کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵەیەکی سەلاحەدەین دەمیرتاش

Thursday, 08/08/2019, 11:45


ئای چەند کارەساتبارە کاتێ زیندانکراو لەهەوڵی ئازادکردنی ئەوانەن کە دەست و دەمی تۆیان بە زنجیر بەستۆتەوە.

لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی شاری ئەستەمبول بەڕێز سەلاحەدین داوای لە هەدەپە و گەلی کورد کرد کە دەنگ بدەن بە ڕکابەری پارتی داد و گەشەپێدان،بەو هیوایەی هەژموونی ئیسلامیەکان کەم بکەنەوە و کانیدی نوێ بتوانێ جیاواز لەوانی تر سەبارەت بە دۆزی کورد لە باکوور بیربکاتەوە.

مێژووی دوور ودرێژی عوسمانیەکان و دروست کردنی کۆماری نوێی تورکیا لەسەردەستی (کەمال ئەتاتورك) و تا دەسەڵاتی (ئەردۆگان) جگە لەسیاسەتی (نکۆڵی کردن، جینوساید، بە تورککردن)دژ بە گەلی کورد لەهەر شوێنێك بووبێ، هیچی ترمان لەبەردەستدا نییە، کە پێچەوانەکەی بسەلمێنێ. کام لاپەڕەی مێژووی دیرۆکی و نوێ هەڵئەدەینەوە ، تورك و سیاسەتەکانی بەرتاقای دوژمنکاری و کاولکاری و ڕاگواستن و ماڵوێرانی بۆ کورد هێناوە.

سەکردەکانی کورد لە شێخ سەعیدی پیرانەوە تا بەڕێز ئاپۆ بەردەوام جەختیان لەپێکەوە ژیان و دراوسێتی و برایەتی کردۆتەوە، بەپێچەوانەوە ئەوانی تورك هیچ کات نەك کورد و کوردستان، بەڵکو نەیاهێشتوە و نایەڵن ئەم ووشەو زاراوانە بەکاربێت و قەدەغە کراون. هەر کەس ئەو ڕاستیە نازانێ ، ئێدی باشترە هیچ نەڵێ.

ئێمە ناکرێ ڕۆڵی چەندین کەسانی دڵسۆزو مرۆڤ دۆستی تورك فەرامۆش بکەین، لێ ئەوەش ناکاتە ئەوەی چاو و دەمی خۆمان داخەین و ئەو پیاوەتیانە هەردەم بدەینەوە بە دەم و چاوی خۆماندا و ئەو هەموو خراپەکاری و ناڕەوایەتیەی بەرامبەرمان ئەکرێ، لێی گەڕێین. ئەمە بەهیچ شێوەیەك هاوکێشەکان هاوسەنگ ناکات. بۆیە پێویستە لەسەر سیاسەتوانانای کورد هاوشان لەگەڵ خەباتکاران و نووسەران و ڕۆشنبیران و گەریلا و خۆبەخشان قۆناغی برایەتی و برابەشی و برابچووکی تێپەڕێن و پێستی بەرگری و بەرخۆدان بگۆڕن بۆ هێرش و گواستنەوەی خەبات نەك لەسەر خاکی کورد، بەڵکە لەسەر خاکی تورك.

لە سەرەتاکانی دروستبوونی کۆماری نوێی تورکیا تا ئەمڕۆ خاکی کوردستان تا دێت زیاتر بچووك ئەکرێتەوە، خەڵکە ڕەسەنەکەی ناسنامەیان گۆڕاوە و زێدی باوك و باپیرانیان لێ بزرکراوە. گەر کار وا بەردەوام بێ ، ئەوا ئەوەی ماوە بە پێوە نامێنێ و ئەفەوتێ. بۆیە پێوستە لەسەر گەلی کورد زیاتر تەبایی و یەکڕیزی بپارێزن و چیتر قەوانی سواوی پێکەوە ژیان و برایەتی و تێکەڵاوی هەزارساڵە نەدەنەوە بە گوێی نەوەی نوێ.

لە باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و باشوور کورد یەك چارەنووسی لەبەردەمدایە، یان فەوتان و نەمان، یان سەرکەوتن و مانەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە