کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کامیان پرسە ئەزەلیەکەی کوردە؟ چێژ یان ناسنامە؟

Tuesday, 20/08/2019, 15:41


کاری میدیایی لە کوردستاندا پێویستی بە سانسۆرە (سێنسەرشیپ) .. چونکە پێ دەچێ ئازادی لە کوردستاندا لە جیاتی دەرفەتێک بێ بۆ بیرکردنەوەی قوڵ و وورد و زانستیانە و بەرپرسیارانە ! بۆتە بیانویەک بۆ چەواشەکاری و خراپەکاری و فێڵ و هەڵخەڵەتاندنی بیستەر و بینەر و خوێنەر (وەرگر بە مانا گشتیەکەی ) .. لە کاتێکدا هەندێ میدیا لە کوردستان کێشەی سەرنج ڕاکێشانی وەرگریان هەیە بۆ ئەو کاڵا و شمەک و بابەتانەی کە بانگەشە و ڕیکلامی بۆ دەکەن لە دەزگا جۆربەجۆرەکانیانەوە دەبینین سڵ لە بەکارهێنانی هیچ ئامڕازێ ناکەنەوە بۆ ڕەواج دان بە کاڵاکانیان تەنانەت گەر چیرۆکی وەهمی و وروژێنەر و دوور لە داب و نەریتی کۆمەڵگەش بخەنە گەڕ لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجەیان ... یەکێ لەو شێوازە نابەرپرسانە مەسەلەی زەق کردنەوەی بابەتی سێکسە لە سەرگوزشتە و چیرۆکی ڕووداو و هەواڵەکانیاندا وەک لەم دوو لینکەی خوارەوە دەردەکەون 
دەبینین ڕەگەزی سەرەکی و بنەڕەتی هەواڵەکە یان ڕووداوەکە لەسەر ووروژاندنی بابەتی سێکس هەڵچنراوە و پێ دەچێ بەرهەمهێن و ئامادەکاری ئەو سەردێڕ و هەواڵە لە زۆرێک لایەنی تراجیدی و گرنگ و هەستیاری تری هەواڵەکە، چیرۆکەکە یان ڕووداوەکە خۆی دەدزێتەوە و زومی کامێراکەی توند دەلکێنێ بەو جێگەیەی کە مەبەستیەتی ! 
وەرگری وشیار دەپرسێ:
ئایا لە کارەساتی تاوان و جینۆسایدی شنگالدا تەنها کچ و ژن لاقە کرا یا چەندین ڕووداوی تراجیدی تر هەیە کە هەر یەکێکیان پێویستی بە سکرینی گەورەتر لە سکرینەکانی بی بی سی و سی ئێن ئێن و ڕوسیەلیەوم و جەزیرە و ڕووداوەکەی لەمەڕ خۆمان هەیە بۆ پیشاندانی گەورەیی تاوانەکە؟ ئەم هەمو زوم خستنە سەر کردەوەی سێکسی و وردەکاریەکانی چۆنیەتی دەست بردن بۆ ژنانی بێ خەبەر لەم دەزگا ژەهراویانە بۆچی؟ نهێنی ئەم زەق کردنەوەیە لە چیدایە؟ ئەی ئەگەر ڕووداو کارمەند و ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنکاری ئەوەندە جەربەزەی هەیە بۆچی لەگەڵ ئەم زەق کردنەوەیەدا هەوڵ نادا مەتەڵەکان و نهێنیەکانی پشتی تەسلیم کردنی شنگالیشمان بۆ ئاشکرا کەن و چۆن دەستیان گەیشتوە بەم چیرۆکە پەنهانانەی پاکیزەکانی شنگال 
ئاواش دەستیان بگات بە نهێنیەکانی چڕکردنەوەی شەڕەکانی بەهاری عەرەبی لەسەر خاکی کوردستان و لە قاڵب دانی کێشەی کورد و یەزیدیەکانیش كە بەشێکی دانەبڕاوی ئەو کێشەین لە ڕێگەی دروستکردنی ڕێکخراوی چەتەی داعش و پاشانیش بلۆک کردنی هەر دەزگایەک گەر هەوڵ بدا لە گۆشە نیگایەکی جیاواز لە گۆشەنیگای دامەزرێنەر و ماستەرمایندی ئەو ڕێکخراوە ڕوماڵی ووردەکاریەکانی ئەو تاوانە بکەن..

دیارە بەم کارەشیان دەیانەوێ بە ئەجیندەی خۆیان و لە خزمەتی ئەو ئامانجەدا تەنها ئەو هەواڵ و چیرۆکانە هەڵبژێرن کە مەبەستیانە و بگرە تەنانەت جارجارە چیرۆکە هەواڵی دوور لە حەقیقەتی ڕووداوەکان دابتاشن بۆ گەیشتن بەو ئامانج و مەبەستە.
بڕوانە ڕوداو لەم لینکەدا چۆن سەرنجی سەرەکی وەرگر دەباتە سەر بەشێک لە تاوانی شنگال بەڵام گرنگی نادا بەوەی خۆ لە شنگالدا پیاوانیش تاوانی زۆر گەورەیان بەرامبەر کرا ئەوە بۆچی بە درێژایی گێڕانەوەکانتان فۆکەس لەسەر ئەوەیە چۆن جەلاد ئاڵۆشی خۆی بەتاڵ كردەوە؟ ئەی بۆ کەمتر باس لە جۆری ئەو چەکانە دەکەن کە لە جەستەی پیاوان و کچان و منداڵاندا بەتاڵ کرایەوە بە یەکسانی و بێ گوێدانە ڕەگەزی کوژراو کە ئاخۆ نێرە یان مێ؟ مناڵە یان پیر؟ 

لەم لینکەی دووەمدا کە دیسانەوە زەق کردن و بە ڕەمزی کردنی کردەوەی سێکس وەک ناونیشانێ بۆ
 بابەتەکە  هەڵبژێردراوە پێدەچێ ئامادەکار لە کەمپی
    پەنابەراندا  تەنها    ئەو کردەوەیەی بە گونجاو زانیوە کە بیکاتە ناونیشانی هەواڵەکە و دیار نیە لەو کەمپانەدا چ تاوان یان ڕەفتار و گوفتاری تری تراژیدی تر و ناشرین تر ڕووبەڕووی پەنابەرە کوردەکان بۆتەوە هەروەک مرۆڤ دەشێ بپرسێ ئاخۆ هەر پەنابەری کورد دوچاری ئەو ناڕەحەتیانە بون یان نەتەوە و هاوڵاتی وڵاتانی تریش بە هەمان شێوە؟
https://www.dwarozh.net/details.aspx?jimare=106474
دیسانەوە دەپرسین زەق کردنەوەی جنس لەم چیرۆکەدا ئامانجدار و مەبەستدارە و بۆ ڕاکێشانی خوێنەرە بۆ زیادکردنی کلیک لەسەر ئەو هەواڵە یان نەخێر ئەوە تەنها گواستنەوەیەکی ڕاستگۆیانەی ڕوداوەکەیە؟
دەبێ بۆ هەموان ئاشکرا بێ کە ئێمەی مرۆڤ بە داخەوە خەڵکانی تاوانکارمان تیایە کە نە یاساکانی ئایین و نە یاسا سەرزەمینیەکان نایانترسێنێ و دەستیان دەچێتە کار و تاوانی زۆر گەورە و بە تایبەتیش لە کاتی کارەساتی گەورەی وەک شەڕ و ماڵوێرانی و کۆچ و کۆچبەریدا ئەو کارەسات و تاوانە تراجیدیانە زۆر چاوەڕوان کراوە کە ڕووبدەن بەڵام سەرەڕای ئەو ڕاستیە حەق نیە میدیا ببێتە میدیایەکی سێلێکتیڤ واتە تەنها بە ئارەزووی خۆی دیمەن و چیرۆکێ لە ناو ڕووداوە زۆرەکانی کارەساتدا هەڵبژێرێ و زومی کامێرا و پێنوسەکانی بە ڕووی ئەوانی دیدا وەرچەرخێنێ! 
بەڵام تاوانە و کارێکی دوور لە پیشەیی و ئاکار و داب و نەریتی کۆمەڵگەیە گەر دەرکەوت لە ڕاستیدا ئەو چیرۆکەی کە زەق کراوەتەوە و هەڵبژێردراوە داتاشراوە یان زیاد لە پێویست ترش و خوێی پێوە کراوە.. 
ئەمە تەنها دوو نمونەی زەق کردنەوە و گرنگی دانە بە بەشێکی ڕووداو و شاردنەوە یان پشت گوێ خستنی وێنە گەورەکەیە بە مەبەست بێ یان ناشارەزایی..
بەڵام وەرگری وشیار دەتوانێ بە ئاسانی هەست بەو حاڵەتە بکا لە زۆربەی میدیای کوردیدا و خێرا ئەو پرسیارەی لا دروست بێ! کە دەبێ نهێنی چی بێ ؟
وا لە پڕێکدا کۆمەڵگەیەکی داخراوی موحافیزکاری ڕۆژهەڵاتی گیرۆدەی جۆرەها چەوساندنەوە و لە قاڵبدان و داگیرکاری و ئەسیمیلەیشنی نەتەوە و وڵاتانی چواردەور و دەوروبەر! وا  بە خێرایی و بە ئەجیندەی میدیایەکی ناشارەزا لەم کۆمەڵگەیە خەریکە کردەوەی سێکس و لایەنە وروژێنەرەکانی دەبێتە خەم و پرسی سەرەکی و گرنگی ئەم کۆمەڵگەیە و گەر بێ ئاگایانە دوای ئەم ناونیشانە پف دراو زەق کراو و ترشو خوێ پێکراوە بکەوین ئەوا وای بە حاڵی پرسە ئەزەلیەکەی کورد و قوڕ بەسەر چەندین وەچەی داهاتوی کوردستان کە ڕەنگە لە هەمو ڕوداوێکدا کە لە داهاتودا ڕووبدات لە جیاتی گەڕان بە دوای پرسەکانی ناسنامە و خاک و جوگرافیا و کاریگەری ڕووداوەکە لەسەر هەمو ئەوانە جارێ وێڵێ ئەوە بێ کە داخۆ ڕۆستەم  نێر یان مێ بو؟ 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە