ڤانگۆگ و دیاردەی شێتی و ناهاوسەنگی لە داهێناندا
Thursday, 19/12/2019, 23:13
تابلۆی شەوێکی پڕ لە ئەستێرە، پڕە لە ڕەنگی زەرد، دەشتێکی پڕ لە گەنم هەموی زەرد، ژورێکی زەرد، گوڵەبەڕۆژەیەکی زەرد، دێهاتێکی زەرد، کۆڵانێکی زەرد، کڵاوەکەی سەری هەر زەرد. ڕەنگی زەرد لای ڤانگۆگ لەهەمو تابۆکانیدا بە زەقی دیارە. داشکان بەلای ڕەنگی زەردا بەو ئاستە، جۆرێکە لە پشێوی دەرونی، هەرچەندە ڤانگۆگ لە ژیانیدا نەخۆشی( بی پۆلێری) هەبوە، دیاردەی سەرەکی ئەم نەخۆشیە ئەوەیە کە کەسەکە لە ئەوپەڕی دڵ خۆشیەوە لە کاتێکی کەمدا ئەگاتە ئەو پەڕی خەمگینی و کاسانێکی ئێجگار کاران، چارەسەرنەکردنی ئەم نەخۆشیە، نەخۆشەکە دەبات بەلای هەوەسی خۆکوژیدا.
بەلام ئەوەی کە زۆر باسی ناکرێت لە ژیانی ڤانگۆگدا ئەوەیە کە ڤانگۆگ کحولی ئەبسانتی زۆر دەخواردەوە، کاتێک لە پاریس دەژیا لە گەڵ تولوس لۆترێکی هونەرمەندی هاوڕییدا، فێری خواردنەوەی ئەبسانت بووبوو، کە ئەو سەردەمە زۆر باو بوو لەفەرەنسا.
|
تابلۆی پەرداخێک ئەبسانت، ڤانگۆگ |
ئەبسانت، گیایەکی مێدیسینالە و خاسیەتی باشی زۆرە، لەم گیایە کحولێک دروست دەکەن پێی دەڵین ؛ ئەبسانت، ئەبسانت کحولێکی دەرەجە 45 ی سەوز باوە وەک ڕۆکەکە خۆی، وەک کحولەکانی تر نیە، کاتێک دەیخۆیتەوە وزەیەکی زۆرت دەداتی و دەتبات بەلای کەم خەوی و سەرپەلی و جۆرێک لە سوربونو هەلەشەیی. ئە بسانت لە ساڵی 1995 وە قەدەغە کراوە لەفەرەنسا، هەتا ساڵی 2011. هەرچەندە ڤانگۆگ لە خەستەخانەی شاری ئاڕل، لەفەرەنسا چەند جارێک ماوەتەوە بۆ دوور خستنەوەی لەم کحولە، بەلام بەردەوام بوە لە خواردنەوەی، هەتا ڕۆژێک بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
دەمەنچەکەی کە ڤانگۆگ کە خۆی پێکوشت، بە سەدو سی هەزار ئۆرۆ فرۆشرا.
جۆری خواردنەوەی ئەپسانت جیاوازە، کەوچکێکی کون کون کە تایبەتە بە ئەبسانت، دەخەنە سەر پەرداخەکە بە ڕاکشاوی و کڵۆیەک شەکر دەخەنە سەری و پاشان دڵۆپ دڵۆپ بە ئەسپایی ئەپسانتەکەی دەکەن بەسەریا هەتا شەکرەکە دەتوێتەوە و دەچیتە ناو پەرداخەکەوە، ئەوسا کەسەکە دەیخواتەوە.
|
پەرداخێک لەگەڵ کەوچکی ئەپسانت |
شێتی و ناهاوسەنگی دەرونی، پاڵنەرێکی کاران لە داهێنان لە هونەردا، هەمو هونەرمەندەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە کاتێک ئازادیان بەدەست هێنا لە جۆری هونەری وێنەکێشاندا، کە لەوەوبەر بە ناچاری بۆ کەنیسەو باسی بایبلیان دەکرد بە هەوێنی هونەرەکەیان، یان پۆرترێی پیاوانی حوکمڕانو بەدەسەڵاتو دەولەمەنەد ، دەنا لە بازاڕدا تابلۆکانیان نرخیان نەدەبو، بۆیە بازاڕی ئازادی هونەر یارمەتی دان لە ئازادی دەربڕینی دیدو بۆچونیان، ڤانگۆگیش بەرهەمی ئەو سەردەمەیە کە بە بێ سنور وەک ئەوەی کە خۆی دەیویست شکڵەکانی رەسم دەکرد.
لە سەرەتای ئەو تەوژمە هونەریەوە، دیارەدەی ناهاوسەنگی باری دەرونی هونەرمەند، هەمیشە ماتۆڕێکی کارابوە لەهەمو بوارێکی هونەریدا، تێروانینی تاک بۆ شکڵو باسەکان، بوە جۆرێک لە مۆدێل لەئەوروپا هەتا ئەمڕۆ، ئەم گۆڕانکاریەش هەمو جیهانی گۆڕی و کۆتایی بە جیهانی رابوردو هێنا. بەلام هونەرمەندێک کە زۆر ناوی نابرێت لە جیهاندا، کە بە باوکی پیکاسۆ و پۆپ ئارتی ئەمەریکی ناسراوە، هەمو هونەرمەندەکانی جیهان ئێرەیا پێ بردوە و سەرسام بون پێی، هێنری ماتیسی فەرەنسیە کە تەنانەت هونەرمەندی ئەمەریکی ئەندی وارۆڵ ( andy warhol ) ، ژۆن میشیل باسکیا jean michel basquiat ، کە خۆی کوشت لە تەمەنی 28 ساڵیدا، نەرێنیان بە ماتیس دەبرد. باسکیا لەسەر تابلۆیەکی خۆی، سێ جار نوسیویەتی ؛ ماتیسم ماتیسم ماتیس، بە تەنیشتیەوە تابلۆکەی ماتیسی داناوە کە بریتیە لە سێ ماسی سور لە ئەکواریۆمێکی بچوکدا و یەکێک لە تەبلۆ بەناوبانگەکانی ماتیس..
|
چەند تابلۆیەکی ماتیس |
لە لیۆناردۆ داڤنچیەوە هەتاوەکو پیکاسۆ، کاتێک بە تیشکی لازەر سەیری تابلۆکانیان دەکەین، دەبینن کە لەژێر هەمو تابلۆیەکەوە چەندەها وێنەی تر هەن،ڤهێڵکاری جیاواز، کە هونەرمەند کوژاندونیەتیەوە، تەنانەت لەژێر تابلۆیەکی پیاکاسۆدا بە فڵچە حساباتی بانکی تیا کردوە، ئەوەی جێی سەرنجە تابلۆکانی هێنری ماتیس یەک وێنەن، بەیەک فڕێدانی فڵچە بۆیە کراون، بە ئەسپایی بە بێ توڕەبونو هەڵەشەیی و کراندن و کوژاندنەوە. و ێنەیەکی سادە، بەڵامم تەواو بە هێز، کە دەبێتە جێگای پرسیار؛ چۆن هونەرمەندێک توانیویەتی بە تەنها بە پێجەوانەی هەموو، بەجۆرێکی تر رەسم بکات ؟
پیکاسۆ کە خاوەنی جوانترین وتەی سەردەمەکەیەتی، دەی ووت ؛ (من ناگەڕێم بەدوایدا، بەڵام دەی دۆزمەوە). سەردەمەکە وەهابو، هەمو شتێکمان دەدۆزیەوە، بە پێجەوانەی ئەم سەردەمەوە، دەگەڕیینو نای دۆزینەوە، بەڵام پیکاسۆ زۆر دەگەڕا، مەبەستم ئەوەیە لە سەر تابلۆیەک، کاتێک تابلۆیەکی دەکێشا، زۆر بەدوای ئەو شکڵەدا دەگەرا کە ببێتە کۆتایی شکڵی بڕیاردراو لەلایەن هونەرمەندەوە، وەک زۆر لەهونەرمەندەکانی تر، دەی کڕاند، بە بۆیەی تر دەی کوژاندەوە، دەیکڕاند...تاد، بەڵام ماتیس تەنها بە چەند خەتێکو فڵچەیەک، شکڵێلی سادە و بڕیاردەری بۆ دەکردین. لە کاتێکدا پیکاسۆ چاو و فڵچەکانی دەخستە ناو کوزی کچە مۆدێکلەکانیەوە، بەڵام ماتیس وەک کەسێکی ڕێزدار، بە چاکەتو پانتۆڵەوە، بە بۆیناباخەوە، پیشوازی لە کچە مۆدێلەکانی دەکرد و ڕێزی لێ دەگرتن. تابلۆکانی هەمیشە جێگەی پرسیارن؛ چۆن هونەرمەندێک بە شکڵێکی ئاوا سادە توانیویەتی تابلۆیەکی ئاوا قەشەنگمان بۆ بکات ؟
|
هێنری ماتیس و مۆدێلەکەی |
چەمکی داهێنان لە روخاندن و توڕەبوندا بۆ گەیشتن بە شکڵێکی دیاری کراو، یان بەرهەمێکی هونەری، ماتیس تەوا بە پێچەوانەیەوە کاری کردوە، ئەمەش پێمان دەڵیت کاتێک هەموو، دوای یەک مۆدێل دەکەون، ئەوا جێگا دەمێنێتەوە بۆ مۆدێلێکی تر لە ژیان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست