کاتێک رۆژنامەنووس، نووسه‌ر، یان هەر قەڵەمبەدەستێک، بۆ تیشکخستنه سه‌ر بابه‌تی نووسینێک، یان بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی ناوەرۆکی وتارێک، وەک ئامرازی روونکردنەوە، هانا دەباتە به‌ر وێنه و نه‌خشه‌یه‌کی شێواوی سیاسیی و دیمۆگرافی و ئیداری کوردستان، بەبێ ئەوەی پێبزانێت، کە بەسەر هەڵەیەکدا دەکەوێت، ئەویش نزیکبوونەوەیە لە خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی کە پارتە کوردییەکانی باشوور پیادەی دەکەن. پیشاندانی ئەو نەخشە بچوکە، ددان پێدانان و رازیی بوونە بەوەی گوایه وڵاتی کورد بریتییه لەو شوێنە.
من لێره‌دا نامه‌وێ به‌و چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه مه‌به‌ستێکی خراپ یان گومانێک بخه‌مه سه‌ر ئه‌و کەسانەی لە ناوشیارییاندا ئەو نەخشانە دادەنێن، هەرچەندە ئه‌گه‌ر به وردی له‌و نه‌خشانه بڕوانین، هه‌ست ده‌که‌ین چ ناته‌واویی و خیانەتێکی مێژوویی دەگرێتە خۆی، یان بە چ مه‌به‌ستێک هەندێک لایەن ئەو نەخشانەیان داناوە، کە بە دڵی داگیرکەرەکان کێشراوان، جگە لەوە ئەوانەی به‌م کاره هه‌ڵساون که‌سانی شاره‌زا و پسپۆری ئه‌و بواره نین، تا وەک مێژوونووس، جیوگرافیناس ناسرابن، تەنانەت رەنگە کەسانێکیش بن خۆیان ئەو ناوچانەشیان نەدیبێت و هاتوچۆیان تێدا نەکردبێت، تا له ڕووی زانستیی و مێژووییه‌وه متمانه‌یان پێبکرابێت و کاره‌کانیان وەک بەڵگە کرابێتە سەرچاوەی باس و لێکۆڵینه‌وه. ئەو نەخشانە، تەنیا بۆ سەرلێشاواندن و مه‌رامێکی سیاسیی دانراون.
بۆ نمونه له هه‌ر شار و ناوچه‌یه‌کی کوردستاندا، گه‌ر که‌مایه‌تییه‌کی وه‌ک (عه‌ره‌ب)، (تورک) و (فارس) هه‌بن، یان ئه‌و شوێنانه‌ی کوردی تێداپاکتاو کراونه‌ته‌وه، له لایه‌ن داگیرکه‌ران به خاک و نیشتیمانی کورد دانه‌نراون، دیسان ئه‌و ناوچانه‌ی کە کوردی (ئێزیدی) و (لوڕڕی) یان گروپێکی کوردیی دیکه‌ی تێدا هه‌بێت، داگیرکه‌ران به کوردیان دانه‌ناون، له ناو ئه‌و نه‌خشانه‌دا نەماون و سڕاونه‌ته‌وه!
مادەی 140 کە بۆ چارەسەری ناوچە داگیرکراوەکان، یان وازلێهێنراوەکان دانرا، دەسەڵاتی پارتەکانی کورد و حکومەتی عێراقیش کاریان لەسەری کردووە و لەسەری رێککەوتوون، ئەمڕۆ زۆربەی نووسەران و رووناکبیرەکانی کوردیش بەناوچەی جێناکۆک ناویان دەبەن، ئەوانەیش له لایه‌ن دەسەڵاتی پارتەکانی باشوورەوە، لە ناو ئەو نەخشانەدا وەک بەشێک لە کوردستان دانەنراون، ئەوانیش وه‌ک ڕاستییه‌ک پیشانی ده‌دەن.ئەمەش بە پلانی پارتە دەستڕۆیشتووەکانی کورد کاری لەسەر کراوە، کە من ناوی ئەوانەم ناوە دەسەڵاتی دوژمن.
ئەوەی راستیشە کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئیستا ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی نییه، ئێمه نا‌توانیین به‌بێ شاره‌زاییه‌کی ئه‌وتۆ، بێگه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی دێرینی خۆمان، نه‌خشه‌یه‌کی راستیی کوردستان بکێشین، تەنانەت سه‌رژمارکردنی دانیشتوانی کوردیش هەڵەیە، کە لەوێدا خۆشمان بۆ نزیکەی نیو سەدەیە هەر دەڵێن ژمارەی کورد لە سەرو 40 ملیۆنە. ئەو زانیاریی و سەرژماردنەش بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕاستیی و خواستی داگیرکه‌رانە.
بەڕیزێک کاتی خۆی بۆی نووسیبووم، کە ئه‌و نه‌خشه نوێیانه‌ی کوردستان له ڕێگای ئینته‌رنێته‌وه ده‌خرێنه به‌رچاو، دەستی میتی تورک و ئێران و موخابه‌راتی سوری تێدایە، ئەوان ئاگادارن، به‌شێکیان له ژێر چاودێری ئه‌واندا بڵاوده‌کرێنه‌وه. ئه‌م قسه‌یه تا چه‌ندێک ڕێی تێده‌چێت، ئه‌وه شایانی به‌دوواداچوون و لێکۆڵینه‌وه‌یە. من بۆ خۆم گومانم له‌وه‌دا نییه، کە هه‌ر کارێکی وا به خراپه بەسەر بیر و تێگەیشتنی کورددا دەکرێت بۆ شێواندنی ناسنامە و مێژووی کورد، ئەمەش خاڵیکی گرنگە بە مەبەستی سڕینەوەی دیمۆگرافیای خاک و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان، ده‌شێت ده‌ستی ناحه‌زێکی کوردی تێدا بێت.
که‌ناڵی جه‌زیره‌ی شۆڤێنیستی عه‌ره‌بیش، کاتی خۆی له کاتی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵێکدا نه‌خشه‌یه‌کی کوردستانی باشوری کێشابوو، وه‌ک قه‌راغه کولێره ته‌نیا سنووری ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌ره‌وه‌ی عێراقی به ناوچه‌ی کوردنشین دانابوو. حیزبه خائینەکانی کوردییش، که ناوی (هه‌رێمی کوردستان)یان بۆ خستوینه‌ته ناو فه‌رهه‌نگی سیاسی و جوگرافیای کوردییه‌وه، به‌م کاره‌یان هێنده‌ی دیکه کوردستانیان بچوکتر کردۆته‌وه. ئه‌مڕۆ له زۆربه‌ی شوێنی کار و دائیره‌کانی باشووردا، نه‌خشه‌ی ئەو ناوچانەی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان تێداهەڵواسیوە و ناویان لێناوە نه‌خشه‌ی کوردستان.