Sunday, 06/10/2019, 22:36
1- گومرگى ئیبراهیم و وەزارەتى دارایی
لە کارمەندێکى گومرگى ئیبراهیم خەلیلەوە پێیڕاگەیاندین کە هەر نووسراوێک لەلایەن وەزیرى داراییەوە پێمان بگات بایەخی پێنادرێت، ئەویش لەلایەن خودی سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی) پیمان راگەیەندراوە، کە ئەو نووسراوانە فەرامۆش بکەین و کارى پێنەکرێت بەتایبەت بۆ ئەو ئیعفایانەى کە لە دەسەڵاتى وەزیردایە و بۆ کەرتى وەبەرهێنانە، ڕێگە بەهیچ شتومەک و کەرەستەیەک نەدرێت بەبێ گومرگ تێبپەڕێت ، ئەو کارمەندە زیاتر ووتى: بەگوێرەى زانیارییەکانمان چەند جارێک خودى وەزیرى دارایى ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکى نەبووە.
2- لە وەزارەتى داراییەوە :
کارمەندێک لەناو وەزارەتى دارایی لە هەولێر پێیڕاگەیاندین ، کە ئاوات شێخ جەناب نورى وەزیرى دارایى ئەیەوێت کارمەندانى کرێى
ڕۆژانە (اجور یومي) کە بەناونیشانى کارگوزار لە فەرمانگە داراییەکانى سلێمانى
کار ئەکەن و ژمارەیان لە (٧٠) کەس تێناپەڕێت دەربکات، ئەوانە هەمووى خەڵکى
دەستکورت و تێکڕایان دەرچوى زانکۆ و پەیمانگاکانن بەمانگانەى (٢٥٠) هەزار دینار ناچارن کار دەکەن،
بۆ ئەم مەبەستە نوسراوى بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کردووە.
پەیامنێرى کوردستانپۆست لە شارى هەولێر ڕاى شارەزایەکى ئابورى وەرگرت و بەڕێزیان ووتیان :
سەبارەت بەگومرگى ئیبراهیم خەلیل وەکو دامەزراوەیەکى سەر بەپارتى لەسەرو یاسا و ڕێنماییەکانەوە کار ئەکات و کەسیش نازانێت داهاتى چەندە و بۆ کوێ ئەڕوات ، نووسراو و فەرمانى وەزیرى دارایی وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە راستە هیچ بایەخێکی نییە ، ئەوەندەى منیش ئاگاداربم خودی وەزیریش ئەوە دەزانێت لەلای ئاشکرایە، کە هیچ دەسەڵاتێکى نییە .
دەربارەى کارمەندانى کرێى رۆژانە ئەوەشی وت، کەوا ئەوە دەسەڵاتى
دانان ولابردنیان لەدەسەڵاتى وەزیرى دارایدایە و هیچ پاساوێک نییە ئاگادارى سەرۆکى
ئەنجومەنى وەزیران بکات، تەنها بێئیرادەیى وەزیر پیشان دەدات، کارەساتە
کە بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵى نانبرینى چەندەها دەرچوى زانکۆ و پەیمانگاکانە کە
بەپارەیەکى کەم و بەناونیشانى کارگوزار لە بێکاریدا بەوە ڕازیبون، ئەگەر
حکومەتێکى خەمخۆرمان هەبوایە ئەو خەریجانە توانا و وزەى زۆر گەورەیان تێدایە
وڵاتێک بنیات ئەنێن .
هەر ئەو سەرچاوەیە لە هەولێر لە درێژەى ووتەکانیدا ووتى:
وەزیرى پێشوترى گۆڕان رێباز حەملان دوو
هەڵەى زۆر سەرەکى و کوشندەى بەرامبەر سیستەمى فەرمانگەکان و خەڵکى کوردستان کرد و
خزمەتێکى زۆر گەورەى بە دەسەڵات و بنەماڵە حیزبیەکان کرد ، ئەویش یەکەمیان هەموو
بندیوارە حیزبیەکانى خزاندە ناو دام و دەزگا حکومەتیەکان و بەپلە و پۆستى بەرزەوە
، دووەمیان لێدانێکی کوشندەى لەبەڵێندەران دا ئەویش بەپێدانى چەک بەمەرجى ئەوەى
بەڵێننامە بدەن و داواى پارەى نەختینە نەکەن ئەوەش تەواو پێچەوانەى یاسایە و
لە ئەفغانستان و سۆماڵیش کارى وەهانەکراوە و گاڵتەجاڕییە، بەداخەوە هەمان ستافەکەى
وەزیرى پێشوو ئێستاش لەم وەزارەتەى ئێستا دەستبەکارن ، ئەوکاتە ئەو دوو خاڵە دوو مادەى
خۆراکى زۆر چەور بون کە ماشێنى بزوتنەوەى گۆڕانى دەجوڵان و وەکو دەستکەوتى حیزبى و
چاکسازى لێی دەدوان، بەڵام لە راستییدا بەو بندیوارانە دامو دەزگا حکومیەکان کرد بە
کەلاوەیەکى حیزبی، سەبارەت بەچەکى بەڵێندەران لە حەقیقەتدا و لەسەر ئەرزى واقیع ئەو
چەکانە و خەرجکردنى هیچ زیانێکى بە مڵکى گشتى نەگەیاندووە، بەڵام بووە چەرمەسەرى بۆ
فەرمانبەران و باجى هەڵەى وەزیرێکى نەشارەزا دەدەن و لەبنەڕەتدا دەبێت ئەو وەزیرە
لێپێچینەوەى لەگەڵدا بکرێت ئەگەر بڕیاربێت لێپرسینەوە هەبێت.
پەیامنێرمان لە هەولێر کۆتایی بە راگەیاندنی ئەم هەواڵە دا و دەڵێت: حکومەتەکەى مەسرور لە مناڵدانى پاراستنەوە هاتۆتە دەرەوە ، پاراستنێک بەو مێژووە ڕەش و خوێناویە ، ئەگەر هۆکارى دروستکردنى دەزگاى پاراستن بۆ پاراستنى هەژمونى مەلا مستەفا و بنەماڵەکەی بووە لە ناو حیزب و بزوتنەوەى چەکدارى ، ئەم حکومەتە بۆ جێگیرکردن و هەژمونى خێزانى مەسعودە لە خۆیەوە بۆ مەسرور و کوڕى مەسرور و هەربەشدارییەکى ئەم حکومەتە ئەچێتە خزمەت ئەو ئەجیندایەوە. مەسرور هەموو دەسەڵاتەکانى قۆرخکردووە و تەنانەت دەسەڵاتێکى کارتۆنى بۆ قوبادى بەناو جێگرى بە ڕەوا نابینێت، دڵنیاین کە هیچ دەسەڵات و پیگەیەکى کاریگەرى نابیت و تەنها بە سڵاوێکى مەسرور و ئامادەبونى لەکۆبونەوە فەرمیەکاندا ڕازییە.
مەسرور ئەیەوێت بەهۆى وەزارەتى داراییەوە و بەدەستى
پاشماوەى داتەپیوى گۆڕان لە پێگەى ئابورى بنەماڵەى تاڵەبانى بدات و سەرجەم
داهاتەکانى ناوخۆ و گومرگەکان لە چنگیان دەربهێنێت ، ئەو دەسەڵاتانەى بۆ ئەم
پرۆسەیە پێویست بیت بە وەزارەتى دارایى ئەدات ، ستافى پارتى لەوەزارەتى دارایى
خاوەنى بەکردەوەى بڕیارە گرنگەکانن.
دیاریکردنى دەسەڵات بۆ وەزارەتى دارایى بەمیزاجى
مەسرورە و لە تازەترین بڕیاریدا دەسەڵاتى تەمویلى پرۆژەکانى لە وەزارەتى دارایى
وەرگرتەوە لەوەش زیاتر (ڕانیا مەجید) ئەکات بە یاریدەدەرى سەرۆک وەزیران بۆکاروبارى
ئابورى، ئیستا وەزیرى دارایى وەکو مریشکى ئاوەڕەتکراوى لێهاتووە و بەقەد جارانى باپیرى کە فەرمانبەر بوو دەسەڵاتى نییە ، پێمانوایە لەوەزارەتى دارایى ڕێبازەکەى
حەملان ئاکتیفکراوەتەوە بۆ خزمەتى بنەماڵە و بەتایبەتی بۆ وێرانکردنى سلێمانى و
هەموو شار و شارۆچکەکانى.
شێخ نورى باپیرەى ئاواتى وەزیرى دارایی لەشیعرێکدا
وتویەتى:
خۆزگەم بەوە، بێوەجاخە
ئەولادی نییە
هەرگیز لە زەمانە داد و
بێدادی نییە
هەر ئەو خەفەتەی هەیە وەجاخی
کوێرە
بێجگە لەمە داخ و فەریادی نییە
ئەمەیە وەجاخى سیاسى گۆڕان و نەوشیروان مستەفا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست