بایکۆتی جیهانی ئابوری تورکیا
Wednesday, 23/10/2019, 21:18
ئیستراتژی سەرکەوتن لە شەڕی نابەرابەر
داخوازی لە چالاکوانانی مەدەنی، سیاسی، ڕوناکبیران و مرۆڤدۆستان
---------------------------
هەور وەک دەزانن ڕۆژئاوای کوردستان توشی شەڕێکی زۆر نابەرابەر بۆتەوە. لە مەترسی قڕکردن و ماڵوێرانی دایە.
لە شەڕی نێوان دو لایەن دا ئەو هێزە براوە دەبێ کە شوێن، کات و ئامرازی شەڕ دیاری بکات.
بایکۆتی کڕینی کەلوپەلی تورکی چەکێکی بەهێزە بۆ وەستاندنی داگیرکاری تورکیا.
بەڵام ئەگەر بە تەنیا لە ئاستی باشوری کوردستان و کوردانی دڵسۆزی وڵاتانی دیکە دابێ، ناتوانێ بەتەواوی ئامانجەکانی بپێکێت.
پێویستە ڕوناکبیران و دڵسۆزانی کورد لە سەرانسەری دونیا هەڵمەتێکی گەورە، بەرین و بێپسانەوە پێک بێنن بۆ ئەوەی خەڵکانی بەشەڕەفی دونیا و دۆستانی کورد و مرۆڤایەتی و ڕۆژئاوا وشیار بکرێنەوە و بە شداریان پێ بکرێ لە بایکۆتی ئابوری تورکیا.
ڕێکار:
چەند ناوەندی گرینگ دروست بکرێن تا بە شێوەیێکی سیستماتیک کاری ڕاگەیاندن بە زمانەکانی ئینگلیسی، فەرانسەوی، ئیسپانی، ئاڵمانی، ڕوسی، چینی، عەرەبی، فارسی و ... ئەنجام بدرێ. بۆ هەر زمانێک یەک یان چەند سایت،فەیسبوک، توێتێر، تێلگڕام و... دروست بکرێن . بە شێوەیێکی ئازایانە و دائیمی کار و چالاکی تەبلیغاتی بکەن. دەبێ خەڵکانی جیهان ئاگادار بکرێنەوە کە دەتوانن بە بایکۆتی ئابوری تورکیا گەورەترین خزمەت بە مرۆڤایەتی بکەن و پێشی جینوساید و قڕ کردن و گۆڕێنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان بگرن.
با خەڵکی ئینساندۆستی گشت دونیا بێنە ناو ئەم کەمپەینە و لە هەر شوێنێکی جیهان کە دەژین خۆیان و دۆستانیان لە کڕینی کاڵای تورکی خۆ بپارێزن، لە تەیارەی تورکی بۆ سەفەر کەڵک وەرنەگرن، بۆ گەشت و گوزار ڕوو لە تورکیا نەکەن و ....
تکایە هەرکەس بە ئەندازەی توانایی خۆی بەشداری ئەم ڕێکخستن و چالاکیانە بکات.. خەم و پەژارە و گریان و ماتەم دەرددێک دەرمان ناکات. بە قەولی سەعدی شیرازی دەڵی: «دوسەد قسە وەک نیو کردار نیە»
تورکیا هێزی سەربازی، چەکی پێشکەوتوی ناتۆ، تەیارەی ئێف١٦، بۆمبی ناپاڵم، فۆسفۆڕی، کیمیایی و تڕامپ و تیرۆریستە ئیسلامیەسونیەکانی هەیە. بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان لە مەیدانی حەقانیەت و ئەفکاری گشتی جیهان زۆر لە تورکیا بەهێزترە. دەبێ ئەم هێزە لە پەرتەوازەیی بێتە دەرێ و ڕێک بخرێ و بکرێتە هێزێکی سیاسی تا ئابوری تورکیای پێ وێران بکرێ.
تکایە لەم بیرۆکەیە بە ئاسان ڕەت مەبە. تکایە دەست بەکار بن. لە هەلێکی زۆر خەتەر دا دەژێن. ڕۆژئاوا لە خەتەری قڕکردن دایە.
ئەم هێرشەی تورکیا دژی ڕۆژئاوای کوردستان درێژەی قڕکردنی یەکونیو ملیۆن ئەرمەنیە(١٩١٥) دوای دوای ١٠٤ ساڵ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست