بە میکانیزمی کۆن، شەڕی نوێ ناکرێت!

Sunday, 13/10/2019, 22:54


سەرەنجام تورکیای ئەندامی ناتۆ، بە سوود وەرگرتن لە تازەترین توانایی سەربازی و چەک و جبەخانەی مۆدێرن، بە سوود وەرگرتن لە ئایدۆلۆژیای فاشیستی و ئایینی، بە سوود وەرگرتن لە بێدەنگی نێودەوڵەتی و گڵۆپی سەوزی ئەمریکای بەرژەوەندی خوازو ترامپی شێت و بەلەسە، بە سوود وەرگرتن لە حەزو خولیای دەوڵەتەکانی ناوچەکە، بۆ سەرکوت کردن و ڕیشەکێش کردنی ئەو ئەو دەستکەوتە زۆرو گرنگانەی لە ڕۆژاوادا، لەو ماوە کەمەدا بەدیهاتووە ( بە تایبەت لە بواری مافەکانی ژنان و منداڵان و پێکەوە ژیاندا) هیرشێکی نابەرابەرو نامرۆڤانەی کردە سەر خەڵکی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی رۆژاوا، هێرشێک کە تەنها لە رۆژەکانی یەکەمدا لە پاڵ لە خوێن هەڵکێشانی خەڵکی ڕۆژاوادا، تەواوی حکومەت دام و دەزگاکانی مافی مرۆڤ و پەرلەمان و دەسەڵآتەکانی دونیای غەرقی ئارەقەو قوڕو لیتەی شەرمەزاری کردو بێدەنگی و شەرم و درۆی بڕییە باڵآی کورتیان، دوو ڕوویی و دەبڵ مۆراڵی کردە پشتێنی پشتیان.
لەمبەریشەوە لە بەرامبەر هێرشەکەی ناتۆدا، لەشکرێک وەستاوە لە کچان و کوڕانی گیان لە سەر دەستی رۆژاوا کە دۆست و دوژمن شایەتی بۆ گیانی لە خۆبوردەیی و قارەمانێتیان دەدات، ئەوەی من دەمەوێت قسەی لە سەر بکەم، لەشکری بێشوماری پشتەوەیە، کە ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی ئەوروپاو ئەمریکا و ئێران و کوردوستان و تەواوی دونیا، ئەم لەشکرە کاری گەورەیان پێ دەکرێت ئەگەر میکانیزمەکانی رووبەروو بوونەوەیان بگۆڕن، ئەوەی تا ئێستا تێبینی دەکرێت، ئەم لەشکرە ناڕازی و ئازادیخوازەی کە بۆ پشتیوانی ڕۆژاوا، رژاونەتە شەقامەکان بە میکانیزم و شیوازی کۆن دەیانەوێت لەم شەڕەدا بەشدار بن، بە بروای من جگە لە ماندوویەتی و بێ ئومێدی بەرهەمێکی تری لێ سەوز نابێت: 

خرۆشانی سەر شەقامەکان:
ئەم میکانیزمی خەبات و تێکۆشانە لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەبوو، ئەو کات هۆیەکانی پەیوەندی کردن و سۆشیال میدیا وەک ئێستا گۆی زەوی بە یەکەوە گرێ نەدابوو، هەر بۆیە خەڵکی ناڕآزی لە ڕێگای ئەم ئەکشنەوە شەقامی گشتی ئاگادار دەکرد لەو ستەم و کردەوە دژی ئینسانییانە کە لە دونیادا ڕوویان دەداو، بەم ئەکشنە سۆزو هەڵوێستی شەقامی گشتی بۆ لای جم و جووڵەکەی خۆی ڕادەکێشا، بەڵآم ئێستا بەهۆی ئەو ئاڵ و گۆڕە گەورەیەی شۆڕشی تەکنەلۆژیاوە، کابرا لە کوێرە دێیەکدا هەر لە ڕێگەی مۆبایلەکەی دەستیەوە دەزانێت چی لە ڕۆژاوادا دەگوزەرێت، بۆیە شەقام پێویستی بەم ئەکشنە نەماوە.
ئەم ئەکشنە تەنیا کێشە و سەریەشە بۆ ڕێگاوبان و کاسب کارانی سەر ئەو شەقامانە دروست دەکات، نەک کاریگەری لە سەر بڕیاری سیاسی و سەربازی دروست بکات، بریاری هێرش بۆ سەر ڕۆژاوا لەو شەقامانەوە دەرنەچووە، تا بە گرتنی ئەو شەقامانە پاشەکشە بە بڕیارەکە بکرێت. .

رق نەفرەتی نەتەوەیی:
رق و نەفرەتی نەتەوەیی یەکێکی ترە لە میکانیزمەکانی روو بەروو بوونەوە کە لێرەو لەوێ دەبیسترێت، ئەمە میکانیزمێکی یەکجار ترسناکە، ئەمە شەڕکردنە بە پشتی شمشیر، کە جگە لە خۆت کەسی تر بریندار ناکات، کۆمەڵگای ئێمە خۆی کوشتەی دەستی فاشییەتە و چەندین جار بووینەتە قوربانی فاشیزم، ئێمەی زەربەی گەورەمان بە دەستی فاشیزم خواردووە، ئیتر چۆن دەبێت شەڕ بە چەکی ئەوان بکەین، ئێمە ئەگەر بەهێزی خۆمان و پشتیوانی ئازادیخوازانی جیهان هیچمان پێنەکرێت، ئەوە هەرگیز بە بیروباوەرێ فاشیستی و ڕآسیستی هیچمان پێناکرێت، چونکە ئەو کات خەڵکی ئازادیخوازی دونیاش لە پشتیوانیمان دەکشێنەوە، بیرمان نەچیت هەر ئێستا لە ڕیزەکانی پێشمەرگە گیان لە سەر دەستەکانی ڕۆژاوادا پێشمەرگەی عەرەب و ئەوروپی تەنانەت تورکیش هەیە کە دژی سوپای فاشیستی دەوڵەتی تورک دەجەنگن.

میکانیزمی دروست چییە؟! 
خەڵکی ناڕآزی و ئازادیخوازی دونیا دەبێت هەوڵ بدەن لە بری ئەوەی برژێنە شەقامەکان ، بڕژێنە سەر کونسوڵ خانەکان و پەرلەمانەکان، بەردەمی یوئێن و حکومەتەکان، واتە دەبێت بڕژێنە بەر دەرگای ئەو شوێنانەوە بڕیاری لێدەردەچێت، من تەنها سوید بە نموونە دەهێنمەوە، رۆژی شەممە 12/10/2019 تەنها لە شاری ستۆکهۆلم 10000 کەس و لە شاری یۆتۆبۆری 5000 کەس لە شەقامەکانی ئەو دوو شارەدا خۆپیشاندانیان کردووە، ئەگەر ئەم 15000 کەسە لە یەک کاتدا سەفارەتی تورکیاو ئەمریکایان بگرتایەو لە هەمان کاتیشدا بەردەمی پەرلەمانی سویدیان بگرتایە، بیهێنە پێش چاوی خۆت ئەگەر ئەم ئەکشنە هاوزەمان، تاکید دەکەمەوە هاوزەمان لە 10 شاری تری ئەوروپا بکرایە، دەبووە چ فشارێکی گەورە بۆ گۆڕینی بریاری

سیاسی و سەربازی؟!
ئەمە کارێکی سەخت نییەو پۆلیسی ئەو وڵآتانەش ناتوانێت شۆفڵ بهێنێت و بە دەمی شۆفڵ 15000 کەس دوور بخاتەوە، خەڵکی ئازادیخواز دەبێت ئەوە بزانێت کە سیاسەت لە پێناوی بەرژەوەندیدا دروست بووە نەک بە پێچەوانەوە، کاتێک تۆ لە 10 وڵاتدا پەکی سەفارەت وکونسوڵخانەو پەرلەمانت خست، واتە پەکی بەرژەوەندییەکانیانت خستووە، کە سەرەنجام سیاسەت و شەڕەکەو بێدەنگی دونیاش لە شەرەکە، لە پێناوی ئەم بەرژەوەندییە نەفرەتیەدایە.
15000 کەس لە ئەکشنێکی سەر شەقامداو بە دروشمی ( تورکیای فاشیست و ئەردۆغانی تیرۆیست ئەم شەڕە ڕاگرە)و دواتر دەچنەوە ماڵەکانی خۆیان و، تورکای فاشیست و ئەردۆغانی تیرۆریست شەرەکە ڕاناگرێت و بەردەوامە لە سەر کوشتنی منداڵ و خەڵکی سیڤل، سەرنج بدەن جاران لە هەر ئەکشنێکی سەرشەقامدا دەیان ترۆمبێلی پۆلیس دەهاتن، بەڵآم ئێستا بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم ئەکشنانەی سەرشەقام تەنها کپ کردنەوەی کەف و کوڵی دەروونییەو هیچی لێناکەوێتەوە، ئێستا تەنها دوو ترۆمبێل و چەند پۆلیسێک دەنێرن.
من هەرگیز لە گەڵ توندوو تیژی و سوتاندنی ئاڵا و کونسوڵخانەدا نیم، بەڵآم خۆ دەوڵەتی تورکیاش دڵداری و ڕۆمانسیەت ناکات، دەوڵەتی فاشیستی تورکیا ئاگر و ئاسن دەبارێنێت بە سەر خەڵکی بێدەرەتانی رۆژاوادا، بۆیە گرتنی چەند سەفارەتێکی و پەک خستنی چەند پەرلەمانێک ناچیتە خانەی توندوو تیژییەوە، بەڵکو پەرچەکردارێکی پێویست و لۆژیکییە بۆ ئەو کردارە دژی ئینسانییەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا. پەک خستن و ڕێگە گرتن لە دەوامی 10 پەرلەمانی 10 وڵاتی ئەوروپی، فشارو کاریگەری دروست دەکات لە سەر بریاری سیاسی و سەربازی، هیچ مەکە، تەنها مەهێڵە پەرلەمان دەوام بکات تا پەرلەمان ناچار بێت حساب بۆ هێزت بکات، ئێوە تەماشا بکەن ئەردۆگان بەچی دەمی حکومەتەکانی ئەروپای کڵۆم داوە ، بەوەی کە سنوورەکان دەکاتەوە بۆ چەند هەزار پەنابەرێک کە ڕوو بکاتە ئەوروپا، ئەی خۆ سەدان هەزار پەنابەری کوردو سەدان هەزاری تریش خەڵکی ئازادی خوازی ئەوروپا هەن کە پشتیوانی رۆژاوا بکەن ، بۆ ناتوانن دەمی حکومەتەکانی ئەوروپا بکەنەوە؟! هۆکارە چییە؟! هۆکارەکە ئەوەیە تورکیا هەرەشەی دروست کردنی مەترسی دەکات لە سەر بەرژەوەندییان بەڵآم تۆ مەترسی دروست ناکەیت لە سەر بەرژەوەندی، ئەردۆگان میکانیزمێکی راستی هەڵبژاردووە بۆ شەڕو سیاسەتە دژی ئینسانی و فاشیستییەکەی خۆی، بەڵآم تۆمیکانیزمێکی هەڵەت هەڵبژاردووە، تۆ شوێنێکی هەڵەت هەڵبژاردووە بۆ ئەکشنە ئینسانییەکەی خۆت، میکانیزمەکەی تۆ کۆنەو ماوەی بەسەر چووە، دەبێت میکانیزمی نوێ و ستراتیژی نوێ لەم شەڕە نوێیەدا بدۆزیتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە