کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەپاش ڕێکەوتنەکەى ڕۆژئاوا: ئەوەى کە پێویستە بکرێت

Tuesday, 15/10/2019, 20:58


ئەو ڕێکەوتنەى دوێنێ شەوى هەسەدە و کوردانى ڕۆژئاوا لەگەڵ حکومەتى دیکتاتۆرى سوریا کارێکى چاوەڕوان کراوبوو ، بەڵام بەهۆى بونیەتى سوپاى هاوپەیمانان و ئەمریکا ئەو ڕێکەوتنە ڕۆژبەڕۆژ دوادەکەن تا گەشت بەوەى تورکیا هێرشى کردوو کۆمەڵکوژى کوردانى لە سەرێ کانى و گرێ سپى ئەنجامدا و هاوپەیمانانیش جگە لە قسە هیچى تریان لەدەست نەهات. تەنانەت تورکیا بە فڕۆکەى ئێف شازدە بۆمبارانى خەڵکى مەدەنى دەکرد و هیچ وڵاتێک نەیتوانى ڕوى چەکەکانى بکاتە تورکیا. ئەوە شەش ڕۆژ بەسەر لەشکرکێشیەکەى تورکیا تێپەڕ دەکات بەڵام هەموو جیهان هەرتەماشادەکەن و جگە لە قسەکردن هیچى تریان لەدەست نایەت یابڵێم نایانەوێت بیکەن . 
بەناچارى کوردانى ڕۆژئاوا لە شەوى 13/10/2019 ڕێکەوتنێکى چەند خاڵیان واژووکردوە بە ئامادەبوونى هێزەکانى هەسەدە و چەند پارتێکى ڕۆژئاواى کوردستان و ئامادەبونى ڕاستەوخۆى بەشار ئەسەد و وەزیرانى دەرەوە و ناوخۆ و بەرگرى ئەو وڵاتە. وەک دەگوترێت ئەم ڕێکەوتنە بە دەستپێشخەرى سەرۆک کۆمارى عێراق و ڕوووسیا بوە و هەریەکە لە نوێنەرى ڕوسیا و نوێنەرى کۆمکارى عەرەبى و نوێنەرى سعودیە و نوێنەرى میسر و نوێنەرى سەرۆک کۆمارى عێراق و هەریەک لە پارتە کوردیەکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان و پارتى کرێکارانى کوردستان ئامادەى واژووکردنى ئەو ڕێکەوتنەبوون. بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکى باوەڕپێکراو لەبەردەستدانیە کە پارتە کوردیەکانى باشور ئامادەى ئەو ڕێکەوتنە بووبن یا نا و ئەوەى هەیە تەنها هەر قسە و لێدوانە .
ئەم ڕێکەوتنە سەرەڕاى باشیەکانى بەڵام کۆمەڵێک خاڵى تێدایە کە ئەگەرى زۆرە پاش چەند مانگێک یا لە کاتى نوسینەوەى دەستور بەتەواوەتى وەلابنرێت و سوریا پشتى تێبکات یاخود لیژنەى نوسینەوەى دەستور وەلایان بنێت. بەڵام لە ئێستادا کوردى ڕۆژئاوا لەبەینى خراپ و خراپتر ناچاربوون بە هەڵبژاردنى خراپ لەپێناو پاراستنى خەڵک و خاکى ڕۆژئاوا لە سڕینەوە و کۆمەڵکوژى. 

- ئەوەى لە ئەستۆى ڕۆژئاوایە لەم قۆناغەدا :-

1- هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەر ڕێکەوتنێکى کە سوریا لەگەڵ وڵاتانى تردا ئەنجامیداوە ، یا ئەو ڕێکەوتنانەى کە ئەمریکا لە گەڵ تورکیا ئەنجامیداوە لەسەر دروستکردنى ناوچەى ئارام چونکە بە مانەوەى ئەم ڕێکەوتنانە ڕێکەوتنەکەى کورد و سوریا هەڵدەوەشێتەوە یا کاریپێناکرێت.
2- شەڕڤانان لە سنورەکان دوربکەونەوە و شەڕى سنورەکان بەو هێزانەى سوریا بسپێرن کە هاتونەتە ناوچەکەوە تا چیتر خوێنى کورد نەڕژێت و بە دەستى دووژمنەکانمان هەوڵى لەناوبردن و دەرکردنى دووژمنێکى تر بدەین.
3- زەخت بخرێتە سەر سوریا تا دەست بە شەڕى ئازاد کردنى عەفرین بکرێت.
4- لەسەرجەم پارچەکانى کوردستانەوە پسپۆڕانى بوارى مێژوو و جوگرافیا بانگێشتى ڕۆژئاوا بکرێت تا سەر لە نوێ جوگرافیاى ڕۆژئاوا دابڕێژرێتەوە و ئامادەکرێت بۆ خستنە ناو حوکمە زاتیەکە چونکە ئێستا سوریا لاوازە و دەتوانێت کارى پێبکرێت.
5- ڕێخۆشکردن بۆ گەڕاندنەوەى پەنابەرانى کورد لە باشورەوە بۆ ڕۆژئاوا و هاوکارى کردنیان لە زێدى خۆیان بۆئەوەى دیمۆگرافیاى ناوچە کوردیەکان ڕێکبخرێتەوە.
6- گەڕاندنەوەى پێشمەرگەى ڕۆژ و تێکەڵبکرێت بە فەیلەقى پێنج و دوو بارە ڕاهێنانى ئایدۆلۆژى و نەتەوەیی و جەستەییان پێبکرێتەوە.

- باشور دەبێت چى بکات ؟
ئەگەر تورکیا پاشەکشەبکان بە هێرشەکەى یاشکست بێنێت ئەوا باشورى کوردستان دووبارە دەکەوێتەوە بەر مەترسیەکى گەورە هەرچەند هەمان مەترسیشیى توش دەبێ ئەگەر تورکیا لە ڕۆژئاوا سەربکەوێت. بەڵام ئەوەى گرنگە تورکیا چەند ساڵێکە ڕاهێنان بە زیاتر لە هەشتا هەزار تیرۆرستى سوپاى ئازاد دەکات و موچەیان پێدەدات و خزمەتى خێزانەکانیان دەکات. ئەم هێزانە هەموویان سەر بە گروپە تیرۆرستەکانن و نە ڕووسیا و نە سوریا پشتگیریان ناکەن بۆیە ئەگەرى زۆرە نەگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان لە سوریا و لە تورکیا بمێننەوە و تورکیا وەک کارتى فشار بۆ سوریا و وەک هێزى هێرشکەر بۆ سەر پەکەکە و باشورى کوردستان بەکاریان بهێنرێت. بۆیە پێویستە دەکات کە :-
1- حکومەتى هەرێم هەوڵبدات بۆ کردنە دەرەوەى سەرجەم بارەگا سەربازیەکانى تورکیا لە هەرێم بۆئەوەى ئەو گروپانە بەناوى سوپاى تورکیاوە نەگەیەنرێنە قوڵایى کوردستان و کردەوەى تیرۆرستیان پێ ئەنجامبدرێت.
2- سنوردارکردنى هێرشەکانى پەکەکە لە باشورى کوردستان و هاوکاریکردنیان تا بچنەوە قوڵایى خاکى تورکیا چونکە تورکیا ئەو هێزانەى سوریایى ئازاد بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە و بەمەش هەم پەکەکە و هەم باشوور زیانى گەورەدەکەن.
3- پەلەبکرێت لە یەک خستنەوەى هێزى پێشمەرگە و ئامادەبکرێن بۆ ئەو هێرشەى کە تورکیا دەیەوێت ئەنجامى بدات بۆ سەر باشوور.
4- پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغداد لە ڕووى سەریازیەوە پێشبخرێت چونکە پێویست بە سوپاى عێراق دەکات لەکاتى هێرشى تورکیا بۆ سەر باشوور.
5- ڕێخۆشکردن و هاوکارى کردنى پەنابەرانى ڕۆژئاوا بۆئەوەى بگەڕێنەوە سەر زێدى خۆیان لە ڕۆژئاوا.
6- ناردنى هاوکارى بۆ ئەو بەشەى کوردستان چونکە ئێستا هاوکاریەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان کۆتایى پێهاتوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە