کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فه‌لسه‌فه‌ی حزبی سكیولار و كاندیدی باڵاپۆش

Thursday, 18/07/2019, 11:51


له‌وانه‌یه‌ ئێستا كۆمه‌ڵێك ته‌كتولچی و هه‌ماهه‌نگ له‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی ته‌سك بڵێن سكۆلار و باڵاپۆش شتێكی ئاساییه‌ و له‌گه‌ڵ بیرو بۆچون و بنه‌ما فكریه‌كان یه‌كترنابڕن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مێژووی باڵاپۆشی و مه‌به‌ست و چۆنێتی هاتنی ئه‌م شێوه‌ ‌سه‌رپۆشه‌ بۆ كوردستان و سه‌پادنی و جۆری باڵاپۆشیه‌كه‌ به‌ ته‌واوی بزانێت ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كلاده‌بێته‌وه‌ كه‌ تاكه‌ مه‌به‌ستی سیاسی ئیسلامیانه‌ی ژێر ئه‌م پۆشینه‌ هاورده‌كردنی كولتووری عه‌ره‌بی بیابان و ئیسلامی سیاسی وه‌هابی و ئه‌خوانه‌كانه‌ و، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ كولتووری كورده‌واریه‌وه‌ نیه‌، كه‌ بۆ هه‌مولایه‌ك روونه‌ داپیرانمان سه‌رپۆشه‌كه‌یان چۆن بوو و چۆن سه‌ریان داده‌پۆشی. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ یه‌كلاده‌كاته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌مرۆ له‌ پارادۆكسێكی فه‌لسفی و فكریی وادا ده‌ژی كه‌ كه‌س سه‌ری لێده‌رناكات. حزبی سۆشیال دیموكرات و بنه‌ماڵه‌یی، سكیۆلاری و ره‌فتار ئیسلامی سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی و باوه‌ربون به‌ مافی چاره‌ی خۆنوسین و عیراقچێتی، باوه‌ربون به‌ كوردستانی گه‌وره‌ و په‌یوه‌ندی فراوانی هه‌مه‌چه‌شنی ستراتیجی ( نه‌ك ته‌كتیكی وه‌كو پێشتر هه‌یبوو) له‌گه‌ڵ داگیركه‌ران، ئه‌مه‌ چه‌ندین ناچونیه‌كی و یه‌كتربڕین و دژ به‌یه‌ك ده‌بینیت كه‌ له‌ گه‌ڵ سه‌رده‌م و فكر و فه‌لسه‌فه‌ی راست و راستگۆیی له‌ گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری خۆتدا نه‌بێت و ناگونجێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌م حزبه‌ دڵسۆزی و وه‌فای كه‌سوكاری شه‌هیدان و پابه‌ندبون به‌ فكری خۆفیداكاری شه‌هیدانه‌ له‌ رێگه‌ی قوربانیدان بۆ نیشتمان و گه‌له‌كه‌یان له‌ كاروانێكی خه‌باتی دوورودرێژدا خۆیان به‌ختكرد ، ئه‌وانه‌ی له‌ رۆژگارێكدا خۆیان پێشكه‌ش به‌ گه‌ل و نیشتمان كرد كه‌ یه‌كێتی خاوه‌نی بیرو فكر و فه‌لسه‌فه‌ی پێشكه‌وتنخوازی تایبه‌تی و سه‌رده‌مانه‌ی خۆی بوو.
ده‌شێت مرۆڤێك خاوه‌نی بیروباوه‌ری تایبه‌تی خۆی و حزبه‌كه‌ی یه‌كترببرن؟ ئه‌ی چۆن ره‌فتار له‌ گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ هه‌ستیاره‌ گشتیه‌كانی كوردستان بكات به‌ تایبه‌تی له‌ لوتكه‌ی هه‌ستیارترین ده‌زگای بریار ویاسا و ته‌شریع بێت. ئایا یه‌كێتی نیشتمانی بیری ئه‌و رۆژانه‌ ناكاته‌وه‌ كه‌ بریاره‌كه‌ی نه‌مر مام جه‌لال كوردستانی پێوه‌ پابه‌ند كرد؛ ئه‌ویش قه‌ده‌غه‌كردنی فره‌ژنی بوو كه‌ كرۆكی سكیۆلاریزمی به‌ كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌رز ده‌چه‌سپێنێت، ئایا كاندیده‌كه‌ی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان باوه‌ر به‌ فره‌ژنی هه‌یه‌ كه‌ به‌ پێی دیمه‌ن وبیروباوه‌ره‌ تایبه‌تیه‌كه‌ی خۆی ده‌بێت پابه‌ند بێت به‌ سه‌رچاوه‌ی پیرۆزی فكره‌كه‌ی كه‌ قورئانه‌، یان كار به‌ فه‌لسه‌فه‌ی حزبه‌كه‌ی ده‌كات كه‌ پابه‌نده‌ به‌ بۆچونه‌كانی نه‌مر مام جه‌لاله‌وه‌، ئایا بیری ئه‌و رۆژانه‌ی حزبه‌كه‌ی ناكاته‌وه‌ كه‌ بریاری گرنگی گشتی له‌مه‌ر سكیۆلاریزم و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ شانازیه‌وه‌ ده‌رده‌چوون و هه‌ر ئه‌و بۆچون و ره‌فتارانانه‌ بوونه‌ هۆكاری رۆشنكردنه‌وه‌ی رێی زۆرینه‌ی گه‌نجانی ده‌یه‌كانی كۆتایی هه‌فتاكان و هه‌شتاكان.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی سه‌رسورمانه‌ كه‌ پارتی به‌و پێكهاته‌و فكر و ره‌فتارانه‌وه‌ به‌رێز فالا فه‌رید بكاته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و یه‌كێتی به‌و میێژوو و پێكهاته‌یه‌و و رێگه‌ رۆشنه‌ی مێژوویه‌وه‌ به‌رێز رێوازفایق به‌و شێوه‌یه كاندید بكات و بیكاته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌وجا هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌و ته‌ناقوزات و پارادۆكس و ناچونیه‌كی و یه‌كتربره‌ سیاسی و فكریه‌ی كوردستان به‌گشتی بكه‌ن نه‌ك له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی به‌ ته‌نها.
لێره‌وه‌ ده‌بێت یه‌كێتیه‌كان پرسیار له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بكه‌ن چه‌ند پابه‌نده‌ به‌ فكری سۆشیال دیموكرات و به‌ سۆشیالیزمی زانستی و عه‌لمانیه‌ته‌كه‌ی حزبه‌كه‌ی و جیاوازی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و و كچێكی باڵاپۆشی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی چیه‌، سبه‌ی پرۆژه‌ بریاریكی سكیۆلاریزمانه‌ی سۆشیال دیموكراتانه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، ئایا فێڵ له‌ بیروباوه‌ری خۆی ده‌كات و باڵاپۆشه‌كه‌ی ته‌نها رووكه‌شه‌ یان چه‌واشه‌ی حزبه‌كه‌ی ده‌كات؟ له‌م سیاسه‌ت و ته‌كه‌تولبازی و حزبایه‌تی و ململانێی نێوخۆیی ئه‌م حزبانه‌ و له‌م دونیا سه‌یره‌دا تا بمێنین زۆرتر ده‌بینین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە