دڵخۆش نیم بە کوشتن
Saturday, 04/01/2020, 1:16
کە ئەم بەیانیە هەواڵی کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندسم بیست و ئینجا لە تەلەفیزۆنەوە وێنەی هەلاهەلاکراوی جەستەی هەردوکیانم بینی ، دەسبەجێ وێنەی کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردوستانم هاتە پێشچاو چۆن لە وڵاتی پڕ لە سامانی سروشتیی ئێراندا لەبرساندا بەهێندەی باری ئەسپێکی کەتە و بەهێز کاڵای جۆراوجۆر بە پشت و شان و دەستیان بە هەوراز و نشێوەکانی سنوری دەستکرد دا دەگوێزنەوە بۆ بازاڕەکانی ئێران و عێراق، خوێنی ئاڵی تێکەڵ بە خۆڵ و قوڕاو و بەفراویانم هاتەوە پێشچاو، وێنەی ئەو پاسدار و سەربازە ئێرانیانەم هاتەوە پێشچاو چۆن لە سەنگەرەکانیانەوە بە خوێنێکی سارد و بەوپەڕی دڵڕەقیەوە سێرە لە سەر و سینگی ئەو کۆڵبەرە ماندو و برسیانە دەگرن و دەیانکوژن.
ئەی وێنەی ئەوانەی بۆ ترساندنی خەڵک لە شوێنە گشتیکانی شارە گەورەکانی ئێراندا لە سێدارە دەدرێن؟ ئەی وێنەی کەس و کاری کۆستکەوتوی بەجێماوی ئەو هەموە کوژراو و گیراو و ونبوە؟
هەروەها وێنەی پسپۆڕ و شارەزا ی کوشتن و کاولکردنی ئەو کارمەند و سەربازە ئەمریکاییانەم هاتە پێشچاو کە لە لاپتۆپ و مۆبایلەکانیانەوە ڕێنمایی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەکەن و ڕاکێتە نیشانشکێنەکانی پێ دەتەقێنن و نێچیرەکانیانی پێ ڕاودەکەن.
ئەی وێنەی فڕۆکە فانتۆم ١٦ ئەمریکاییەکان کە تورکەکان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە باکوری سوریا بەکاریدەهێنن بۆ کوشتنی ژن و منداڵی ڕۆژاوای کوردوستان و وێرانکردنی نیشتمانەکەیان؟
ئەی وێنەی ئەو ڕەشەکوژی و وێرانکاریەی فرۆکەوانە سوری و ڕوسەکان بە فرۆکە میکەکانی ڕوسیا لە شاری ئەدلب ی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنی سونیی- ئیسلامیی سوری بەرهەمی دێنن؟
ئەم دو جۆر وێنە ئێرانی و سوری و تورکی و ئەمریکایی و ڕوسی و هاوشێوەکانیان لە هەرکوێیەکی ئەم دونیایەدابن لە واتا و ناوەڕۆکدا جیاوازیان نیە و یەکشتن بەڵام لە ژێر ناوی جیاجیادا، هەردوجۆر وێنەکە پێمان دەڵێن بکوژە ئێرانی و سوری و تورکی وئەمریکایی و ڕوسەکان و... بە یەک یاسا ئینسانەکان دەکوژن و ئاوەدانیەکان کاولدەکەن کە یاسای بەکارهێنانی هێز و توندوتیژیە، ئەو یاسایەی لە یاسای گیانلەبەرانی ناو جەنگەڵ بەدترە ، چونکە کاتێک پڵنگێک ئاسکێک دەخوات لەبەر ئەوە نیە ڕقی لێیەتی، بەڵام کاتێک دادوەرێکی ئێرانیی شیعی حوکمی مەرگ بەسەر گەنجێکی کوردی سونیدا دەردەکات، یا پاسدارێکی شیعی کۆڵبەرێکی کورد دەکوژێت یا حەشدشەعبیەکی شیعیی سەر بە ئێران خۆپیشاندەرێکی ئاشتیخوازی بەر ساحەی تەحریر دەکوژێ یا داعشێکی سونی شوانێکی کوردی گەرمیانی یا خەڵکی سەرێکانی دەکوژێ، ئەوە ڕق و کینەی هەڵقوڵاوی ئاین و ئاینزا و ئایدیۆلۆجیا هۆشبەر و عەقلشۆر و گەوجێنەرەکانە کە کوشتنیان لادەکات بە خواپەرستی و چاکەکاری!
کاتێکیش سەربازەکانی ئەمریکا ڕۆژاوای کوردوستان بۆ شمشێری داعشەکان و تورکیای ئاغایان چۆڵدەکەن ئەوەش هەر یاسای جەنگەڵە، جەنگەڵی سەرمایەداری لە جۆری نیولیبرالیزم کە هەمو بەها جوانەکانی مرۆڤدۆستی و هەست و سۆزی ئینسانی و یەکسانی و دادپەروەری دەکات بە قوربانی دۆلارێک و بەرمیلێک نەوت.
بۆیە ئێمەی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردوستان دەبێت هەمو هەوڵەکان بخەینە گەڕ و خەباتی بەردەوام بکەین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان لە عەرەب و تورک و فارس بە شێوازی ناتوندوتیژانە، بە بێ شەڕ،کە ئەسڵەن لەم سەردەمی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و چەکی کیمیاوی و بایۆلۆجی و ئەتۆمیەدا بۆ ئێمەی داماو هەر واتایەکی نەماوە.
کەس وەک ئەڵمانەکان پەندیان لە شەڕ وەرنەگرتوە، ئەوان بەشداری کاریگەر و دۆڕاوی شەڕی جیهانیی یەکەم و دوهەم بون، ئەڵمانیا لەمەی دوهەمدا یەک لە چواری خاکەکەی دۆڕان، بۆیە بۆیان دەرکەوتوە بە شەڕ کێشەکان چارەسەر ناکرێن، ئینسانی ئەڵمانی یەکەم ڕستەی سیاسی کە هەر لە مێردمنداڵیەوە پێیدەڵێن ئەمەیە: نا هەرگیز شەڕێکی تر(Nie wieder Krieg)، ئەوەتا دەیبینین لە کاولستانی ئەڵمانیای دوای شەڕی دوهەمی جیهانیەوە ئێستا لە سایەی سیاسەتی ئاشتیخوازانەی حکومەتەکەی چ بەهەشتێکیان دروستکردوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست