جلە کوردییەکانى ئێڤار و وەچە خستنەوەکەى هێڤیدار
Friday, 20/09/2019, 20:37
چەند رۆژێکە قسەو وتەى ئەو دوو پەرلەمانتارە بوونەتە باسى گەرمى میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.هەریەکەو بەپێى بۆچوون ولێکدانەوەو دیدى خۆى قسە فڕێ ئەدات، بەبێ ئەوەى مسقاڵە زەڕڕەیەک سود و بەرژەوەندى گشتى تێدابێت و، زیاتر قسەو کۆمێنتەکان خۆى لە جنێو وتەشهیر و قسەى ناشیریندا ئەبینێتەوە.
سەرەتا بابێمە سەرباسى تۆمارە ڤیدیۆییەکەى ئێڤار ئیبراهیمى کۆنە پەرلەمانتارى گۆڕان کە لەچاوپێکەوتنێکدا وتوویەتى ( لەماوەى چەند ساڵى کارى پەرلەمانتاریمدا هەر رۆژەو جۆرە جلێکى کوردیم پۆشیوە) بەڕاستى ئەوە کێشەى هیچ کەسێکمان نییە، لەبەر ئەوەى ئەو کەسە سەربەستە کە ئەو پارەو داهاتەى دەستى دەکەوێت چۆن چۆنى و لەچیدا سەرفى دەکات؟ بەڵکو کێشەو کرۆکى مەبەست ئەوەیە کە تۆى ساویلکە و خۆشباوەڕو، کۆیلەى حیزب لەنێو چەندان حیزبى مایەپووت و بێ بەرهەمدا حیزبەکەى ئەوت هەڵبژاردووە، لەناو ئەو هەموو کاندیدەشدا لەبەر خاترى ئەوەى ئەو خانمە جوانە و لەش و لارێکى رێکى هەیە دەنگى خۆت بەو داوە، بەوە فریوت خواردووە، کە ئەوەى ئێستاش بەرهەمەکەیەتى، بۆیە هەق نییە هیچ بڵێیت. جەنابت وەها شیمانەت دەکرد، کە ئەگەر بەخێرێ دەنگت بەو ژنە دا، ئیدى پێى ئەزانێت و سوپاست ئەکات،ئەبێتە عاشق و ئەویندارت. کەبەداخەوە بەشى زۆرمان وەها بیردەکەینەوە و عەقڵمان لەچاوماندایە. جا کە بەنەزانى و گەمژەیى دەنگمان بەکەسێکى نەزان و نەشارەزا و ساویلکە دا، لەبرى ئایدیۆلۆژیا و هزر ... سیاسەت و چارەسەر کردنى پرسە هەنوکەیى و هەستیارەکان، سەرقاڵى جلى ئاڵو واڵا و نەشتەرگەریى جوانکارى و گەورەکردنى سمت و لێوی بێت. ئەبێت چ دڵێکت بە حزبایەتى و سیاسەت و دەنگدان خۆش بێت؟ لەوەش باشتر چاوەڕێى چى لەکەسێک ئەکەیت کە لەنێو ملیۆنان قەیران و کێشەو نەهامەتیدا لەبرى گۆڕینى کۆمەڵگا و بارو دۆخى ژنانى بەشمەینەتى وڵات، تەنها بیر لەگۆڕینى ستایل و جل و فاشیۆن بکاتەوە.کورد واتەنى لەو قوڕە هەر ئەو تۆزە هەڵدەستێت.
جا بەڕێزم .... کێشەى تۆى هاوڵاتى و دەنگدەر کە هەموو ساڵێک فریو دەخۆێت، بەتەنها ئێڤار خانم و جل و بەرگەکەى نییە. ئەوە کێشەیەکى کەسێکی و زۆر بچووکە، باهێندە خۆمان نەخاپێنین، بەو شتە لاوەکییە خۆمان سەرقاڵ و مەست نەکەین.
ئازیزم .... وەک وتم کێشەى ئێمە زۆر لەکراس و بەرگ و جلى ئەو خانمە گەورەترە، گەر خۆمان غەشیم نەکەین گرفت و کێشەى تەواوى میللەت، دزین و بەهەدەردانى ملیاران دۆلارو. فرۆشتن و هەراج کردنى سامانى ژێرزەوی و بن زەویى وڵاتە. زەوتکردنى سەدان هەزار دۆنم زەوى بەپیت و بەرەکەتە. قۆرخکردنى بازاڕ و، قووت بوونەوەى دەیان دەوڵەمەندى دزە، کە بەخوێنى من و تۆ و شەهیدان ملیاران دۆلار سەرمایەیان پێکەوە ناوە، نەبوونى خزمەتگوزاریى سەرەتاییە. نەبوونى ئازادیى و سەربەستىیە. سزادانى تۆى دەنگدەرە کە لەسەر ئەوەى دەنگت بەدەسەڵات نەداوە نانبڕاو کراویت. کێشەى تۆ نەبوونى ئارامیى وئاسایشە، کە ئەگەر وریایى و ئازایەتى و خۆپاراستنى خۆمان نەبێت، هەموومان چەشنى تاریقى بەقاڵ و مناڵەکەى کەنەکەوە لەسەر شتێکى بچووک دەکوژرێن ، یان چەشنى کاوە گەرمیانى و سەردەشت عوسمان لەسەر درکاندنى قسەى هەق و راستى وتن بەئاشکرا و بێ ترس و سڵەمینەوە تیرۆر دەکرێن.
جا بۆیە هەق وایە لەبرى ئەو هێرش و قسانەى دەکرێتە سەر ئەو پەرلەمانتارە، چاکترە فشار و ناڕەزایەتیمان چڕبکەینەوە لەدژى ئەو دەسەڵاتەى کە هاوشێوە و نموونەى وا ناقوڵا ئەکات بەپەرلەمانتار و مانگانە شەش بۆ حەوت ملیۆن دینارى پێدەدات.
سەرى لێدەرناکەم بیست و حەوت ساڵە ئەو هەمووخولەى پەرلەمان ، ئەو پەرلەمانتارە گەمژە و نەفامانە، چییان کردوە؟ بوون و نەبوونیان بۆ چارەسەرى گرفت و کێشە کانمان چ کاریگەریى هەبووە؟! ئایا تۆ دەزانیت هەندێک بەناوپەرلەمانتارمان هەیە کە جل و بەرگ و کاڵاى یەکێکیان مووچەى چەندین مانگى فەرمانبەرێکە. میواندارى و هەر دانیشتنێکى پەرلەمان مووچەى ساڵێکى فەرمانگەیەکە. من وەک خۆم هەرچى پەرلەمانتارە بەهەموو خول و کابینەکان بەچەپ و راست و ئیسلامى وبێ دینەوە، ئەکەم بەساقەى جوتێک پێڵاوى دڕاوى ژینگە پارێزێک ، چونکە بەدرێژایى چارەکە سەدەیەک جگە لەگیرفان پڕکردن و خۆدەوڵەمەند کردن هیچى دیکەیان نەکردوە. بۆیە ئەگەر لەسەر شتێکى ئاوا هەمووان هاتوینەتە گۆ، ئەى بۆ لەسەر ئەو هەموو ناهەقى و زوڵم و تاوان گرفتانە خۆمان کردووە بەکەڕەى شەربەت؟ .ئەڵێى وڵات شامى شەریفە جگە لە جل و بەرگى ئێڤار هیچ گرفتى ترمان نییە.
هەرچى تایبەتە بەهێڤیدار پەرلەمانتارەکەى پارتى و پرۆژەکەى، کە دەڵێت (پێویستە مناڵى زیاتر بخەینەوە تا ژمارەى کورد زیاد بکات) سەیر و مایەى پێکەنیە ، کەسێکى پەرلەمانتار و رۆژنامەوان ئەوەهابیر بکاتەوە، پێى وایە تا ژمارەى کورد زۆربێت کورد دەتوانێت ببێتە کارتى فشار و ئەمرى واقیع بەسەر عەرەبدا و سەنگ و قورسایى زۆرترى دەبێت، بۆیە دەبێت مناڵ زۆر بخەینەوە، لەگەڵ عەرەبدا کێبڕکێ بکەین. لە وەڵامى ئەو پەرلەمانتارەدا دەڵێم: ئەزبەنى گەورەترین کێشەى ئێمە لە کوردستان بەر لە هەر شتێک زۆرى و بۆرییە، تۆ تەماشا بە ژمارە چەند زۆرین ، گەر کوردستانى گەورە بگریت نزیکەى چل ملیۆنین، خۆ گەر باسى باشووریش بکەین خۆمان دەدەین لە پێنج ملیۆنێک. ئایا لەو پێنج ملیۆنە چەندمان مایەى دڵخۆشى و متمانەین، کە ئەتوانین خزمەتى کوردستان و دۆزەکەمان بکەین؟ بەلاى منەوە لەو پێنج ملیۆنە چوار و نیوى زیادەیە، تۆ تەماشاى وڵاتێکى وەک ئیسرائیل بکە، کە چەند ملیۆنێکن، لەگەڵ ئەوەشدا زراوى سەدان ملیۆن عەرەبیان بردووە، خەو و خۆراکیان لێ تاڵ کردوون، بریا ئێمەش چارەکى ئیسرائیل بووینایە، بەڵام تەبا و کۆک و هاو هەڵوێست و راستگۆ بوینایە. وەرە تۆ پێم بڵى گەر سبەی رۆژ ژمارەى کورد زۆر بوو، کێ قازانج دەکات؟ جگە لە دەسەڵات و حزبە تەقلیدیەکان؟ گریمان ئەوا بە قسەى تۆمان کرد هەریەکەمان پێنج شەش مناڵمان خستەوە، ئەدى ئەفەندى بەچى بەخێویان بکەین؟ بەو مووچە جوانەى حکومەت؟ بەو خوێندن و پەروەردە سەقەت و فاشیلەى دەسەڵات؟ بەگیرفان بەتاڵى و سک هەڵگوشینى باوکان، کە تا ئێستاش لە حساباتى حکومەتدا خەرجى هەر مناڵێکى فەرمانبەر تەنها دە هەزار دینارە کە ناکاتە دووکیلۆ برنج
ئازیزم ... خۆتان پەرلەمانتار و میدیا کاریشن، گەر خۆتان هەڵە و گەوج نەکەن چاک ئەزانن گرفتەکە لە کەمى و زۆى ژمارەى دانیشتواندا نییە، خۆزگە بەخۆزگایى خوا ژمارەمان سەد هەزارێک بوایە، بەڵام میللەتێکى کامڵ و تێگەیشتوو ژیرمان هەبوایە، نەک خاوەن مێگەلێکى چەشنى ئێستا کە پێیان وایە ژیان و قووتى رۆژانەو خۆشبەختیان بەندە بە دەسەڵاتى یەکێتى و پارتییەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست