کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


درۆی راگه‌یاندن له‌ كوردستان و پۆزش هێنانه‌وه‌

Wednesday, 11/09/2019, 23:11


ئه‌وه‌ی ترسناكه‌ و راگه‌یاندنی كوردستان داهێنانی تێدا ده‌كات!، داتاشینی هه‌واڵ و بابه‌تی سیاسیه‌ به‌ پێی مه‌زه‌نده‌ی نوسه‌ره‌كه‌ و راوبۆچون و خه‌مڵاندنی خۆی به‌ پێی پشتخانی رۆشنبیری و مه‌یلی سیاسیی، به‌مه‌به‌ستی سیاسی یان له‌به‌ر نه‌بوونی زانیاری پێویست، كه‌ ئه‌مه‌ درۆی زه‌قی تێدا ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی باویشه‌ و تاكه‌ له‌ كوردستاندا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرجار درۆی هه‌واڵی بڵاوكراوه‌ی راگه‌یاندنه‌كان بۆ خه‌ڵك ده‌رده‌كه‌ویت كه‌چی هیچ پۆزش و داوای لێبوردنێك له‌ ڕای گشتی و خه‌ڵك نابینیت، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی چه‌ند به‌ قورس و خراپ له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك بكه‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌و پێیه‌ی خه‌وشێك له‌سه‌ر راستگۆیی روكه‌شیانه‌ی ئامرازه‌كه‌ دروست نه‌بێت.
پته‌وی و بێلایه‌نی و راستگۆیی و ناووناوبانگی سه‌رچاوه‌ و پشتی په‌رده‌ی هه‌ر ئامرازێكی راگه‌یاندن و هه‌ر هه‌واڵێكی بڵاوكراوه‌ ده‌رخه‌ری راستگۆیی هه‌ر ئامرازێكی راگه‌یاندن و بابه‌ت و هه‌واڵێكی بڵاوكراوه‌یه‌ له‌ هه‌ر شوینێك بێت، واته‌ راستگۆیی هه‌ر سایتێكو رۆژنامه‌یه‌ك به‌نده‌ به‌ چه‌ند مه‌رجێكه‌وه‌: سه‌رچاوه‌ی زانیاری و هه‌واڵ و بابه‌ته‌كان و خه‌ڵكی پشت ئامرازه‌كه‌ی راگه‌یاندن‌ و سیاسه‌ت و فكری خاوه‌ن سه‌رچاوه‌كه‌ی و ئامانجه‌كانی و فه‌لسه‌فه‌ی كاره‌كه‌ی وبیركردنه‌وه‌ و پاڵنه‌ره‌كانی خه‌ڵكانی سه‌رپه‌رشتیكار و راگه‌یاندنكاری ئامرازه‌كه‌یه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ جۆری بابه‌ته‌كه‌ و ئامرازه‌كه‌ و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ بنچینه‌ی ئامانجی خاوه‌نه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی ئامرازی راگه‌یاندنه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.
رۆڵی رۆژنامه‌نوس و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كان چیه‌، رێژه‌ی راستی و درۆكه‌ چۆن ده‌رده‌كه‌وێت، كێ راستی و دروستی بابه‌ته‌كه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ و كێ وردبینی ده‌كات له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانیه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها له‌ باری زمانه‌وانیه‌وه‌ و كێ زه‌ره‌ر و كێ قازانج ده‌كات له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێك له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت.
بیگومان شتی راست به‌گشتی راسته‌،‌ چی له‌ بونیان و ریشه‌ و ناوه‌خن و بابه‌ته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ بێت یان له‌ شته‌ لاوه‌كی و لقه‌كان و په‌رواێز و توێكڵه‌كه‌دا بێت، ئه‌گینا ناتوانرێت به‌ راست پۆلێن بكرێت. به‌ڵام درۆی جۆراوجۆر له‌ هه‌ردوو لاوه‌ ده‌كرێت، واته‌ له‌ ناوه‌خن و مه‌تن و بناغه‌ و په‌راوێزیش و ئه‌وه‌ی له‌ بنه‌ڕه‌ت و بنه‌ما و ناوه‌رۆك و سه‌رله‌به‌ری بابه‌ته‌كه‌دا درۆی تێدا بێت خه‌ته‌رناكترین جۆری درۆی رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌مرۆیه‌ له‌كوردستاندا، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا درۆی لاوه‌كی و ترشو خوێ به‌مه‌به‌ستی پڕفرۆشی و قازانجی مادی و بێ مه‌به‌ستی قووڵ و زۆرجاریش درۆی سپی رۆڵی سه‌لبی خۆی ده‌گێرێت، به‌ڵام زیانه‌كه‌ی كه‌متر ده‌بێت.
وه‌ك ئه‌وه‌ی دیاره‌ كه‌ له‌ ژیاندا چۆن ده‌توانرێت راست و درۆی جۆراوجۆری خه‌ڵكی شاری و لادێی و ده‌شته‌كی و خه‌ڵكی رۆشنبیر و ساویلكه‌ و بژارده‌ و عه‌وام و هۆكاره‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی درۆ و چۆنێتی به‌رهه‌مهێنانی درۆی تاك و كۆ له‌یه‌ك جیابكرێته‌وه‌، ئاوهاش ده‌توانرێت پشتی راستودرۆی سایت و رۆژنامه‌كانی كوردستان و مه‌به‌ست و ئامانجیان دیاری یكرێت.
له‌كوردستان سایت و رۆژنامه‌ی حزب و (بێلایه‌ن) و سێبه‌ری زۆر به‌ربڵاوه‌ و له‌ یه‌كه‌مین ژماره‌وه‌ ده‌توانرێت جۆره‌كانیان وخه‌ڵكی پشتپه‌رده‌ی ئه‌م ئامرازانه‌ دیاری بكرێت. ئه‌وه‌ی زاڵه‌ له‌و به‌ینه‌دا زۆرینه‌یان سیاسین و ته‌نها مه‌به‌ستی دامه‌زراندنیان قازانجبه‌خشینی خاوه‌نه‌كانیانه‌ نه‌ك ده‌رخستنی حه‌قیقه‌ت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێكه‌وته‌ی راسته‌وخۆ وناراسته‌وخۆی لێده‌كه‌ویته‌وه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی پیلاندارێژراو بۆ چه‌واشه‌كردنی هۆشیاری خه‌ڵكه‌ بۆ مه‌به‌ستێكی دیاریكراو له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌داخه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌واشه‌ و درۆ جێگه‌ی راستی و راستگۆیی بگرێته‌وه‌ و به‌هه‌مان سیاسه‌ت و ململانێی نێوخۆی حزبه‌كان له‌ ئامرازه‌ هه‌مه‌چۆره‌كانی راگه‌یاندنه‌كانیشیان ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌ و، به‌ئه‌سته‌م راستیی بابه‌ته‌كان ده‌بینرێت. زۆرجار به‌ بێده‌ربه‌ستی شت بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و زیانی گه‌وره‌ی ده‌بێت و بێ هیچ سزایه‌ك تێده‌په‌رێت. زۆر جاریش ئه‌گه‌ر راستیش بڵاوبكرێته‌وه‌ كه‌ زیانی بۆ په‌زه‌كان بێت ئه‌وه‌ سه‌ری رۆژنامه‌نوسان و قه‌ڵه‌مه‌كانیشیان تێداده‌چێت. بۆیه‌ سڵكردنه‌وه‌ی زیاتر و له‌به‌رچاوگرتنی خاترانه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی و ترس و دڵه‌راوكێی هه‌مه‌چۆر و نه‌بونی شه‌فافیه‌ت و له‌به‌رده‌ستنه‌بونی زانیاری، درۆی زه‌قی خستۆته‌ نێو بڵاوكراوه‌كانه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ته‌نها به‌ فرتو فێڵ و مانۆر و یاری به‌ وشه‌كردن خاوه‌نی بابه‌ت خۆی له‌ لێپێچینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات یان له‌ده‌ستی زه‌ره‌رمه‌ند رزگار ده‌كات، زۆرجار كه‌ پشتی ئامراز و رۆژنامه‌نوسه‌كه‌ ده‌سترۆیشوویه‌كی به‌هێز بوو به‌بێ هیچ پرسیاركردنێك له‌ دادگا و عه‌داله‌تیش قوتار ده‌بێت.
به‌داخه‌وه‌ توێژینه‌وه‌ له‌م باره‌وه‌ له‌ كوردستان زۆر كه‌مه،‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كانی راگه‌یاندن تازه‌ن و مێژوویه‌كی قووڵێان نیه‌ و، به‌هه‌مان شێوه‌ی وڵاتانی تری پێشكه‌وتوو نین، باری كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵك و ڕوانینیان بۆ ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن وه‌ك خۆی نیه‌، بۆیه‌ ورده‌كاری زه‌ره‌ری گشتی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هه‌موو كه‌سێك به‌ روونی ده‌رناكه‌وێت.
به‌ڵام چۆن راستو درۆكان جیابكرێنه‌وه‌؟ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر وریا بێت و پشتخانی ئامرازه‌كه‌ بزانێت و ئامانجه‌كه‌ی دیاریكراو بێت و پشتی دیڕه‌كان بخوێنێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌توانێت به‌م شیوه‌یه‌ راستو درۆكان جیابكاته‌وه‌:
*مه‌به‌ستی ئامرازه‌كه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌ت و هه‌واڵێك و كات و شوێنی و په‌یوه‌ندی به‌ خاوه‌ن ئامراز و نه‌یاره‌كان و دۆسته‌كانی له‌نێو بابه‌ته‌كه‌‌دا چی ده‌گه‌یه‌نێت.
* خوێندنه‌وه‌ی ململانێی هه‌مه‌جۆره‌كانی حزبه‌كان و په‌یوه‌ندی ئامرازه‌كه‌ی راگه‌یاندن به‌ هه‌ر یه‌كه‌یانه‌وه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و كێبڕكێ و ململانێیانه‌ نێوخۆیی و ده‌ره‌كیانه‌ له‌سه‌ر سایتو رۆژنامه‌ی سێبه‌ر به‌ نمونه‌ خۆی ده‌سه‌پێنێت.
* داڕشتنی هه‌واڵ و بابه‌ته‌كان و ده‌رخستنی حه‌قیقه‌ت یان لێدانی لایه‌نێك یان كه‌سایه‌تیه‌ك به‌راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ چه‌واشه‌كاریش بێت، ڕووبه‌ر و بنمیچی راستگۆیی ئامرازه‌كه ‌ده‌رده‌خات .
* درۆی زه‌ق و په‌یوه‌ست به‌ پێویستیه‌كانی خوێندنه‌وه‌ی قۆناغه‌كه‌ و وه‌زعی سیاسی و په‌یوه‌ندیه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی خاوه‌ن ئامراز و رۆڵی كه‌اسایه‌تیه‌كان و خاوه‌ندارێتی مادی و سیاسی ئامرازه‌كه‌ی راگه‌یاندن و رێگه‌ی كاركردنی، ترسناكترینیانه‌.
* چۆنێتی دارشتنی هونه‌ری چه‌واشه‌ و فرتوفێڵی خه‌ڵكی په‌یوه‌ندیدار به‌و ئامرازانه‌وه‌ و هه‌وڵدان بۆ خستنه‌بازاری هه‌واڵ و بابه‌ت و فڕێدانی باڵۆنه‌ سیاسیه‌كان و رۆڵی راگه‌یاندن له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێ و كێبڕكێی سیاسی زیاتر له‌ كوردستان و گرنگی نه‌دان به‌ هه‌وڵ و پێویست بۆ بینینی كرده‌وه‌كانی نه‌یارانمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان له‌مه‌ڕ پرسه‌ گرنگه‌كانمان له‌كوردستاندا خۆی فه‌رزكردووه‌.
بۆیه‌ ده‌كرێت تا ئێستا ئه‌م ئه‌زمونه‌ نوێیه‌ی كوردستان له‌بواری راگه‌یاندن و ورده‌كاریه‌كانی له‌ دونیای رۆژنامه‌گه‌ریدا، زۆر به‌ سه‌لبی بۆ جوڵانه‌وه‌ سیاسی و حكومرانیی تاقه‌ ئه‌زمونه‌كه‌ی كوردستان له‌م قۆناغه‌ و دوارۆژیشی بكه‌وێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ كه‌شوهه‌وا و ڕووبه‌رێكی فراوانی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌م بواره‌شدا به‌رێوه‌ده‌چێت . بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین ئێستا‌ كوردستان له‌ قۆناغی پشێوی رۆژنامه‌گه‌ری و بێ سه‌روبه‌ری و بێده‌ربه‌ستی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن به‌رێده‌كه‌ین و لێكه‌وته‌كانی كاروباری سیاسی لایه‌نه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی زۆری له‌سه‌ر ئه‌م كه‌رته‌دا هه‌یه‌.
جیاكردنه‌وه‌ی راستودروستی هه‌ر بابه‌ت و هه‌واڵێكی ئه‌م سایتو رۆژنامانه‌ ئه‌وه‌نده‌ قورسه‌ هه‌ر یه‌كه‌و به‌ شێوه‌یه‌كو به‌ پێی پشتخانی خۆی لێی ده‌ڕوانێت و لێی تێده‌گات، بۆیه‌ سه‌ره‌رای زۆری و بۆری بابه‌ت و هه‌واڵه‌كان كه‌چی لای زۆرینه‌ی خه‌ڵك به‌ ئه‌سته‌م راستو درۆ جیاده‌كرێنه‌وه‌ و زۆر به‌ قورسی درۆكان ده‌رده‌كه‌ون .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە