نەوزاد هادی ویرانکەری پیرە هەولێر
Thursday, 12/09/2019, 11:10
ناهوشیاریی ئەوانەیە، کە پێیان وایە نەوزاد هادی کەسێکی خاکییە و وەڵامی هاوڵاتیان و تەلەفۆنی خەڵکی دەداتەوە، ئیتر لەبەر ئەمە کەسێکی باشە، یان هەندێک پێیان وایە هەولێر پڕبووە لەباڵاخانەی بەرز و شەقامی زۆر کەواتە هەولێر شارێکی پیشکەوتووە !! بۆیە لێرەدا بە پێویستم زانی منیش لەسەر ئەمە هەندێک قسە بکەم و هەندێ تاوانی ئەو کەسایەتیە باس بکەم، کە دڵنیام سبەی هەولێرییەکان دەبێت پەیکەری وێرانکەری بۆ ئەو شارەی بکەن، چونکە بەناوی بە دووبەیکردنی هەولێرەوە، سیمای میژوویی پیرەهەولێری بەرەو تێداچوون دەبەن، کە ئەمەش بەشێکە لە مێژووی هەولێر و کوردستان، زۆربەی بیرەوەری هەولێریەکانی لەهزریان دەسڕێتەوە. دەمەوێ ئەوەش بڵیم کە لای من (نێچیر، مەسرور، نەوزاد هادی و فرسەت سوفی) هەمویان وەک یەک تاوانبار و ناپاکن، چونکە خاوەنی یەک قوتابخانەن، ئەویش قوتابخانەی پارتیی بوونە، بۆیە ئەم نووسینەم هیچ پەیوەست نییە بەو ململانییەی نێوان جوت پسمام، کە زوو، یان درەنگ لە نێوانیان ڕوژ لە دوای ڕۆژ دەتەقیتەوە.
1. هەولێر یەکێک لەو شارە کۆنانەی جیهان، کە ژیان تیایدا بەردەوامە، بۆیە دەبوایە هەرگیز دەست لەو شوێنە میژوییی و کەلتورییە نەدرابایە، بەڵکو وەک شارەکانی روما و بەرشەلونە و ئەسینا نۆژەن بکرایەتەوە ،.. بکرابایە بە شاری گەشتیاریی و مێژویی، بێچگە لەمە ئەگەر سەیری هەولێر بکەین بەتایبەتی گەرەکە کۆنەکانی وەک تەعجیل و خانەقا و عەرەبان و سەعدوناوە .... دەبینین چۆن ویران و تێکدراوە، بووە بە گەراجی ئوتوموبیل یان باڵەخانەی بەرز، کە ئەگەر لەساڵی ٢٠٠٩ یونسکۆمان نەهینابایە سەر خەت ئەو نەوزاد هادی و نێچیرە نەخویندەوارە بریاریان وابوو (بەبەڵگەوە لە رۆژنامەی میدیا) بڵاوی کردەوە کە بە نیازبوون ئەو گەرەکانەی هەولێر تەخت دەکەن دەیکەنە ئەهرامی بەرز بۆماستەرپلانە بزنسیەکەی نێچیر و نەوزاد هادی . بەڵام لەملا پێمان ڕاگرتن، لەولاشەوە یازدە ساڵە بەناوی دروستکردنی پارکی ئوتوموبویل یان نوژەن نەکردنەوەی ئەو گەرەکە کەلتوریە جیهانیانەی کردوتە کەلاوە. ئەوەش تاوانێکی دیکەیە، کە هەرگیز (پارتی ونێجیرڤان و نەوزاد هادی) لێی دەرناچن ، چونکە خانووە پڕلە نەخش و نیگار و شێوەکانی زۆری تێک چووە
2. بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی کەی ئێن ئێن لە ساڵی 2015 لە 25% خاکی هەولێر لەلایەن پارتییەوە داگیرکراوە، ئەمە جگە لەوەی بەسەدان کەس لە ژێر دەسەڵاتی نەوزاد هادی، کە وەک کەسی یەکەمی ئیداری ئەو شارە و (بارزان قەساب)ی جەلادی برای، کە بەرپرسی جوڵەی پاراستنە لە هەولێر، ئەو تاوانبارە ئازار و ئەشکەنجەی خەڵکی داوە و زۆر کەسی کوشتووە و تیرورکراوان ، ئەمە بەرپرسیارییەکی ئەخلاقی و سیاسی و ئیداریە بۆ ماڵی قەساب، کە ئەگەرنەوزاد هادی بڵێت ئەمە لە دەرەوەی توانای من بوو؟ ئەی بۆچ دەستی نەکیشایەوە و ئەو تاوانەی بەرامبەر میژوو و نەوەکانی داهاتووی هەولێر خستە ئەستوی خۆی، کەبەبەرچاویەوە بەسەدان کەس ڕاپیچی زیندان و ئەشکەنجە دان دەکرا ؟ یان تیرور و بارەگای حیزبەکان دەسوتێنرا؟
3. لە ژێر سایەی پارتی هەرچی پەیکەر و شوینی گشتی هەولێرییەکانە وێرانکراون، یان سڕایەوە ، وەک تێکدانی گوڕەپانی سەردار سەعید سوفی و چواڕیانی شەهید جەمیل رەنجبەر و پەیکەری شەهید عەبدولخالق مەعروف و جەمال شینەی زەحمەتکێشان و خاڵە یوسف و شەهید سەیدا ساڵح یوسفی و موسا عەنتەر و شەهید سەلاح هەورامی لەکۆلیژی ئاداب و سیمبولی بوێری و خۆراگری هەولێریەکان شەهید سەفەر کە لەنزیک شوینی ئەمین عامەکان بوو ....... یان تیکدانی هوڵی گەل و کۆتری سەلام و سینەما سەلاح الدین کە یەکەم سینەمای هەولێرییەکان بوو، جگە لە سینەما حەمرا و کریستال و دادگای هەولێر و خانەی خەسرو جەمباز .......
لەتەک ئەمەش دزینی بەشێک لە شوینەوارە مێژویەکانی هەولێر لەساڵی ٢٠١٠ لەهەستیارترین شوێن کەئەگەر دەستی باڵای بەرپرسی پارتی تیانەبوبێ مەحال بوو بتوانرێ بدزرێ. بەپێی زانیاریەکان تا ئیستاش نەکەس گیراوە نەپارچە میژویەکانیش گەراوەتەوە، بەپێجەوانەوە کامەی جەلادی هەولێریەکانە پەیکەر و شوینی گشتی بەناوکرا بەنمونە فرانسۆ حەریری ، جەلادیکی خەڵکی هەولێرە کە تەنیا لە کۆمەڵکوژی هەولێر ٦٨ تیکۆشەری کۆمەلکوژ کرد، کەچی گەورەترین یاریگای هەولێری بەناوکراوە !! ئەکرەم مەنتک پاراستنیکی باڵای هەولێر بوو کە بە دەیان و سەدان گەنجی هەولێری بۆ زیندانی ئاکرێ نارد پردێکی هەرە بەناوبانگی بەناو کرا؟ سامی عەبدولرەحمان جەلادێکی هەکاری و ئاگرخۆشکەریکی بەردەوامی شەری ناوخو بوو ، کەچی گەورەترین پارکی بەناوکراوە ، هوڵێکی گەورە بەناوی سەعد عەبدولا کراوە ، لەکاتیکدا ئەو بەرپرسەی پارتی لە ناپاکی ٣١ی ئاب دا لە قۆڵی مەخمورو دیبەگەوە لەگەل سوپای بەعس هاتە ژورەوە ، شەقامێک بەناوی سەفوەت جەراحی دەرهینەری فلیمی قادسیە لە گەرەکی کویستان کراوە ، کۆی ئەوانە بەشی زۆری لەسەردەمی نەوزاد هادیە لە نێوبردراوە و هەرجی بیرەوەری خۆش وناخۆش و میژویی ئەوشارەی سراندیەوە، کە تازە بەهیچ هێزێک دروست ناکرێتەوە ........ لەکاتێکدا پەیکەر دەکری بۆ ئەوکەسایەتیانە دروست بکرێ کە خاوەنی پەیامێکی جوان و خزمەتێکی ئەوشارەیان کردبێ، ئیتر لەهەر پارتێک بێت یان هەرکەسایەتیەک بێ، بەنمونە سەیربکە پەیکەریک بۆ عەبدولخالق مەعروف وشەهید جەمیل رەنجبەری شاعیر و شەهید سەفەری شوعی وجەمال حەیدەری و ڕەمزی نافع و سەعدی گچکە و قادر شوڕشی سوسیالست و سەلاح جەوهەری سیمبولی نارەزایەتی خویدنکاران و کێخوا سیوێ و خەجی باوەی شەهید و دەیان کەڵڵەپیاوی کۆنە پارتیە بوێرەکانی هەولێر لە١٩٦١ بۆ ١٩٧٥ نییە ؟ لەهەموو ئەوانەش قیزەوەنتر و قین لە دڵی ٢دوو ساڵ هەوڵمان لەگەڵی دا کە بوارمان پێبدا پەیکەرێک بۆ لەقلەقە تیرورکراوەکەی هەولێر دابنیین ،هەموو رێکارە یاسایەکانیشمان تەواوکرد، کەچی لەدواچرکەدا بواری نەدا لە کاتێکدا هەموومان قەرزاری ئەو ئاژەلە بەوەفایەی هەولێرییەکان بووین. یان ڕێگری کردن لەپەیکەری شەهید سەردەشت یان تێکدانی چەندین شوینی میژویی بەتایبەتی ئەشکەوتی بێستونەی ٢ ملیون ساڵ لەنزیک سۆران .....یان بەناوبانگترین یاریگای راپەرین کراوەتە (ئاوامیدکا)ی نیچیر ، بورجی تەلەفوناتی بەرامبەر خۆشخانەی ڕزگاری كراوەتە كۆمپانیای نەورۆز تلیكۆمی نێچیر.. دەڵاڵخانەی بازاڕی ک هەولێریەکان لەبری نوژەنکردنەوەی بۆتە شوێنی گەشتیاری بۆ ھاوڕەگەزبازی عەرەبەكان، شەوان بەئاشكرا مامەلەی کاتی سیکس کردن لەوێ نرخ و کاتی لەسەردادەنرێ لەوێ موشتەری پەیدا دەكەن.
4. خالێکی گرنگی تر پیگەیاندنی نەوەیەکی مافیا و دەولەمەند لەهەولێر کە خۆی وبنەماڵەکەی یەکێکن لەم گروپە لەسەر قوربانی و مافی هەولێریەکان ، ئەمە جگە لەوەی هەولێری ئیستا زۆربەی سیما و رەفتارە جوان و بەشەهامەت و میوان دۆستی و گیانی قوربانی و پاکیەکەی نەماوە ، بەڵکو هەندی سیمای هاتوتە نێویەوە کە لەگەل کەلتوری هەولێریەکان دژ بە یەکە . رەنگ بیت بەشێکی لەدەرەوەی هەموو هێز و کەسیتیەک بێ، بەلام بەشی هەرە زۆری ئەو دیاردە قێزەوەن و گوڕینی کەسێتی هەولێریەکان بەبەرنامە بووە، بۆ تیکدانی ئەوشارە و خەڵکەکەی کە نەوزاد هادی وەک بەرپرسی یەکەمی ئیداری ئەو شارە ناپاک و تاوانبارە تیایدا هاوبەشە. ئەوەی منیش لیرە باسم کردوە تەنیا دەست پیشخەریەکە ، کە بەشێکی زۆر کەم ودیار بووبێت سبەی نەوەکانی داهاتوو سەدان بەڵگە و زانیاری تر لە سەردەمی ئەو پیشکەوتنەی تەکنەلۆجیا هەڵدەدەنەوە، چونکە ئەوە میژووی ئەو کەسیتیە، کە لە پێناوی پۆستێک دا ئەو میژووەی بۆ خۆی هەڵبژارد. کۆی ئەوانەش باسم کردوە هی تەنیا نێو شارەکەیە، دلنیام لەوە، کە دەیان شارو شارۆچکەی تر بەسەدان تاوانی تر ئەنجام دراوە و لەڕوی ئەخلاقی و یاسایی نەوزاد هادی تیایدا بەرپرسیارە بەرامبەرئێستا و نەوەکانی داهاتووش .
بەشیک لە سەرچاوە و لینکەکان :
-------------------------
تێبینیەکی گرنگ:
پاش بڵاوبوونەوەی ئەم نووسینە، سایت و پەیجی (مۆر) لەسەر هەمان بابەت بە ڤیدیۆ کۆمێنتارێکی دوور و درێژی لەسەر هەولیر و پارێزگای هەولێر نەوزاد هادی بڵاوکردەوە، زۆربەی زانیارییەکانی لەم نووسینە وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی وەکو ئەمانەتێکی راگەیاندن ئاماژە بەم نووسینە بدات.
نووسینەکەی ئێمە لە ١٢- ٩- ٢٠١٩ ئەوەی مۆریش لە ١٩ - ٩ - ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست