کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵوێستی پارتەکان لە نێوان شەهیدبوونی دیار غەریب و کوژرانی قاسم سلێمانیدا

Sunday, 12/01/2020, 2:44


لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر پارتی سیاسی لە گۆڕەپانەکەن، بە گشتی دەهۆڵی نەتەوەیی و کوردایەتی دەکوتن و بەرگی ناسیونالیستیان داپۆشیوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ناسیونالیست و نەتەوەیی نین، بەڵکو کۆمەڵیک دوکانی سیاسی و کۆمپانیای بەژەوەندخوازی بێ ناسنامەن، بەناوی کوردایەتی، ئیسلامی سیاسی، سۆسیال دیموکرات یا چەپ بوون سیاسەت دەکەن و خزمەت بە چەند بنەماڵە و تاقمێکی دیاریکراو دەکەن.
ڕاستی و ناوەڕۆکی حزبەکانی هەرێمی کوردستان لای هەموومان ئاشکرایە، براکوژی، بێگانە پەرستی، پەیوەندیکردن لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، بە بنەماڵەیی کردنی حزب و بازرگانیکردن و قورخکاری دەسەڵات خالی هاوبەشی زۆرینەی پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانن!
کاتێک حزبی کوردی لەهەرێمی کوردستان باسی یەکیەتی نەتەوەیی، چاکسازی، نەمانی گەندەڵی کرد، دەبێ بزانین مەبەستی خودی خۆی نیە؟ پەرتەوازەیی و گەندەڵی و داگیرکردنی موڵکی گشتی و بردنی سامانی گشتی و تەوریسی پۆستە باڵاکان بۆ خۆیان ڕێگە پێدراوە.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانە، کەچی پارتەکانی باشور هەریەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنێت و نایەنە لای یەکتر، وەکو ئەوە وایە هیچ خاڵێکی هاوبەش نەبێ کۆیانبکاتەوە؟ بەڵام کاتێک کەسێکی بێگانەی وەک قاسم سلێمانی دەکوژرێ بە شێوەیەکی خۆرسک قونسولگەری ووڵاتێکی داگیرکەری کوردستان دەبێتە چەتر و خاڵی هاوبەشیان هەموویان بۆ سەرەخۆشی کوژرانی قاسم سلێمانی ڕێچکە دەگرن بە زەلیلی لەوێ کۆدەبنەوە وەفارداری خۆیان بۆ داگیرکەران دەردەبڕن!!
ئەو هەڵوێستە نەشیاوەی دوکان و کۆمپانیا سیاسیەکانی هەریمی کوردستان وایکردووە ببن بە کەسایەتی لاواز و بێهەڵوێست، باشترین نموونەش ئەوەیە ئەگەر ئێمە بەرواردێک بکەین لە نێوان هەڵوێستی پارتەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە شەهیدبوونی(دیار غەریب- هەڵمەت) کە شەهیدکرا بە دەستی تورکیای داگیرکەر لەلایەک و کوژرانی (قاسم سلێمانی) کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئەمەریکا کوشتی لەلایەکی تر، بۆمان دەردەکەوی پارتەکانی ئەم هەرێمە کەسایەتیان چەندە لاوازە!
شەهید دیار غەریب ناسراو بە هەڤاڵ هەڵمەت، ئەندامی کەجەکە بوو هەموو ژیانی تەرخانکردبوو لە پێناو گەلی کورد و خاکی کوردستان، هاوینی ساڵی ڕابردوو لەلایەن فڕۆ کە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیا کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە شەهید بوو، بەڵام یەک حزبی سیاسی ئاماددە نەبوو بەشداری مەراسیم و پرسەکەی بکات، تەنانەت یەک حزبی سیاسی وویژدانی نەجوڵا و غیرەتی نەکرد ئیدانەی هێرشەکەی تورکیای فاشست بکات، بە پێچەوانەوە بۆ قاسم سلێمانی حزبەکانی باشوری کوردستان چالاکانە و خۆڕسکانە بۆ بەشداریکردن لە پرسەی ناوبراو بە ناوی حزب و بنەماڵە ڕێچکە دەگرن و لێدوانی بێ بنەما دژ بە گەلی کورد دەدەن، یەکێک دەڵێ قاسم سلێمانی بووە قوربانی، ئەوەی تر دەڵێ خزمەتی زۆری کرد....هتد.
پارتە سیاسیەکانی کوردستان زۆربەیان خاوەن ئەو بیرکردنەوەیەن، بۆیە زۆر بەئاسانی سەدا پەنجای خاکی هەرێمی کوردستان لە ئۆکتۆبەری ساڵی(٢٠١٧) لەدەست چوو، خودی پارتەکانیش دەیانگووت قاسم سلێمانی ئەندازیاری هێرشەکانی ئۆکتۆبەری ئەو کاتەبوو؟؟
لای زۆرێک لە پارتەکانی چواربەشی کوردستان خاوەنداریکردن لە ڕۆڵەی نیشتمان و خاکی کوردستان نەبووە بە کولتوور، کاتێک پارتەکان خاوەنداری لە شەهیدێکی مەزنی وەک(دیار غەریب) ناکەن، کاتێک خاوەنداری لە سەرکردیەکی وەک( عەبدوڵا ئۆجەلان) ناکەن، لەبەرامبەردا داگیرکەرانی کوردستان و زلهێزەکان بەدڵی خۆیان چەکی کیمیاوی و بایۆلۆجی و فسفۆڕی سپی و ناپاڵمی سوتێنەرمان لەسەر تاقی دەکەنەوە لە باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بەهەزاران کیلۆمەتر خاکمان داگیر دەکەن، و گەلەکەمان کۆچبەر دەکەن، بە پێی بەرژەوەندییەکانیان لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی بێئەخلاقی سیاسی نێوانیان کڕین و فرۆشتن بە خاک و گەلی کوردستان دەکەن.
ئێمەی کورد لە هزر و بۆچوونەکانی( ئۆجەلان) بەباشی تێنەگەیشتین، ئۆجەلانمان بەتەنیا لە گۆڕەپانەکە بەجێهێشت، تەنانەت کوردانی باکوور و خەڵکانێکی ناو پارتەکەی ئۆجەلانیش بەباشی لە ئۆجەلان تێنەگەیشتوون، بۆیە ئەو پەرتەوازەییەی ناومالی کورد و داگیرکردنی خاکی کوردستان و کۆمەڵکوژی سەر کوردان و کۆچبەربوونی گەلەکەمان بەردەوام دەبێت، چونکە بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی لە هەرێمی کوردستان ناهێڵی فێری کولتووری خاوەنداریکردن لە ڕۆڵەکانمان و خاکی کوردستان ببین، ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە لە ئۆکتۆبەری(٢٠١٧) لە باشوری کوردستان و ساڵی ڕابردووش لە گرێ سپی و سەرێکانی و پێشتریش لە عەفرین بە چاوی خۆمان دیتمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە