کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قارداش

Monday, 14/10/2019, 16:17


دوابەدوای هێرشە بەڕبەڕییەکەی سوپای دەوڵەتی پاشماوی عوسمانی بۆ سەر رۆژئاوا ، زۆرێک لە ووڵاتان و دامەزراوە جیهانییەکان هەریەک بەجۆرێک و بە ئاستێک ئیدانەی ئەو هێرشەیان کردوە لە ئیدانەی زارەکی تا سزادانی ڕژێمەکەی ئێردوگان ، بەڵام نە ئەوەی ناویان ناوە پارلەمان و نە ئەوەش کە خۆی ناوناوە حکومەت لە هەرێم، تا ئێستا و بەڕەسمی هیچ هەڵوێستێکی پشتگیریی لە رۆژئاوا دەرنەبڕیوە، " کالعادة" خۆیان کردوە بە کەڕەی شەربەت نەبادا پریشکێکی ئەم ئاگرەیان بەرکەوێ، چونکە خۆیان لە فیتی خۆیان باش ئەزانن و خۆیان چاک ئاناسن.
پارلەمانی "سوید" کە پارلەمانی بەشێک لە کوردستان نیە، بەهەزاران کیلۆمەتر لە رۆژئاواوە دوورە و ئاڵای کوردستان بەسەرییەوە نیە و لەوحەی هیچ جامانە بەسەرێکی لێ نیە، بڕیاری سزایانی تورکیای دەرکردوە، بەڵام بە ناو پارلەمانەکەی هەرێم! نقەی لەخۆی بڕیوە ، ئاخۆ پارلەمانێک کە پاشکۆی حیزب، نەک خەڵک بێت بە هیچ تەڕ ئەبێت..؟ لەوانەشە پارلەمان سەرقاڵ بێ و نەپەرژێتە سەر ئەوەی چی ئەقەومێ ئەوەی پارلەمانتاران لە گفت و گۆیەکی مێژوویی و فەرهەنگیان، کە ئاخۆ ڕێکەوت یان بەروارە! تا ئێستا بۆیان ساغ نەبۆتەوە کامیانە تا ئەگەر بەیاننامەی ئیدانەیان دژی تورکیا نووسی بزانن لەسەری بنووسن ڕێکەوت یان بەروار.
هەر حکومەتیشە خۆی گرمۆڵە کردوە و ئەوەنەی تر بچووک بۆتەوە، خواخوایەتی کەس پێی نەڵێ " بۆ قسە ناکەی؟" چونکە باش ئەزانێ بڵێ لەل تورکیا هەموو نهێنییەکان ئەخاتەڕوو" نهێنی گرێبەستە نەوتی و سەربازییەکان" ، جگە لەوە بەناو حکومەتەکەی هەولێر ڕۆحی چوە، گەر خوانەکردە زمانی زەلەی کرد و منجەمنجێکی کرد بەدڵی تورکەکان نەبێت، ئەو کاتە تورکیا بکشێتەوە لە پارێزگاری کردنی بنەماڵە و پارتی پاشکۆی لە ناکۆکیەکانیان لەگەڵ هێزی گەریلای باکور، جگە لەوەش داخستنی سنوور بە ڕووی بەقاچاخ بردنی نەوت و داهاتی گومرگ و لەلایەکی تریشەوە "ئەنقەرە" گرێ بەستە نەوتیە نهێنییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، جا بەناو حکومەتەکەی هەولێر کە بنەماڵە وەک "کێک" خۆی دروستی کردوە تا بینەقاقای لە قەرزایە، ئەو کاتە گۆڵمەزەکە خۆش ئەبێت...
ئەمانە هەمووی لە لایەک و ئەوەی ئەمڕۆ تورکیا ئەیکات دەسەڵاتی هەولێر بەشێوازی بچووکتر و پێشتر ئەنجامی یاوە هەر لە هەڵکەننی چاڵ بەدرێژایی سنووری ڕۆژئاوا و نەهێشتنی گەیشتنی هاوکاری ئینسانی و پزیشکی بۆ خەڵکی مەدەنی و چاوساغی کردن بۆ " میت" و دروستکردنی هێز و حیزبی کارتۆنی، کەواتە زیاد ووتن نیە گەر بڵێین ئەم هێرشە تورکیە بە جۆرە ئەجندایەک لە خزمەتی دەسەڵاتی هەرێم و دژ بە خەڵکە، دەسەڵاتێک خەڵکی بەشەکانی تری کوردستان لە کەمپێکا ئابڵۆقە بات چۆن بڕوا بەهاوسۆزی ئەکرێت. كاتێک کە چەن سەربازێکی تورکی کوژران بەناو سەرۆکی حکومەتی ئەوکاتە بە پەلەپروسکێ و لەخۆیان لاوانەوەوە گەشتە تورکیا و پرسەی بنەماڵە و حکومەتەکەی ڕاگەیان ، ئاخۆ جورئەتێک شک ئەبرێت کە هەمان بنەماڵە و هەمان دەسەڵات ئیدانەی ئەم هێرش و مەرامە داگیرکارییەی تورکیا بکات..!!؟
ئەوەی لەڕۆژئاوا رووئەیات زامێکی کوشەندە و تراجیدیایەکی ئینسانیە، هەرچیەک بکرێت بۆ تیمار کردنی کەمە، بەڵام ئێمەش خۆمان لە باشوور تووشی زامێکی درێژخایان بووین، کە رێگرە لە بەتەنگەوە چوونی رۆژئاوامان و یارمەتی و هاوکارییان، ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی هێرشی تورکیا بۆتەوە ، ئێمەش لەژێر دەستی دەسەڵاتێکی گرێدراوی هەمان تورکیا، کەنەفت کراویین ، تورکیا نازی ئاسا بەربۆتە ڕۆژئاوا، حکومەتی هەرێمیش خەریکی نەوەت ناردنە بە بەلاش ، چونکە پارەکەی دەمێکە وەرگیراوە و خەشنۆش کراوە...
ئێمە شەرفانانمان لە سەردەمە ئەوانیش قارداش....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە