کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ هه‌ورامانه‌وه‌ هه‌تا سله‌یمانی…!

Wednesday, 21/08/2019, 8:50


به‌ دواداچوون بۆ وتارێک له‌ کوردستان پۆستی هێژا هاتۆته‌ به‌لاڤکردن.
من نامه‌وێت بکه‌ومه‌ ناو ئه‌و ئارگیۆمێنته‌ ته‌قلیدیه‌ی له‌ نێوان مه‌لایه‌ك و گۆرانیبێژێکدا هه‌یه‌، ئه‌وان به‌ هه‌موو شێوازێک قسه‌ ده‌که‌ن و په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌و شکات ده‌که‌ن و خه‌ڵك مه‌شغوڵ ده‌که‌ن و له‌ دوایشدا هیچ به‌ده‌ست ناهێنین له‌سه‌ر زه‌مینی واقیعدا.
من باس له‌وه‌ ناکه‌م که‌ کاک سه‌ردار حه‌مه‌ ڕه‌شی له‌ وتارێکدا تیشکی ده‌خاته‌ سه‌ر که‌ پۆشینی ره‌نگی زه‌ردی گۆرانیبێژه‌که‌یه‌، و باسیش له‌وه‌ ناکه‌م که‌ چۆن خاڵیكی زۆر سه‌رنجڕاکێش ده‌هروژێنێت؛ ئه‌ویش له‌ ناو هێنانی سلێمانیدایه‌ و راکێشانی ئاراسته‌ی هه‌ردوو ده‌سته‌کانییه‌تی بۆ شوێنێکی هه‌سته‌وه‌ر، ئایا ئه‌م دوو خاڵه‌ به‌ دیراسه‌کردن بووه‌ یان سه‌رپێیی لای من گرنگ نییه‌، چونکه‌ سلێمانی ده‌مێکه‌ لای بازرگانه‌کانی سیاسه‌تی مافیایی و گه‌نده‌ڵی هه‌ڕاجکراوه‌و فرۆشراوه‌و بێڕێزیی پێکراوه‌، مه‌گه‌ر بورجه‌که‌ی زه‌رگه‌ته‌ی پاڤێڵ سوکایه‌تی نه‌بوو به‌ خه‌ڵکی سلێمانی که‌ به‌ پاره‌ی دزراوی خه‌ڵکی ره‌شورووت له‌ شێوه‌ی (زه‌که‌ر)دا دروستی کرد! ئایا چ به‌هایه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ی دانابێت؟
ئه‌وه‌ی لای من پرسیاره‌و خۆی ده‌سه‌پێنێت ئه‌وه‌یه‌ که‌:
- ئایا ئه‌و شاره‌ چی بۆکراوه‌ له‌ رووی بنیاتنانی شارستانییه‌وه‌؟
- ئه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی تا چه‌ند شادمانن و مافه‌کانیان ده‌سته‌به‌رکراوه‌؟
- ئایا به‌ دوکه‌ڵ و فڕه‌فڕی موه‌لیده‌ به‌ درێژایی 28 ساڵ چه‌ند که‌س تووشی شێرپه‌نجه‌بوون؟
- ئایا ئه‌و ئاوه‌ که‌مه‌ی ده‌درێت به‌ ماڵان تا چه‌ند شایسته‌ی خورادنه‌وه‌یه‌و زیانی بۆ ته‌ندروستی نییه‌؟
- ئایا تا چه‌ند بنخانی ئابووری پته‌وی تیا دامه‌زراوه‌و هیچ هێزێکی کاری لاوی کورد به‌ فیڕۆ ناڕوات و هه‌مووان خاوه‌نی کارو پیشه‌ی خۆیان و بێکاریی بنه‌بڕ کراوه‌؟
- ئه‌ی تا چه‌ند له‌ بن دیوارو مه‌سئولی بێ هونه‌ری فیزلێده‌ر پاكکراوه‌ته‌وه‌و زه‌ویه‌ داگیرکراوه‌کانی وه‌کو ده‌باشان و هاوینه‌هه‌واره‌کان و موڵکه‌کانی شاره‌وانی و عه‌رزه‌ کۆرنه‌ره‌کان و ده‌یانی تر بۆ موڵکی گشتی گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌؟
- تا چه‌ند چالاکی و جرتوفرتی ئیتیلاعات و میت و ده‌زگا جاسوسییه‌ هه‌رێمیی و جیهانییه‌کان تیایدا سنووردارکراوه‌؟
- ئایا یه‌کسانی له‌ مافو ئه‌رکه‌کاندا تیایدا بۆ هه‌مووان یه‌کسانه‌؟
یان بنه‌ماڵه‌چێتی و حیزبایه‌تی زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی کردووه‌ به‌ هاوڵاتی پله‌ دوو و سێ؟
- ئه‌ی له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ تا چه‌ند ئه‌و خه‌ڵکه‌ هۆشیارو رۆشنفیکر بووه‌و بوونه‌ته‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست و یه‌کده‌ست و یه‌کده‌نگ به‌رامبه‌ر هه‌موو پێشهات و که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ ناپاکه‌کانی ناوی؟
- تا چه‌ند گیانی هاوڵاتییبوون و نیشتیمانییبوون و یه‌کترقبوڵکردن و لێبورده‌یی له‌ ناو خه‌ڵکه‌که‌یدا به‌رقه‌راره‌؟
- ئایا ڕێژه‌ی ئه‌و هه‌موو ماده‌ی هۆشبه‌رو کوشتن و جه‌رده‌یی و ته‌عدایه‌ی له‌و شاره‌دا ده‌گوزه‌رێت سه‌رچاوه‌که‌ی کوێیه‌و چاره‌سه‌ر کراوه‌؟
- ئایا ئه‌و هه‌موو چاره‌گه‌ موچه‌یه‌ی له‌ خه‌ڵکه‌که‌ی گه‌وره‌ ده‌کراو له‌ میدیاکاندا بانگه‌وازیان بۆ ده‌کرد که‌ وه‌کو دیاریی ده‌یبه‌خشنه‌وه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران قه‌ره‌بوو کرانه‌وه‌؟
- یان ئه‌وه‌ی له‌ سلێمانی ده‌گوزه‌رێت له‌ بێ یاسایی و پاشاگه‌ردانی و نه‌بوونی هیچ سیسته‌مێکی به‌ڕیوه‌بردن له‌ هیچ شوێنێکی دواکه‌وتووترین وڵاتی دنیادا ناگوزه‌رێت؟
- ئایا ئه‌و نه‌وته‌ دزراوه‌ی رۆژانه‌ پیایدا تێپه‌ڕ ده‌بێت چه‌ندی بۆ هاوڵاتیانه‌و چه‌ندی بۆ گیرفانی مه‌سئوله‌ دزه‌کانه‌، یان ئه‌و موچه‌یه‌ش ده‌درێت هه‌ر له‌ له‌ لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ینێرێت ئه‌گینا نابێت چاوەروانی هیچ چاکه‌یه‌ك له‌ یه‌کێتی و پارتی نه‌کرێت؟
- تا چه‌ند سیسته‌می په‌روه‌رده‌ ته‌ندروسته‌ و به‌رنامه‌داڕێزی بۆ کراوه‌؟
کوان که‌سانی ئه‌کادیمی و ته‌کنۆکراتی ناحیزبی چ به‌رپرسیارییه‌تیه‌کیان له‌به‌ر ده‌سته‌؟
- ....  ده‌یان و سه‌دان پرسیاری بنه‌ڕه‌تی ترو که‌ به‌ چه‌ندان وتار دواییان نایه‌ت…. که‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ حاڵی شارێکی بێ سه‌رو به‌ره‌ بێت بۆچی خۆمان هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنین و سەرقاڵ بکه‌ین به‌ شتگه‌لێکه‌وه‌ که‌ ئه‌و میلله‌ته‌ پێشکه‌وتووانه‌ی دنیا هیچیان نه‌ماوه‌ بیگه‌نێ له‌ پێشکه‌وتن ئینجا خۆیان له‌ قه‌ره‌ی ناده‌ن.
باشه‌ ده‌بێت گۆرانی گوتن له‌سه‌ر شه‌قامێك ئه‌و هه‌ڵڵایه‌ بخوازێت که‌ دروستی کرد؟ ئه‌مه‌ گه‌ر نیشانه‌ی هه‌ر شتێك بێت ئه‌وا نیشانه‌ی ده‌ست به‌ تاڵیی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه‌، چونکه‌ هیچی تریان نییه‌ وتوێژو دیراسه‌ی لەسەر بکه‌ن، ئه‌مه‌ش راستیه‌که‌ پێویسته‌ دڵی که‌س نه‌ڕه‌نجێنێت، ئێمه‌ هه‌رگیز پێشناکه‌وین گه‌ر که‌سانی دڵسۆز په‌نجه‌ نه‌خه‌نه‌ سه‌ر خاڵه‌ لاوازه‌کانی که‌سایه‌تی و فه‌رهه‌نگ و واقیعمان و چاره‌ی بۆ نه‌دۆزنه‌وه‌.
 ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئارادایه‌ هه‌ر مه‌سئولی حیزبیی نیشتیمانفرۆشی به‌رژه‌وه‌ندی خوازه‌ و چی تر، مه‌خابن گەر ئه‌و میلله‌ته‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵا‌تی کۆیلایه‌تی یه‌کێتی و پارتی رزگار نه‌کرێن هه‌ر نه‌وه‌ی ناحاڵی و ده‌روون بۆش به‌رهه‌مدێت و ئه‌وه‌ش به‌رهه‌مه‌کانیان ده‌بێت، دوا ئامانجیان هه‌ڵپه‌رین ده‌بێت له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان، ئه‌گه‌ر پێشکه‌وتن ئه‌وه‌ بێت پیرۆزتان بێت، له‌گه‌ڵ ڕێزی ته‌واوم بۆ هونه‌رمه‌نده‌ به‌ تواناکان و هونه‌ری ره‌سه‌ن و په‌یامی هونه‌ر….

سەرنجی کوردستانپۆست: هەرچەندە ئەو وتارەی کە ئەو بەڕیزە ئاماژەی پێداوە، لەگەڵ هەموو نووسینەکانی دیکە لەسەر گۆرانییەکەی ماریا و کێشەی لەگەڵ مەلا هەڵۆ، هەموویمان لا برد، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک، یەکێک لەوانە نەچوونە نێو ئەو کێشە دروستکراوانەی کە دەسەڵات دەچێتە پشتی و بۆ سەرقاڵکردنی خەڵکی بەو مەسەلە لاوکیانەوە دەیانجوڵێنن، بەڵام ئەم نووسینەی ئیستا لایەنێکی دیکەی هەیە و بە پێویستمان زانی بڵاوی بکەینەوە، سوپاسی نووسەرەکەش دەکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە