Sunday, 21/07/2019, 17:27
ڕۆژێک لە میترۆدابوم لە پاریس، پۆلیسێکمان بینی دانیشتبو ڕۆژنامەیەکی بەرەی ڕاستی ژۆن مارین لوپێنی دەخوێندەوە، کوڕەی برادەرم کە لەبەرەی چەپ بو، ڕاستەو خۆ بە پۆلیسەکەی وت کە بۆی نیە ئەو ڕۆژنامەیە بگرێت بەدەستیەوە لەبەر ئەوەی کە ئەو وەک پۆلیس کارمەندی حکومەتەو لە میترۆدایە کە ئۆفیسێکی حکومەتە، پۆلیسەکەش خێرا وەلامی دایەوە کە ئەوراست ئەکات بەلام ئەگەر ڕۆژنامەیەکی پارتی کۆمۆنیستی بەدەستەوە بوایە ئەو ڕەخنەیەی لێ نەدەگرت.
کاتێک دوای شۆڕشی فەرەنسی، فەرەنسا روکەشێکی حوکمرانی ئەنارشیستی پیوە دیاربو، پیاوانی
دینی بەتواوی وەلا خرابون، لەپەرلەمانی فەرەنسادا مارکی دوساد پیاوانی دینی بە
قەحبەکانی گالیلێ ناودەبرد، پیاوانی ئایینی نقەیان لێوە نەدەهات لەبەر ئەوەی ئەو
دەسەلاتەیان لێ سەندرابویەوە، بەلام خەلكی ترسی ئەوەیان هەبو کە ژیانیان بکەوێتە
مەترسیەوە، ئاواتیان بە سیستەمێکی جێگیر دەخواست، ئەوە بو ناپلوێن حوکمی گرتەدەستو
جۆرێک لە سیستەمی پاشایەتی و ئۆردەری گەڕاندەوە، هەر بەو پێیەش پیاوانی دینی ئاشت
کردەوە، دوای ناپۆلیۆن هەمیشە ترسی ئەوە هەبو لەفەرنسا کە دین جارێکی تر دەوری
سەرەکی ببیێتو بگەڕێتەو لە ژێر پەردەی مۆنارشی یان حوکمی دیتاتۆری، بۆیە ساڵی 1905 کۆماریەکان بە یاسایەک دینو دەوڵەتیان جیاکردەوە.
بەمەش دەڵێین سیستەمی سیکۆلاریزم، بەفەرنسی ؛ لایی سیتێ، بەم قانونە دین بۆی نیە
هەڵبداتە ناو کاروباری دەوڵەتو تەنانەت حکومەتەکانیش بۆیان نیە بەناوی دینەوە
حوکمرانی بکەن، لەمەکتەبە حکومیەکاندا دەرسی دینی ناوترێنەوە. کاتێک سەرۆکێکی
ئەمەریکا پاش وتارەکەی دەڵێت ؛ خوا ئەمەریکا بپارێزێت، ئەم رستەیە بۆ فەرەنسیەکان
زۆر نامۆ و بێ مانایە. جێ بەجیکردنی ئەم قانونەش هەروا ئاسان نیە چونکە بە پێی ئەم
یاسایە حکومەت بۆی نیە مزگەوتێک بۆ موسڵمانان بکاتەوە ئەگەریش ئەوە پێویستیەک بێت،
لەهەمان کاتا ئەگەر بەپارەی ولاتانی تر ئەو مزگەوتە بکەنەوە ئەوا دەبێتە کارێکی
سیاسی و دەستێوەردان لە سیاسەتی فەرەنسادا، بۆیە هەوڵ ئەدەن بەپارەی خێری
موسڵمانان ئەوە بکەن. بەلام کاتێک کەنیسەیەک وەک مۆنیومەنتێکی مێژویی ناسراوە ئەوە
حکومەت دەتوانێت نۆژەنەی بکاتەوە وەک چۆن مزگەوتێکیش لە شارێکی فەرەنسادا وەک
مۆنیومەنتی مێژویی دانراوە .
خەڵکی فەرەنسی زۆر
شانازی بەو سیستەمەیانەوە دەکەن وەک جۆرێک لە قەلا بۆ پاراستنیان لە دژی دینو
گەرانەوە بۆ سیستەمی کۆنەپەرستی، وشەی ؛لایی سیتێ، ئەو وشەیەیە کە زیاتر لە وشەی
ئەڵای موسڵمانان پیرۆزترە و زیاتریش دوبارە دەبێتەوە لەو، هەمو ڕۆژێک لە کۆلێژو لە تەلەفزوێنو لە وتارو لەهەمو
بۆنەیەکدا پێداگری لەسەر لایسیتێی فەرەنسی دەکرێت، کە ئەو سیستەمەیە دەمان پارزیتو
دەتوانێت پێکەوە بە جیاوازیەکانمانەوە لەگەل یەکتریدا بگونجێین، بەڵام هیچ خوایەکو
هیچ ئایدیۆلۆژیەکی تر بۆ نیە لەسەرو ئەوەوە بێت، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە
ئیسلامی سیاسی دەیەوێت هەلی دیموکراسی بۆ خۆی بقۆزێتەوە.
بە پێی ئەم یاسایەش لەهەمو جێگەیەکی پوبلیکدا وەک مەکتەبو مەلەوانگاو
دامەزراوە حکومیەکاندا کەس بۆی نیە نەک نیشانەیەکی دینی خۆی دەرخات بەڵکو نابێت
لایەنی سیاسی خۆشی ئاشکرا بکات . لەمەکتەبەکاندا هەندێک ملوانکەی مەسیحی و
ئیسلامیش قەدەغەیە، جامانەی فەلەستینی قەدەغەیە، بەڵام خاچیکی بچوک بۆ ملوانکە و
دەستی فاتمە ڕێگە پێدراوە بەمەرجێک بچوک بێتو لەژێر کراسەکەوە بێت.
هەمو ساڵێکیش لەگەڵ گەرمادا بیرکینی کە جلێکی نوێی ئیسلامیەکانە بۆ
مەلەکردن، لەفەرەنسا تەنگژی دەنێتەوە و دەبێتە هەڵا، لەبەر ئەوەی کە مەلەوانگاکان
ئێسپاسێکی پوبلیکن، ناتوانرێت بەجلی ئیسلامیەوە بچنە ژورێ، لەهەمان کاتا شارەوانی
بە قانونی پاکو تەمیزی و سێکوریتێش ئەم جلانە قەدەغە دەکات، نەک تەنها جلی ئیسلامی
بەڵکو هەندێک شۆرتی مەلە قەدەغەیە بۆ کوڕان، لەهەندێک مەلەگاشدا دەبێت کڵاویکی
لاستیک بکەیتە سەرت.
بەڵام ئەم کچە ئیسلامیانە
هەمو ساڵیک لەبەردەم مەلەوانگاکاندا لەگەڵ کۆمەلیک پیاوی ڕیشداری سەلەفی ئەم هەلە
دەقۆزنەوە داوای ئەوە دەکەن کە ڕیگەیان پێ بدرێت بۆ چونە ژورەوە بە جلی بیرکینیەوە،
پۆلیسیان بۆ بانگ دەکەن، بێگومان ئەمانە وتارو رستەی خۆیان بۆ بەرگری کردن لەو
جلانە ئامادە کردوە کە گوایە ئەوان بە جلی ئیسلامیەوە نایەنە ژورێ بەڵکو بە پێی
یاسای مافی مێینە کە هەمو مێینەیەک یان هەمو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە چۆن خۆی
بپۆشیت، شارەوانی ڕیگەیان پی نادەن بە یاسای پاکوتەمیزی کە پەیڕەوی دەکرێت لە مەلەوانگاکاندا،
بێ گومان بۆیان هەیە لەسەر دەریا چۆن دەیانەوێت مەلە بکەن، هەرچەندە هەندێک شارەوانی
خواروی فەرەنسا لەسەر دەریاش قەدەغەیان کردوە لەبەر ئەوەی کە کچێک لەسەر دەریا
بەهۆی بورکەکەیوە خنکاوە و هەندێک شارەوانی تر بۆ بەرگریکردن لە مافی ئافرەت.
ئێستاکە موسسڵمانە سەلەفیەکان داوای مەلەوانگای جیاواز بۆ مێینە دەکەن، کەئەمەش
ناچیتە چوارچیوەی سیستەمی سیکۆلاریزمەوە، بەلام شوێنی پریڤات هەیە بۆ مێینە ئەوە
کاری حکومەت نیە.
شەش مانگ لەمەو بەریش شەریکەیەکی مولتیناسیۆنالی فەرەنسی کەناوی دێکاتلۆنە و لەهەمو ئەوروپادا بازاڕیان هەیە، کاریان فرۆشتنی جلی تایبەت بە وەرزشە، جۆرێک جلیان دروستکرد بۆ کچانی ئیسلامی بۆ وەرزش، هەر خێرا ڕیکخارو و پیاوانی سیاسی هاتنەدەنگ لەوەی کە ئەوان هەوڵو خەبات دەکەن بۆ ئەوەی کە کچان نەبنە کۆیلە بۆیە کارێکی جوان نیە کە ئەوان مۆدێلی ئاوا بفرۆشن، هێندە ڕەخنەیان لێ گیرا لەلایەن خەڵکیەوە ناچار جلەکانیان کێشایەوە لە بازاڕەکانیاندا.
مەبەستی ئەم ئیسلامیانە ئەوە نیە کە بچن خۆیان فێنک بکەنەوە، تەنها مەبەستیان
ئەوەیە کە تەنگژی بۆ یاسای سیکۆلاریزمی فەرەنسی بنێنەوە و خۆیان بسەپێنن، چونکە
ئەوانەی کە دێن بۆ مەلەوانگاکان، کەسانی ئاسایی نینو بە قسەکانیاندا دیارە کە
ئۆرگانیزاسیۆنێکی سەلەفی و ئیسلامیان لە پشتەوەیە، ئەمانە بەهەمو شیوەیەک هەوڵ
ئەدەن لەم سیستەمە دیموکراسیەدا بیانوی قانونی بدۆزنەوە هەتاوەکو درزێک بکەنەوە لە
قانوندا و خۆیانی تێ بخزێنن، بۆیە پیاوانی سیاسی و ڕیکخراوەکان داوای ئەوە دەکەن کە جارێکی تر یاساکانی سیکۆلاریزم توندتر بکرێت،
هەتاوەکو نەتوانن کەلێنێک بدۆزنەوە و لێوەی بێنە ژورەوە .
کچانی ولاتانی عەرەبی لەم کچە فەرەنسیانە تێ ناگەن و سەریان سوڕماوە، دەڵین چۆن ڕێی تێ دەچیت کە ئێمە لە ولاتی عەرەبی و ئیسلامیدا خەبات دەکەین بۆ ئەوەی مافی ئەوەمان هەبێت پەچەکانمان لابدەین یان بچین بۆ مەلەوانگا بە ئارەزوی خۆمان کەچی ئەمانە دژی دەوەستنەوە ؟
کاتێک فەرەنسا بورکەی قەدەغە کرد بەو یاسایە قەدەغەی کرد کە بورکە دابڕینی تاکە لە کۆمەڵگەو تەنگژی دەنێتەوە بۆ پێکەوە ژیان. تۆ کە لەژێر بورکەکەتەوە خۆت شاردۆتەوە، خۆت نەفی کردوە، ناسنامەی خۆت سڕیوەتەوە، ئیتر بۆچی دێیتو باسی پێکەوە ژیان و ئاشتیمان بۆ دەکەیت ؟ تۆ کەخۆت وەک یاپراخ پیچاوەتەوە ئیتر بۆچی دەتەوێت لە مەلەوانگادا خۆت فێنک بکەیتەوە ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست