کۆمیـدی لە ئـەدەبی منـداڵان
Tuesday, 16/07/2019, 19:46
منداڵـیەتی قۆنـاغـێکی زۆر گـرنگ و هەستیارە لە بنیاتـنانی کەسایەتی هـەر مـرۆڤـێکدا. کۆمیـدی یا گەنجـەفە و گـاڵتەوگەپ لە ئـەدەبی منداڵانـدا، رۆڵ و کارتێکـردنێکی گـرنگی هەیە، لە گەشەکردنێکی خۆڕسکی تواناکـانی منداڵ و لە بنیاتنانی کەسایـەتییەکی ئاسایی دروست و هـاوسەنگ و کۆمـەڵایـەتی و کـراوەدا.
مەبەست لە کۆمیدی یا گاڵـتەوگەپ و جەفـەنگ، ئەو جۆرە نووسینانـەن کە بە هۆنـراوە یا چیرۆک و چیرۆکە هۆنـراوە یا شانـۆیی یا بە نوکـتەی خـۆش، بە شێوازێکی ساکار و ئاسان و ناسـک و شـیرین و رەوانی گاڵـتەئامێز بۆ منـداڵان داڕێـژراون، گـەشی دەخەنە سەر روویان و خۆشی و شادی دەخەنە دڵـە قنجەکـانیان و زەردخـەنە دەخەنە سەر لێوە ئاڵەکانیان و چـێژێکی خۆشیان پێدەبەخشن و دەیانهـێننە پێکەنین و هـەور و تەمی خـەم و بێزاری و نائارامییان دەڕەوێننەوە، هەڵچوون و باری گرژی و تووڕەبوونیان هـێور و ئاسایی دەکەنەوە.. ئـەدەبی منـداڵان بەبـێ جـۆری کۆمـیدی ئـەدەبێکی ناتـەواوە. گەرچی پێکـەنـین مەگـێزێـکە و لە دایکبوونـەوە لەگـەڵ مـرۆڤ دایـە، بەڵام دەتـوانـرێت لە رێـی پاڵنەر و وروژانـدنەوە مرۆڤ بێتە پێکەنین، بە زەردەخـە و بە پێکەنینیش گۆزارشت لە خۆشی و شادی خۆی بکـات.
چـیرۆک و هۆنراوە و شانۆی کۆمیدی (گاڵتەئامێز)ی منداڵان، کە لە فۆرمێکی هۆنەریی شـیرین و ناسکـدان، لە ناوەڕۆکـدا، گـەلی ئامـانج و مەبەسـت و پەنـد و ئامـۆژگـاری و رێنمـایی و بەهـای بـەرزی کۆمـەڵایـەتی و مـرۆڤـایەتییان لەخۆگـرتوون.. ئامـاژەش بـە رەفتاری دروست و هەڵسوکەوتی پەسەند و رەوشتی باش و جوان دەکەن. گەلی تەوس و توانـج و پلار و تانە و تەشەریش لە بەدکاران و لە کـاری دزێـو و قـێزەوەن دەگـرن.
ئەدەبی کۆمیدی زانیارییەکە وەکو هەریەکە لە زانیارییەکانی تر.. بە شارەزایی و لێزانین دێتـەدی. گەلێ لە نووسەران و هـونەرمەنـدانی جیهـانی، کە لەم بـوارەدا بەهــرەدارن و هۆگـری نووسینی بابـەتی کۆمیدین، توانیویانن سەرکـەوتن بەدەسـت بهـێـنن و چەنـدین پەرتووکی بابـەت کۆمیـدیان بۆ منـداڵان چـاپکـردوون و ناوبانگـیان پێـیان دەرکـردوون. لە راستیـشدا، نووسـینی چـیرۆک و چـیرۆکە هـۆنـراوە و شانـۆی کـۆمـیدی بـۆ منـداڵان کارێکی هیندە ئاسای و ئاسانیش نییە، کە هەر نووسەرێکی ئارەزوومەند بتوانێت خـۆی لە قەرەی بدات و سەرکەوتووبێت. چونکە نووسەری کۆمیـدی پێویستە شارەزای بنەما
و مەرجەکـانی ئەم جـۆرە ئەدەبــە بێت و شارەزایی لە شـێوازی داڕشــتن و لە زمـان و فەرهـەنـگ و لە خواسـت و خولـیا و ئـارەزوو و لە قۆنـاغـەکـانی منـداڵی و لە جیـهانی منداڵان هەبێت. بتوانێت خۆی لێیان نزیک بکاتەوە و بچێتە دڵ و هۆشیانەوە، لە راز و نیاز و لە پاکی و بێتاوانیان تێبگـات.. پێویستە نووسـەرێـکی خەیـاڵ فـراوان و بیـرتـیژ بێـت، کەسێکی رووخـۆش و گـەش و لێـوبەخـەنـدە و دەم بە پێـکەنین و گوفـت شیرین بێت، کراوە و گەشبین بێت. توانای داهـێنانی پاڵەوان و کـاراکتەری کۆمیدی گاڵـتەئـامێز و قوشمەچـی بۆ نووسینەکـانی بۆ منداڵان هەبێت.. دوور لە شێوازی چاولێکەری سواو و ئێکسپایەر، دوور لە دووبارەکردنەوەی رۆتینی بـاوی رۆژانـە و قوتابخـانە. پێویستە بابەتەکـانی نووسینە کۆمیدییەکـانی بۆ منـداڵان ئاراستەکـراوبـن، کـورت و پوخـتـبن. بە شــێوازێکی ئاسان و شــیرین و ناسـک و رەوان دایـان بـڕێـژێت، بتـوانێت بە ئاسانیش سەرنجی منـداڵان رابکـێـشێت و بیان هێنێـتە پێکەنین و تا کۆتـایی واز لە خوێندنـەوەی نووسینەکانی نەهـێنن و چێژیان لێوەربگـرن.. گرنگیشە لە نووسینەکانیدا راستگۆبێت.
کۆمیدی یا جەفەنگی بابەتێکی پەروەردەیی و فێرکردنە، بۆ ئەو کەسانەی بیانەوێت لەم بوارەدا بنووسن و خۆیان تاقی بکەنەوە.. مامۆستایـانی وانەبێـژی لێهاتـوو و بەڵـدیش، گەر بیانەوێت و بتوانن، ئەو بابەتانەی گـرانن بە لای قوتابییەکانیانەوە، گەر بەرگـێکی کۆمیدی بکەن بە بەریانـدا و بە شێوازێکی ئاسان و رەوانی گاڵتەئـامێز دایان بـڕێـژن.. دەتوانـن بە ئاسانی پەیـام و مەبەستەکانیان بە قوتابییەکانیان بگەیەنن.. قوتابییەکـانیان بە ئاسـانی و بە خـۆشییەوە وەریان دەگـرن و فـێریـان دەبـن و لە بیریـان ناچـنەوە.
لە جیهانی جەنجاڵی پڕ لە سەرقاڵبوونی ئەمڕۆدا، منداڵەکانمان پێویستییەکی زیاتریان بە بە خـۆشی و شـادی و بە کامەرانی هەیە، پێویستییەکی زیاتریان بە گەشی و بە کرانەوە و رووخۆشی و بە زەردەخەنە و بە پێکەنین هـەیە.. پێویستە پێکەنین ببێت بە بەشـێک لە ژیـانی رۆژانەیـان.
لە ئەمـڕۆدا، لە هـەنـدێ لە وڵاتـانی ئەوروپـادا، بۆ خامـۆشکـردنی سـوێ و ئـازارەکـانی نەخۆشیـیەکـانی منـداڵان، کەسانی گاڵـتەئـامێز و سوعـبەتبـاز و قوشـمەچی و نوکتەبـاز، سەردانی نەخۆشخانەکانی منداڵان دەکەن و ئاهەنگ و بەرنامەی پڕ لە پێکەنین و شادی و خۆشیـیـان پێشـکەش دەکـەن و خۆشـییەکی زۆر دەخـەنە دڵ و دەروونیـانەوە و شـتی سەیـر و سەمەرەیـان پێشکەش دەکەن.. تا رادەیەکی زۆر لە ئێش و ئـازارە دەروونی و جەسـتەییەکـانیان کەم دەکـەنە.
زۆر بە کورتی باس لە هەنـدێ لە سوودەکـانی چـیرۆک و هۆنراوە و چیرۆکەهۆنراوە و شانۆی کۆمیـدی و گاڵتەئامێز بۆ منـداڵان دەکەین، بەو هـیوایەی کە دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان و پەروەردەکـاران و نووسـەران و هـونەرمەنـدان سوودیـان لێوەربگـرن:
١ـ هۆنراوە و چیرۆک و چیرۆکەهۆنراوە و شانۆی کۆمـیدی، پێویستیـیەکی گـرنگـن بۆ هـانـدانی منـداڵان، بۆ ئـەوەی هـەر لە بچـووکییەوە هـۆگـری خوێنـدنەوە ببن، دوور لە شـێوازی چاولـێکەریی تەڵـقـین ئاسـایی و لە ئاخـنینی ئامـۆژگاری وشـک.
٢ـ زەردەخـەنە و پێـکەنین کـارتێکـردنێـکی ئەرێنیـیان لە ئـاراسـتەکـردنی منـداڵان و لە بنیاتنـانی کەسایەتی و داهـاتـوویـان دا هـەیـە.. بە گەشبینیـشەوە لە داهـاتوو دەڕوانـن.
٣ـ بابەتە کۆمیدییەکـان کە لە ناوەڕۆکـدا مەبەستدارن، هـانی منـداڵان دەدەن کە باشتر و قووڵـتر بیربکـەنەوە.. ئـەو مەبەستانـەش هـەڵـبهـێـنجـێـنن کە لە نووسیـنەکـانـدان.
٤ـ نووسـەرانی ئـەدەبـی منـداڵان، لە میـانەی بابـەتە کۆمـیدی و گـاڵـتەئـامێزەکـانیانەوە، دەتوانـن مەبەسـت و پەیـامە ئەرێنییەکـانیان و گـەلێ پەنـد وانـە بە منـداڵان بگەیـەنـن.
٥ـ بابەتە کۆمیدییەکـان، سەرەڕای ئەوەی کە خۆشی و شـادی دەخەنە دڵی منـداڵانـەوە. دڵـنیایی و هــیوا و گەشبـینی و متمانە بەخۆبوونیشـیان پێـدەبـەخـشن.
٦ـ بابەتە کۆمیدییەکان هۆکـارێکن بۆ هـێورکردنەوەی نائـارامی و گـرژی و تـووڕەیی و هەڵچـوون و شڵەژان و دڵەڕاوکێ و بۆ لە بیربردنەوەی دڵتەنگی و خەفەت و خەمۆکی.
٧ـ زەردەخـەنە و پێـکەنـین و رووخـۆشی و گـەشی و کـرانـەوە، هـۆکـارن بۆ پێکـەوە هەڵکـردن و بۆ دروستکـردنی هـاوڕێتی و پەیـوەندییەکی ئەرێـنی لە نێـوان منـداڵانـدا.
٨ ـ بابـەتە کۆمیدییەکـان، حـەز و چـێژی خوێندنـەوە لە دەروونی منـداڵانـدا دەڕوێـنن.
٩ـ پـرەنسیپە ئەرێنییەکـانی رەوشـت بەرزی و رەفـتار دروستی لە منـداڵانـدا دەڕوێنن.
١٠ـ بابـەتە کۆمیدییـەکـان، چـۆست و چالاکییەکـانی منـداڵان شحـن و تـازە دەکەنـەوە.
١١ـ بابـەتە کـۆمیـدییەکـان، بـاری مەینـەتیـیەکـان سـووک دەکـەن، سـوودێـکی زۆری تەنـدروستـیـیان هـەیـە، چـارەسـەری گـەلـێ لـە گـرفـت و لە نـەخـۆشـیـیە دەروونـی و جەسـتەییەکـان دەکەن، سـوودێـکی زۆر بە ماسوولکـەکـان و بـە دەمـارەکـانی لـەش و بە خـوێنـبەرەکـان دەبـەخـشن.
١٢ـ بابەتە کۆمیدییەکـان، سۆز و خۆشەویستی و دڵنەرمی و ئاسوودەیی و دڵسۆزی و دلـۆڤـانی و راستگـۆیی و هـاوسـۆزی و هـاوخـۆشی بە منـداڵان دەبـەخـشـن.
لە ئـەدەب و فۆلکـلۆری کوردیمانـدا، گەلێ چیرۆک و چـیرۆکەهـۆنـراوە و هـۆنـراوە و شانـۆی کۆمیـدی و گاڵـتەئـامێـزمان هـەن، کە بـۆ منـداڵان و مـێردمنـداڵان شـیاون.. بـۆ نموونە، چیرۆکی (مریشکە قونـدە.. دەچـێت بۆ شاری شـووکردن) ئەمـەش بەشێکە لە دەقی چیرۆکی کۆمیدی (مـریشکە قـونـدە) کە چیرۆکێکی فۆلکلۆریی رەسەنی کوردییە:
مـریشـکە قـونـدە بـۆ شـاری شـووکـردن بەڕێـکـەوت.. تـووشـی شـوانـێک بـوو. شوانـەکە بە مـریشکە قـوندەی گـوتی : مـریشـکە قـونـدە بـۆ کـێوە دەچـی؟
مـریشکە قـونـدە گوتی : سندانی مریشـکە قونـدەی! بۆچـی دەڵـێی مریشکە قـونـدە؟! شوانـەکە گـوتی : ئـەدی بـڵـێم چـی؟ مـریشـکە قـونـدە گـوتی : بــڵێ : نــــازێ .. نــــازێ چـارۆک .. پـێـازێ رەقــمە .. رەقـازێ دەچـیە.. کـێـندەرێ؟
شـوانـەکە گـوتی : نـــــازێ .. نـــــازێ چــارۆک .. پـیــازێ دەچـیە .. کـێـندەرێ؟
مـریشکە قـونـدە گـوتی : دەچـمە شـاری شـووکـردنێ. شوانـەکە گـوتی : وەرە شـووم پـێ بکـە. مـریشکە قـونـدە: گـوتی : باشـە، بـەڵام چـۆنـم بەخـێو دەکـەی؟ شـوانـەکە گـوتی : بـە نـانی شـوانی. مـریشـکە قـونـدە گـوتی : کـەوابێ شــووت پـێـناکـەم!
( تـا کۆتـایی چـیـرۆکـەکـە ..................)
چـیرۆك و سەرگوزشتەکانی (مەلا مەزبـوورە) و (ئەحەی کوڕنـو) و (خاڵە رەجـەب) و (لالە سەرحـەد) و (ئەحـۆل) و چیرۆک و نوکتەکانی ناو (رشتەی مـراوری ـ عەلائەدین سوجادی) کە بەشێوازی گاڵتەئامێز داڕێژراون بەشێکن لە بابەتی کۆمیدی و جەفەنگی. ئەمەش نموونەیەکی ترە لە چیرۆکی کۆمیدی فۆلکلۆری کوردیمان لە ژێـر ناوی هەبوو نەبوو.. کە بۆ منداڵان لەبارە و دەیانهێتە پێکەنین و خۆشی و شـادی دەخـاتە دڵیانەوە:
هـەبــوو .. نـەبــوو
کەس لە مـرۆڤ سەرسەخـتـتر نەبـوو. هـەڵـیانگـرت ، جـێگـای نەبـوو. دایـانـنا ، رێـگـای نەبـوو. خـستـیانە بنمـیچ ، دانـی چـوو بە ریــچ. خـستـیانە نـاو تـاق ، چـاوی چـوو بە زاق. خـستـیانە سەر کەڵـەک ، کەڵـەک رووخـا. گـوتیان : کەڵـەک بـۆ رووخـای؟ گـوتی : ئەی بۆچـی گـیا لە بنمـدا دەڕوێ؟
گـوتیان : گیا بۆچـی لە بنـیدا دەڕوێی؟ گـوتی : ئەی بۆچـی بـزن سەرقـرتـم دەکـات؟ گـوتیان : بـزن بۆچـی سەرقـرتی دەکـەی؟ گـوتی : ئەی بۆچـی گـورگ چـاوم لێ زەق دەکـاتەوە؟ گـوتیان : گـورگ بۆچـی چـاوی لێ زەق دەکـەیـتەوە؟ گـوتی : ئەی بۆچـی شـوان حەلـەلـەم لێ دەکـات؟ گـوتیان : شـوان بۆچی حەلـەلـەی لێ دەکـەیت؟ گـوتی : ئەی بۆچـی داپیـرە ناهـێـڵێ بـدۆشــم؟ گـوتیان : داپیـرە بۆچـی ناهـێڵی بـدۆشــێ؟ گـوتی : ئەی بۆچـی مشـک سەردۆڵـەم دەخـوات؟ گـوتیان : مشـک بۆچـی سەردۆڵـەی دەخـۆیت؟ گـوتی : ئەی بۆ پشــیلە چـاوم لێ زەق دەکـاتەوە؟ گـوتیان : پشــیلە بۆچی چـاوی لێ زەق دەکـەیتەوە؟ پشـیلە گـوتی : کەتنـەکەی ئەلـە بە ریشـم، ئـەگــەر لـێـــرە بـنـیـــــشــم. دەچــــم بـۆ شـــاری تـــاران، جگەرە قـوت قـوت دەکـیشـم.
(*) تا رادەیەک سـوودم لە چەنـد سـایتـێک و لەم سەرچـاوانە وەرگـرتوون:
١ـ الفکـاهـة في ادب الاطفـال الیـوم .. دکـتورە وفـاء السـبیل. ٢ـ الفکـاهـة ضـروریة لتشجیع الاطفـال علی القـراءة .. موقع میـدل ایست اونـلاین. ٣ـ ادب الاطفـال .. دکتور سـمیر عـبدالوهـاب احـمد .. عـمان ـ الاردن : ٢٠٠٦ ٤ـ ئەدەبی منداڵانی کورد.. بەرگی دووەم .. حەمە کەریم هەورامی .. هەولێر: ٢٠٠٧
٥ـ دیـلان.. کتێبی خوێنـدنـەوەی کـوردی ـ ئاستی دووەم .. دانـانی : فەهـمی کاکـەیی و مەهـابـاد قـەرەداغـی و ئەمجـەد شـاکـەلی .. سـویـد : ٢٠٠٣
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست