کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سیاسی لە شانۆدا

Sunday, 27/10/2019, 18:19


خوێندنەوەی مرۆڤ و کارکردن لە سیاسەت و شانۆدا ، هەوڵێکی فەلسەفیانەی پوختەو لەهەمان کاتیشدا ئاڵۆزو هەستیار و وورد . لەبەرئەوە بەگرنگی دەزانم ئەم دۆزە بەکێشە بکەم و هەوڵی خوێندنەوەی بدەم . هە رچەندە خۆم نابەستمەوە بەمیتۆدێکی دیاریکراوەو باسەکەش کەمێک چڕو پڕو پانۆرامی دەخوێنمەوە ، بەڵام فەرامۆشکردنی هەستنەکردنە بەبەرپرسیارێتى و خۆگێلکردنە لە و مێژووەی شانۆکە هەیەتى کە تائەمڕۆشی لەگەڵدا بێت قسەو باسەکان بەردەوامن و کۆتاییان نەهاتووە و چاوەڕاونیش ناکرێت بەم زوانە کۆتاییان بێت . هەربۆیە ئەم کێشەیەم هەڵبژارد تا ئەو پەردەیە لابەرم کەدەکەوێتە سەر ڕوخساری هەندێک لەوانەی وەک "ئایدلۆژیایەکی تۆتالیتار" ی خۆیان مەڵاس داوەو گورزی قورس لەژیانی شارو ژیار دەوەشێنن لە ڕێگەی شانۆوە ،. ئەمە ئەو غەدرە قورسە ژیاریەیە کەئێمە لەو مێژووە نزیکەی شانۆدا هەمانە و زۆربەی کات ، (نزعە – ڕەوت) ێکى  بازاڕی نەوەیەک سەرقاڵ دەکات بە وەک یەک لێکردن و یەک ڕەنگکردن و کارتی سوور فڕێدان بۆ پەراوێزخستنی ئەکتیڤیست و کاراکانی ناو ئەو فەزا شێواوو ناتەندروست و ناهونەریەی کە تەنها چەند کەسێکی هەڵگری ئەو بیرکردنەوەیە خاوەندارێتی دەکەن و بەرگری لەمانەوەو پاراستنی دەکەن . بۆئەوەی تێگەیشتنی شایستە و گشتگیر ڕەنێو بهێنین لەشانۆدا دەربارەی مرۆڤ ، پێوسستمان بە جیاکردنەوەیەتی لە بوونەوەرەکانی تر و گەڕانەوەیە بۆ ڕەچەڵەکی دۆزەکە کەبوونی مرۆڤە و لێڕەدا تەنها ئاماژە بۆ ئەوە دەکەم کە بوونی (مرۆڤ) لەشانۆدا هەبوویەکی ئاگامەندانەیەو دەبێت مرۆڤ خۆناس بێت و بیر لە بوونی خۆی بکاتەوە و بزانێت لە دەرەوەی جیهاندانیە ، جەگەلەو ناتەواوی و کەم و کورتیانەی کە لەبوونیدا هەن سیفەتێکی تریشی هەیە کە کارکردن و تیشک هاویشتنە بۆ سەرشتەکانی دەرەوە .
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا  باسی دەکەم ، بەهیچ شێوەیەک بەنیاز نیم ڕەچەتەیەک بەیان بکەم بۆچارەسەر ، بەئەندازەی ئەوەی دەمەوێت گفتوگۆی جدی و بەرهەمدار بخەمە سەر خوانی بیری شانۆییمان خۆئەگەر مرۆڤ رادیکاڵیست بوو ئەوا مانای وایە مرۆڤ روئیایەکی دیاریکراوی هەیە بۆ کۆی دۆزەکە و توانایەکی شاردراوەی مێژوویی لادروست دەبێت . لەم ڕووەوە تێگەیشتنی شانۆکارێک بۆ ڕادیکاڵیزم ڕزگاربوونە لە کۆت و بەندی ڕابردوو!! بەڵام ئەی چی دەرحەق بەو مرۆڤە دۆگمایە ی کە بۆهەڵتە کاندنی سیستم و بەها دووبارەکان دووبارە هەمان دۆگم بینابکاتەوە بە سەرەو نخونی یان بە لنگەو قوچی !! بیەوێت رۆحی شۆڕش دروست بکات و بە تیۆرێک بیسە پێنێـت ، لەکاتێکدا نەخوێندەوارێکی تەواو عەیارە 24 بێت !!؟  بیرۆکەی شۆڕش هەرگیز چارەنووسی دیاریکەری ڕادیکالًیزمی سیاسی نەبووە ، بەڵکو ئەوە لەکاتێکدایە گەڕانەوەیە بۆ دواوەو بۆمێژوویەک کە تەحەکومی پێوە بکرێت . هەروەکو چۆن سایمۆندیس ووتی : " ئەگەرچی پەیوەندی بەدیمەنە جوانەکانەوە هەبێـت ئەوالەبارێکی خراپدا دەبیتَ".
بگەڕێمەوە بۆئەو سەرەتایەی کەتێگەیشتن لەمرۆڤ گەلێک ئاڵۆز و سەختە و خوێندنەوەکانیش هەمە جۆرن و هەرهێزێکی نۆستالیژی و خاوەن تەکنیکی کۆن ، بیەوێت ئەو فە زاگشتیە داگیربکات جاڕی مەرگی خۆی دەدات و دووبارە تۆتالیتاریزم بەرهەم دەهێنێتەوە . ئەمەش بانگی راِستیەکە بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان وایە کە دەیانەوێـت مرۆڤ بکەنە پێوەرو پێودانگی هەموو شتەکان . باشتر وایە مرۆڤ بن تالەمرۆڤ پچن یان تێی بگەن !!
قسەکردن لەسیاسەت لە رۆژهەڵات بەگشتى و لەکوردستان  کەمێک ئاڵۆزو ناڕوونە ، بەڵام تێًگەیشتن لەڕوانگەى شانۆوە بۆ سیاسەت یان بینینى شانۆییانە بۆسیاسەت و تێروانین و پەیوەندى نێوانیان و چێتى و تەندروستی مامەڵکردنیان کێشەى قورس و هەمەجۆر بەدواى خۆیدا دەهێنێت و دەبێت بڕیار بدەین لەوەى (شانۆوسیاسەت ) بەواتا دۆگم و باوەکەى وەربگرین یان بەشێوە ڕاستەقینەو فەلسەفییەکەى ؟َ ! کەلەڕاستیدا بۆهەرکامیان قورسە سەرپێی بیخوێنمەوە بەڵام بەگشتى سەرنج و تێڕاوانینى خۆم بەیان دەکەم لەڕیی ئەو میراتە شانۆییەى کەهەمانە لەمامەڵەکردنى سیاسەت لەگەڵ شانۆدا !! بۆچی؟  چونکە کاریگەریەکانى  سیاسەت و سیاسیەکان لەدنیای ئەمرۆدا کەشێکیان دروستکردووە دەتوانن دەستکارى تەواوى ژیان و شانۆش بکەن وەک پێکهاتەیەکى  ژیانى و شارستانى و ژیارى پشکیان بەردەکەوێت .  
بەڵام گەربمانەوێت بەدیوە فەلسەفییەکەى دا بیخوێنینەوە هەر زوو  ڕووبەڕووى نەبوونى پێشینەى فکرى و فەلسەفى دەبینەوە کە پەیوەندییەکانى شانۆکەى ئێمە بەو ڕابردووەى کە هەیەتى هەر زوو دەپچڕێین و تووشی بێ ئومێدى دەبین . ئەمەجگەلەوەى ئێمەى وەرگرو بینەرانى شانۆ، پێویستمان بەهەماهەنگى کلتورى و مەعریفی هەیە تابزانین ئێمە لەکوێی دۆزەکەداین ؟ دەکەوینە کوێی قەلەقیەکانى جیهانى نوێ و شانۆ وە وەکو کورد شانۆو سیساسەت لەم ئاستە لۆکاڵى و ناوچەگەرێتى و تایفەگەرێتیەدا بۆکوێ ؟  کەئەمانەش پەیوەستن بە هوشیارى و جێگیری جەماوەرى شانۆو بکەرەکانى شانۆ (شانۆکار) بەگشتى دەتوانم بڵێم شانۆ (لەکوردستان) لەسەر چەند ئاستێک لەمامەڵەدایە لەگەڵ سیاسەت ئەاونیش بریتین لە : 
1. دارایی و بودجە . 
2. هێزو پاوەرى ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە.
3. لەسەر ئاستی بازاڕو مارکێتینگ بە ئایکۆن کردنى کەسە نزیکەکانى ناو دنیای سیاسەت و قسەکردن لەسەرهەندێک بەرهەم و وونکردنى هەندێکى تر و گەروەکردنى هەندێک کەسایەتى و پووچەلًَکردنەوەى هەندێکى تر .. 
بەهەرحاڵ قسەکردن لەسەر ئەم دنیا ناڕون ونادیارە پێویستى بە خوێندنەوەو تێبینى قوڵ و تیۆرى هەیە لەڕووى (فەلسەفى و زانستی ) و چونە ناو قۆناغەکانى ئەو ژیانە نیمچە                        ( هونەرى – سیاسی )یەوە کە دنیایى ئێمە لەڕووى کۆمەڵایەتیەوە دەست و پەنجەى لەگەڵ نەرم دەکات و نائاگا لە شارستانیەتیە فرە چەشن و جۆراو جۆرەکان کەدەبنە پێش مەرجى دروست بوونى شانۆیەکى پوخت و هونەرى  کەبەدواى خۆیاندا  دیالۆگ و مشت و مڕى (جددى – ڕژد) بەرهەم دەهێنن ، بەڵام دەرهەق بەم باسەو لێرەدا نامەوێـت بچمەناو ئەو کێشەو گرفتانەوە  بەو ئەندازەیەى لام گرنگە ئەو پەیوەندیە کاریگەرو فرە لایەنە ببەستمەوە بە تەاووکەرى پرۆسەکە ئەوانیش : 
یەکەم : سیستمى شانۆ کەنیمانە 
دووەم : سەرچاوەى دارایی شانۆ کەنیمانە 
سێهەم : هێزو دەسەڵات و کاریگەرى شانۆ (دیسان کەنیمانە )
چوارەم : بازاڕى شانۆ کەئەمیش لەو پەڕى لاوازیدایە .
واتە لەکۆتاییدا باسکردن لە کێشەکانى شانۆ پەیوەستن بە  حیزب و تیۆرو فەلسەفەى سیاسی نیە لەبەر ئەوە قسەکردن لەسەر ئەم مامەڵەنازانستی و ناهونەرى و ناکارگێڕیە هەر ئەو شێوازە ى لێدروست دەبێت کە جۆرێک لە خۆهەڵواسین بە جەماوەرى لێ سەوزدەبێت کە ئامانج پڕکردنى هۆڵەکان دەبێت نەک بینینی شانۆیەکى هونەرى وئەمەش دوورە لەو بیانوووەى کە بەناوى دروستکردنى بینەرەوە ڕوودەدات بەڵکو ئەوە لەبینین خستنى ئەو بونەوەرەیە کە شانۆدەکات و شانۆ دەبینێت .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە