کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆژنامه‌نوسێکی کورد له‌ سه‌ر ره‌وشی رۆژئاوا نامه‌یه‌ک ئاراسته‌ی سه‌رۆکی سویسرا ده‌کات

Tuesday, 15/10/2019, 21:04


رۆژی هه‌ینی ڕابردوو ١١ی ئۆکتۆبه‌ر چالاکوان و رۆژنامه‌نوسی کورد (هیوا ناسیح) که‌ ساڵانێکی زۆره‌ له ‌وڵاتی سویسرا ده‌ژیت، بانگه‌وازێک به‌ شێوه‌ی نامه‌‌ی کراوه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆکی سویسرا و سه‌رۆکپه‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ و سه‌رۆکی حزبه‌ گه‌وره‌کانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌کات، شایه‌نی باسه‌، دواتر کچه‌‌ په‌رله‌مانتارێکی ئه‌وێ به‌ ناوی (ماتیا مایه‌ر) له‌ سه‌ر لیستی سۆسیالدیموکرات پشتگیری ته‌واوی نامه‌که‌ی ده‌کات و له‌ سایت و ئه‌کاونتی فه‌یسبوکی خۆی بڵاوی ده‌کاته‌وه. هه‌روه‌ها داوا له لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌کات، که‌وا نامه‌که‌ی ناوبراو به‌ هێند وه‌ربگرن.
ده‌قی نامه‌که‌ به‌ کوردی:
نامه‌یه‌کی کراوه‌ بۆ سه‌رۆکی حکومه‌تی کۆنفیدراڵی سویسرا
(تکایه‌ فشار بکه‌نه‌ سه‌ر تورکیا، تا هێرشه‌کانی بۆ سوریا ده‌سبه‌جێ بوه‌ستێنێت)
زۆربه‌رێز سه‌رۆکی حکومه‌ت ماوره‌ر
وا چه‌ند رۆژێکه‌ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی خۆرێڤه‌به‌ریی ناسراو به‌ رۆژئاوا له‌ باکوری سوریا ده‌ستی پێکردوه‌. له‌ ئه‌نجامی ئه‌م هێرشه‌دا، به‌ تایبه‌ت به‌ هۆی بۆمبابارانکردنی رۆژانه‌ی فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانه‌وه‌، به‌ پێی زانیاریی رێکخراوه‌کانی بواری مافی مرۆڤ وه‌ سه‌رچاوه‌ی بێلایه‌ن، تا ئێستا ژیانی ده‌یان خه‌ڵکی سیڤیلی کردۆته قوربانی، له نێو ئه‌مانه‌دا مناڵ و که‌سانی خوارته‌مه‌نی پێگه‌یشتووی تێدان. خانوبه‌ره‌یه‌کی زۆری خوێندنگه‌، نه‌خۆشخانه‌ وه‌ شوێنه‌واری مێژوویی له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌خت بوونه‌.
له‌و ناوچه‌یه‌ی باکوری سوریادا نزیکه‌ی دوو میلیۆن دانیشتوان هه‌ن، ئه‌وان هیچکات نه‌بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر دانیشتوانی تورکیا. ئه‌و ناوچه‌یه‌ نزیکه‌ی میلیۆنێک ئاواره‌ی شوێنه‌کانی تری سوریای له‌ خۆگرتوه‌.
ئه‌م هێرشه‌ی تورکیا ده‌کرێت ببێته‌ هۆی کۆمه‌ڵکوژی له‌ سه‌ر دانیشتوانه‌که‌ی، هه‌روه‌ها سه‌رله‌نوێ ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر ببنه‌وه‌. ساڵانێکی زۆره‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ له ژێر گه‌مارۆی تورکیادایه‌، که‌وا به‌ درێژایی سنوره‌که‌ شورایه‌کی دروستکردوه‌. هه‌رده‌م نا ده‌مێک له‌ لایه‌ن سوپای تورکیاوه‌ وه گروپه‌کانی سه‌ر به‌ قاعیده‌‌ی به‌کرێگیراوی تورکیاوه‌ بۆمباباران کراون.
کوڕان و کچانی خۆبه‌رێوبه‌ریی ئه‌وێ بوونه‌ته‌ قه‌ڵایه‌ک دژ به‌ داعش. ئه‌وان ئه‌و قاره‌مانانه‌ن که‌ له‌ کۆبانی به‌ سه‌ر جیهادییه‌کاندا سه‌رکه‌وتن، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ن که‌ پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییان (ڕه‌ققه‌) له‌ سوریا له‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی خه‌لافه‌ت د‌ه‌رهێنا. له‌م پێناوه‌دا یانزه‌ هه‌زار قوربانیی گیانی و بیستویه‌ک هه‌زار برینداریان به‌خشی. ئه‌مان پێویسته‌ له لایه‌ن کۆمه‌ڵگانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ رێزیان لێبنرێت، خه‌ڵات بکرێن و پشتیوانییان بکرێت.
من وه‌ک رۆژنامه‌نوسێکی سویسری - کورد و چالاکوانێکی بواری مافه‌کانی مرۆڤ، که‌ بیست ساڵه‌ لیره‌ ده‌ژیم، تکاکارم لێتان، چیتان پێ ده‌کرێت ئه‌نجامی بده‌ن، تاوه‌کو چی زووتره‌ ئه‌م هێرشانه‌ بوه‌ستێنن. ئه‌مه‌ جه‌نگی تورکیا و میلیشیا تیرۆریستییه‌کانه‌ له ژێر ئاڵای سوپای ئازادی سوریادا دژ به‌ مافه‌کانی گه‌لان. ئه‌گه‌ر تورکیا له‌م هێرشه‌دا ئه‌م ناوچه‌ کوردییانه‌ داگیر بکات، ئه‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی تر بۆ پێشێلکردنێکی زۆری مافه‌کانی مرۆڤ. من له‌م نێوانه‌دا ترسم هه‌یه‌، که‌ له‌ لایه‌ن سوپای تورکیا و میلیشیا ئیسلامییه‌کانییه‌وه‌ کۆمه‌ڵکوژیی به‌رامبه‌ر دانیشتوانی سیڤیل ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڵاتن و ده‌ربه‌ده‌ربوونی دانیشتوانی ئه‌وێ.
تکایه‌ رێگر بن له‌ سوپای تورکیا، تاوه‌کو ئه‌م دورگه‌ دیموکراتی و پڕئاشتییه‌‌ له ‌سوریا وێران نه‌کرێت وه‌ کۆمه‌ڵکوژی له‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌ی پیاده‌نه‌کرێت.
ئێستا رێک ئه‌و کاته‌یه‌، که‌ پێویسته‌ سویسرا به‌ ئه‌رکی مۆراڵیی و لێپرسراوێتی خۆی هه‌ستێ و ڕای خۆی راگه‌یه‌نێت. من بانگه‌وازتان ده‌که‌م، که‌وا سویسرا لێپرسراوێتی خۆی به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت و هه‌وڵی رێگری له‌ کاره‌ساتێک بکات.

له‌گه‌ڵ رێز و سڵاودا
هیوا ناسیح
١١/١٠/٢٠١٩
لینکی نامه‌که‌ له‌ سایتی په‌رله‌مانتاره‌ سویسرییه‌که‌دا:

https://matteameyer.ch/die-tuerkei-muss-den-angriff-auf-syrien-sofort-stoppen/?fbclid=IwAR3_7tg7WSMdciwhBhkL0ONlJXFYe78wKZolYFVVFU0haZFGoTO-2fKpV0I

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە