گۆڕانکاریەکانی عیراق و لەگۆڕنانی دەنگی ناڕەزای گەنجی کورد!
Monday, 02/12/2019, 20:11
خۆپیشاندانە جەماوەرەییەکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق کە ئێستا سیمای ڕاپەرین و شۆڕشی گرتۆتە خۆ، خۆڕسکە، هەڵقوڵاوی نێو جەرگەی بێزاری و نەداری و هەژاری خەڵکە، هاوار و ناڵەی گەلێکە کە لەژێر سیستەمی دەسەڵاتی حوکمڕانی گەندەڵدا دەناڵێنێت، وێرای ئەوەش هەموو ڕاپەرین و بزوتنەوەیەکی سیاسی ئەگەر خاوەن قاعیدەیەکی جەماوەریش بێت، ئەوا بێ گومان بەبێ بوونی سەرکردایەتیەک کە ڕێبەرایەتی بکات، ناتوانێت پەیکەری سیاسی خۆی داتاشێت. هەنووکە لەسەر ئاستی خەڵک و دەنگۆی نێو جەماوەری ڕاپڕیو، زانراوە و پێشبینی دەکرێت کە کێ لە ئاکامدا ئەو جڵەوە دەگرێتە دەست، بەڵام لەسەر ئاستی میدیادا هێشتا لە جەماوەر بترازێت هیچ لایەنێک بە فەرمیی خۆی بۆ سەرکردایەتی ئەو جوڵانەوە میللییە ڕانەگەیاندوە. لەگەڵ ئەوەشدا خۆڕاگری، ئامانج و خواستە سیاسییەکانی ئەو بزوتنەوە و ڕاپەڕینە میللییە توانیویەتی کەرامەت و شەهامەتی میللی بۆ گەلانی عیراق بگەڕێنێتەوە، کە بەو شێوەیە چاوەڕوان نەکراوبوو لەسەر ئاستی شەقامی عیراقیدا لەنێو زۆرینەی سادە بەتایبەتی لەنێو گەنجدا ئەوەندە بۆ خواستە سیاسییەکان هۆشیار بن و ئامادەی قوربانیدان بن.
دروشم، داواکاری سیاسی لەهەر جوڵانەوەیەکی میللی و خۆڕستدا ئاوێنەیەکە کە ئاستی هۆشیاری، تێگەیشتن و ووردبینی خەڵکی تێددا بەدیدەکرێت، وەک دروشمی "نیشتمانمان دەوێت"، یان گۆڕینی چەند بڕگەیەک لە دەستووردا ئەوەی کە پەیوەندیی بە "سیستمەی دەسەڵاتی حوکمڕانی و هەڵبژاردنەوە" هەیە، یان دروشمی "لابردنی دەسەڵاتی سیاسی بە شێوەیەکی ئاشتیانە"، هەموو ئەمانە دروشمی جەماوەریی ڕاپەڕیوی باشوور و ناوەڕاستی عیراقن. ئەم دروشمانە بە گوێرەی دەستوری ئێستای عیراقیش بێت هەمووی مەشروعە، واتە دەسەڵاتداران ناتوانن بیانوی دژە یاسای و دەستوری لە داواکاری ئەو جوڵانەوە میللییەدا بدۆزنەوە، لەبەرئەوەی لە هەفتەی یەکەمی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی عیراق بە گوێرەی بڕگەی (٥)ی دەستوری عیراقی بێت، ئەوا دەسەڵاتی حوکمڕانی هەنووکەی عیراق سەرتاپای لە سەڕۆک کۆمارەوە بگرە تا دەگات بە سەڕۆک وەزیران، وەزیرەکان و پەرلەمان هەموو ئەو پایانەی کە دەسەڵاتی حوکمڕانی عیراقی لەسەر ڕاوەستاوە مەشروعیەتی نەماوە.
المادە (٥) من دستور العراقی
(السيادة للقانون، والشعب مصدر السلطات وشرعيتها، يمارسها بالاقتراع السري العام المباشر وعبر مؤسساته الدستورية).
گەڕانەوە بۆ مێژوویەکی نزیک، نیو سەدە زیاترە کە گەلانی عیراق دەچەوسێتەوە، هەر لە دەسەڵاتی بەکرەوە بگرە تا سەدام و نەمانی و ١٦ساڵی حوکمرانی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ، کە لەسەر ئاستی سەرانی پارتەکان و لێپرسراوانی پۆستە باڵاکانی دەسەڵاتی سیاسی، بە سەدان کەسی دز، بەرژەوەندیپەرست، ڕارا، نەفسنزم و بێ ئابروو، هێز و میلیشیای چەکدار و مافیای تێددا پەروەردە بوون، ڕسکان و لە لایەن هێزە دەرکییەکانەوە پشتیوانی لێکران، کە گەیشتە ڕادەیەک زۆرێك لە توێژەرە سیاسی و شڕۆڤەکاران پێیان وابوو، خەڵک بێ هێوا بووە و کەس تازە ناتوانێت جێگە بە دەسەڵاتی گەندەڵ و دز لەق بکات، مەحاڵە لە بارودۆخێکی لەو جۆرەدا هیچ جوڵانەوەیەک سەر هەڵبدات، خەڵک تەسلیمی ئەمری واقیع بوون، وەک ئەوەی لە باشووری کوردستاندا بەدیدەکرێت، بەڵام گەنجی عەرەبی عیراقی ئەوەی سەلماند کە ئەم بۆچوونە ڕاست نییە، هیج ستەمکارێک و هیچ هێزێکی دەرەکی بتوانێت دەرەقەت دەنگی زوڵاڵی گەلانی چەوساوە بێت، لە ئاست شەقامی عەرەبی و عیراقییدا، لەو جۆرە بارودۆخەدا بە هەزاران گەنجی لەخۆبردووی خاوەن پرنیسپ و بەهابەرزەکانی تێددا لە دایک بووە، کە ئەمڕۆ شەقامەکانی عیراقیان تەنیوە، جۆرێک لە دروشم و داواکاری سیاسیان خستۆتە بەردەم دەسەڵاتدارانی عیراق، کە جێگەی سەرسوڕمانە، لەوەی کە چۆن گەلی عیراق لە ئاست شەقامدا ئەم هۆشیارە سیاسی، شارەزاییەی لە یاسا و دەستوری عیراقیدا هەیە و بەگوێرەی ئەوە خواست و ئامانجە سیاسیەکانی چنیوە، دروشمریزی کردون، دەیەوێت ئامانجەکان بپێکێت، هەنگاوی یەکەمیان ئەوە بوو کە وا لە مەرجەعیەتی شیعە بکەن فشار لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەڕۆک وەزیرانی عیراق دروست بکەن بۆ ئەوەی دەست لەکار بکێشێتەوە.
ئەزموونی ئەو جوڵانەوە میللییەی ناوەڕاست و باشووری عیراق، پێمان دەڵێت، ئەو نووسەر و قەڵەم بەدەستانەی باشووری کوردستان کە بوون بە دارودەستەی دەسەڵاتداران، ڕۆڵی ڕوخاندنی ورەی خەڵک دەبینن، لە هەوڵدان بۆ سەرهەڵدانی بزوتنەوە و جوڵانەوەی سیاسیدا، پێیان وایە گەل تووشی بێ هیوای بووە و گەنجی کورد تەسلیمی ئەمری واقیع بووە، تا هەتایێ بە سیستەمی سیاسی خێزانی و بنەماڵەیی ڕازیە، ئەوا ئەو ئەزموونە پێیان ڕادەگەیەنێت کە ئەوان لە درۆیەکی گەورەدا گوزەر دەکەن.
ئەزموونی جوڵانەوەی میللی عیراقی ئەمڕۆ، ئەوەشمان پێدەڵێت کە ئەوانەی لە باشووری کوردستاندا لە چەند ساڵێکی ڕابردوودا بە تایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان، کە ڕێبەرایەتی دەنگی ناڕەزایان دەکرد، خەیانەتیان لە جوڵانەوەی میللی و دەنگی ناڕەزای شەقام و ناو پارتە سیاسیەکان کرد، ئەوان بوون کە زۆرینەی سادە و شەقامی کوردیان بەرەو هەڵدێر برد. ئەوان بوون نەیانهێشت گەنجی کورد بە هێز و بازوو و توانای خۆی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سیاسی بکات، ئەمڕۆ تەماشای دەستی گەنجی عەرەب بکات بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بە گوێرەی بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی لە سیستەمی سیاسی عیراقی و هەرێم بکات. سەران و بەرژەوەندییپەرستانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان بیانەوێت یان نەیانەوێت، ئەوان لێپرسراوەتی دامرکاندنەوەی دەنگی ناڕەزایی کوردستانیان لە ئەستۆ دایە و هەرگیز ناتوانن خۆیان لە لێپرسینەوەی مێژوو بدزنەوە، نەک هەر تەنیا ئەوە، هەنووکە سەرانی ئەو بزوتنەوەیە، بۆ پارە و پۆست یەکە بە یەکەیان بوون بە مەسینە هەڵگری دەسەڵات.
نادیارە ڕووداوەکانی عیراق چی ئاراستەیەک وەردەگرن، بەڵام گۆرانکاریەکان لە دەرگەی گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی عیراقی چی وەک سیستەمی حوکمڕانی وە چی لە گۆڕینی کەسکان و هەموو ئەو دمووچاوانەی کە بە ناوی هەڵبژاردنەوە هەموو ساڵێک جێگۆڕکێ بە پۆستەکانیان دەکەن دایە، هەروها کردنەوەی دەرگەیەکە بۆ دادگایکردنی هەموو ئەوانەی کە پۆستەکانیان بەکارهێناوە بۆ کەڵەکە کردنی سامان و دزینی قوتی خەڵک لە سامانی گشتی نیشتمانی کە زوو یان دەرنگ پروشکی ئەو گۆڕانکاریانە یەخەو بەرۆکی ئەو کوردانە دەگرێت کە لە بەغداد پۆستی باڵایان هەبوو بە تایبەتی لە وەزارەتی نەوت دزیان دەکرد، هەروها ئەو پڕوشکە بەر دەسەڵاتدارانی سلێمانی و هەولیر و بەگشتی هەرێمیش دەکەوێت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست