتەكەی لە مەڕ خۆمان چارەسەر نەكرد, بگرە قەیرانەكان توندتر بونەوە,گیتس وێڕای بەخششەكانی لە دەیەی رابردو كە گەیشتە 45 ملیار دۆلار, كەچی 60 ملیار دۆلار قازانجی كردووە سەرمایەكەی بووە بە 113 ملیار دۆلار, وارن یافتیش بەخششترین سەرمایەداری جیهانە سەرمایەكەی 38 ملیار لە 10 ساڵی رابردوو زیادی كردوە بووە بە 89 ملیار دۆلار, هەرچەندە لەو ماوەیەدا 27,54 ملیار دۆلار بەخششی كردووە.
پەنجا ساڵە ئۆلیگارشییەكان جیهان لەم دافوسە كۆدەبنەوە, باسی چارەسەركردنی كێشەكانی مرۆڤایەتی دەكەن, كەچی ساڵ لە دوای ساڵ بە سەرمایەی زیاترەوە دێنەوە, لەولاوە نایەكسانی قولترو ژینگە پیستر و شەڕەكان ماڵوێرانكەرتر دەبن, ناوێرن پەنجە بخەنە سەر سەرچاوەی كێشەكان و گوێ لە بیستنی چارەسەرە راستەقینەكان بگرن.
لە كۆڕبەندی پەنجاهەمینی داڤوس, بە بەشداری 2821 كەس لە 118 وڵاتەوە, 20 ی مانگ دەستی بەكارەكانی كرد, كە تەنها 24%یان لە ژنان پێك هاتبوون, لە ناویاندا 53 سەرۆكی وڵاتان هەیە, هاوكات 1680 سەرمایەاری زەبلاح هەن, كە 1052یان لە ئەوروپای رۆژئاوا, 740 لە ئەمەریكای باكور, 296 ئاسیاو ئۆقیانوسی ئارام, 220 رۆژهەڵاتی ناوەڕاست, 145 باشوری ئاسیا, 113 ئەمەریكای لاتین, 110 ئەفریقا, 103 رۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپا, ئەسترلاسیا 42 كەس بەشداری دەكەن , بەشێوەی گشتی نوێنەرایەتی ئۆلیگارشییەكانی جیهان و لە ناویشیاندا وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهان دەكەن.


لە 20ی ئەم مانگەوە 2821 كەسە لە دەستە بژێری سیاسی و ئابووری جیهانی لە دافوس وەك 50 ساڵی رابردوو كۆبونەتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سستەمی سەرمایەداری, ئەو كێشانەی تا ئێستا بەشداربووان بەشێوەی جدی قامكیان لەسەری دانەناوە, یان نایانەوێت نەخۆشییە راستەقینەكە دیاریبكەن, بۆیە چارەسەرەكەشیان تا هەنووكە نەدۆزیوەتەوە, رۆژ لە دوای رۆژ جار لە دوای جار قەیرانەكانی توندتر دەبێتەوە, جار لە دوای جار بە قەیرانی زیاترەوە دێنەوە بۆ كۆبونەوەكان, دافوس وەك چارەسەری كیمیاوی نەخۆشی شێرپەنجەی لێ هاتووە.
كۆڕبەندی دافوس دەسەڵاتێكی شاراوەی هەیە, ئەجندای بازاڕەكان دیاریی دە كات بۆ رزگار بوون لە قەیران, لە راستیدا نەك قەیرانی هەژاری و نا یەكسانی و ژینگە و جیاوازی جێندەری چارەسەر ناكات وەك ئیدعای دەكەن, بگرە قولی دەكاتەوە, چونكە كۆبونەوەكە خودی خۆی بۆ رزگاركردنی سستەمی سەرمایەدارییە لە قەیرانەكان كە سەرچاوەی ئەو دەردو مەینەت و كێشانەن كە ئاماژەیان پێ دەكات
دابەزینی رێژەی گەشەی ئابووری جیهان بۆ 2,4% بە تایبەتیش ئابووری چین بۆ 6,1% كە 30%ی گەشەی ئابووری جیهان بەرهەم دەهێنێت, دابەزینی رێژەی گەشەی بارگانی جیهانی بۆ نزیك 1,5% و زیادبوونی نایەكسانی ئابووری گەیشتۆتە ترۆپك , مەترسی ژینگە, ئاڵۆزی سیاسی و بەربڵاوبوونی ناڕەزایەتییەكان كە شێوازی جیهانیان بەخۆوە گرتووە , زیرەكی دەستكرد و باڵادەستی چین تیایدا و مەترسییەكانی و بەكارهێنانی لە بواری سەربازیدا, شەڕی بازرگانی و بەدەسەڵات گەیشتنی حكومەتە راستگەرا پۆپۆلیستەكان و تەشەنە كردنی ئایدیای ئابووری ناسیۆنالستی ..... گەشەی خەباتی چینایەتی , .... ئەمانەو زۆر كێشەی دیكەی بەرۆكی بە دافوسچییەكان گرتووە.
داڤۆس دەزگایەكە كاری پاراستنی سستەمی جیهانە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی ملیاردێرو كۆمپانیا فرە نەتەوەییەكان, بۆیە ناتوانێت دەست بۆ كرۆكی كێشەی پرۆلیتاریا و بریكاریا ببات كە كێشەی نایەكسانیە, وەلێ كاتێكی گونجاوە بۆ ژوانی پیاوانی سیاسەت و پیاوانی ۆڵستریت و كۆمپانیا زەبلاحەكان, لە دوری ژاوە ژاوی راگەیاندنەكان بە ئارامی گوێ بۆ دەردە دڵی یەكتر بگرن و سەفقاتی ئابووری زەبلاح واژۆ بكەن.
جیاوازی چینایەتی ئەمڕۆ لەهەموو كات و ساتێكی نیو سەدەی رابردوو زیاتر بۆتە كێشەی مرۆڤایتی لە بەشێكی زۆری جیهاندا, رۆژ لە دوای رۆژ ئەم جیاوازییە لە بەرزبونەوەدایە, شۆرشی پیشەسازی چوارو " زیرەكی دەستكرد" زیاتر بەرەو هەڵكشانی دەبات, راپۆرتە ساڵانەكانی ئۆكسفام و مشتومڕەكانی دافوس بونەتە تیرمۆمەتری سەرمایەداری جیهانی, لە رێگەیەوە دەتوانین لە ئەحواڵیان بزانین و ئاگداری گیرفان و قازانج و ترس و دڵەراوكێكانیان ببین, ئەوان جار جارە لە كەناڵەكانی خۆیانەوە باسی خزمەتی مرۆڤ و دادپەروەری و پاراستنی ژینگەو نەخوێندەواری و نەخۆشی دەكەن, وەلێ ساڵ لە دوای ساڵ سفری پارەكانیان زیاد دەكات و دەبنە سەرچاوەی زیادبونی نایەكسانی لە جیهاندا, ئەو دەستەبژێرە كە باسی چارەسەر دەكەن, بۆ خۆیان سەرچاوەی كێشەكانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتین, بەناوی مافی داهێنانەوە سەرچاوەی گرانی دەرمان و نەخۆشی بەردەوام و پیسی ژینگەو تاڵان كردنی رەنجی كارو سامانی سەر زەمینی ژێر زەمینی ئەم گەردونەن.
50ساڵە سەرمایەدارانی جیهان لێرە لەم دافوسە بچكۆلانەیە, لە پەنای چیای ئەڵپ و لەناو بەفری ئەم شارە رەنگینە لە هۆڵ و ژورە گەرمەكانەوە,كرێی شەوە خەوێكیان 5000 دۆلارە, كە داهاتی 20 ساڵی هاووڵاتییەكی باشووری سودانە كۆدەبنەوە, سیاسەتێكی رەش لەو شارە سپییەوە بۆ جیهان دادەڕێژن, كۆدەبنەوە بۆ باسكردنی كێشەكانیان و لە رێگرییەكانی بەردەم كەڵەكەكردنی سەرمایەو دەرباز بوون لە قەیرانەكان , ساڵ لە دوای ساڵ بە پارەی زیاترو خانوی گەورەتر و كەشتی جوانترو هاوسەری گەنجتر و ئۆتۆمۆبیلی مۆدێل باڵاترەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەم بەهەشتە زستانیە, بە ئۆتۆمۆبێل و فڕۆكە تایبەتەكانیان ژینگەی ئەم هەوارە كوێستانیەش وەك وڵاتەكان لەمەڕ خۆیان وێرانە كەن, كەچی بەردەوام باسی قەیرانیش دەكەن, وەلێ هەر غەمبارن و ناڕازین لە بەش و دەسەڵاتیان, شەوە دەنە دەم رۆژەوە بۆ كۆكردنەوەی زیاتر, كەچی باسی دادپەروەریش هەمیشە لەسەر زاریانە, لە هەر 5 دۆلاری ئەم جیهانە 4ی لە گیرفانی ئەماندایە, كەچی مستەری ملیاردێر لە گەڵ ملیاردێردا گفتوگۆی ژیانی كرێكاران دەكەن, بە بێ بەشداری نوێنەری سەدان ملیۆن كەس ئەوانەی رۆژانە بە كەمتر لە پارەی سەندەویجێكی مەكدۆناڵدێك ژیان بەسەرە بەن كە كەمتر 1,9 دۆلارە , باسی لانی كەمی كرێ و نا یەكسانی و كارە خێرخوازییەكانیان دەكەن, بە وتەی خۆیان كێشەی هەژاری چارەسەر دەكەن, هەرچەندە ئەوەی هەیانە زۆر زۆر زیاترە لە نرخی چارەسەری هەژاری, نەخوێندەواری, نەخۆشی, كێشە كۆمەڵایەتییەكان, چارەسەری ژینگە, جێندەر...... كێشەی ئاو و تەوالێت و پیسی ژینگە و مردنی ژنان و ......دەیان دەردو ئافات كە سستەمەكەیان سەرچاوەین لە جیهاندا, وەلێ هەر حەكایەتی لەسەر گەرمە كەن كەچی لەو رۆژەی كۆڕبەندی دافوس دامەزراوە, جیهان بەرەو خراپتر دەڕوات و كێشەكان گەورەتر دەبن, جیاوازییەكان زۆرتر, هاوكات رۆژ لە دوای رۆژ بەشداربوانی دەوڵەمەندتر دەبن, لە پاڵیا ماوە ماوە بە نەخشە كونجێكی جیهان دە كەنە جهەنەم بۆ ئەوەی جهەنەمەكان دیكەی پێ جوانتر بكەن و چەكەكانیانی پێ تاقی بكەنەوە, بازاڕی پێ گەرمتر بكەن, لە پاڵیا چنگە دانێك بۆ خەڵكەكە بەناوی خێرخوازییەوە رۆكەنە سەر زەوییەكان.
كۆڕبەندی دافۆس كۆبونەوەی دەستبژێری سیاسی و ئابوری جیهان و ملیاردێرەكان و بەڕێوەبەری بانكەكان و سیاسەتمەدارانی سەرمایەدارییە, زۆریان ملیاردێرن, سەرۆكی 1680 كۆمپانیا بەشداری دەكەن, سەرمایەی كۆمپانیاكانیان لە 5 ملیار كەمتر نییە,هەندێكیشیان سەركردەی ملیاردێرن, هەشیانە دەڵاڵی ملیاردێرەكانن, دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی دافوس كلكیان پێكەوە گرێ داوە, ئێستا زیاتر لە هەر كاتێك ئاشكرایە دەسەڵاتداران بەرژەوەندی سەرمایەداران دەپارێزن, فاقی تەنافی سستەمی سەرمایەدارین, تەنها ئامرازێكن بۆ شەرعیەت دان بە تاڵانیەكان لە جیهاندا بۆ سستەمی سەرمایەداری, بەشێكی دیكەشیان بەڕێوەبەری راپەڕاندنی كۆمپانیاكانن كە موچەكانیان سەدان جاری كارمەندانی ناو دەزگاكەی خۆیانە وێڕای بەخششەكان و وەرگرتنی پشكەكان" لە هیندستان 0,35 رۆژ بەسە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرێكی راپەڕاندنی كۆمپانیایەك كار بكات, بۆ ئەوەی موچەی ساڵێكی كرێكارێكی ئاسایی وەربگرێت , لە ئەمەریكا 1,56 رۆژ , لە مەكدۆناڵد كرێكارێك پێویستە 3101 ساڵ كار بكات تا موچەی ساڵێكی بەڕێوەبەرێی راپەڕاندن وەربگرێت",بەڕێوەبەری راپەراندنی كۆمپیانیا ئەمەریكیەكان كە لە ساڵی 1965 دا 65 جاری كرێكارێكی ئاسایان وەردەگرت, لە ساڵی 1989 بەرزبوەوە بۆ 58 جار, لە ساڵی 2009 ەدا گەیشتە 200 جار , ئەمساڵ كە بەشداری دەكەنەوە كرێكانیان 312 جاری كرێكارێكی ئاسایی ئەمەریكییە, بە پێی عەقلیەتی بەشداربووانی كۆڕبەندەكەش بێت ژمارەكە زۆر ئاساییە, ئەوان زیرەك و داهێنەرو جێنتەڵ مانن و شایستەی ئەو موچەیەو ئیمتیازاتەن.
كۆڕبەندەكە وێڕای ئەوەی زوڵمی ژێندەری تێدایە, كە ژنان تەنها 24%ی بەشداربوانن, هاوكات هەموو ئەفریقا 110 كەس و ئەمەریكای لاتینیش 113 كەس و باشووری ئاسیا 145 كەس بەشداری تێدا دەكەن, نزیك بە 63,5%ی بەشداربووان هاووڵاتی ئەوروپای رۆژئاواو ئەمەریكا و كەنەدان, جگە لە ئوسترالیاو نیوزلەنداو ژاپۆن و .. واتا كۆڕبەندی رۆژئاوایە نەك جیهان.
هەر یەكە لە بەشداربووان 60 هەزار دۆلاری خۆیان دەدەن بۆ بەشداریكردن" جگە لەوانەی بانگ دەكرێن وەك سەرۆك حكومەت و دەوڵەتەكان, یان پێشكەشكەرانی توێژینەوەكان",كە هاوتایە بەكاركردنی 75 ساڵی كرێكارێكی هیندی و بەنگەلادشی و كەمبۆدی و دەیان وڵاتی دی, ئابوونەوەی كۆمپانیا زەبلاحەكانیش بە ئەندازەی هەزار ساڵ زیاتری كرێیانە, لەم دیدارەی نێوان سەرمایەداران و دەسەڵاتداران, ئاسایشی ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە راستەقینەی جیهان هەزاران چەكداری سویسری دەیان پارێزێت,شارۆچكەیەك فڕینی ئاسمانی و خۆپیشاندانی سەر زەوی تێدا قەدەغە دەكرێت لە رۆژانی كۆڕبەندەكە, پلۆتۆقراتەكان كە باسی دیموكراسی دەكەن, دیموكراسی و ناڕەزایەتی یاساغە كەن, هەرچەندە بریار وایە دیموكراسی راستەوخۆكەی سیوسرا نموونەیی بێت لە جیهان, بە ناچاری نەیارانی سەرمایەداری لە دورەوە خۆپیشاندان لە دژیان ئەنجام دە دەن, ئەوان حەز بە بیستنی ژاوە ژاوی نەیارانی سەرمایەداری ناكەن, هەرچەندیشە گوایە گفتوگۆكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی هەژارییە, وەلێ ناشیانەوێت راستەوخۆ گوێبیستی داخوزی هەژاران بن, نە لەناو كۆنگرە و نە لە دەرەوەی كۆڕبەندەكە.
ستیف بانون راوێژكاری راستگەرای دەركراوی ترەمپ, یەكێك لە مۆرە گرنگەكانی راستیزم و ئابووری نەتەوەیی لە جیهان, ئەگەر هیچ وتەو وشەیەكی راست نەبووبێت تا هەنووكە, ئەو وتەیەی راست بوو كە لە ساڵی 2014 وتی" كرێكارانی جیهان بێزار بوون بڕیار لە گروپێك لە دافوس وەربگرن", لە راستیدا هەموو بڕیارەكانی جیهان لە چەند كۆڕو كۆبونەوەیەكی واوە وەردەگرترێت, وەلێ رو لە كرێكاران نییە بڕیارەكان رو لە سەرمایەدارانە بۆ چۆنیەتی بەرەو روبونەوەی كرێكاران.
پاپا فرانسیسیش بێزاری خۆی لە بەرز بونەوەی جیاوازی چینایەتی بۆ بەشدارانی دافۆس دەربڕی, وەلێ بێزاریەكەی نابێتە جێگای پێشوازی بەشداربووان بە ئاستی دابەزاندنی باج لە لایەن ترامپەوە لە ساڵی 2018ەدا لە 35% ەوە بۆ 21%, ملیاردێرەكان سوپاسی ترامپیان كرد بۆ كەمكردنەوەی باج, لە نەیاری ترامپەوە بونە دۆستی نزیكی, هەواڵی ئەم مزگێنیەی حاكمە ملیاردێرەكە خۆشی بڕیاری ساڵ و دەیە بو بۆیان,بۆیە ئەمساڵ بە گیرفانی پڕترەوە پێشوازیان لە ترامپ كرد, ئەوان مردون بۆ سیاسەتی ئابوری ترامپ چونكە دەربڕی بەرژەوەندییە چینایەتییەكانیانە, بەڵام نەیاری سیاسەتین كە زیان بە بەرژەوەندیەكانیان دەگەیەنێت و ناشرینیان دەكات , پێچەوانەی ئۆباما دژ بە بڕیارە ئابوریەكانی بوون شەیدای سیاسەتەكەی بوون, ئەوەبوو ساڵی 2018 بووە ساڵی قازانجی زیاتری سەرمایەداران و بەرز بوونەوەی بازاڕی پشك و دراو, ساڵی خێرو بەرەكەت بوو بۆ سەرمایەداران بە گشتی وە ئەمەریكا بە تایبەتی.
لە كاتێكدا جیهان لە چونە ناو قۆناغی تەڵەی سۆسیدیدیس دایە, شەڕی بازرگانی ئەمەریكاو چین لە قۆناغی ئاگربەستدایە, بەوەی سەركردایەتی جیهانی ئاڵوگۆڕی پێبكرێت, چین لە دەرگای هاتنە ژورەوەدایە و ئەمەریكاش نازانێت چۆن پاشەكشەی پێبكات, ئاشتی یان شەڕ, هەرچەندە لە سەدەی رابردوو تەڵە سۆسیدیدیسسەكان بە ئارامی رۆیشتوونە, بەریتانیا بە ئارامی جێی هێشت بۆ ئەمەریكی و سۆڤیەتییەكان, سۆڤیەتیش بۆ ئەمەریكای بێ قڕە چۆڵی كرد, پڕۆژە زەبلاحەكانی مێد ئین چاینەی 2025 و پشتێن و رێگا و گەیشتن بە بەشی تاریكی سەر مانگ و گەشەسەندنەكانی كۆمپانیاكانی هەواوی و عەلی بای و شیاومی و ..... و گەشەی پیشەسازی زیرەك و راگەیاندنی هەر رۆژەی داهێنانێك لە بواری پیشەسای زیرەك و سەربازی و گەیاندن بەتایبەت جی 5 و كاركردن لەسەر جی 6, سەركردایەتیكردنی تۆڕی پەیوەندیجی 5 لە جیهاندا, كە جیهان لە دەیەی داهاتوودا دەگۆڕێت, ئەمەریكای خستۆتە ناو تارمایی تاڵی گومانی تەڵەی سۆسیدیدیسەوە, ترسی لە دەستدانی سەركردایەتی جیهانی دایگرتووە, بەوەی وەك پۆتین وتەنی ئەوەی سەركردایەتی پێشەسازی زیرەك بكات سەركردایەتی داهاتووی جیهان دەكات, لەم كاتەدا جیهان خەریكی چین و ئەمەریكایە و ململانێكانیان هەمووانی بە خۆیەوە خەریك كردووە لەسەر سەركردایەتی شۆڕشی 4ی پیشەسازی, لە لایەكی دیكەوە ساڵی 2019 ساڵی خۆپیشاندانە گەورەكانی جیهان , ساڵی زیاتر بوونی قەڵشتی جیاوازی داهات كۆمەڵگاكان بوو.
جیهان بەهۆی جی 5 و زیرەكی دەستكردەوە لە بەردەم ئاڵوگۆڕی هێزەكانە, لە نێوان براوەی نوێ و دۆڕاوی نوێ, وڵاتان, كۆمپانیاكان, كۆنە بەناو بانگەكانی وەك كۆداك و وڵاتانی وەك بەریتانیا و فەرەنسا دەڕۆن, ئەپڵ و ئەمازۆن و مایكرۆسۆفت و عەلی بابا و هەواوی و چین و هیند و بەرازیل دێن, عەولەمە لە پاشە كشەدایە, ناسیۆنالیزمی ئابووری لە پەرەسەندندایە, سەرمایەگوزاری لە كەرتە پێشكەوتووەكانی پیشەسازی بەربەست لەبەردەمی دروست كراوە, شەڕی بازرگانی لە نەشونمادایە, متمانە بە حكومەتەكان نەماوە یان لە كەمبونەوەی بەردەوامدایە, بە پێی راپرسی ئەدلمان ترێست, دانیشتوانی 20 وڵات لە كۆی 28 وڵات كە راپرسی تێدا كراوە متمانەیان بە حكومەتەكانیان نەماوە, متمانە بە سەرمایەداری تەنانەت لە وڵاتێكی وەك ئەمەریكاش لاواز بووە, بە پێی راپرسی دەزگای گالوپ, كەمتر لە نیوەی گەنجانی ئەمەریكی تەمەن لە نێوان 18 بۆ 29 ساڵ هەڵوێستی باشیان هەیە لەسەر سستەمی سەرمایەداری, رێژەی گەنجان كە بە پۆزەتیف سەیری سەرمایەداری دەكەن لە 68%ەوە لە ساڵی 2010 ەوە دابەزیووە بۆ 57% لە ساڵی 2016 و بۆ 45% لە ساڵی 2018, واتا لە ماوەی 8 ساڵدا 323% متمانە بە سستەمی سەرمایەداری دابەزیووە, ئەو گەنجانەشی بە باشە سەیری سۆسیالیزم دەكەن رێژەیان گەیشتۆتە 51%, واتا لایەنگیری سۆسیالیزم 6 خاڵی زیاتر بووە لە سەرمایەداری, هەرچەندە هێشتا سەرجەم ئەمەریكیەكان بە رێژەی 56% پشتیوانی لە سستەمی سەرمایەداری دەكەن, بەڵام لەناو دیموكراتەكان و بێلایەنەكان لەسەرجەم تەمەنەكانیان 57% یان بە باشە سەیری سۆسیالزم دەكەن., ئەمە لە كاتێكدایە سۆسیالزم لە مێژوودا لە ئەمەریكا لایەنگری نەبووە.
بە سەرمایەی تەنها 119 ملیاردێرە بەشدار بووەكەی دافۆسی ئەمساڵ كە سەرمایەكەیان زاترە لە 500 ملیار دۆلار, دەتوانرێت چارەسەری كێشەی ژینگەو نەخوێندەواری و برسێتی هەنووكەی جیهان بكرێت, وەك بەنج بۆ كاتێكی دیاریكراو, بەڵام ئەوان جگە لەوەی قسەو كرداریان یەك نییە, بگرە خۆشیان لە كەمترین باجدان دەدزنەوە.
لە كۆتادا دەڵێم ئایا ئەم 2821 كەسەی دافۆس دەتوانن متمانە بۆ سەرمایەداری بگەڕێننەوە لە كاتێكدا بە پێی دواین راپرسی جیهانی كە دەیان هەزار كەس بەشداری تێدا كردووە زیاتر لە 50%ی بەشداربووان باوەڕیان وایە سەرمایەداری زیانی زیاترە لە قازانج " البحپ عن معنی الرأسمالیە-إیشان پارور¸اڵاتحاد 21-1-2020 " .



009647503714620

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە