کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەقی پرۆژەکەی مەلا بەختیار

Saturday, 20/07/2019, 21:29


دەقی پرۆژەکە لەگەڵ گەڵاڵەی قۆناغەکە:

هەڵسەنگاندنێکی رەخنەگرانە
بەرێز / جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك)
بەرێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی
بەرێزان/ ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند
بەرێزان/ ئۆرگانەكانی یەكێتی

سڵاوێكی هەڤاڵانەتان پێشكەش بێ‌‌و بەهیوام ئەم بۆچونانەم وەكو پەیامێك بەوردیی بخوێننەوەو بڕیاری پێویستی دەربارە بدەن. پەیامەكە، پەیامی پەرۆشیمە بۆ دەربازكردنی یەكێتی لەم قەیرانەی تێیكەوتووە. بۆیە بەراشكاویی پەنجەم خستۆتە سەر برینەكان، چونكە ئەمە تاقە رێگای دۆزینەوەی چارەسەرە. پینەوپەڕۆ، یان سیاسەتی رازیكردن‌و خاترگرتن، شكستیان خواردو سەرەنجامی رازیكردنی تەكەتولەكانیشمان بینی!!
حەوت مانگ پێشتر دەستم بە نوسینی ئەم بۆچونانە كردووە، بەڵام لەبەرئەوەی یەكێتی لەدانوستاندن بوو، رامگرت. بەڵكو بتوانن سیاسەتی هاوسەنگی لەحكومەتی كوردستاندا سەربخەن، ئێستا كە بەوشێوەیە دانوستانی پێكهێنانی سەرۆكی پەرلەمان‌و حكومەتتان دوای (9) مانگ بگرەو بەردە، یەكلاكرایەوە، بەبێ‌ ئەوەی ئەزیەت بكێشن تەنانەت سەیری یەك سیڤی (200) هەڤاڵ‌و خاوەن بڕوانامە بكەن، كە ئومێدەوار بون یەكێتیەكەی مام‌و شەهیدان، پاداشتی خەبات‌و تواناكانیان بداتەوە. لەهەمووش ناخۆشتر ئەوەیە، كۆمیتەیەكی مەكتەبی سیاسی دوو ساڵە تەتەڵەی داخوازی كادرەكان دەكات. بەم كارە، گومانتان لای یەك ئەندامی یەكێتی نەهێشتەوە كە بڕیاری تەكەتولتان، زۆر لە هەموو ئۆرگان‌و كەسانی بەتواناو ئۆرگانە شەرعیەكان لا گرنگترە. كە دۆخی یەكێتیش وای بەسەرهێنرا، ئیتر كاتی ئەوەیە، منیش، هاوكاتی داوای هەزاران ئەندامانی یەكێتی بۆ بەستنی كۆنگرە، قسەی خۆم لەفۆرمێكی هەڵسەنگاندن‌و رەخنەدا دەرببڕم.
پەیامێك لەبری پرۆژەیەك
هەڤاڵان!
یەكێتی، توێژینەوەی زۆری ناوێ‌، ساغی بكەینەوە، لە چ دۆخێكی سیاسی‌و جەماوەری‌و حزبایەتیدایە. تەنها ئاماری دەنگدەرانی یەكێتی لەچەندین هەڵبژاردندا، وەكو پێشەكی بەسن هەتا تێبگەین، پێگەی یەكێتی، سەرەنجامی بێزاری خەڵك لەرەفتاری نابەجێ‌‌و سیاسەتی نەخوازراو، چەند لاواز‌و ئایندەشی، چەند مەترسیدارترە. فەرموون دیقەتی رێژەكان بدەن.
سامپڵی دوو هەڵبژاردنی عێراق:
یەكەم: ساڵی (2014) دەنگی یەكێتی (847711) بووە.
دووەم: ساڵی (2018) دەنگی یەكێتی گەیشتۆتە (617144) واتا (230567 دووسەدو سی هەزارو پێنج سەدو شەست‌و حەوت) دەنگ دابەزیوە.
سامپڵی دوو هەڵبژاردنی كوردستان:
یەكەم: ساڵی (2013) دەنگی یەكێتی (350500) بووە.
دووەم: ساڵی (2018) دەنگی یەكێتی (319912) بووە. واتا (30588) دەنگ دابەزیوە، ئەمە لەكاتێكدا لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا، چوار نەوەی تر مافی دەنگدانیان هاتۆتە سەر كۆی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق.
دیارە، ئەم هەڵبەزو دابەزە، لە رێژەی دەنگدەران، هۆی بابەتی‌و خۆیی هەیە. پێویستە رونیان بكەینەوە. هۆیە بابەتیەكان، پرۆسەیەكە خۆبەخۆ دەخەمڵێ‌‌و كەمتر، كاریگەری فاكتەرە خۆییەكانی لەسەرە. ئەوەی بۆ یەكێتی هەمیشە چارەنوسساز بووە، هۆكارە خۆییەكانی حكومەت‌و سیاسەتی حزب‌و حزبایەتیە. بۆیە جەخت لە هۆكارە خۆییەكان دەكەینەوەو بەس.
لەڕوی ئابوریەوە
- لەباری ئابوریەوە؛ حكومەتەكان، نەك سەركەوتوو نەبون لە دەستەبەری ژێرخانی ئابوری تۆكمە، بەڵكو چەندین كابینە جەزرەبەیان لە بونیاتنانی ژێرخانی ئابوری داوەو كابینەی هەشت‌و ئێستاش كابینەی (9)شیان خستە ژێر باری ملیارەها دۆلار قەرزو بانكەكانیان بەتاڵ كردو پرۆژەكانیان چوار ساڵ راگرت‌و پاشەكەوتی موچەیان بەناچاریی كردە مەینەتی موچەخۆر. لە حكومەت‌و پەرلەمانێكدا یاسا سەروەر بێ‌‌و چاودێری قەیران بكرێ‌، دەبوایە كابینەی (7) بدرێتە دادگا نەك پاداشت بكرێ‌. بەرەنجامی سەرجەم ئەو سیاسەتە ئابوریە شكستخواردووە دەركەوت كە: شكستی حكومەتەكانە لە زیادكردنی داهاتی خۆماڵی، لەچاودێریكردنی بازاڕی ئازاد، لە بەملیاردێربونی توێژێكی مشەخۆر، لەسەر حسابی بەرخۆر. لە سیاسەتی دەروازەی كراوە بۆ هاوردەو لاوازكردنی شمەكی هەناردە، دەستەبەرنەكردنی كارەباو بەرەڵڵایی لە بازاڕی دەرمانی بەسەرچوو..تاد.
كورتیەكەی: سیاسەتی ئابوری كوردستان لەدوای رێكەوتنی نەوت بەرامبەر بە خۆراك لەعێراقدا (986) پستبەستن بووە بە وەرگرتنی پارەی مۆڵی عێراق‌و پاشان بودجە‌و سەرفكردنێكی بەبێ‌ پرۆژەی زیادكردنی داهات! بەڵكو وەرگرتنی بودجە، كرایە بنەمای سیاسەتی ئابوری لەسەر حسابی، بوژاندنەوەی بازاڕی ناوخۆیی. بۆیە، یەك چارەكە سەدەیە سەرفیاتی حكومەت، زۆر زیاتر بووە لەداهاتی زێدە مەسرەف. واتا: نەهێشتنی پاشەكەوتی دارایی‌و دەستەبەری دراو. سەرەنجام بینیمان، دوای فشاری حكومەتی ئیتیحادی لەسەر هەرێم‌و داشكانی نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهاندا، ئابوری كوردستان داڕما. داڕمانەكەش بازاڕی كوردستانی ئیفلیج‌و گیرفانی موچەخۆری بەتاڵ كرد. ئاكام، ناڕەزایی بێڕادەی جەماوەر دژی حكومەت وروژاو ناڕەزاكان هەڵیانكوتایە سەر بارەگاو فەرمانگەو ئەزمونەكەشمان لەروخان نزیك كەوتەوە. بەڵام بە راوێژی پسپۆڕان، سیستەمی بایۆمەتری‌و كۆنترۆڵكردنی موچەو داهات‌و سەرف تاڕادەیەك رێكخرایەوە، كە كارێكی ئیداری‌و ئابوری سەركەوتوو بوو. دۆخەكەش تاڕادەیەك دەرباز كرا. بەڵام دەریشكەوت، گەندەڵی، مشەخۆری، دزی، تەخشان‌و پەخشان، دامەزراندنی سەدان هەزار موچەخۆر بێ‌بنەما، كۆمپانیای گومڕایی‌و بەرتیلخۆریی، بەخشینەوەی پلەو پۆستی (حزبایەتی-خزمایەتی) دەست بەسەرداگرتنی ئەرزی كشتوكاڵ، بەردەڵانی (سەخەری) دارستان..تاد، دەركەوت، ئەو دیاردە قێزەونانە، لەهەناوی حكومەت‌و سیستەمی حوكمڕانیدا، چ كارەساتێكی دوچاری ئابوری وڵات كردبوو. كە سەرەنجام، بەشی زۆری باجی ئەو سیاسەتە ئابوریەو، ئەو نەهامەتیەی حوكمڕانی هاوڵاتی‌و، موچەخۆرو، سەرمایەدارو كۆمپانیاكانی كوردستان‌و پرۆژە خزمەتگوزاریەكان دایان. بەتایبەتی لە دەڤەری سەوزدا. بەڵام مشەخۆرەكانی بەرپرسیار لەو كارەساتە، نەك سزا نەدران، بەڵكو لەو میحنەتە ئابوریەی گەلەكەشماندا، كە سەدان هەزار موچەخۆر لەبەردەمی بانكەكان، داماو داماو بۆ موچەكانیان رێچكەی برسێتیان دەبەست، كەچی دزی‌و فزی، زیاتر دەكرا. دزی بچوك، تەشەنەی سەند بۆ تاڵانی گەورەی نەوت فرۆشتن‌و ژێربەژێر رێكەوتن لەگەڵ ئەم كۆمپانیا‌و ئەو پایتەخت. تا كاریان گەیاندۆتە ئەوەی بەشێكی سەیتەرەكان بە قۆنتەرات دراوون. كۆمپانیا نەماوە سەرانەیان لێنەسێنن. بەمەشەوە نەوەستاوون، ئێستا تاڵانی تریشیان داهێناوە، ئەویش شكاندنی بۆریە نەوتەكان‌و، شەوانیشیان كردۆتە قەڵای فرۆشتنی كاروانی تەنكەرە نەوت بۆ سەر سنورەكان‌و پاڵاوگە ئەهلیەكان. كەچی هەموو ئەو كارەساتانەو كاریگەرییە نالەبارەكانی لەسەر خەڵك، بەبێ‌ كەمترین لێپێچینەوە، سەرانی گەندەڵی ئەژدیهائاسا، هەر سەری گەندەڵەو لە پەیكەرەی حكومەت‌و كۆمپانیاكاندا زیاد دەكەن.
بیرتانە لەكۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی وتم: هیچ نەبێ‌ بەقەد پارتی گەندەڵ‌و دزەكان سزا بدەین، هەر باشە. بەشێكتان پێكەنین‌و بەشێكیشتان بەسەرسوڕمانەوە سەیرتان كردم.
سیستەمی حوكمڕانی‌و حكومەت
یەكێتی، لەدوای یەكەمین هەڵبژاردنەوە، حكومەتی هەڵبژاردو پارتیش سەرۆكایەتی پەرلەمان. لەهەموو كابینەكاندا، یان سەرۆك یاخود جێگری سەرۆك‌و بەشێكی كابینەكەمانمان هەبووە. لەدوو كۆنگرەو سێ پلینیۆمدا، باسی سەرەكیمان، گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی‌و دامەزراندنی حكومەتی توانامەندە. بەڵام بەداخەوە، دوای هەموو ئەو بڕیارانەی كۆنگرەو پلینیۆم‌و راگەیەندراوی كۆبونەوەكانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی، هەروەها نوسینی چەندین پرۆژەو نەخشەڕێگا، لەبەر زاڵكردنی جەمسەرەكانی تەكەتول، هێشتا یەكێتی، هەڵوێستێكی راستەقینەی بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی نەك نەبووە، بگرە نەشمانتوانیووە جومگە سەرەكیەكانی هێزی چەكدارو ئاساییش یەكبخەین، بەڵكو پەرتەوازەتر كراوون‌و هێزی چەكداری تایبەتیش، چەندین بەرامبەر، پەرەیان پێدراوە. تەنانەت رەخنەكانیشمان لە پشكە حكومەتی پارتی، هێندە شەرمنانەیە، كە هەرگیز ناتوانێ‌ جیاوازی‌و پاكی یەكێتی‌و راستگویەتی لە دژایەتی گەندەڵی، بەرامبەر پارتی دەربخات. چونكە سەدان بەڵگە لای پارتی لەسەر گەندەڵەكانی یەكێتی‌و دەڤەری سەوزو شیرینی نەوت هەیە، ئەمانە بەشی زۆری مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیان ناچار كردووە، تەنها بۆ دەستكەوتی خۆیان پێ دابگرن‌و بەس!! بۆیە:
- سیستەمی حوكمڕانی كەمترین گۆڕانكاریان تێدا كراوە.
- هێزەكانی چەكدار، پەرتەوازەو پەیوەندی تایبەتیان بەهێزتر بووە.
- چەكی هێنراوی قاچاغ‌و، بازاڕی چەكی ناشەرعی، هەتا هاتووە زیادی كردووە.
- كەلێنی گەورە گەورەی تێپەڕاندنی تاوان‌و، تاڵان‌و، پەراوێزخستنی یاسا، فراوانتر دەكرێ‌.
- یاسا، تەنها لەسەر خەڵكی بێكەس، سەروەرە، وەكوتر، یاساو رێسا، رۆژانە ئەتك دەكرێن، كە حاكم‌و پۆلیسیش بڕیاری گرتنیان دەردەكات، تاوانباران خۆیان دەدەنە پەنای ئەم‌و ئەو بەرپرسیار لەناو حزبەكان. یان لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا تەراتێن دەكەن. پشكی یەكێتی لەم دیاردە دزێوەدا، لەناو رای گشتیدا زەق بۆتەوە.
زۆرجار هەوڵمانداوە، دۆخی سیستەم‌و حوكمڕانی‌و سەروەری یاسا، پاكسازی‌و چاكسازی بكەین، لە كۆبونەوەكاندا بڕیارمان لێداوە، پرۆژەو بەرنامەمان نوسیووە، لەكۆبونەوەكانی پارتیدا، باسمان كردوەو پرۆژەكانمان پێشكەش كردوون، تەنانەت بەرنامەی گرتنی تاوانبارانمان هەبوو. بەڵام:
- كە لەگەڵ پارتی باسەكانمان دەكردو داكۆكیمان لەسەر پرۆژەكان دەكرد، لەهەمان كاتدا بەتەسریحی نابەجێ‌‌و، كۆبونەوەی لاوەكی‌و، تەكەتولی ناو سەركردایەتی، وەفدی مفاوەزات ناچار رادەوەستاو تەنانەت، لەكۆبونەوەكاندا، بە موزایەدەی زادەی هەلپەرستی، قەرزارباریش دەكراین.
حزب نییە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێندەی یەكێتی بەرپرسەكانی ئاشكراو نهێنی، تەسریح بدەن‌و، رای گشتی چەواشە بكەن‌و، بەرنامەی حزبەكە تێكبدەن‌و، بوختان هەڵبەستن. باوەڕیش ناكەم، حزبێك هەبێ‌، بە پارەی دەزگاكانی، بەئەندازەی یەكێتی سایتی نهێنی‌و پەیچی سەیروسەمەرەی شكاندن‌و تومەت هەڵبەستنی هەبێ‌!! هەمووشی بۆ تەكەتولەكان دەكرێ‌ نەك بۆ یەكێتی.
حكومەتێك نەتوانێ‌ لەم دەڤەری سەوزەدا، كۆنترۆڵی ئەم دۆخە ئابوری‌و تەراتێنەی بەشێكی بەرپرسانی یەكێتی لەبواری كۆمپانیاكان‌و بازرگانیدا بكات، هۆكەی تەنها بۆ دەسەڵاتی یەكێتی هاوكات دەسەڵاتی حكومەت دەگەڕێتەوە. ئەگینا هۆی دیكەی نییە. بەشە دەسەڵاتی حوكمڕانی یەكێتی، چ ئەوانەی سەرۆك وەزیران‌و جێگرانی بوون، چ ئەوانەی لە وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەدا، كاربەدەست بون. بۆ یەك جاریش پێیان لەسەر سزای گەندەڵ دانەگرتووە. لەبەرامبەر روداوە كارەساتبارو چارەنوسسازەكانیشدا، یەك وەزیر دەستبەرداری پۆستەكەی نەبووە.
دەسەڵاتی سیاسی یەكێتیش، هاوشانی ئەو دەسەڵاتە حكومییەی هەیە، خۆی لەخۆیدا، هاودەسەڵاتەو سایەی دیاردە دزێوەكانیشە. نایشارمەوە: لەسایەی حكومەتەكانی كوردستاندا، گەندەڵی بەردەوام پەرەی سەندوەو گەندەڵكارانیش، هەتا ئێستا، بەشێكی دانەبڕاوی تەكەتولن‌و جەمسەری سەیرو سەمەرەی ناو ناكۆكیەكانن!! باندو تاوانبارەكانیشیان، داڵدەدراوی سەرانی تەكەتولن. ئاسایش‌و پۆلیسیش، دادو بێدادێتی بەدەستیانەوە.
چۆن رێی تێدەچێ‌، لەناو ئۆرگانە باڵاكانی یەكێتیدا، لەسەر هیچ پێشێلكارییەك، تاقە بەرپرسێك سزا نەدرابێ‌؟ تاقە باندێك نەگیرابێ‌. چۆن دەتوانین، بڕوا بەخەڵك بهێنین، كە یەكێتی، لە (دە-پانزە) ساڵی رابوردودا، تاقە بەرپرسێكی تیادا نەبووە شایەنی سزای حزبی‌و لێپێچینەوەی یاسایی بێ‌؟! كەچی، كاتێك تەكەتولەكان بیانەوێ‌ پۆست‌و پلەكان دابەش بكەن، یان پیلان بگێڕن، بەئاسانی یەكدەگرنەوەو بڕیارەكانیان سەردەخەن! تەنانەت بۆ سزادانیش، بەدەست‌وبردن!! لەناو كۆبونەوەی سەركردایەتیدا بەرتیل دەدرێتە چەندین ئەندامان‌و سەیارەیان بۆ دەكڕن‌و سەفتە دۆلاریان دەدەنێ‌، هەتا دەست هەڵبڕن بۆ بڕیارەكان.
ژیانی حزبایەتی
هەموو ئەندامێكی سەركردایەتی‌و ئۆرگانێك، یەكەمین ئەركی، پابەندبونێتی بە پەیڕەوی ناوخۆ لەژیانی حزبایەتیدا. بەداخەوە، لەدوای سێهەمین كۆنگرەوە، مەترسیدارترین پێشێلكاری پەیڕەوی ناوخۆ كراوەو دەكرێ‌. پێشێلكاری، هاوكات شێواندنی ژیانی حزبایەتی، گەیەندراوەتە رادەیەكی ترسناكی، وەكو:
- مەرجەعیەتی حزبایەتی‌و مەركەزیەت، نەماوە.
- چاودێری كادرو ئۆرگان‌و سەركردەكان، نەماوە.
- جێبەجێكردنی پرنسیپی سزا و پاداشت، نەماوە.
- لێپرسینەوە لە كەمتەرخەم، هەلپەرست، تاوانبار، ئۆرگان‌و پۆستی سەرنەكەوتوو، نەماوە.
- دەستەگەری، هەتا هاتووە تەشەنەی سەندووەو، تەكەتولەكان لەبری سزا، پاداشت دەكرێن.
- زۆربەی ئۆرگانەكان، وەكو فەرمانگەی فەرمانبەرانیان لێهاتووەو هەفتەش تێناپەڕێ‌، پلەی تەكەتول‌و پۆستی واسیتە، بەرزنەكرێتەوە.
- داخوازی شەخسی جێگەی بەرنامەی پەروەردەكردن‌و ئەرك راپەڕاندنی گرتۆتەوە.
- جیاوازی لەنێوان دڵسۆزو هەلپەست، خاوەن پرنسیپ‌و بێ‌ پرنسیپ، مۆڕاڵ‌و رێزی هەڤاڵ، ئەوەندە كاڵ بۆتەوە، نەبێتەوە.
- رەوشتی بەرزی حزبایەتی‌و پەیوەندی هەڤاڵانە، كراونەتە قوربانی پیلانگێڕی‌و هەوەسبازی!
- موزایەدەی سیاسی جێگەی راستگۆیی لەراگەیاندن‌و رەخنەی بونیاتنەرانەی گرتۆتەوە.
- كۆبونەوەكان، پرنسیپ‌و نرخی بڕیاردانیان نەماوە. چونكە پێشوەخت، لەكۆبونەوە لاوەكیەكاندا، هەموو رێكەوتنێكی ژێربەژێر دەكرێ‌‌و تەكەتولەكانی بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەكان، بڕیار دەدەن.
- ئەندامان بەردەوام واز لە ریزەكانی یەكێتی دەهێنن‌و تاك‌و تەرا دێنە ریزی یەكێتی. ئەویش لە یەك دوو دەڤەرەی تایبەتی ناوچە كێشەلەسەرەكان.
- خاوەن سەفتە دۆلارەكان، سەرقاڵی قوڵكردنی گیانی دەستەگەری‌و، كڕینی ویژدانی كادر‌و، كردنەوەی دەیان سایت‌و پەیجی پیاهەڵدانی ئەم‌و ئەون‌و شكاندنی هی ترن.
- بۆتە باو لەناو كادراندا، كە هەڵگەڕانەوە لەیەكێتی‌و دژایەتی یەكێتی، سودی زیاترە لەدڵسۆزیی بۆ یەكێتی.
- لەهەمووش خراپتر، زۆربەی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی، نمونەیەكی جوانی پاراستنی پرنسیپەكان‌و بەهای حزبایەتیان، لەساڵانی رابوردودا، پێشكەش نەكردووە. بەڵكو جەزرەبەشیان لێداوە.
زیاتر لە (50) جار، لەكۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌و دانیشتن لەگەڵ جێگری سكرتێری گشتی‌و كارگێڕدا، باسی ئەو دیاردانەم كردووە. بەڵام نەك گوێم لێنەگیراوە، بەڵكو بە نەخشە، ئەو دیاردە دزێوانە پەرەیان پێدراوە. تەنانەت بە جێگری سكرتێری گشتیم وتووە: یەكێتی وای بەسەردێ‌، نەتوانن هێزەكانیشتان بەكاربهێنن (شایەتەكانم ماوون). ناچار بوم، لە سێ‌ وتاردا، یەكەمیان بەناونیشانی (دۆخێكی ئاڵۆزو ئەنجامێكی نالەباری هەڵبژاردن) لەمێژووی (18/10/2013) لەچاودێر بڵاوكردەوە. سودی نەبوو. دووەمیشیان (2015) بەناونیشانی (ئازادی‌و ئازادی حیزبایەتی) هەر لە چاودێردا بڵاوكرایەوە، بێهودە بوو. سێهەمیشیان هەر لەچاودێردا بەناونیشانی (گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان‌و قەیرانی ئابوری‌و یەكێتی) رۆژی (19/12/2016) بڵاوكردەوە.
پەیوەندی یەكێتی‌و لایەنەكان
مەخابن، لەژێر فشاری سیاسەتی موزایەدەخوازی، بەڵام لەناوەرۆكدا، هاوئاهەنگ لەگەڵ نەیارانی یەكێتی، چەند هەڤاڵێكی مەكتەبی سیاسی، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە(21/9/2013) زانیاری هەڵبەستراویان لەسەر پێگەو كاریگەری یەكێتی دەدایە جەنابی مام، دوای رەتكردنەوەی چەندین جار لەلایەن مام جەلال‌و چەند هەڤاڵێكی مەكتەبی سیاسیش، كە لە هاوپەیمانی پارتی بچینە دەرەوە، دواجار لەكەركوكدا بڕیار درا، لە لیستی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دووربكەینەوەو سەربەخۆ دابەزین، زۆربەمان سواری شەپۆلی راپۆرتی هەڵە بوین‌و سوربوین لەسەر خەیاڵپڵاوی. سەرەنجامی تەواوی هەڵبژاردنەكانیش، دوای دەرچونمان لەهاوپەیمانێتی پارتی، بینی، كە تا ئێستاش باجەكەی دەدەین. تەنانەت لەناو حكومەت‌و لەهاوكێشە سیاسی‌و ئیقلیمیەكەشدا. هاوسەنگی تێكچووەو یەكێتی پاشەكشەی كردووە. لەبەرامبەردا، نەمانتوانی، هیچ لایەكی دیكە، بەئەندازەی پارتی، سەرەڕای ناكۆكیەكانمان بكەینە دۆستی سیاسیمان. هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی سودی بۆ ئەزمونەكەمان‌و پارتی‌و یەكێتیش هەبوو. كەچی دۆستایەتی لایەنەكانی تر، كێشەی جۆراوجۆریان لێدەكەوتەوە. بەڵكو لایەنەكان، لاوازبونی ئێمەیان لەهەڵبژاردندا، دەقۆستەوە، هەتا بەتەواوەتی بمانڕوخێنن. خۆپیشاندانەكانی 17/ی شوبات‌و ناڕەزاییەكانی دوای ئەوەو ئاڕاستەی راگەیاندنی لایەنەكان بۆ نابوتكردنی حكومەتی هەرێم، بەتایبەتی یەكێتی، گومان ناهێڵن، كە دوركەوتنەوەمان لە رێكەوتنی ستراتیژی، هەڵەیەكی ستراتیژی بوو.
لەبەرامبەردا، هەر ئەوانەی پێیانوابوو، دوركەوتنەوە لە پارتی، نزیكمان دەخاتەوە لە گۆڕان، لەژێرەوەو لەسەرەوە، رەنجێكی كەمیان نەدا، قسەكانیان بهێننەدی. بەڵام سەرنەكەوتن. بینیمان گۆڕان، لە قۆناغی یەكەمدا، هەر هاوپەیمانییان لەگەڵ پارتیدا هەڵبژارد، نەك یەكێتی. تەنانەت كۆنفرانسەكەشیان بردە هەولێر! بەش بەحاڵی خۆم گومانم نەبوو كە گۆڕان هەر ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەكات، بەڵام ترۆتسكیەكانی ناو یەكێتی تێنەدەگەیشتن.
لەدوای 17/ی شوبات، هەوڵێكی زۆر درا، سیاسەتێكی هاوسەنگ لەنێوان پارتی‌و گۆڕان پەیڕەو بكەین. ئەم سیاسەتە جیاواز بوو لەوەی، لەگەڵ گۆڕان بەرەیەك بۆ لاوازكردنی پارتی دروست بكرێ‌.
یان بەقسەی پارتی بكەین، دژی گۆڕان!
هەمیشە وتومانە، نە لەگەڵ پارتی بین دژی گۆڕان‌و نە لەگەڵ گۆڕانیش بین دژی پارتی. باری تایبەتمەندی دەڤەری سەوز، ئەم سیاسەتەی دەویست. هەروەها كوردستانیش.
نەدەچووە هزرم، گۆڕان، بتوانێ‌ سیاسەتی خۆی، لە سیاسەتی تێكشكاندنی یەكێتیەوە بۆ هاوپەیمانی ستراتیژی، لەگەڵماندا بگۆڕێ‌. چونكە گۆڕینی ستراتیژی گۆڕان، لەدوژمنایەتیەوە بۆ هاوپەیمانێتی یەكێتی، زەمینە سیاسیەكەی نەڕەخسابوو. تا ئەوكاتەش (90%)ی راگەیاندنیان دژی یەكێتی بوو.
كاتێك، لە روداوەكانی 17/ی شوباتیشدا، پارتی شەوێكیان لەپڕ هێزی بۆ سەر گۆڕان نارد، یەكەمین كەس، بەندە، لەكۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی، دژی بوم. بەمەش نەوەستام، سەعات دووی شەو چوومە پارێزگای سلێمانی‌و لەگەڵ ملازم عومەرو نەوزادی نوری بەگ، كۆبونەوە هەبوو، هەڤاڵان كۆسرەت‌و د.بەرهەم‌و دلێری سەید مەجید لەوێ‌ بون، ئەو شەوە بڕیار بوو، بەیانیەكەی گۆڕان، خۆپیشاندانی گەورە بكەن، پێش من چی قسە لەسەر كێشەكان كرابوو، نەگەیشتبونە ئەنجام، ناچار بە ملازم عومەرم گوت: لەگەڵ كاك نەوشیروان قسە بكەن، با رێكەوتنی سەراپایی بكەین. گوتی رێكەوتنی چۆن؟ گوتم: لەسەر هەموو كێشەكان قسە بكەین‌و چارەسەر بدۆزینەوە. تەنانەت گوتم: ئێستا ئامادەم خۆم بچمە لای كاك نەوشیروان (دەشمانزانی ئەو شەوە، لە گردەكە نەماوەو چۆتە ماڵی دۆستێكی خۆی). پەیامیشمان بۆ كاك نەوشیروان نارد كە ناهێڵین پارتی بێتە سەریان.
هەڤاڵان زۆربەیان (نەك هەمویان) ئەمەیان پێ خۆشبوو. هەر ئەو شەوە كاك دلێری سەید مەجیدمان ناردە لای كاك نەوشیروان‌و دۆخەكەمان ئارام كردەوە. دوای ئەمە، بەندەو هەڤاڵ هێرۆ و دلێری سەید مەجید، سەردانی رێكخەری گشتی گۆڕانمان كردو زەمینەمان بۆ سەردانی وەفدی گۆڕان بۆ لای مام جەلال خۆشكرد‌و لەو كۆبونەوەیەدا، لەماڵی مام لێكتێگەیشتن ئیمزا كرا. لە نوسینی لێكتێگەیشتنەكەدا، دێڕێكی تیابوو سەبارەت بە یەكخستنی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، رازی نەبوین، چونكە دەمانزانی كێشەكان لەنێوان پارتی‌و هەردوولامان قوڵتر دەكات. بۆیە مام پێیگوتن: ئێمە دەمانەوێ‌ گۆڕان‌و پارتیش ئاشتبكەینەوە. نەك ئێمەش لەگەڵیاندا تێكبچین! بۆ ئەم كۆبونەوەیە بەڕێزان سالار عەزیزو قادری حاجی عەلی رۆڵێكی بەرچاویان لەناو گۆڕاندا هەبوو.
ئەوكاتە، باش باش هەستم پێ‌دەكرد، هەبون لەناو یەكێتیدا لێكنزیكبونەوەكەیان پێناخۆشبوو. كەچی پروپاگەندەیان دژم بڵاودەكردەوە، گوایە دژی نزیكبونەوەی گۆڕان‌و یەكێتیم. تەنانەت كە هێزی پارتی دەهاتنە سەر گۆڕان، ئەو جوامێرانە ناڕاستەوخۆ پێیانخۆشبوو!! بەڵام دەشمزانی كە سەردانی رەوانشاد نەوشیروان دەكەن، ماستاویان بۆ خەست دەكردەوە.
تاڕادەیەك، متمانە لەنێوان یەكێتی‌و گۆڕان گەڕایەوە، هەتا گەیشتە ئەوەی وەفدی هاوبەش، گەڵاڵەنامەیەكی (19) خاڵییان بۆ رێكەوتن ئامادەكرد. بەڵام مەخابن، شەوی پێش پەسەندكردنی رێكەوتنەكە لەئەنجومەنی سەركردایەتی (5) خاڵ، لەلایەن وەفدەكەی یەكێتیەوە، بەبێ‌ باسكردنی لە مەكتەبی سیاسیش، خرابوەوە سەر رێكەوتنەكە، من ئەمەم بە پیلان دەزانی. تەنانەت لەدانیشتنێكدا بەئامادەبونی دلێری سەید مەجید، كاك نەوشیروان فەرمووی، ئێمەش لەو خاڵانە نیگەرانیمان هەبوو، بەڵام وەفدەكەی یەكێتی سوور بون لەسەر چەسپاندنی. بێگومان گۆڕانیش پێیان خۆشبووە ئەو خاڵانە بخرێنە سەر رێكەوتنەكە، ئەگینا رەتیان دەكردنەوە. لەبەر زیادكردنی ئەم خاڵانە، پاشەكشەم لە رێكەوتنەكە كرد، بەڵكو مەترسیم هەبوو، سەرەنجام، دوو ئیدارەیی‌و دوو هێزی چەكداریش دروستبێتەوە. بۆیە، سەرەڕای هەوڵێكی زۆر، بەشداری مەراسیمی ئیمزاكردنەكە لە(17/5/2016 - گراند میلینیۆم) نەبوم.
لێرەدا شایەنی باسە بڵێم: ئەو هەوڵەی دامان بۆ ئاشتەوایی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی، هەتا گەیاندمانە لێكتێگەیشتنی دەباشان، پرۆسەكە بەقۆناغ بەردەوام بوایە، دڵنیام هەردولامان یەكمان دەگرت. بەڵام مەخابن، ئەوانەی لەناو هەردوو لادا، رەهەندی ستراتیژی هاوكێشەكانیان نەدەخوێندەوەو بە رق‌و كاردانەوە سیاسەتیان دەكرد. ئەمانە پرۆسەی یەكخستنی هەردوولایان كردە قوربانی تێنەگەیشتنیان لە هاوكێشەكان. تەنانەت دەشترسان، دوای یەكخستنی هەردولامان، پێگەی خۆیان لەق بكرێ‌. لەئاكامیشدا، یەكخستنی پرۆسەی یەكێتی‌و گۆڕانیان لەژێر پەردەی نزیكبونەوە لە گۆڕان لەبار برد، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی (گۆڕان)یش گومانی لەتەواوی هەڵپەكان هەبوو، بۆیە لەكۆبونەوەكەی گراند میلینیۆمدا، وتی: (عیبرەت لە جێبەجێكردندایە) لەدوا سەرەنجامیشدا هەردوولامان ناچاربوین، یەكلایەنە لاوازتر لەگەڵ پارتیدا لەم حكومەتەشدا رێكبكەوین. پارتیش، دوای ئەوەی بۆی دەركەوت (حكومەتی بنكەفراوان!!) سەرناكەوێ‌، گۆڕانی وەدەرنا. پێش وەدەرنانی گۆڕانیش، لەكۆبونەوەیەكی داخراوداو لەكۆبونەوەیەكی ئاشكراشدا، بە رێكخەری گشتی گۆڕان‌و وەفدەكەیانم گوت: پارتی دەرتاندەكات. گوتیان ناتوانن. گوتم دەیكەن. كاكە عومەری سەید عەلی گوتی: گەر پارتی وایانكرد ئێوە چی دەكەن، وتم: دژی دەبین. بەڵام لەگەڵ پارتی لەسەر ئێوە تێكی نادەین. دژیشی بوین.
پەیوەندی یەكێتی‌و پارتی
پەیوەندی یەكێتی‌و پارتی، لەشۆڕشدا، ئاڵۆز بوو، یەكێتی دوای شەهیدكردنی حەمە غەفور ئاغجەلەری، برایم عەزۆو هاوڕێكانی، حەسەن خۆشناو و هاوڕێكانی، هەروا، كارەساتی هەكاری، هەقی بوو بەرگری لەخۆی بكات. بەڵام كە یەكێتی دوای روخانی شا باڵادەست بوو، هەوڵی چارەسەر كەوتە گەڕ.
ئەوەی مایەی قوڵترین نیگەرانییە، تەنانەت لەدوای راپەڕینیش، كە تازە لە كارەساتی ئەنفال‌و كیمیاباران دەربازمان بوبوو، برینە قوڵەكانی شەڕی ناوخۆی شۆڕشمان فەرامۆشكردو هەڵپەی دەسەڵاتخوازی حزبایەتی، ئاگری شەڕێكی دیكەیان خۆشكردو نوسەرانی هەلپەرستیش، لەهەردوولاماندا باوەشێنی گەشانەوەی ژیلەمۆكانی بەرپابونەوەی شەڕەكە بون.
شەڕی ناوخۆی دوای راپەڕین، لە شەڕی ناوخۆی شۆڕش، زیانی زۆرتر بە شكۆی نەتەوەكەمان گەیاند. كە شەڕ هەڵگیرسا، زۆر دژی بوم. ساڵی (1994-1995) لەگەڵ عارف تەیفورو شەهید سەعد عەبدوڵڵا كراینە بەرپرسیاری پەرەنەسەندنی شەڕ بۆ ناو هەولێر، چەندین جار، گیانبازیمان دەكرد، بۆ دامركاندنەوەی شەڕ لەناو گەڕەك‌و بازاڕەكانی هەولێر. چیرۆكی تاڵم لایە، كە فەرماندەی هەردوولا، بۆ تاڵانی‌و دەستكەوتی شەڕ، چۆن شەڕەكەیان گەرمتر دەكرد. دەیانیش كرانە قوربانی تاڵانی. بەداخەوە، هەبون ئەوكاتەش بەوە تاوانباریان دەكردم، كە گوایە شۆڕشگێڕێتیەكەی جارانم لەشەڕدا نەماوە. هەروەكو، هەرگیز ویژدانمان لەخوێنی باشترین قوربانیەكانی شەڕدا، لەخوێن نەژەنیبێ‌!
بیرمە، كە شەڕ بە قینی حزبایەتی‌و فیتی ئیقلیمی‌و دەسیسەی حكومەتی عێراق، لەگرێژنەی ئەقڵ دەركراو هەولێرمان كۆنترۆڵ كرد، كورتبینەكان پێیانوابوو، تازە یەكێتی سەركەوت‌و پارتی ژێركەوت. من هەر نیگەران بوم. لەدانیشتنێكدا لەكۆیە، عەرزی مام جەلالم كرد كە:
سەردانی كاك مەسعود بكەو چارەسەرێك بۆ كێشەی هەولێر بدۆزنەوە. با پارتی هانا بۆ عێراق نەبات‌و جەزرەبەمان لێ نەدەن. ئەوكاتەش زانیاری ورد هەبوو، مەكتەبی سیاسی پارتی، سەردانی بەغدادو موسڵیان گەرمە. مام فەرمووی:
مەلا بەختیار كاتی نییە، چونكە زۆرینەی فەرماندەو مەكتەبی سیاسی دژی هەنگاوی وان. بۆ پێكەنین زاراوە نەشیاوەكەی بەكارهێنا، گوتی: پێماندەڵێن باڵە حیزەڵەكە!
بەداخەوە، پارتی ئێرانی كردە بیانوو، هانای بۆ عێراق بردو كارەساتی 31/ی ئاب قەوماو دەرس وەرنەگیرا. ئەوانەی مام‌و مەكتەبی سیاسییان تێگەیاندبوو، ئەمریكا بەهانامانەوە دێن، زانیاریەكانیان هەڵە بوو. تەنانەت ئەوكاتە بیرمە داوای سزای مەحكەمەی عەسكەریان دەكرا. كە یەكێتی باسكی ئەستور بوەوە، (1997) شەڕی تریش رویدا. لەو شەڕەشدا من نیگەران بوم لەئاكامە عەسكەرییەكەی. لەسەر نەخشەی شەڕەكەش، كە لە شاخ‌و دێهاتەكانەوە دەویسترا پارتی بشكێندرێ‌، دەمگوت: ئەم نەخشەیە سەرناگرێ‌‌و هێزەكەمان لەشەڕەكەدا دەپروكێن؟ ئەمجارەش پارتی پەكەكەی كردە بیانوو، توركیاشی هێنایە سەرمان، لەكاتێكدا فڕۆكەكانی توركیا سەنگەر سەنگەر لێیدەداین‌و هەڵیدەكەندین، دەركەوت، سیاسەتی ئێرانیش وا نەبوو، شەڕی ئیقلیمی لەبەر یەكێتی بەرپا بكات.
دوای ئەم كارەساتانە، ئینجا باڵی شەڕخواز ئارام بونەوەو لەوساوە، كێشەكانی ناو یەكێتی، بەئەقڵیەتی تەكەتول‌و ئۆباڵ خستنە ئەستۆی یەكترو زاڵبون لەناو یەكێتیدا، هەتا هاتووە قوڵتر كراوە. تا رادەی بەهێزكردنی هێزی چەكداری تایبەتی بۆ ستراتیژی تایبەتی.
كنەی هەلپەرستی
لەبیرەوەریماندا، هەلپەرستان، لەمێژووماندا، هەمیشە رۆڵێكی ناجوامێرانەیان، لەناو ریزەكانمان‌و لە گەرمتركردنی روداوە نەخوازراوەكاندا، گێڕاوە. ئەوەندەی سەركردە لاوازو كادرەكانی تەكەتول، یەكێتییان دوچاری كێشەی گەورە گەورە كردووە، قەت، دوژمنانی یەكێتی، ئەمەیان بەسەردا نەهێناوە. دەتوانم بەدڵنیاییەوە بڵێم: كنەی هەلپەرستی، هۆیەكی سەرەكی تێكدانی نێوان هەڤاڵانی سەركردایەتی‌و ئۆرگانەكان بون لە شاخ‌و شاردا. بەڵكو هاندەری ئەنجامدانی تاوانی نامرۆڤانەش بون.
هەلپەرستان، لەناو قوڵكردنەوەی كێشەكاندا، بەردەوام دەتوانن مەرامەكانیان بەدیبهێنن. ئەمە خەسڵەتی هەلپەرستییە لەناو تەواوی حزب‌و حكومەتەكاندا. هیچ دەرفەتێكیش بەئەندازەی كێشە ناوخۆییەكان، بازاڕی هەلپەرست گەرم ناكات.
هەلپەرست لەناو یەكێتیدا، لە پێگەو جێگەی جیاوازدا، خۆیان قایم كردووە. بەڵكو شوێنێك نەماوە پێگەیان پتەو نەكردبێ‌‌و بەرژەوەندییانیان دابین نەكردبێ‌. ئەوەی لەناو هیچ پارتێكی سیاسی ناوچەكەدا روی نەداوە، لەناو یەكێتیدا لە لوتكەوە بۆ دامێن رویدا. ئەمەش، دڵنیام ئاسەواری ترسناكی لەسەر ژیانی حزبایەتی‌و سەنگی یەكێتی لەناو رای گشتی‌و روناكبیراندا دەمێنێتەوە.
دڵنیام كە هەموتان دڵنیان، رای گشتی‌و سەرجەم هەڤاڵانی یەكێتی، وردو درشتی رەفتار، كردار، سات‌و سەودای پلەدارو پۆستدارەكان دەزانن، بەڵكو ناسنامەی كەسایەتیان لەویژدانیاندا، وا چەسپیووە، هیچ چەواشەكارییەك، بڕوایان بەرامبەر دیاردە دزێوەكان‌و بەرپرسە دزەكان، ناگۆڕێ‌. باشترین بەڵگەش ئەوەیە كە:
با هەموو بەرپرسێك، دیقەت لە رێژەی دەنگەكانی كاندیدە خزمەكانیان‌و، كاندیدە تەكەتولەكانیان‌و، كاندیدە موچە تایبەتیەكانیان بدەن، بزانن رێژەی دەنگەكانیان چەند لەهەڵبژاردنەكاندا، مایەی نەمانی متمانەی دەنگدەرانی یەكێتییە، بەو كاندیدانە!! هەروا، رێژەی دەنگی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، لەهەڵبژاردنەكانی عێراق‌و كوردستاندا، زۆر كەمترە لە رێژەی دەنگی ئەو كاندیدانەی سەركردایەتی نەبون.
كاندیدی خزم خزمێنەو، كاندیدی تەكەتولەكان، لە سنوری مەڵبەندەكانداو، لەناو هێزەكانی پێشمەرگەو چەكداری دەڤەری سەوزدا، رێژەی دەنگەكانیان بەڵگەی دابەزینی متمانەی ئەو دەنگدەرانەیە بە لیستی یەكێتی‌و كاندیدی تەكەتول‌و خزم‌و بنەماڵە. ئایە:
- هیچ كەسێكتان لەخۆتان پرسیووە، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەناو سەنتەری سلێمانیدا، تاقە كاندیدێكی شارەكە، بۆچی متمانەی وەرنەگرتووە؟ هەڤاڵ زیادو سەلمە دەرچون، خەڵكی سەیدسادق‌و چەمچەماڵن.
- هیچ كەسێكتان لەخۆتان پرسیووە، لەناو تەواوی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاساییش‌و پۆلیسدا، بۆچی سەپاندنی كاندیدی كورەكان‌و تەكەتول‌و خزمەكانتان، بەهەوڵی بێوچان‌و پارە هەڵڕشتن‌و فشاری دەرونی، یەكێتی شەرمەزار دەكەن؟
- لەخانەقین كە قەزایەكە دەتوانرێ‌ شێركۆ میروەیس دەربچێندرێ‌ بۆ پەرلەمان‌و پیلانی لایەنەكانیش نەبوایە (تایبەت دەنگەكانی هاودیدەكان!!) سۆزان مەنسوریش دەردەچێنرا. بەڵام لەگەرمیاندا، سێ‌ قەزاو (26) ناحیە‌و سەدان گوند هەن، نەتوانراوە تاقە كاندیدێكی پەرلەمانی عێراق دەرچێنرێ‌!
- بۆچی لەهەولێری پایتەختدا، دوو هەڵبژاردنە ناتوانرێ‌ دو كاندید زیاتر سەربخرێ‌؟
ئەو رێژانە، ئاماژەی بێمتمانەیی جەماوەری یەكێتییە، بە دەسەڵاتدارو بەرپرسانی یەكێتی، سەرەنجامی رەفتارو كردارە زیانبەخشەكانیانە بە یەكێتی‌و رێبازی مام جەلال كە هەمیشە فەرمویەتی: (یەكێتییەكان دەبێ‌ دەست‌و دەم‌و داوێن پاك بن).
دیاردە هەرە زیانبەخشەكان
دیاردە هەرە زیانبەخشەكان لەدوای راپەڕینەوە، سەریهەڵدابێ‌‌و كرابێتە سیاسەتی باوی چەند بەرپرسێك، ئەمانەی خوارەوەن، كە ژیانی حزبایەتییان نەهێشتووەو بەرە بەرە یەكێتییان گەیاندۆتە ئەم دۆخە ترسناكە.
یەكەمیان: لە كۆنگرەكاندا؛ پەیڕەویكردنی سیاسەتی تەسكیەو بە تەسكیە دەرچواندنی چەندین سوپەر سەركردە. بۆ نموونە:
لەیەكەمین كۆنگرە، بێ رێساو لەژێر هەڕەشەی جیابونەوەو، (گوایە!) دروستكردنەوەی كۆمەڵەی رەنجدەران‌و، بە پیلانی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی مام جەلال، دوای (11) رۆژ لە گوێزە گوێزەی كۆنگرە لەنێوان (هەولێر-سلێمانی) سەرەنجام، چەندین سەركردە كە پێشتر خەونیان بە ئەندام مەڵبەندەوە دەبینی، هەلیان بۆ رەخسا، ناكۆكیەكان بقۆزنەوە بۆ سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی.
دووەمین كۆنگرە، سێ‌ جەمسەر، ناكۆكیەكانیان قوڵبوبون، دەستەگەری «هەڤاڵ كۆسرەت، هی رەوانشاد نەوشیروان‌و هێڵی گشتی یەكێتیش (مام)». لەترسی تەقینەوەی كێشەكان، بۆ یەكەمین جار لەمێژووی تەواوی حزبەكانی رۆژهەڵات، سەركردایەتی لەیەكەم دانیشتندا هەڵبژێردراو (7) سەركردایەتیش، بە تەسكییە دەرچێنران!
سێهەمین كۆنگرە؛ مام جەلال خۆی لە كێشەكان دووردەخستەوەو تەكەتولەكانیش تەراتێنیان لەناو كۆنگرەدا دەكردو هۆڵی كۆنگرە، لیستباران كرا. سەرەنجام، دیسان، بەتەسكییە، دوو هەڤاڵ دەرچێنران. (5)یشیان بە گزیی (200) دەنگیان بۆ قۆپیە كرا (سەرجەم سیناریۆكە دەزانم). (400) كەسیش بە دەسەڵاتی سكرتێرو جێگرەكەی هێنرانە ناو كۆنگرەو تەلقینیش كرابون دەنگ بە كام لیست بدەن.
ئاسەواری نالەباری ئەو سێ‌ كۆنگرانە، ئێستاش بەیەكێتیەوە دیارە. هەرە خراپەكەیان، حەڵاڵكردنی تەكەتولە. تەنانەت (پەیمانی ئاكار)یش، كرایە قوربانی ئاكارە خراپەكانی ناو یەكێتی.
دەمانویست بە «پەیمانی ئاكار» لایەنی كەم، رەوشتی هەڤاڵێتی‌و ژیانی حزبایەتی بگێڕینەوە ناو ماڵی یەكێتی؛ یەكەمین جار كە باسی پەیامەكەم لەگەڵ (سەرۆك مام جەلال)دا كرد، بەخەمساردییەكەوە، رازی بوو. تومەزە، جەنابی، باشتری دەزانی، كە تازە پەیمانی ئاكار، ئاكارە خراپەكان راستناكاتەوە.
لەدوای كۆنگرەوە!
لەدوای سێهەمین كۆنگرەوە، مام جەلال هێندە فریاكەوت ئۆرگانەكانی لە كارگێڕەوە بۆ مەكتەبەكان، خستەوە سەر رێڕەوی خۆیان. دوای هەڵبژاردنی مەكتەبی سیاسی، كە هەندێكیان بە لەقەلەق متمانەیان لەناو كۆنگرەو لەناو سەركردایەتیدا وەرگرت، بەندە، بەدەنگی حەڵاڵی خۆم لەناو كۆنگرە (بەبێ‌ ئەوەی یەك دەنگی حەرامم وەرگرتبێ‌‌و یەك كەسی ناشەرعیشم هێنابێتە ناو كۆنگرە) پێنجەم دەنگم هێنا. لەناو سەركردایەتیشدا، دەنگێكی زۆرم بۆ مەكتەبی سیاسی‌و، لەناو مەكتەبی سیاسیشدا لە(19) دەنگ (18) دەنگم بۆ بەرپرسیاری كارگێڕ هێنا.
ئەركی كارگێڕ، جێبەجێكردنی بڕیارەكانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی بوو. تەواوی بڕیارەكانمان جێبەجێ دەكرد. بەڵكو لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال، تەنها كارگێڕ زۆرترین كات دەوامی دەكردو زیاترین ئەركیشی رادەپەڕاند. چ ئەركی ناوخۆی یەكێتی‌و، چ ئەركەكانی پەیوەندی‌و، دیپلۆماسی. جگە لە ئەركەكانی تریش، لەكاتی هەر روداوێكی چاوەڕوانەكراو، یان ئەركێكی لەناكاو.
هەڤاڵان!
من، لەویژدانی یەكەیەكەتان دەپرسم.. دوای ئەم هەموو ماندوبونە. پاش ئەوەی نەمانهێشت دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال‌و كاك كۆسرەت‌و بێتاقەتی هەڤاڵ هێرۆ، پێشتریش نەخۆشكەوتنی كاك جەبار فەرمان‌و كەمال فوئاد، كارە حزبیەكان پەكیان بكەوێ‌‌و زیاتر لە (11) سەعات رۆژانە ئەركمان رادەپەڕاند.
دوای ئەوەی نەمانهێشت، كە «ناوەندی بڕیار» دامەزرا، ناكۆكیەكان بتەقنەوەو كوشتنی ئەندامانی یەكێتیش بخرێتە سەر خەرمانەی بەدبەختیەكانمان.
دوای ئەوەی، هەوڵێكی زۆر درا لەلایەن هەندێك هەڤاڵەوە، دوو ئیدارەیی دروست ببێ‌‌و لەمەشەوە، هێزی پێشمەرگە بكرێتەوە دوو هێزو سەرەنجامیش، ئەگەری شەڕی ناوخۆ بقەومێتەوە.
دوای ئەوەی رۆڵمان بینی، بۆئەوەی نە لەگەڵ پارتیدا بین دژی گۆڕان‌و نە لەگەڵ گۆڕانیش بین دژی پارتی‌و رەنجی زۆرمان دا، یەكێتی هاوسەنگیی بپارێزێ‌‌و میحوەری چارەسەریش بێ‌.. سەرەنجامی هەوڵی بێوچانی كارگێڕ، توانیمان قەناعەت بە پارتی بكەین، لەگەڵ گۆڕاندا ئاشتبێتەوەو سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزیرەكانیان بگێرێتەوە. لەسەر ئەم سیاسەتانەش، ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو سۆسیال ئینتەرناسیۆنال‌و نەتەوە یەكگرتوەكان سوپاسیان كردین.. تەنانەت كۆنگرەی پارتە سۆسیالستەكانی دەوڵەتانی رۆژئاواو پارتە سۆسیال دیموكراتەكانی وڵاتانی عەرەبی‌و كۆنگرەی لاوانی وڵاتانی رۆژهەڵاتمان لەبەرئەو متمانەیە هێنایە سلێمانی.
دوای ئەو هەموو رەنجە، كە بۆ یەكێتی‌و یەكێتی ناو یەكێتی دامان. هەر ئەوكاتە وتارێكم بەناونیشانی (هەلومەرجی بابەتی‌و یەكێتی ناو یەكێتی) لەژمارە (402)ی چاودێردا لە (7/1/2013) نوسی. كەچی پاداشتی ئەو هەموو پەرۆشی‌و رەنجە ئەوەبوو، ئەوانەی لەدەوری ماڵی (مام جەلال) كۆبوبونەوە دەیانووت: مەلا بەختیار نەبوایە (16) كەسەكەی ناوەندی بڕیارمان دەردەكرد. ئەوانەی ناوەندی بڕیاریش دەیانگوت: مەلا بەختیار نەبوایە، ماڵی مام جەلالمان تەفروتونا دەكرد. هەردوولاش هێزی ئامادەكردبوو، بۆ جێبەجێكردنی بریارەكانیان. قسەی هەردولایان راست بوو. ئێستاش پەشیمان نیم لەو هەڵوێستەم. ئەوانە باجی پیلانەكانیان دەدەن، كە نایانەوێ‌ چوارەمین كۆنگرە ببەستین!!
چاكەی هەڤاڵانەو چاكەی پاراستنی گیانی پاكی رێبازەكەی مام جەلال بەوەتان داینەوە، بەشێكی دەوروبەری هەڤاڵ هێرۆ، لەگەڵ گروپەكەی د.بەرهەم‌و بە پەسەندی هەڤاڵ كۆسرەت (كارگێڕی مەكتەبی سیاسی)تان، وەكو تاقە ئۆرگانی باڵا، پیلان لێگێڕا. ماكی ئەم پیلانە ئەوانە گێڕایان كە هاوسۆزی دامەزراندنی (هاوپەیمانی)‌و لایەنگری بردنەوەی (سەرۆكەكەی) بون بۆ سەرۆكی عێراق لەهەڵبژاردندا. لەكاتی جیابونەوەكەشدا، ئەوانە بە یەك وشەش، بەرگرییان لەیەكێتی نەكرد، بەڵكو هەوڵیشیان دەدا، خەڵك دەنگیان پێ بدات!!
ئەرێ‌ گەلۆ!
یەكێتی، لەناو ئەم هەموو رەفتارو كرداری ناحزبیانە، لەوپەڕی پێشێلكاری پەیڕەوی ناوخۆ، ئەو هەموو لادان‌و بادانە لە رێبازی مام جەلال. ئەو هەموو گەندەڵییەو شكستەی هەڵبژاردنەكان، لەكاتێكدا ژیانی حزبایەتی نەماوە، ئێوەی باڵادەست، ئەركی ترتان نەبوو جگەلەوەی بە پیلان، كارگێڕ هەڵبوەشێننەوە؟! تەنها ئەوەندە دەڵێم: هەم یار باقی‌و هەم سوعبەت باقی!!
دۆخی دوای كێشەكان
چارەسەرنەكردنی ئەو كێشانە، نەك هەر دۆخی حزبایەتی، شێواندووە. بەڵكو مۆراڵی سیاسی‌و پەیمانی هاورێیەتیشی تێك‌وپێك داوە. دیسپلین‌و پرنسیپ نەماوە. كادرو ئۆرگانە ماندوەكان، وشیارەكان، پەرۆشەكان، شێر بە گوێ‌ بگرن، ئەگەر تەكەتول نەبن یان غەدریان لێ دەكرێ‌، یاخود پەراوێز دەخرێن، تەنانەت وایلێهاتووە، لەشارێكی وەكو كەركوك، چاودێریی شۆڤێنیەكی وەكو راكان جبوری، دژی كورد، لەسەر تاوانەكانی ناكرێ‌، بەڵام چاودێریی ئەو كادرو ئەندامانە دەكرێ‌، كە بەبێ‌ پرسی بەرپرسانی كەركوك، سەردانی دۆست‌و هەڤاڵانی تر بكەن.
ساڵەهایە لە كێشەی چارەسەرنەكراوی نێوان سەركردە باڵاكانی یەكێتی‌و كوڕەكانیان ترساووم. ئەم كێشانە، رەگەزەكانی بۆ دوای راپەڕین‌و دوای دەسەڵات گرتنەدەست، فۆرمێكی ستراتیژێكی دیكەی تەكەتولی ناوخۆیی بۆ داڕێژراوە. بەرە بەرە، هێزی جۆراوجۆری بۆ دامەزراوە. پارەو پێگەی بۆ دابینكراوە. بوغزاندن‌و گەوجاندنی بۆ چێندراوە. ناوبەناو، هاوپەیمانیەكانی بۆ گۆڕدراوە. سەرانیشیان، بەپێی دابینكردنی پۆست‌و پارە، ئەمسەرو ئەوسەری تەكەتولەكان تاقیدەكەنەوە.
یەكێك لە زیانبەخشترین ناكۆكیەكان، ناكۆكی نێوان ه.كۆسرەت‌و كوڕەكانی لەلایەك، ماڵی مام جەلالیش لەلایەكی دیكەوە. رەنجی فەرهادم دا نێوانیان چاك‌و چاپوك بكەم. بەڵام هەلپەرستانی دەوروبەریان، زیرەكتر بون لە تێكدانیان. خۆشیان ساز بون گوێ‌ لە هەلپەرستان بگرن. هەمیشە ئەو پرسیارەم لەخۆم كردووە كە بۆچی هەڤاڵان كۆسرەت‌و هێرۆ رێكناكەون؟ سەرەنجام دەگەیشتمە ئەو باوەڕە، مێمڵ‌و هەلپەرستەكان رێگرن. دابەشكردنی پۆستەكان‌و چۆنایەتی هێنانەوەی بەشێكی كەمی (هاودیدەكان!!) ئەو بۆچونەی منیان، زیاتر بۆ بەرجەستە كردم.
هەتا سەرۆك مام جەلال مابوو، ئەم كێشە ناوخۆییە، بەریان پێ گیرا. دوای نەخۆشكەوتن‌و مردنی مام، كێشەكانی بن گۆمی تەكەتول سەرئاو كەوتن. لەوساوە، هەتا هاتووە، كێشەكان قوڵتر بون‌و باشترین دەرفەتیش رەخسا، ئەوەی بەدرێژایی مێژووی یەكێتی، هەلپەرست‌و هەڵپەكەر، نەیانتوانی لە بونی مامدا بیكەن، لەدوای مام بۆیان كرا. بەڵام لەسایەی مام جەلالیشدا، ئەم تەكەتولانە كنەیان كردبوو، خۆیان بۆ هەلی دوای مام مەڵاس دابوو. لەخۆڕا نەبوو, كە جاری یەكەم مام نەخۆشكەوت‌و لە عەمان (19) رۆژ چارەسەر دەكرا، لەكوردستان هەڵپە هەڵپە دەستیپێكرد كە شوێنی بگرنەوە. بیرمە مام چاك بوبوەوە، لەژوری چارەسەرەكەی بانگی كردم، فەرموی: مەلا بەختیار بیستوتە جرت‌وفرت بۆ شوێنگرتنەوەم دەستیپێكردووە؟ گوتم: بەڵێ‌. فەرموی: هیچ نەبێ‌ با دوای مردنم ئەمەیان بكردایە، ئاخر بێوەفایی بەم رادەیە؟! ئەوەبوو كە گەڕایەوە، تەواوی پۆستەكانی حكومەتی گۆڕی.
دوای سەرۆك مام جەلال
ئێمەی رۆژهەڵاتی، زیاتر لە رۆژئاوایی، كە گەورەمان دەمرێ‌، وەفاو سۆز داماندەگرێ‌. بەڵام لەناو یەكێتیدا، كوت‌و مت پێچەوانەكەی رویدا. جارێ‌ (مام) لەسەرەمەرگدا بوو، جێگرێكی، كە مام دروستیكرد، هاوپەیمانی دامەزراند. دوای بەخاكسپاردنی، كە سەدان هەزار هاوڵاتی ژیانئاواییان لێكرد، یەكێتیەكەی (مام) كەوتە بەر هەڵمەتی پۆپۆلیستی پۆستپەرستی. لایەنی كەمی مۆراڵی تیادا رەچاونەكرا. بەڵام لەم ململانێ‌ سەختەشدا، بۆ دەربازكردنی یەكێتی، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، ناچار رێگەی جۆراوجۆر گیرایەبەر! هەتا رادەی نیگەرانی كاندیدەكان لەگۆڕینی ریزبەندیی ناوەكانیان لەكاتی ساغكردنەوەی دەنگەكان بۆ سەرخستنی كاندیدی تەكەتولەكان. پۆپۆلیستەكان، كە شكستیان خوارد، واقی سیاسییان ورما!! گۆڕان‌و نەوەی نوێ‌ دەرگای پۆستبازییان بۆ نەكردنەوە. تەنها مایەوە ماڵە بابان. بۆ زۆر كەسی شارەزا، هیچ جێگەی سەرسوڕمان نەبوو، سیناریۆی ژێربەژێر بۆ شكستخواردوترین پرۆسەی یەكخستنی دوو لایەن، رێكبخرێ‌، ئەگەر وا نییە، هیچ نەبێ‌ لایەنی كەمی هاودیدەكان‌و هیچ نەبێ‌ ئەندام پەرلەمانێكی دوو پەرلەمانتارەكەیان دەهاتنە ناو یەكێتی.
ئەگەر پرۆسەی یەكخستنەكە، سروشتی ئەنجامبدرایە، وەكو یەكگرتنەوەكانی تر، دڵخۆشی لێدەكەوتەوە. بەراوردی بە پێشوازیەكەی یەكگرتنی (ئاڵای شۆڕش)‌و یەكێتی ناكەم، كە لە یاریگای سلێمانیدا، هەزاران كەس ئاهەنگیان بەئامادەبونی (مام)‌و ئێمەمانان بۆ گێڕا، بەڵكو بەراوردی دەكەم بە، پێشوازیەكەی حزبی (ئایندە) كە هۆڵی شەهید شازاد جمەی دەهات لەباوەش بۆكردنەوەیان. بەڵام رۆژی هاتنەوەكەی سەرۆكی هاودیدەكانمان لە مەكتەبی سیاسی لەبیرە، دەتگوت: تەعزیەیە! بۆیە، سەرجەم پرۆسەكەم پێ هەڵە بوو. ئەنجامەكەشی بە زیان گەڕایەوە. سەرەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش، دوای هاتنەوەی بەشێكی هاودیدەكان بۆ پلەو پۆستەكان (نەك لەبەر بیروباوەڕ) سەلماندی كە یەكێتی لەروی پرنسیپی سیاسی‌و متمانەی حزبیەوە، چ جەزرەبەیەكی بەركەوت! هەر دەشبوو ئاوا بێ‌، چونكە تەواوی سیناریۆی دامەزراندن‌و گەڕانەوەی بەشێكی هاوپەیمانی‌و پۆست پێبەخشینیان، لە گەمەی سێرك دەچوو، نەك یەكخستنی سیاسی!!
لە هێنانەوەی بەشێكی كەمی (هاودیدەكان)دا، تەنها دەمەوێ‌ ئەم راستییانە بۆ مێژوو بڵێم:
- سەرۆكەكەیان هەتا توانی مانۆڕی كرد، وەكو كاندیدی سەربەخۆ، بكرێتە كاندیدی سەرۆك كۆمار. بەندە پێمداگرت: ئەگەر نەیەتەوە ناو یەكێتی بەرەسمی، بەیاننامەی دژ دەردەكەم. ئەوەبوو هەڤاڵان: عیماد، ئەرسەلان، بافڵ‌و لاهور، پێیانراگەیاند دەبێ‌ بێتەوە ناو یەكێتی. ناچار، بۆ یەكەمین جار، دوای ئەم هەڕەشەیە، لەناو (هاودیدەكان)یدا، رایگەیاندبوو، دەڕۆمەوە ناو یەكێتی‌و نامەی هاتنە ریزی یەكێتی بە دەست خەت نوسیبوو. بەبێ‌ ئەوەی لەكۆبونەوەی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسیش باسی بكات، ناوی جێگری دوەمی سكرتێریشتان پێدایەوە. پاساوی هێنانەوەیتان بیردەخەمەوە:
- ئایە تێزی هێنانەوەكە، وا نەبوو گوایە پێگەی سیاسی‌و دەسەڵاتدارێتی‌و جەماوەری یەكێتی، بەهێز بكرێ‌؟
- ئەوانەی تێزی هێنانەوەیان بەو چەشنە پەسەند دەكرد، نەیاندەگوت: (140) هەزار دەنگدەری هاوپەیمانی دێنە پاڵ دەنگدەرانی یەكێتی؟
دەی با پێكەوە، دوای دەركەوتنی ئەنجامی هاتنەوەكەو ئەو تێزە بێ پێزە، شەن‌وكەو بكەین‌و هەندێ‌ راستی دیكەشی بخەینەسەر، هەتا بزانین، چەند تێزەكە راست دەرچووە؟ چەندیش قرچۆك بووە؟
- لەهەڵبژاردنی دوای هاتنی (هاودیدەكان) لەو (140 هەزار) دەنگەی (هاوپەیمانی) لەعێراقدا هێنابویان، لەهەرێمی كوردستان (114.777) دەنگی بەدەستهێنابوو، نەك دەنگەكان نەچوونە سەر دەنگی یەكێتی بۆ پەرلەمانی كوردستان، بەڵكو لەماوەی چوار مانگ لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، پەنجا هەزار دەنگیش كەممان كرد. بیریشتانە، كە لەژێر فشاردا هێنامانەوە، نەك خۆی دەنگی نەدایە لیستی یەكێتی، بەڵكو بەیاننامەیەكیشی دەرنەكرد، هاودیدو هاوپلەخوازەكانی دەنگ بەیەكێتی بدەن.
- لەسەر ئاستی عێراق؛ نە هێزەكانی شیعە، وەكو جاران لەگەڵماندا ماوون‌و نە سوننەكانیشمان، كردۆتە دۆست.
- لەباشوری كوردستان؛ پەیوەندیمان لەگەڵ تەواوی حزبە سیاسیەكانی كوردستان پاشەكشەی كردووە. لەگەڵ پارتی‌و گۆڕان، خراپتریش بووە.
- لەبەشەكانی كوردستان؛ باكور سۆزی جارانیان لەگەڵماندا نەماوە، رۆژئاوا لێمان زویرن. رۆژهەڵات بێڕادە ناڕەزاییان بەرامبەرمان هەیە.
- لەسەر ئاستی دیپلۆماسی؛ سەرۆكی عێراق یەكێتییە، بەڵام سلێمانی بۆتە هەواری خاڵیی لەهاتنی گەورە دیپلۆماتكاران. لە جەژنی نەورۆزدا، دەویسترا، سەفیرو كونسڵەكان داوەتی سلێمانی بكرێن، ئەویش سەرینەگرت!!
- لەسەر ئاستی حكومەتی عێراق، یەكێتی پەیوەندییەكی تۆكمەی لەگەڵ بەغداد نییە. هەتا پارتی رازی نەبوو، وەزیری داد، دانەنرا. ئەویش بەپێی پێناسەی پارتی دانرا.
- ناوچە كێشەلەسەرەكان؛ هێشتا، ئاسەواری نالەباری 16/ی ئۆكتۆبەر بەخراپیی ماوە. یەك دەسەڵاتی عەسكەری لەو شارانەدا نەكراونەتە مەدەنی. دەیان هەزار دۆنم ئەرزی جوتیاری كوردستان داگیركراوە. زیاتر لە (11) هەزار خێزانی تەعریب، بەئاشكرا، هێنراونەتە ناو كەركوك‌و دەوروبەری.
- سەرۆكی عێراق، چاكی كرد سەردانی لێقەوماوانی موسڵی كرد. بەڵام چاكتر وابوو، پێشتر، سەردانی كەركوكی كردبا. كە تائێستاش نەیكردووە. هیچیشی پێنەكراوە بۆ سارێژكردنی بچوكترین برینی خەڵكەكەی‌و دانانی پارێزگار.
ئێستا كاتێتی بڵێین: ئەنجامەكان پێمانناڵێن، هەق بوو ئەو دەستكەوتەی كاك نێچیرڤان بارزانی دابووی بە بافڵ، دوو ساڵ سەرۆكی حكومەت بەرمان بكەوێ‌‌و وەزیرێك‌و پارێزگاری كەركوك‌و، وەزارەت‌و پۆستی زیاتر لەبەغداد‌و كوردستان، ئایە هەق بو یەكێتی باشتر نەبوو هەموو ئەو دەستكەوتانە نەكەینە قوربانی پۆستێك، كە لەدۆخی عێراق‌و ناوچەكەدا، دەسەڵاتەكانیشی ناتوانێ‌ بەكاربێنێ‌.
وەكو تر، هەڤاڵان!
ئەم زاتە، یەكێتییە، سەردانی توركیا دەكات. دیارە توركیا مافی خۆیانە میوانە باڵاكان بەپێی پرۆتۆكۆڵ ببەنە سەر گۆڕی كەمال ئەتاتورك. بەڵام ئایا میوانەكان مەرجە بچنە سەر گۆڕەكەی؟ سەردانی گۆڕی سەربازی ون‌و ئەم جۆرە گۆڕەی سەرۆكەكان، بەپێی جۆرێك لە پرۆتۆكۆڵی سەردانی سەرۆكەكانە. پێی دەڵێن سەردانی دەوڵەتی (زیارە دولە) نەك هەموو جۆرە سەردانێك، كە سەرۆكی عێراق لەم هەلومەرجە، دەبوایە خۆی لەو جۆرە سەردانە بپارێزێ‌، هەتا بەناچاریی نەیبەنە سەر گۆڕەكەی ئەتاتورك. كە سەدان هەزار كوردی شەهید كردووە. باكوری كوردستانیشی كاول كردووە، شێخ سەعیدی پیران‌و هەڤاڵەكانی لەسێدارە داوە. دەپرسم:
- بۆچی نیلسۆن ماندێلا، دەتوانێ‌ خەڵاتی توركیا رەتبكاتەوە، لەبەرئەوەی كورد دەكوژن؟
- بۆچی میر حوسێنی موسەوی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری ئێران، رەتیكردۆتەوە بچێتە سەر گۆڕی ئەتاتورك؟
- بۆچی مام جەلال، وەكو سەرۆك كۆمار، نەچووە سەر گۆڕی ئەتاتورك؟
ئیتر نازانم، بۆ كوت‌ومت لەم دۆخەدا كە فڕۆكەو سوپای توركیا، دوو بەشی كوردستان بۆردومان دەكەن‌و ئازادیخوازانی كوردستان شەهید دەكەن، سەرۆكی عێراق، تاجەگوڵینەی كڕنوشبردن بۆ گۆڕی ئەتاتورك دادەنێ‌. نازانم لەو چركەساتەدا، (سەرۆك!) ئۆجەلان‌و دەمیرتاش‌و زیاتر لە (25) هەزار كوردی زیندانیكراو، سەدان هەزار شەهید، پتر لە (500) هەزار زیندانی سەر بیروباوەڕی توركیا، لەكاتی تاجەگوڵینە دانانەكەدا، لەبیر بوە؟
عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر، تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی سەربازی ونی كوردستان ئاوا دادەنێ:
كە وەفدێ‌ دەچێتە شوێنێ‌
بۆ سەر گۆڕی سەربازی ون،
تاجە گوڵینەیەك دێنێ‌.
ئەگەر سبەی، وەفدێك بێتە وڵاتی من،
لێم بپرسێ‌:
كوانێ‌ گۆڕی سەربازی ون؟
دەڵێم:
(گەورەم!
لەكەناری هەر جۆگەیێ
لەسەر سەكۆی هەر مزگەوتێ‌
لەبەر دەرگای، هەر ماڵێ‌
هەر كڵێسەیێ،
هەر ئەشكەوتێ‌،
لەسەر گابەردی هەر شاخێ‌،
لەسەر درەختی هەر باخێ‌،
لەم وڵاتە، لەسەر هەر بستە زەمینێ‌،
لەژێر هەر گەزە ئاسمانێ‌،
مەترسە! كەمێك سەرت داخە و
تاجە گوڵینەكەت دانێ‌!)

ئەم شیعرە، لەویژداندا نەمرە. ئەو سەردانانەش، بۆ سەر گۆڕی تاوانباران، ئازاری ویژدانی نەتەوەیەك دەدات. كە بەشێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، لەبەر ئەم دۆخەی یەكێتی، لەبەرامبەر ئەم هەڵسوكەوتە خۆپەرستیەدا، رازییە.

یەكێتی‌و دەسەڵات‌و قۆناغەكە
یەكێتی، قۆناغی سەختی زۆر بڕیوە، مێژوویەكی جوانی هەیە (سەرەڕای شكست‌و هەڵەكان). لەقۆناغەكانی رابوردودا، بەحوكمی خەباتی رزگاریخوازی، گەلەكەمان لەهەڵەكانی دەبوارد. بەڵام ئەگەر دیقەت بدرێ‌، لەدوای سەركەوتن‌و حوكمڕانی، ساڵ بەساڵ، لێبوردەیی خەڵك بەرامبەر دەسەڵات، كەمبۆتەوە. چونكە، خەڵك لەشۆڕشدا قوربانی داوە بۆ ئامانجەكان، دوای سەركەوتن، ئامانجی كۆمەڵایەتی‌و ئابوری، دەبێتە پێوەر بۆ دابینكردنی مافەكان.
ئەگەر، روداوەكانی دوای راپەڕینی (1991) هەڵبسەنگێنین، دەبینین، هەركاتێك گەلەكەمان، یان یەكێتی، دوچاری شكست، یان پیلانگێڕی هاتبێ‌، خەڵك بەگشتی‌و ئەندام‌و پێشمەرگەكانی بەتایبەتی، ئەركی دڵسۆزانەیان تا رادەی قوربانی بەردەوام راپەڕاندووە. بەڵام كاتێك دۆخەكە ئارام بۆتەوە، داخوازی‌و ناڕەزایی خەڵك پەرەی سەندووە، تا گەیشتە رادەی خۆپیشاندان‌و جیابونەوەو سەرهەڵدانی رەوتی جودا جودا. هۆی سەرەكی دابەزینی رێژەی دەنگدەرانیش لەهەڵبژاردنەكاندا، تۆڵەسەندنەوەیانە لەو بێ‌بەڵێنیەی بەرامبەریان كراوە. هاوكات، دژایەتی ئەو دیاردە ناپەسەندانەشە، كە بونەتە مایەی بێزاری رای گشتی، لەناو دەسەڵاتدارێتیدا گەندەڵی لەهەموو روداوێك زیاتر ناخی خەڵك، دژی دەسەڵات بریندار دەكات.
بینیمان، لە (15) ساڵی رابوردودا، زۆرترین ناڕەزایی تەقینەوەو بەرفراوانترین رەخنەش لەیەكێتی‌و بەرپرسانی گیراوون. هۆیەكەش، تەنها رەفتارە نابەجێكان‌و دیاردە قێزەونەكانە. هەرە زەقیشیان، گەندەڵی‌و تاڵانی‌و سەرانەسەندنە لە كۆمپانیاو سەرمایەدارەكان. بەڵام نەمزانیووە لەبەرامبەر ئەو هەموو دیاردە خراپانەدا، راستگۆیەتی هەبێ‌، بۆ چارەسەر، یان بۆ ئاشتكردنەوەی خەڵك، تەنانەت، لەدوای دوو جیابونەوەش (گۆڕان‌و هاوپەیمانی) هێشتا، پێداچونەوە بەهەڵەكان‌و راستكردنەوەی بۆچونەكان، نەكرانە پرۆگرامی هەڵسانەوەی یەكێتی‌و چاكسازی‌و پاكسازی. لەو ماوەیەشدا، زۆرمان وت، بەڵام گوێتان نەگرت‌و زۆریشمان نوسی، بەڵام دێڕێكیشی كاریگەری نەبوو. ئەمە جگەلەوەی هەزاران وتارو چاوپێكەوتن لەلایەن نوسەرو رۆژنامەنوس‌و سایتەكانەوە، دژمان نوسراوون‌و گوتراوون، دیسان، بێهودە بون.
تازە یەكێتی متمانەیەكی زۆری لەدەست داوە. ئاسانیش نییە رای گشتی، بەتایبەتی نەوەی دوای راپەڕین، باوەڕ بە راستكردنەوەی هەڵەكان، لە مەودای ئەم ساڵانەدا بكەن.
بەراشكاویی دەیڵێم: لایەنی كەم، یەكێتی، دوای بەستنی كۆنگرەی گۆڕانكاری، دوو ساڵ كەمتری ناوێ‌ هەڵەكانی راستبكاتەوە؛ رەخنەلەخۆی بگرێ‌. دژایەتی گەندەڵی بكات. كێشەی خەڵك چارەسەر بكات. بەرپرسە لەبەرچاوكەوتووەكان‌و كاربەدەستە مشەخۆرەكان، دوربخاتەوە.. سەرەڕاش گومانم هەیە، سەنگ‌و سۆزی یەكێتی، بگاتە قۆناغی دڵنیابون. ئەمە جگە لەوەی، هێشتا لەوباوەڕەدا نیم، لێبڕان هەبێ‌ بۆ ریشەكێشكردنی گەندەڵی‌و چاكسازی‌و بەرنامەی دادپەروەری. ئیرادەی وا لەدوریشەوە، لەناو زۆربەی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتیدا نابینم.
هەتا ئیرادەی گۆڕانكاری‌و چاكسازی‌و دژایەتی راستەقینەی گەندەڵی‌و هەلپەرستی لەناوماندا دروست نەبێ‌، دڵنیابن، خۆری شكۆمەندی یەكێتی، زیاتر ئاوا دەبێ‌. ئیرادەی گۆڕانكاریش، بە هیچ چەشنێك بە پینەو پەڕۆ، یان بە پۆست گۆڕین‌و سەرخستنی تەكەتولێك بەرامبەر تەكەتولێكی دیكە، نایەتەدی. بەڵكو تەكەتولگێڕیی زیاتر متمانەی خەڵك بە یەكێتی لاواز دەكات‌و ریزەكانی یەكێتیش زۆرتر لەیەك دەترازێنێ‌.
سەركردەكانی تەكەتول، هەرگیز دڵیان بەو هێزە خۆش نەبێ‌ كە لەبەر پارەو كاری تایبەت لەدەوریاندا ماوون. بەدڵنیاییەوە، یەكێتی وەكو ئێستای بمینێ‌، ئەو هێزانە، بەشێكی بەرچاویان دوردەكەونەوەو بەشێكیشی هەڵدەگەڕێنەوە. بێگومانم كە ئەم هەلومەرجە لەكوردستان‌و عێراقدا دەگۆڕێ‌، ئیتر هیچ بەرپرسێك بە هێزە تایبەتیەكەی، ناتوانێ‌ تەراتێنی تەكەتول بكات‌و هەڕەشەی پێ بكات بڕیارەكانی بسەپێنێ‌.
تەنانەت بەدوری نازانم، گەر دۆخی یەكێتی، لەم دۆخەدا بمێنێتەوە، روداوی نەخوازراوی چاوەڕواننەكراویش، رووبەڕوی بەرپرسەكان بێتەوە.
ناشیشارمەوە، لەوباوەڕەم، ئەگەر یەكێتی چارەسەری كێشەكانی نەكات‌و، متمانە نەگێڕێتەوەو ریزەكانی تۆكمە نەكاتەوە، بەدەستی خۆمان دەبینە مایەی بەهێزتربونی پارتی‌و لایەنە نەیارەكانی تریشمان. لەحاڵەتی واشدا، تا دوو هەڵبژاردنی ئایندە، یەكێتی پاشەكشە دەكات بۆ چوارەمین لایەن. پارتی لەدەڤەری سەوزیشدا پێشدەكەوێ‌ بۆ یەكەمین لایەن. ئەمە، لەكاتێكدا، ئەگەر كێشەی چاوەڕواننەكراویش، لەناوماندا نەقەومێ‌!!

كۆنگرە؛ چارەسەرە
كۆنگرە، ئەگەر لەدوای راپەڕینەوە، ویستگەی پیاچونەوەو داڕشتنەوەی سیاسەتی یەكێتی بوبێ‌. بەدڵنیاییەوە، چوارەمین كۆنگرە، دوڕیانی هات‌ونەهاتی یەكێتییە. یان كۆنگرەی گۆڕانكاری، یاخود كۆتاییپێهێنانی رۆڵی مێژوویی یەكێتی. زۆربەی سەركردەكان، بەشی زۆری تەمەنیان بەخشیوەتە كوردستان‌و یەكێتی. ئێستا، كاتی هاتووە، بێ‌دوودڵی، چارەنوسی یەكێتی، بكرێتە بنەما بۆ بەستنی كۆنگرەی گۆڕانكاری.
باوەڕ بكەن، ئاسانە بە پیلان كۆنگرە ببەسترێ‌. دەشتوانرێ‌ سەدان لەو كەسانە بهێنرێنە كۆنگرە، كە پلەیان وەكو پەشمەك، بەبێ‌ شایستەیی خەباتی حزبایەتی پێبەخشراوە، بەڵام ئەم چەشنە كۆنگرەیە، كۆنگرەی رۆبۆتەكانە.. نەك كادرە شایستەكان.
كۆنگرەی بێ‌ دیالۆگ، كۆنگرەی بێ ئازادی، كۆنگرەی دەستەمۆكراوی بێ‌ ململانێ‌، تەنها كۆنگرەی پارتە سەرۆك دیكتاتۆرەكان‌و حزبەكانی دەسەڵاتە دژە دیموكراسیەكانە.
وڵاتان‌و دەسەڵاتی چوارەم، چاوی چاودێرییان تێبڕیوین. ئێستا لەسەر هێڵی سوری لەدەستدانی سەنگ‌و متمانەین، ئەگەر بێتو كۆنگرەی مردووش ببەستین، گومانتان نەبێ‌ یەكێتی لەسەر تاتەشۆری شارەوانی، شۆڕدەكەینەوە!!
- گوناحە، ئەوانەی لە شەڕو كارەسات نەترساوون، ئێستا، لە كۆنگرەی ئازاد بترسن.
- گوناحە، ئەوانەی چەندین جار لە مەرگ گەڕاونەتەوە، ئێستا، لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی پاساوی بەستنی كۆنگرەی خۆسەپاندنەوە دابتاشن.
- گوناحە، حزبێك، سەرقافڵەی شەهیدەكانی شیهابی شێخ نوری‌و هاوڕێكانی، عەلی عەسكەری‌و هاوڕێكانی، ئارام‌و هاوڕێكانی، شێخ حسێنی یەزیدی‌و هاوڕێكانی‌و هەزاران شەهیدش كەژاوەی نەمریی بێ‌.. ئێستا بەدیار ترسی بێناغەو لێبوكی سیاسیەوە، بۆ بەستنی كۆنگرە، دۆش دامابێ‌!!
ساڵێكە، هەڵمەتێكی دەرونی بەرپاكراوە هەتا مەترسی بخرێتە ناو ئۆرگانەكان بۆ بەستنی كۆنگرە. ئەم پروپاگەندە دەرونییە، سەراپا پێچەوانەی راستییە بابەتیەكانەو لەبەرژەوەندی بەرژەوەندخوازەكانە، كە بە هیچ چەشنێك نایانەوێ‌ ئازادی لەناو كۆنگرەدا بۆ گۆڕانكاری هەبێ‌.
مام جەلال‌و كۆنگرە
با ئاوڕێك، لە مامی رابەرمان لەسەر كۆنگرە بدەینەوە. مام.. هەرگیز، لە هیچ كۆنگرەیەكدا، لایەنگری لیستی تەوافقی نەبووە. زۆرترین ئازادی لەناو كۆنگرەكاندا هەبووە. تا ئەوڕادەیە، لەیەكەمین كۆنگرەدا، زۆرترین دەسەڵاتیان لێسەندەوە رازی بوو. لە دووەمین كۆنگرەشدا، لیستی تەوافقی قبوڵ نەكرد. بەڵكو هەتا كۆنفرانسە لۆكاڵیەكان نەبەسترا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنگرە، رازی نەبوو، كۆنگرە ببەسترێ‌.
لەناو كۆنگرەكانیشدا، دوای خوێندنەوەی راپۆرتی سیاسی، لە لیژنەكان‌و لەناو هۆڵەكەدا، مام مەگەر پرسیاری لێكرابا، ئەگینا ئازادی لە هیچ ئەندامێكی كۆنگرە زەوت نەدەكرد.
ئەو سیاسەتەی مام لەناو كۆنگرەكاندا، سیاسەتی زۆرترین بوار رەخساندن بۆ كادرو ئەندامانی كۆنگرە، نابێ‌ دوای مام جەلال، پێچەوانەكەی پەیڕەو بكرێ‌، رێبازی مام جەلال، تەنها هزرو سیاسەت نییە. بەڵكو رێسای خەباتی حزبایەتی‌و رێوشوێنی دیالۆگی ناو كۆنگرەو پلینیۆمەكانیشە.
سەیر بكەن، لەناو كۆنگرەكاندا، زیاتر لە (100) ئەندامی نوێی سەركردایەتی هەڵبژێردراوون، لای مام ئاسایی بووە، گەرچی رەنگە نیوەشیانی بە شایستە نەزانیبێ‌.
چ مەعقولیەتێكی تێدایە، لە شاخدا بیرمان لە كۆنفرانسی تەوافقی نەكردبێتەوە. لە سێ‌ كۆنگرەی دوای راپەڕین، لە بونی مام دا، كۆنگرەی تەوافقی نەبەسترابێ‌، كەچی لەم سەردەمەی جیهانگیری‌و ئازادی فراواندا، دوای ئەوەی كێشەكانی یەكێتی‌و گرفتەكانی دەسەڵاتدارێتی دەیان بەرامبەر جاران زیادیان كردووەو ریزەكانی یەكێتی لێكترازاوون، تازە تازە، بیر لەوە دەكرێتەوە، بە پینەوپەڕۆ، كۆنگرەی تەوافقی ببەسترێ‌، هەتا سەرجەم سەركردایەتی ئێستاو لەپاڵیشیا، لیستێكی تەكەتولە جیاوازەكان، بخرێنە ناو سەركردایەتیەكی فراوان!!
لەكۆتاییدا، دەڵێم:
لەگەڵ لێكتێگەیشتنم (تفاهم) دژی پیلانگێڕی‌و دوژمنایەتی ئەم‌و ئەووم.. سەرەڕای ئەوەی ناكۆكی زۆریش لەنێواندا هەبێ‌. با هەموان ئازاد بین. بەڵام هیچ هەڤاڵێكیش، ناكرێ‌، سەروی پرنسیپ‌و بەدەر بێ‌ لە ئیرادەی ئازادی ئەندامانی كۆنگرە.
ئەگەر، زۆرینەی كۆنگرە، بە سەركردەیەك یان چەندین سەركردە رازی نابن، چەند شەرمەزاریە، بە فرت‌و فێڵ، یان بەهۆی قۆزتنەوەی كێشەكانی ناو یەكێتیەوە، بەشەرتی چەقۆ لەناو كۆنگرەدا بیانەوێ‌ خۆیان دەربچێننەوە!!
بەهیوا، یەكێتی، بەوشیاری سەركردە پەرۆشەكان‌و هەڵوێستی كادرو ئەندامانی، بەرەو كۆنگرەی گۆڕانكاری، دوا بڕیاری مێژوویی بدات. كۆنگرەیەك، خەمی كەسوكاری شەهیدان بڕەوێنێتەوە، پێشمەرگەكان ئاسودە بكات‌و متمانە بۆ یەكێتیەكەی مام جەلال بگێرێتەوە.


لەگەڵ رێزی
مەلا بەختیار
20/7/2019
یادی (42) ساڵەی گەڕانەوەی مام جەلال بۆ كوردستان هاوکات پرۆژەکە گەڵاڵەیەکیش لەخۆدەگرێت کە ئەمەی خوارەوە دەقی گەڵاڵەکەیە: گەڵاڵەی‌.‌.
ئەركەكانی قۆناغمەلا بەختیار

گۆڕانکارییەکانی سەردەم، روداوەكان، دیاردەكان، دەركەوتە‌و كێشەكان، گەڵاڵەی ئەركەكانی قۆناغ دەكەنە بنچینەی سیاسەت‌و بیركردنەوە. لەڕوانگەی ئێمەوە، ئەركەكانی قۆناغ، ئەمانەی خوارەوەن:
یەكەم
ئەركەكانی حوكمڕانی
- نوسینی دەستوری مەدەنی هەمیشەیی گەلپەسەند.
- چەسپاندنی سیستەمی هاوچەرخ بكرێتە سیستەمی پەرلەمانی-دیموكراسی.
- دادپەروەری، بكرێتە بنچینەی یاساو پەرەپێدانی مەدەنیەت‌و ئازادی‌و سەربەستیەكانی ژن.
- ریشەكێشكردنی گەندەڵی‌و لێپێچینەوەی یاسایی، لە گەندەڵكار‌و سزادانیان.
- داڕشتنی سیاسەتی رۆشنبیری بكرێتە سەرچاوەی نەمانی ئەندێشەی توندوتیژی دینی‌و دونیایی.
- گۆڕینی فەلسەفەی پەروەردە، بەرەو فەلسەفەیەكی مۆدێرنی هاوچەرخی تەواو.
- چەسپاندنی سیستەمی بانكی‌و گێڕانەوەی متمانە بۆ بەرهەمهێن‌و بەكاربەر، بەشێوەیەك ئاشتەوایی هاوسەنگی كۆمەڵایەتی دەستەبەر بكات.
- چاودێریكردنی بازاڕو كۆمپانیاكانی كوردستان‌و بێگانە، كە سودیان بۆ ژێرخانی ئابوری بێ‌.
- دەستەبەركردنی تەندروستی كۆمەڵ‌و رزگاركردنی سێكتەری تەندروستی لە قاچاخچیەكانی دەرمانی ئێكسپایەر، كە سەرچاوەی نەخۆشیە كوشندەكانن.
- چەسپاندنی سیستەمی سۆسیال‌و دابینكردنی گوزەرانی هاوڵاتی، لە باشوری كوردستاندا. بەناوچەكانی دەرەوەی سنوری هەرێمیشەوە.
دووەم
ئەركە كۆمەڵایەتیەكان
- خەبات بۆ دادپەروەری چینایەتی-كۆمەڵایەتی، بكرێتە بنچینەی ئەركە سۆسیالیستیەكان.
- دژایەتی نەریتی باوكسالاری‌و سوربون لەسەر قوڵكردنی خەباتی یەكسانیخوازی.
- پەروەردەكردنی لاوان بە گیانی مەدەنی‌و رەخساندنی هەلەكانی پێگەیاندن‌و تێگەیاندن.
- دوژمنایەتی مادەی هۆشبەرو بەرپاكردنی هەڵمەتی فراوانی ریشەكێشكردنی.
- ژینگەپارێزیی، ئەركێكی چارەنوسسازی هەموو لایەكە، لەپێشەوەیاندا، یەكێتی.
سێهەم
ئەركەكانی یەكێتی
- گێڕانەوەی ژیانی حزبایەتی‌و پەروەردەی سۆسیال-دیموكرات‌و دژایەتی هەلپەرستی‌و چاودێری چۆنیەتی جێبەجێكردنی بەرنامەو بڕیاری یەكێتی، لە حكومەت‌و لەناو خەڵكدا.
- پابەندبون بە پەیڕەو و پرۆگرامی یەكێتی، لە لوتكەی ئۆرگانەكانەوە، بۆ پۆلەكان.
- دانانی رێسای سزا و پاداشت، بۆ كادرو ئەندامانی چالاك‌و كەمتەرخەم.
- كاراكردنی راگەیاندن، بەپێی رۆژگاری سۆسیال میدیاو شۆڕشی پەیوەندیەكان.
- بەستنی كۆنگرەی رێكخراوە دیموكراتیەكان‌و سەربەخۆیی كاری (رێكخراو-سەندیكا) لەچوارچێوەی ستراتیژی یەكێتی-دیموكراسیداو كۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەرەیی.
- كردنەوەی دەروازەكان بۆ توانامەندەكان‌و بەبێ‌ راوێژكردن لەگەڵیاندا، لەسەر پرسەكانی، یاسایی، ئابوری، كۆمەڵایەتی‌و ئەكادیمی، هیچ بڕیارێك نەدرێ‌.

چوارەم
ئەركی بەستنی كۆنگرە
- (6) ساڵ لە وادەی بەستنی كۆنگرە تێپەڕیوە. پاساوی دواخستن نەما. دەسەڵاتی بەستنیشی لای ئەنجومەنی ناوەندە.
- گرنگیی وادەی بەستنی كۆنگرەو جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ناوەند، لەمەودوا، ئۆرگانەكان، دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتی مێژووییەوە.
- كۆنگرە، دووربخرێتەوە لەهەموو جۆرە رێكەوتن‌و بڕیارێكی نادیموكراسی مەترسیدار!
- هەڵبژاردنی دیموكراسیانەی دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە، دوور لە تەكەتول.
- لیژنەكانی هەڵسەنگاندنی پەیڕەو، پرۆگرام، ئابوری، سیاسی‌و حوكمڕانی، پێویستە ئاوێتەیەك بێ‌ لە كادری بەتوانای حزبی‌و توانامەندە خاوەن بڕوانامەكان.
- لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرە، لەنوێنەرایەتی ئۆرگانە باڵاكانی یەكێتی پێكبێ‌.
- داوای دادوەری بێلایەن بۆ سەرپەرشتی كۆنگرە بكرێ‌‌و رێگەش نەدرێ‌، هیچ دەزگایەكی تایبەتی لەناو هۆڵی دەنگداندا، چاودێری پرۆسەی دەنگدان بكەن.


مەلا بەختیار
20ی تەمموزی 2019

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە