کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داگیرکاری تورکیا بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان و بەرخۆدان و کاردانەوەکان (بەشی شەشەم)

Monday, 30/12/2019, 9:26


ڕۆژی 22/11/2019 هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش لەعێراق و سوریا بۆ یەکەمجار راگەیەندراوێکی بەزمانی کوردی بڵاوکردەوەو تیایدا جەختى لەسەر هەماهەنگى لەگەڵ هێزکانى سوریای دیموکرات کردوەتەوە..

لە راگەیەندراوەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش جەخت لەسەر کاری هاوبەشی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانى هەسەدە کردوەتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەى داعش لەباکور و خۆرهەڵاتی سوریا.

هاوپەیمانان ئاماژەیان بەوەشکردوە 22ی تشرینی دووەم لەگەڵ هەسەدە لە ناوچەی دێرەزور دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش کردوە لە دژى پاشماوەکانى داعش کە بەهۆیەوە گورزی توندیان لە چەكدارانی داعش وەشاندوە کە ژمارەیەک چەکدارى داعشیان کووشتووەو دەستگیرکردوە.

هەروەها هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لە راگەیەنراوە کوردییەکەیاندا تەئیکدیان لەسەر هەماهەنگى و کارى هاوبەشکردوەتەوە لەگەڵ هەسەدە بۆ کۆتایی هێنان بە داعش لە عێراق و سوریا.

ڕۆژی 23/11/2019 بەگوێرەی ئاژانسی سانای سەر بە حکوومەتی سووریا، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا دوو هاووڵاتیان لە گوندی عریشەی سەر بە سەرێکانیان گولـلەباران کردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەکانی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکان لە گرێ سپی و سەرێکانی دەستیان بە تاڵانکردنی ماڵی هاووڵاتیانی کورد کردووە.

هەر هەمان ڕۆژ لە ناوچەی پیشەسازی گرێ سپی لە رۆژئاوای كوردستان تەقینەوەیەك روویدا، سێ کەس کوژراون و 20 کەسی دیکەش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە میلیشیا چه‌كداره‌كانی سووریا كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن، هێرشیان كرده‌ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ری شاره‌دێی عه‌ین عیسا له‌ گونده‌واری ره‌ققه‌ له‌ باكووری سووریا، له‌و هێرشه‌دا سوپای توركیا پاڵپشتی میلیشیا چه‌كداره‌كانی كرد و هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی به‌ره‌نگاری چه‌كداره‌كان بوونه‌وە و شه‌ڕێكی قورس روویدا.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی روانگه‌ی سووریی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، سوپای توركیا تۆپبارانی ناوچه‌كه‌ی كرد و شه‌ڕه‌كه‌ش له‌ میحوه‌ری خێوه‌تگه‌ی عیسا بووه‌، زیانی مرۆیی لێکەوتۆتەوە.

هر هەمان ڕۆژ کاروانی هاوکارییەکانی باشوری کوردستان کە پێکهاتبوو لە (22) بارهەڵگر، لە دەروازەی سێمالکا-ەوە گەیشتنە ڕۆژئاوای کوردستان.

لەماوەی ڕابردوودا، کەمپینێکی هاوکاری کۆکردنەوە لەژێرناوی"هەموومان ڕۆژئاڤاین" لەلایەن هاوڵاتیانی شاری سلێمانی، کۆمپانیا حکومی و ئەهلیەکان، دەستیپێکردبوو، بڕێکی زۆر هاوکاری مرۆیی کۆکرانەوە بۆ کۆچبەرانی گرێسپی و سەرێکانی، کە بەهۆی هێرش و دڕندەیی دەوڵەتی تورک گروپە چەتەکان ئاوارەی ناوچە ئارامەکان بوون.

ڕۆژی 23/11/2019 سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی، گوندی شەڕگرات لە ناوچەی عەین عێسا-یان تۆپباران کرد و شەڕڤانانی قەسەدە بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە و تێکیانیان شکاند. لە لایەکی دیکەشەوە لە گوندەکانی: سەیدا، موعالق و واستا لە خۆرئاوای ناوچەی عەین عیسا، شەڕڤانان وەڵامی هێرش چەتەکانیان دایەوە.

هەر هەمان ڕۆژ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ( هه‌سه‌ده)‌ ڕایگەیاند، (25) ئه‌ندامی داعشیان له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی خۆرئاوای كوردستان ده‌ستگیركردووە، كه‌ به‌رپرس بوون لە ته‌قینه‌وه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌.
ئاماژە بەوەشکراوە، له‌ دێره‌زور (22) ئه‌ندامی داعشیان ده‌ستگیركردووه‌، دوو چه‌كداریشیان كوشتووه‌، كه‌ به‌نیازبوون هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی هەسەدە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، له‌ هه‌ڵمه‌تێكی دیكه‌دا به‌رپرسی ته‌قینه‌وه‌كانی داعش له‌ حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراوه‌، كه‌ له‌ كه‌مپی هۆڵەوە پلانی بۆ هێرشەکان داڕشتووه‌.

لەلایەکی دیکەوە لە ناو گرێ سپیی رۆژاڤاى کوردستان ئۆتۆمبێلێکى بۆمبرێژکراو تەقییەوە و ژمارەیەک چەکداری گروپێکى سەر بە تورکیا کوژران و برینداربوون. تەقینەوەکە لە کاتى تێپەڕبوونى ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراودا بووە لە ناوچەى پیشەسازیی ناوەندى گرێ سپی.

ڕۆژی 23/11/2019 موراد قەریلان فەرماندەى گشتى (هەپەگە) وتی: "دوای بەرخۆدانی ئاگری وتراوە "کوردستانی خەیاڵی لەو جێگەیە ژێرخاککراوە "، وتراوە، "کوردستان مردووە، لەو جێگەیە خستیانە گۆڕەوە و چیمەنتۆیان بەسەردا ڕشتووە"، وتیان "چیمەنتۆ بەسەر کوردەوە کراوە و جارێکی تر ناتوانێت هەستێتەوە، بەڵام پەکەکە ئەو چیمونتۆیەی سەر گەلی کوردی پارچە کرد، گەلی کورد لە کەسایەتی پەکەکەدا لەو گۆڕە هاتە دەرەوە.
هێرشەکانی سەر باکووری کوردستان، هێرشەکان سەر شارەوانیەکان، هێرشەکانی سەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان هێرشی داگیرکەری لەدژی باشووری کوردستان، هەموویان بەشێکی پیلانگێڕین، پیشتر پیلانگێڕی لەدژی پەکەکە و فیکری ڕێبەر ئاپۆ بوو، بەڵام ئەم جارە ئامانجەکەیان هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، گەلانی باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا بەرخۆدان دەکەن. دەوڵەتی تورک لەسەر رەتکردنەوەی کورد دامەزراوە و لەئێستادا بە پێشەنگایەتی ئەردۆغان نوێکراوەتەوە، لەبەرامبەر گەلى کورد دا دەسەڵاتێکی نەخۆش هەیە کە بۆ هەبوونی خۆی کورد قڕدەکات و دەسەلاتێکی نەخۆشە. باشە چۆن نەتەوەیەک بۆ هەبوونی خۆی نەتەوەیەکی تر لەناو دەبات؟ ئەمە نەخۆشیە، ئایا سیاسەتمەدارانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەم ڕاستیە نابینن؟ هەندێک جار ئەردۆغان سڵاوێکیان لێدەکات، دەڵێن تورکیا دۆستمانە، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو کادرەکانی دەوڵەتی تورک بۆ دژایەتیکردنی کورد پەروەردە کراون.
لە 9ی تشرینی یەکەمەوە لەدژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشیان دەستپێکرد، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پیلانگێڕیەکە فراوان کراوە، پیشتر پیلانگێڕی لەدژی پەکەکە و فیکری ڕێبەر ئاپۆ بوو، بەڵام ئەم جارە ئامانجەکەیان هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرخۆدان دەکەن، بەو بۆنەیەوە سڵاوی خۆم بۆ بەرخۆدێران دەنێرم، بەرخۆدانەکە بۆ گەلانی کورد، عەرەب، ئاشووری، سریانی، ئەرمەن و هەموو گەلانی هەرێمەکەیە، بۆ گەلانی تورکیاشە".

ڕۆژی 24/11/2019 هاوڵاتیانی گەڕەکی جسر-ی سەر بە شاری گرێسپی، لە دژی هێرشی چەتەکانی سەر بەدەوڵەتی تورک بەرامبەر هاوڵاتیان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، ڕژانە سەر شەقام و کۆڵانەکان و ناڕەزایەتیەکی توندیان پشاندا.

هاوڵاتیان هێرشیان کردە سەر بارەگای چەتەکان و بارەگایەکیان سوتاند و لە ئەنجامیشدا (3) چەتە کوژران.
لەلایەکی دیکەوە میدیای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوندی سەیدای سەر بە عەین عیسایان لەژێر دەستی هێزە چەتەکانی تورکیادا ئازادکردۆتەو. گوندی سەیدا دەکەوێتە خۆرئاوای کەمپی عەین عیسا لە باکووری رەققەی سووریا.

رۆژی 25 ی مانگی 11 ، خولێكی تری دانوستانەكانی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری سوریا بەرێوەچوو، نەتەوەیەكگرتوەكانیش دیاریكردنی چارەنوسی دەستگیركراوەكان بەباشترین هەنگاو بۆ دروستكردنی متمانە لەنێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆنی سوریادا ناو دەبات.
(گیر پێدرسن) نێردەی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ سوریا ڕایگەیاندوە، خولی پێشتری دانوستانەكانی نوسینەوەی دەستوری سوریا كە لە رۆژانی رابردوودا بەرێوەچوو ، لەوە باشتر بوو كە چاوەڕوان دەكرا، خولی دووەمی رۆژی 25 ی مانگیش پێشكەوتنی زیاتر بەخۆ بینیوە. بە ووتەی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان، دۆسیەكانی سەروەری و یەكپارچەیی سوریا و تیرۆر تاوتوێ کران، تا ئێستاش هیچ رێككەوتنێك سەبارەت بە ئازادكردنی هەزاران دەستگیركراو نییە كە لە گرتوخانەكانی سوریادان، بە ووتەی "پێدرسن" ئەوە گرنگترین خاڵی دروستكردنی متمانەیە لەنێوان لایەنەكانی سوریادا.

ڕۆژی 25/11/2019 (میخائیل بۆگدانۆڤ) جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ڕایگەیاند، "مۆسکۆ ئەوەی پێخۆشە کە بە زوویی ئەندامانی هەسەدە پەیوەندی بە سوپای سووریاوە بکەن، ئەوەش بۆ هەموو لایەک بەسوودە".
ئەمە لە کاتێکدا پێشتر (سێرگی ڤێرشینین) جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ کاروباری تایبەت بە سووریا ئەوەی وتبوو، "مۆسکۆ بۆ هەر هاوکارییەک لە نێوان کوردەکان و دیمەشقدا ئامادەیە بۆئەوەی چەکدارانی هەسەدە بچنە ڕیزەکانی سوپای سووریاوە".

لای خۆشیانەوە، بەرپرسانی هەسەدە ئەوەیان راگەیاند، ئەوان بە "مەرج" دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا، مەرجەکەشیان ئەوەیە کە دەبێت تایبەتمەندی و سەربەخۆیی شەڕڤانەکانیان بپارێزرێت.

2019-11-26 ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو لە شارۆچکەى حەلف لە رۆژئاواى سەرێکانى تەقییەوە و 16 کەس کوژراون و 30 کەسی دیکە برینداربوون. کوژراوەکان لە گروپە چەتەکانی نزیک لە تورکیا بوون کە لە داگیرکاری تورکیا دژ بە خۆرئاوای کوردستان بەشدارییان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە 28/11/2019 سەرۆک وەزیری هەرێمی باشوری کوردستان (مەسرور بارزانی) بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا و لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتەکە کۆبۆوە.

لە میانەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی وەزیری دەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو و سەرۆک وەزیری هەرێم مەسرور بارزانی، چاوشئۆغڵو داوای لە هاوپەیمانانی ناتۆ کرد کە پشتیوانی نیگەرانییە ئاسایشییەکانی ئانکەرە بکەن و هاوپەیمانانی تاوانبار کرد بەوەی پشتیوانی لە وڵاتانی باڵکان دەکەن بەڵام هەڕەشەکانی کوردەکانی سوریا بۆ سەر تورکیا ڕەت دەکەنەوە.

چاوشئۆغڵو گوتی "تورکیا حکومەتی نێوەندی عێراق و حکومەتی هەێمی کوردستانیشی لە مەڕ بۆچوونەکانی لەسەر هەبوونی گروپە تیرۆرستەکانی وەکو پەکەکە، یەپەگەو گروپە تیرۆرستی فەتحوڵا گولەن ئاگادارکردۆتەوە."

چاوشئۆغڵو دەڵێت " لە ئێستادا نزیکەی 350 هەزار کوردی سوریا لە تورکیان و 250 هەزاریش لە عێراقن. ئەمانە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سوریا بەهۆی ئەوەی پەکەکە و یەپەگە دەریان کردوون."

مەسرور بارزانیش لای خۆیەوە گوتی: "وڵاتەکەی دژی هەبوونی پەکەکەیە لە شەنگال و شوێنەکانی تری عێڕاق".

2/12/2019 مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند کە: هێزەكانی سوریای دیموكرات پێشوازیان كرد لە عەمید (ئەلێكساندەر چایكۆ) فەرماندەی هێزەكانی رووسیا لە سوریا، هەروەها ووتی بەمەبەستی بەرقەراركردنی سەقامگیری ناوچەكە لەگەڵ مۆسكۆ ڕێككەوتوون بۆ ئەوەی هێزەكانی روسیا بچنە سێ شارۆچكەی رۆژئاوای كوردستانەوە، كە ئەوانیش (عاموودە و تەل تەمر و عەین عیسان).



ڕۆژی 2/12/2019 سوپای داگیرکەری تورک و گروپە چەتە هاوپەیمانەکانی، ناوچەی (تل ڕەفعەت)ی سەربە شەهبایان بە چڕی تۆپباران کرد.

بەهۆی تۆپبارانەکەشەوە، 11هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون کە 8 منداڵن، هاوکات 10هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون.

هەر هەمان ڕۆژ 03/12/2019‌ ڕێكخراوی یونسێف نیگه‌رانی خۆی نیشاندا له‌ كۆمه‌ڵكوژی منداڵانی شارۆچكه‌ی ته‌ل ره‌فعه‌ت، به‌ڵام به‌بێ ناوهێنانی توركیا وه‌ك بكه‌ری ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌.

ڕێكخراوی یونسێف له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا "نیگه‌رانی و دڵته‌نگی" خۆی له‌ شه‌هیدبوونی هه‌شت منداڵ نیشاندا، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی یونسف ناوی توركیا بهێنێت وه‌ك بكه‌ری ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ و ته‌نیا ده‌ڵێت به‌هۆی هێرشێك بۆسه‌ر شارۆچكه‌ی ته‌ل ڕه‌فعه‌ت بووه‌. یونسێف داواشیكردوه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی نێو ململانێی سوریا پارێزگاریی له‌ منداڵان بكه‌ن له‌هه‌موو كاته‌كاندا.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی 3/12/2019 کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی تل ڕەفعەت بڵاوکردەوە،

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"هێرش و داگیرکاییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە کوردستان بێ پسانەوە بەردەوامن، ئێمەش وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان دەکەین لە هەرشوێنێک بن، لەدژی ئەم دڕندایەتییەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبن".

کەنەکە، بە پێویستی زانی، هەر کەسێک لەوبارەیەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بێنێت، هەمانکات داوا لە هەموو پێکهاتە و باوەڕمەندەکانی کوردستان کرد، خۆیان ڕێکبخەن و شانبەشانی یەکتر لەبەرامبەر ئەم هێرش و پەلامارانەدا بووەستن.

هەروەها، داوا لە ڕای گشتی و فەرمی جیهانیش دەکرد، چیدی لەبەرامبەر ئەم دڕندایەتی و پێشێلکردنانەی دەوڵەتی تورکیای رەجەب تەیب ئەردۆغان، بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نەبن و پشتگیریی خەڵکی کوردستان بکەن، وتیشی:"ناکرێت ئیدی ویژدانی مرۆڤایەتی لەو هەموو نامرۆڤایەتی و تاوانە بێدەنگ بێت، هەڵوێستی گەلی کوردستان ئەوەیە کە ئەگەر دەزگاو رێکخڕاوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ..هتد، هەڵوێستێکی جدیی نەنوێنن، ئیتر ناراستەوخۆ ئەبنە هاوبەشی ئەو تاوانانە".

3/12/2019 ناتۆ داواکەی تورکیا سەبارەت بە ناساندنی (یەپەگە) وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" رەتکردەوە و سکرتێری ناتۆش دەڵێت: ئەو پرسە لەنێوان تورکیا و ناتۆ ناکۆکی لەسەرە.

دوای تەواوبونی کارەکانی کۆبونەوەی لوتکەی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە لەندەن، (یەنس ستۆلتنبێرگ)، سکرتێری ناتۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد، لەبارەی ناساندنی یەپەگە وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی"، ناکۆکی لە نێوان ناتۆ و تورکیادا هەیە، بۆیە گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن.

وتیشی: پەیمانی باکوری ئەتڵەسی جەختی کردوەتەوە لەسەر پلانی پشتیوانیکردنی زیاتری ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و هەروەها کارکردن لە چوارچێوەیەکدا کە کاریگەری لەسەر شەڕی دژ بە داعش نەبێت.

ئەوە لەکاتێکدایە تورکیا هەڕەشەی ئەوەی کردبو کە ئەگەر ناتۆ هێزەکانی یەپەگە وەک "رێکخراوێکی تیرۆریست" نەناسێنێت، ئامادە نییە بچێتە پلانی بەرگریکردنی ناتۆ لە وڵاتانی بەلتیک.

هەروەها لەپەراوێزی کۆبونەوەی سەرکردەکانی دەوڵەتانی هاوپەیمانی ناتۆ، ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا گفتوگۆ و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.

ماکرۆن لەکۆنگرەکەدا رایگەیاند "ئێستا کە لە تورکیا دەڕوانم، دەبینم شەڕ لە دژی ئەو لایەنانە دەکات کە لەگەڵماندا شەڕیان دژ بەداعش کردوە. لەبەرامبەردا هەندێکجار تورکیا لەگەڵ چەکدارە نوێنەرەکانی داعشدا کاردەکات، وەک لەهێرشەکانی ئەم دوایەی بۆسەر باکوری سوریا."

هاوکات ماکرۆن باسی لەوەشکرد "پێویستە بابەتی مامەڵەکردن و روبەروبونەوە لەگەڵ داعش بۆ هەموان رون و رەوان بێت، هەڵسوکەوتەکانی تورکیا دژی (یەپەگە) چەکدارە کوردە هاوکارەکانمان لەجەنگی دژ بەداعش، پێویستی بەپێداچونەوەیە".

ماکرۆن دەربارەی پەیوەندیان لەگەڵ تورکیا رایگەیاند "لەئێستادا گشت هاریکاریەکانمان بۆ تورکیا راگرتوە لە بواری ئەمنی و بازرگانی و پرسی کۆچبەرەکان".

ماکرۆن گوتیشی "تورکیا کە خۆی بە ئەندامی ناتۆ دەزانێت، بەڵام سیستەمی S-400 ڕوسی دەکڕێت، بەمانایەکی تەکنیکی ئەمە شتێکی ئاسایی نییە. دەمەوێ بپرسم بەو هەڵسوکەوتانەوە ئایا تورکیا دەخوازێ لە ناتۆدا بمێنێتەوە یاخود نا، بەتایبەت کاتێ رایگەیاندوە ئەگەر دەوڵەتانی ناتۆ (یەپەگە) بە تیرۆرست نەناسێنن، ئەوا تورکیا هەموو کارەکانی ئەم کۆنگرەیەی ناتۆ ڕادەگرێت، بەڵام ئەوەتا ئێمە ئەو کارە ناکەین".

لە لایەکی دیکەوە (مارك ئیسپه‌ر)، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ڕۆیته‌رز ڕایگه‌یاند، "هه‌موان ناتوانن به‌وشێوه‌ی توركیا ده‌یبینێت، ئه‌وانیش هه‌ڕه‌شه‌كان بببینن".

وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا ده‌شڵێت، ئه‌و پشتگیری له‌ ناساندنی شه‌ڕڤانانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل به‌ تیرۆریست ناكات، ئه‌و قسانه‌ی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی ڕێكخراوی ناتۆ بوو، كه‌ توركیاش به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كات.

03/12/2019‌ وتەبێژی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند، له‌ هاوكارییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌رده‌وام ده‌بن.كینۆ گابرییل رایگه‌یاند، هه‌سه‌ده‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش دووباره‌ له‌ ناوچه‌كانی حه‌سه‌كه‌، قامشلۆ و دێرك و دێرزوور بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی دژی داعش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعش و دابینكردنی ئاسایشی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌. هەروەها ئەوەشى خستووەتەڕوو، سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌وڵه‌كانی رووسیا و توركیا بۆ سه‌پاندنی ئاسایش و سه‌قامگیری و ده‌سته‌به‌ركردنی ئاگربه‌ستێكی گشتگیر و دابینكردنی ئاسایشی رێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئێم4.

ڕۆژی 10/12/2019 ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، جارێكی دیكه‌، داوایكرد له‌ سه‌ر بنه‌مای ده‌سته‌به‌رییه‌كانی رووسیا، دانووستانی نێوان قامشلۆ و دیمه‌شق ده‌ستپێبكات. ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری ڕاشیگه‌یاند، ده‌سته‌یه‌كیان بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی دیمه‌شق پێكهێناوه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، ئیداره‌كه‌یان پابه‌ندی هیچ بڕیارێكی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ و دانووستانانه‌ نابێت، ئه‌گه‌ر خۆی تێیدا به‌شدار نه‌بێت. ئیداره‌كه‌ دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانی سووریا، كه‌ پشت به‌ لامه‌ركه‌زی و دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ببه‌ستێت. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا، ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری نیگه‌رانی خۆی له‌ باره‌ی به‌شداری پێ نه‌كردنی نوێنه‌رانی ئیداره‌كه‌ له‌ دانووستانه‌كانی جنێف ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، له‌ جنێف نوێنه‌ری گرووپ و میلیشیا تیرۆریستییه‌كانی پاشماوه‌ی داعش و به‌ره‌ی نووسره‌ به‌شداریان پێكراوه‌، به‌ڵام نوێنه‌رانی كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌، كه‌ قوربانی زۆریان داوه‌ بۆ بنبڕكردنی تیرۆر، په‌راوێز خراوون.

ڕۆژی 11/12/2019 (سێرگی لاڤرۆڤ)، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ (مایک پۆمپێیۆ)، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسیان لە ئاوێتەکردنی کورد کردووە لە پڕۆسەی سیاسی سووریا.

لاڤرۆڤ جەختیکردەوە، بۆ پاراستنی مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە، دەبێ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەست پێبکەن و ئاماژەی بەوەشدا، بژاردەی سەربازی دۆخی سووریا چارەسەر ناکات و ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە دەستپێکردنی پڕۆسەی سیاسییە لە رێگەی لیژنەی دەستوور.

ئومید ناسح جیهانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە