کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تكایه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو پارتی و رزگارمان بكه‌ن!

Thursday, 18/07/2019, 10:38


جیاوازی نێوان ئه‌و حزبانه‌ی حكومه‌تیان پێكهێنا، هێنده‌ كه‌م بۆته‌وه‌ به‌شی ئه‌وه‌ ناكات وه‌ك حیزبی جیاواز كاربكه‌ن!. بۆیه‌ زۆرباشتره‌، هه‌موو حزبه‌كانی تر له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌رێگای باڵ و كه‌سه‌كانیانه‌وه‌ به‌ نهینی بچنه‌ ناو پارتی و یاری به‌ ویژدانی خه‌لك بكه‌ن، راسته‌وخۆ ببنه‌ پارتی. خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ك بانگه‌شه‌تان بۆ كردووه‌ ئه‌گه‌ربه‌ ئاشكرا پارتی بوون عه‌یبێكی گه‌وره‌ بێت، ئه‌وا به‌ نهێنی پارتی بوون ریسواییه‌!. بۆیه‌ په‌ژیوان ببنه‌وه‌و بڕۆنه‌وه‌ ناو پارتی با هه‌ر عه‌یبه‌كه‌تان بێته‌ سه‌ر نه‌ك ریسواییه‌كه‌. دڵنیابن ئه‌و هه‌نگاوه‌تان له‌ هه‌موو روێكه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ خۆتان و به‌ كورد ده‌كات و ره‌نگ بێت زیانیش به‌ پارتی بگه‌یه‌نێت، خزمه‌ت به‌ خۆتان ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و شه‌رمه‌زاریه‌ ده‌روونیه‌ رزگار ده‌بن، كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن یاخود ركابه‌ری پارتی بن، له‌ ژێره‌وه‌ش سیخورو پیاوی ئه‌وبن، كه‌ ره‌نگ بێت ئه‌وه‌ بارێكی زۆر زۆر گران بێت ئێجگار ماندووتان بكات! له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی رووی راسته‌قینه‌تان ورده‌ ورده‌ ئاشكرا بێت، كه‌ ئێستا به‌ ته‌واوی په‌رده‌تان له‌ روو هه‌لمالدراوه‌!، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ نیو نیگاو به‌ دزیه‌وه‌ دڵداری له‌گه‌ڵ پارتی بكه‌ن!، خۆتان جورئه‌تتان هه‌بێت ئه‌و په‌رده‌یه‌ به‌ یه‌كجاری له‌سه‌ر رووتان هه‌ڵمالن، راسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر مه‌عشوقه‌تان بووه‌ستن. دڵنیابن به‌ر له‌ هه‌موو كه‌سێك خۆتان ده‌حه‌سێنه‌وه‌، ئاخر هیچ شتێك له‌ نیفاق و دوو روویی زیاتر ئازاری مرۆڤ نادات!. بوێر بن، چۆن به‌شه‌و پارتینه‌ و له‌ناو ده‌سه‌ڵاتن، واز له‌وه‌ بێنن به‌ رۆژ ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن و خه‌لك فریو بده‌ن، به‌ رۆژیش هه‌رپارتیه حه‌یاته‌‌كه‌ بن باشتره‌، له‌به‌ره‌ئه‌وه‌ی حزب هه‌رچه‌نده‌ ناشرین بوو بێت، ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌ پیاوانه‌و وه‌ك خاوه‌ن پڕه‌نسیپێك كاری بۆ بكات، تۆزێك بواری ریزگرتن بۆ خۆی دێڵێته‌وه‌!. واز له‌و گه‌مه‌ قیزه‌ونه‌ بێنن و پیاوی چابن به‌ رۆژیش ببنه‌وه‌ پارتی. ئاخر ئه‌گه‌ر له‌ رێگای پارتیه‌وه‌ ببنه‌ وه‌زیرو پۆست ‌و پله‌و پایه‌ وه‌ربگرن، زۆر پیاوانه‌تره‌ له‌وه‌ی به‌ زمانه‌ ماتماتكیكه‌ به‌ خستنه‌به‌ری پارتی ئه‌و پۆستانه‌ وه‌ربگرن!. ئێوه‌ هه‌ر خۆتان بشارنه‌وه‌، باوه‌ڕبكه‌ن ره‌نگی پارتیه‌تیتان به‌ ئاشكرا پێوه‌ دیاره‌و ره‌نگی پارتیتان گرتووه‌!. ئه‌مڕۆ له‌ناو وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌مدا ته‌نیا پارتیم ده‌بینی، جا پارتیه‌ راشكاوانه‌كان، یاخود ده‌مامكداره‌كان!. بوونتان به‌ پارتی سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌و ریسوابوونه‌تان رزگار ده‌كات، سوودی بۆ خه‌ڵكی كوردستانیش ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ رووی ئابوریه‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆر ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆجه‌ی هه‌رێم، كه‌ ئێستا به‌ ناوی بۆجه‌ی حیزب و كڕین و فرۆشتنی ئه‌ندامه‌كانی یه‌كتر به‌ هه‌ده‌ری ده‌ده‌ن!. دڵنیابن به‌ ئاشكرا پارتی بوونتان زیانێكی زۆر گه‌وره‌ به‌ پارتی ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ رقتان له‌و حیزبه‌یه‌و شه‌ڕی ده‌كه‌ن، وه‌ك بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن. له‌به‌ر‌ئه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ پارتی راشكاوانه‌ حكومه‌تیكی تاك حزبی پێكده‌هێنیت و بواری ئه‌وه‌ی لێده‌سه‌نرێته‌‌وه‌، كه‌ باس له‌ فره‌ حزبی و دیموكراسیه‌ت بكات. هه‌رچه‌نده‌ من پێم وایه‌ ره‌نگ بیت ئه‌و خاڵه‌ لای ئێوه‌ له‌ هه‌موو خاله‌كانی تر گرنگتر بێت هه‌رگیز نه‌تانه‌وێت پارتی ئه‌و جله‌ ئالو واڵایه‌ی دیموكراسی له‌سه‌ر هه‌لماڵرێ. چونكه‌ بێشكه‌و لانه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆتانه‌و نان و كاسبیه‌كه‌ی ئێوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌یانه‌ ‌!. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ زه‌یشتان به‌ پارتی دێته‌وه‌ ناتانه‌وێ بیخه‌نه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌وه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر له‌به‌رخاتری دوو خاله‌كه‌ی تر ببنه‌ پارتی. خه‌ڵكیش رزگار ده‌كه‌ن له‌ گه‌ڕه‌لاوژه‌ی ره‌خنه‌گرتن له‌ بنه‌ماله‌ی بارزانی. شه‌رمی ناوێ ئێوه‌ خۆتان له‌ هه‌موو خه‌ڵكێك زیاتر دڵبه‌ندن پێیان و هه‌موو شه‌ڕه‌كانی ئێوه‌ له‌سه‌ر نۆره‌گرتن بووه‌ بۆ به‌ خزمه‌ت گه‌یشتنیان و زیاره‌ت كردن و ده‌ست ماچكردنیان، شه‌ڕ كردنتان له‌گه‌ڵ ئه‌و بنه‌ماله‌یه‌ شه‌ڕی نێوان خۆشه‌ویستانه‌!. هه‌موو ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژانه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوودا سه‌ری خه‌ڵكتان پێهێشاندو ماڵی خه‌لكتان پێ وێران و نانبڕاو كرد، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو نۆره‌كه‌تان كه‌میك بچێته‌ پێشه‌وه‌. بۆیه‌ تكا ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر هه‌مووتان ببنه‌وه‌ یه‌ك حزب، ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و نۆره‌ بڕین و شه‌ڕكردنه‌ رزگارتان ده‌بێت، هیوادارم گوێ له‌م په‌یامه‌ی من بگرن و به‌ راشكاوی و به‌ رۆژی رووناك بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌تان!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە