خۆپیشاندانەکانی عیڕاق پیرۆزی حزب و مەزهەبی هەڵوەراند
Sunday, 08/12/2019, 1:25
مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بۆ گەلی عیڕاق مێژووێکی پڕ شانازییە، بەتایبەتی لەو مانگەدا خەڵکی بەغدادی پایتەخت و شارەکانی فوڕاتی ناوەڕاست و باشوری عیڕاق لەدژی گەندەڵی و نەبوونی دادپەروەری، بێکاری ڕژانە سەرشەقامەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە لە پێناو ژیانێکی باشتر داواکارییەکانی خۆیان خستە ڕوو.
ئەوەی خۆپیشاندانەکانی مانگی ئۆکتۆبەر لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتر جیادەکاتەوە، بەشداری هەموو توێژەکانی کۆمەڵگابوو بە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، هەروەها گۆڕەپانی" تەحریر" لە بەغدا بووە نموونەیەکی جوانی دەستپێکی شۆڕشێکی نوێ لە مێژووی عیڕاقدا، بەتایبەتی لەو ماوەیەدا تا ئێستاش بەشێوەی(کۆمۆن) کارەکان لە هەموو ڕوویەکەوە شەو و ڕۆژ بە شێوەیەکی هەرەوەزی بەڕێوە دەچێت، تەنانەت یەکسانی لە دابەشکردنی ئەرک و ماف و کارەکان لەنێوان خودی خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی سۆسیالیستی بەدی دەکرا.
ئەوەی کە تا ئێستا تێبینی دەکرێ ئەوەیە یەکیتییەکی فکری لە نێوان خۆپیشاندەران هەیە، مەبەستم یەکیەتی ئایدیۆلۆجی نیە، بەڵام ئەوەی پێوویستە هەڵوەستەی لەسەر بکەین ئەوەیە خۆپیشاندەران لە نێوان خۆیاندا ڕێکخراو نین بە پێی پێوویست. پێوویستە هەموو کەسانی باوەڕمەندی چەپ و دیموکراتی پشتگیری خۆپیشاندەران و داوا ڕەواکانیان بکەن و ئەو شۆڕشە بگاتە ئامانجەکانی و نەهێڵن ئیسلامی سیاسی سواری شەپۆڵی ناڕەزاتییەکانی خەڵک بێت و لە کۆتاییدا شۆڕشەکە بدزن و بە لا ڕێیدا ببەن. چونکە ئەو ڕاپەرینە شۆڕشی خەڵکی هەژار و چینی چەوساوە و ڕۆشنبیری شۆڕشگێری عیڕاقە.
درۆیە ئەگەر ئیسلامی سیاسی بە تایبەتی حزب و گرووپەکانی شیعە یان هەر حزبێک یا ڕێکخراوێکی سیاسی عیڕاقی بڵێ من خۆپیشاندانەکانم دەستپێکردووە یا من سەرکردایەتی ئەو ڕاپەڕینە دەکەم، بەڵکو بە پێچەوانەوە تا ئێستا خۆپیشاندانەکان بە تایبەتی لە دژی حزبەکانی شیعەی عیڕاقن کە لەبنەڕەتدا گرێدراوی ڕژێمی ئێرانن.
حزب و مەزهەب خۆیان لە خۆپیشاندەران شاردیتەوە، ئەگەر بە دزی بێنە ناو خۆپیشاندەران وەک تاقە کەس بەشداریبکەن ئەگەر نا ناوێرن بڵێن ئێمە نوێنەرایەتی فڵانە تاقمی شیعە یا حزب تەنانەت مەرجەعیە دەکەین.
خۆری عەمامە لەسەر و کەوا ڕەشەکانی ئیسلامی سیاسی لە شەقامی عیڕاقی بەرەو کۆتایی دەچێت، مەرجەعیەش کاتێک داوای هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لە حکومەت دەکات هەست بەخۆی دەکات خەڵکی عیڕاق لەمەودوا گرنگی بە مەرجەعیەت و مەزهەب و حزب نادات، بۆیە دارەکەی لەناوەڕاستەوە گرتیتە دەست.
کوشتنی سەدان هاووڵاتی عیڕاقی بێتاوان و بریندارکردنی هەزارانی تر لەلایەن قەناس بەدەست و دەموچاو داپۆشراوکان جگە لەوەی ڕووی ڕاستەقینەی ئیسلامی سیاسی و مەزهەبیی دەرخست، هاوکات بووە هۆی ئەوەی گڕ و تینێکی تر بە خۆپیشاندەران ببەخشێت، هەر ئەوەش وایکردووە خۆپیشاندان لە دژی ئەو تاقمە گەندەڵە بەردەوام بێت هاوکات خۆپیشاندانێکە لە دژی دەستوەردانەکانی ڕژێمی ئێران، خۆپیشاندەران لە نەجەف و کەربەلا هاوار دەکەن ئێران بۆ دەرەوە، ئێران بۆ دەرەوە.
ئەو کۆمەڵکوژییەی لە شاری " ناسریە " ی باشوری عیڕاق و شارەکانی تر ڕوویدا، خۆپیشاندەران و گەلی عیڕاقی گەیاندە ئەو ئاستەی کەس لە مردن نەترسێ، بۆیە خۆپیشاندەران ئێستا لەو باوەڕەدان پێش ڕووخانی حکومەت پێوویستە میلیشیا چەکدارەکانی شیعە کە دەیان گرووپی جیاوازن بروخێنن کە هەر هەمووی سەر بە ڕژێمی ئێرانن. ئەو بارودۆخەش عیڕاق لە سایەی ئەو تاقمەی کە خۆی وەک ئیسلامی سیاسی مەزهەبی شیعەی گرێدراوی ئێران ناساندووە خۆیان بەسەر خەڵک سەپاندووە و شازدە ساڵە تاڵانی عیراقیان دەکەن، عیڕاق بەرەو قەیرانێکی خوێناوی دەبات، بەڵام ئەوەی گرنگە خۆپیشاندەران پیرۆزی ئیسلامی سیاسی و مەزهەبی و حزبی و تەنانەت مەرجەعیەشیان هەڵوەراند...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست