رونکردنەوەیەک لەسەر وتارەکەی جەعفەری کەریمی
Thursday, 29/08/2019, 18:13
کاک جەعفەری کەریمی لە سەر کتێبی یادەوەریەکانم،(کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم ئەکەم)،لە وتارێکدا چەند سەرنجێکی رەخنەگرانەی لە سایتی کوردستانپۆستدا نوسیوە،بە پێویستم زانی لەسەر تێبینیەکانی ئەم رونکردنەوەیە بدەم.
لەو کتێبەدا من باسی ژیانی خۆمم کردووە،باسی ئەوەم کردووە کە لەو کاتەدا تیگەیشتنم بۆ سیاسەت چۆن بووە،باسی ئەو سەردەمەمم بە تێگەیشتنی ئەمرۆی خۆم و بە تێگەیشتنی ئەمرۆی جەعفەری کەریمی نەکردووە.کاتێک برایەکم لە شەری براکوژیدا لە لایەن پێشمەرگەی یەکێتییەوە شەهید دەکرێت و خۆم دەبم بە پێشمەرگەی یەکێتی،لەو کاتەدا رەئیم وابووە کە یەکێتی هێزێکی سیاسی نەتەوەیی بێ کەمو کوڕییە،پارتی هێزیکی سیاسی دەستکەلای وڵاتانە،بۆیە پێم بەسەر جەرگی خۆمدا ناوە و ئەوبریارەم داو ،پەیوەندیم بە هێزی پیشمەرگەی یەکێتیەوە کرد.
لە نوسینەوەی یادەوەریەکانمدا هەوڵم نەداوە خۆم بکەم بە پاڵەوان و دەوروبەرەکەم بسڕمەوە،روداوەکان چۆن بوون و چۆن هاتونەتە پێشەوە،وام گێڕاونەتەوە،بۆیە هەندێک جاریش خۆم بەر رەخنە و نارەزایی خوێنەر دەکەوم.بۆ نمونە ئەوەی جەعفەر کەریمی بە خاڵی رەشی خەباتی منی دەزانێت کە پیشنیارم کردووە دوو تاوانبارەکە لەو شویندا بکوژرێن،ل٣٠٤،ئەوە وایە،بە لای ئەوەوە خاڵی رەشە،بە تێگەیشتنی ئەو کاتەی خۆم،ئەوە بۆ من خاڵێکی گەش و ئیرادە و شۆرشگێری بووە.
ئەو کتێبەی من یادەوەرییە،لێکۆڵینەوە نییە،تەنها باسی ئەو رووداوانەم کردووە کە روبەروم بونەتەوە یان تیایاندا ژیاوم،یان بیستومن و گرنگیان هەبووە،هەندێک روداو و هەڵویست هەن لەو کات و شوێنەدا رویانداوە کە منی تێدابووە،بەلام من ئاگاداری نەبووم،یان من بە گرنگم نەزانیوە،بۆیە باسم نەکردوون.بۆ نمونە من ئاگادار ئەو نەبووم کە عەبدولرەحمان قاسملۆ هەوڵی وای هەبوبێت تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بخاتە سەرکۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەو کاتانەی من پێشمەرگە بووم،هەڵسوکەوتی بەرپرس و سەرکردەکانی شۆرش بەرامبەر بە خەڵک و بە هێزە سیاسیەکانی تر و بەرامبەر بەخۆم، بەو شێوەیە بووە کە دەیبینن،بەڵام هەر لەو کاتەدا گەلی کورد دوژمنێکی سەرەکی و سەرسەختی هەبوو،رژێمی پەت و سیدارە،رژێمی بە عەرەبکردن و بە بەعسی کردنی کورد و کوردستان،رژێمی راگواستنی گەلی کورد لە ناوچە ستراتیجیەکانی کورکوک و خانەقین و ..رژێمی ئەنفال و کیمیاباران،ئێمە دژی ئەو رژێمە چەکی پێشمەرگایەتیمان لە شان کردبوو،لەهەمو شۆرشێکدا دوژمنی سەرەکی و دوژمنی لاوەکی هەیە،دوژمنی سەرەکی من رژێمی بەعس بوو،دوژمنی لاوەکی من ئەو کەم و کوری و هەڵەو لادانە سیاسیانە بوو کە لە شۆرشدا دەبینران،ئەگەر من ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو شۆڕشم گەورەبکردایە و بەرپرسەکانی شۆڕشم بکردنایە بە دوژمنی سەرەکی،دەبوو لەسەر قسە و هەڵویستی بەرپرسەکان سەنگەری پێشمەرگایتیم چۆڵبکردایە،خۆم رادەستی رژیم بکردایەتەوە یان بەرەو هەندەران سەری خۆمم هەڵگرتایە،ئەو کات هەررژێمی ئەنفال سودمەند دەبوو،بەڵام من وام نەکردووە،لەگەڵ هەڵەو کەمو کوڕیەکانی بەرپرساندا ململانێم کردووە،لەو کاتەشدا کە بەرپرسان دژی رژێم جەنگیون، لەگەڵیاندا تەبا و یەکگرتوبووم.
تێبینی کۆتاییم لەسەر چەمکی پزیشکی پێشمەرگە و پیشمەرگە و پزیشکە.کە پەیوەندیم بە هێزی پیشمەرگەوە کرد، وتیان دکتورێکمان بۆ هاتووە، بە کار خەریکی چارەسەری نەخۆش و برینداری پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەرزگارکراوەکانی ئەو کاتەی کوردستان بووم،بەڵام بە ژیان لەگەڵ پێشمەرگەکاندا دەژیام،پێکەوە نانمان دەخوارد،جلوبەرگمان وەک یەک بوو،لە ژورێکدا پێکەوە دەخەوتین،پێکەوە کۆبونەوەمان دەکرد،جارجارەش لە ئێشکگری و کەمین و شەڕدا هاوکاری پیشمەرگەم دەکرد.ئەمە ئەو بارودۆخە تایبەتەی پیشە و ژیانی من بووە کە سەری لە جەعفەری کەریمی تێکداوە ئایا من پزیشک بووم یان پێشمەرگە بووم؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست