چیرۆكی دەرماڵەی پەرلەمانتاران و سوتاندنی بێوەژنە ژنە هندیەكان
Thursday, 16/01/2020, 6:33
تا ساڵی 1828 لە وڵاتی هیندستان ئەگەر پیاو بمردبایا ئەوە ژنەكەشیان بە زیندویی بە زۆر بە دەم شیوەن و گریانەوە لە گەڵ پیاوەكەدا دەسوتاند, لە میسری كۆنیشدا ئەگەر فیرعەون كە پۆستی سەرۆك بوو نەك ناوی كەس بمردبایا ئەوا لە گەڵ خۆیدا زێڕو زیو و شتە بە نرخەكانیان لە گۆڕەكەی دادەنا, تا لە جیهانی داهاتوودا بەكاریان بهێنێت, ئەم جۆرە نەرێتانە باو بوونە تا ماوەیەكی زۆر , ئێستا پەرلەمان و وەزیرەكانی ئێمەش هەروا دەكەن, لە گەڵ خۆیاندا نەسریەكان و حیمایەكانیشیان كە كورو زاواو خەزور و براو برازای خۆیانن لە گوڵ خۆیاندا دوای خانەنشینیەكەیان دەیبەن, من باسی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران و جێگرەكانیان ناكەم ئەوانە ماڵی قارونیان هەیەو منەتیان بەو موچەو نەسریەو شتانە نییە.
لە هەموو دنیا بەم وڵاتەشەوە دادپەروەری و ئەزموون وایە خانەنشین لەسەر بنچینەی موچەی بنەڕەتی خۆی خانەنشین دەبێت, كە ئەوەی هەیە لە كوردستان زیاترە لە موچەی زیاتر لە نیوەی سەرۆكەكانی جیهان, هەرچی دەرماڵەی میوان و لیژنەو هاتوچۆیە " سەرۆکی پەرلەمان دەرماڵەی میوانداری 4,5 ملیۆن دینارە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەرماڵەی میوانداری 4 ملیۆن دینارە، سکرتێری پەرلەمان 3,350 ملیۆن دینارە، دەرماڵەی میوانداری پەر\لەمانتاران یەک 1,5 ملیۆن دینارە، دەرماڵەی هاتووچۆیان 1 ملیۆن دینارە، دەرماڵەی لیژنە 500هەزار دیناره" , ئەم دەرماڵانە پەیوەندیان بە كاتی كاركردنیانەوە هەیە لەو شوێنە, كە كار نەما ئەو نەسریەو مەترسی و موخەسەساتانە پێویستە ببڕدرێت, لەبەر ئەوەی لەبەرامبەر كارەكە بۆیان دابینكراوە, بەڵام بۆ پەرلەمانتارو وەزیر و ئەنجومەنی دادوەری لە كوردستان دوای خانەنشینین بۆنیان بەردەوام دەبێت و نابڕدرێت , میوانانەو لیژنانەو هاتوچۆیانەی خۆیان هەر وەردەگرن, هەقی وایە بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی كوردستانن لەوێش سۆسیال وەردەگرن , خارجیانەشیان بدەنێ بۆ ئەوەی هاوكێشەكە تەواو بێت.
خاڵێكی دیكە ئەوەیە ئەم بەڕێزانەی پەرلەمان خۆیان لە باسكردنی لادەدەن موچە زەبلاحەكانی ئێستایانە , كە لە موچەی زیاتر لە نیوەی سەرۆكەكانی جیهان زیاترە نەك ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتانە, ئامادەم بە فاكت بیسەلمێنم, پێویستە ئەو موچەیەش بكەوێتە چوارچێوەی چاكسازییەوەو كەمبكرێتەوە بۆ نیوە , ئەگەر موچە بەرزەكان لە شوێن خۆیان بمێنن كەواتە هیچمان نەكردووە, چونكە جیاوازی بەرزترین و كەمترین لە شوێن خۆیان ماون, با هەر قەد ببڕین, گرنگ پۆپەی سەرەوەو رەگی خوارەوەیە, دوریان لە یەكتر كەمبكرێتەوە, كە قیاسی نا دادپەروەرریەكەیە, گرنگ كەمكردنەوەی جیاوازی زۆرترین و كەمترینە, ناوەند قورسایی لەسەر بودجەو نەهێشتنی دیاردەیەكی شاز هەیە, وەلێ بۆ عەدالەت گرنگترین شت كەمكردنەوەی جیاوازی كەمترین و زۆرترینە كە موچەی سەرۆكایەتی و پلە باڵاكانە لە گەڵ كەمترین موچە لە هەرێمی كوردستان كە چاودێری خێزانییە, دەبێت ئەو جیاوازییە كەمبكررێتەوە , بۆ ئەوەی نەڵێن لە كوردستان جیاوازی موچەی پەرلەمانتارێك و كەم ئەندامێك 116 جارە.
لە كۆتادا دەڵێم لە دوای سوێندی 12 پەرلەمانتارەكەی خولی پێشوەوە كە سیانیان ئێستا سەرۆكی لیستن, باوەڕم بە هیچ كەس نەماوە, بۆیە بۆ هیچ لێدوان و گفتێك ناكەومە سەما.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست