کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌زانن پێوه‌ری ده‌ستنیشانكردنی كاندیده‌كان چۆن بووه‌؟

Wednesday, 10/07/2019, 8:14


ئه‌گه‌ر چاو به‌ كاندیده‌كانی گۆڕان و یه‌كێتی بگێڕیت و وه‌زعی نێوخۆیی و كێشه‌ و ململانێی نێو ئه‌و دو حزبه‌ بخوێنیته‌وه‌، ئه‌وا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ته‌نها و ته‌نها رازیكردن و له‌به‌رچاوگرتنی پێگه‌ و قورسایی و به‌رژه‌وه‌ندی كوتله‌ و جه‌مسه‌ره‌كانه‌ حوكمی یه‌كلاییكردنه‌وی كاندیده‌كانی داوه‌،  ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ یاریه‌كی ته‌كتیكی به‌ ناوی هه‌ڵبژاردن و ته‌خویلكردنی كه‌سێك و گفتوگۆی سه‌ركردایه‌تی و گۆڕینه‌وه‌ی راوبۆچونی نێوان سه‌رجه‌مسه‌ره‌كانیش بووه‌، نه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌سته‌جه‌معی  بۆ دانای خه‌ڵكی شیاو و لێهاتوو بۆ شوێنی شیاوی خۆی،  به‌لگه‌ی راستی ئه‌م قسه‌یه‌ش ئه‌مانه‌یه‌:

*زۆرینه‌ی ره‌های كاندیده‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ پێش هه‌ڵبژاردن له‌ لایه‌ن سه‌رجه‌مسه‌ر و خه‌تی سه‌ركردایه‌تیه‌كانیانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌ و به‌ پێی وه‌زعی نێوخۆی حزبه‌كانیان هه‌ڵسه‌نگاندیان بۆ كراوه‌ بێ له‌ به‌رچاو گرتنی هیچ پێوه‌رێكی ترو ئه‌وه‌ی باسی لێنه‌كراوه‌ پسۆپرێتیه‌كانیان بووه‌" به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ وه‌ك ده‌زانین پێش ئه‌م هه‌ڵاوهوریایه‌ ناوی سه‌رجه‌میان له‌ سه‌ر جاده‌ باس ده‌كرا و هه‌موو لایه‌ك ده‌یزانی كه‌ كێ وه‌زیر و كێش گزیره‌ و كتومت  هه‌رواش ده‌رچوو.

*ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت كه‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له‌ بازنه‌یه‌كی ته‌سكدا بۆ مه‌رامی حزبی كاندید ده‌ستنیشان ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی كاری حزبی به‌ كاندیده‌كه‌ راسپێردرێت نه‌ك ئه‌ركی حكومه‌تی،  به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌به‌ر زیزنه‌بونی كه‌ كاندید نه‌كراوه‌ بۆ پۆستێك كه‌ ویستی له‌سه‌ربووه‌ پۆستێكی تر پێبه‌خشراوه‌ و له‌ ویستی خۆیدا نه‌بووه‌ و خه‌ڵكیش هه‌یه‌ شایانی زیاتر له‌ كاندیدبونه‌ پشتگوێخرواه‌.

*زۆرینه‌ی ڕه‌های كاندیدی پله‌ باڵاكان له‌ ئه‌ندامه‌ باڵاكانی حزبه‌كانن واته‌ مه‌كته‌بی سیاسی و خانه‌ی راپه‌راندن و كورانی سه‌رجه‌مسه‌ری بنه‌ماڵه‌یی و خه‌ڵكی نزیك له‌ خه‌ته‌كه‌ی سه‌رۆك  و رێكه‌خه‌ر و ده‌سترۆیشتووی حزبه‌كه‌ و كه‌سی یه‌كه‌م و دووه‌م و... تادوایی، ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی حزبی ته‌سك و بنه‌ماڵه‌ییه‌، بۆیه‌  به‌ مه‌به‌ستی حزبی دیاریكروان نه‌ك زه‌ڕه‌یه‌ك توانا و لێوه‌شاوه‌یی و شاره‌زایی كاروباری حكومی له‌به‌رچاو بگیرێت.‌

* سیڤی و شاره‌زایی و توانا و ئه‌و قسانه‌ی پێشتر ده‌كرا له‌ جێبه‌جێكردنی دیموكراسیه‌ت له‌ دیاریكردنی كاندیده‌كان و له‌به‌رچاوگرتنی پسپۆڕی و پێویتسبونی خه‌ڵكی شیاو، هه‌موو بڵقی سه‌ر ئاو بوون، بۆیه‌ ناوی كاندیده‌كان به‌ كوتله‌بازی و رێككه‌وتنی پێشوه‌خت به‌ شه‌وێك له‌ لایه‌ن سێ بۆ چوار كه‌سه‌وه‌ یه‌كلایی كرایه‌وه.

*ئه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زۆرینه‌ی ره‌های كاندیده‌كان له‌نێو حزبه‌كان سه‌ر به‌ ناوچه‌یه‌كن كه‌ هه‌ر یه‌كه‌و باڵاده‌سته‌ تێیدا،  وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی وه‌زیره‌كانیش دوو ئیداره‌یی له‌به‌رچاو گیراوه‌،  ئه‌وه‌تا پارتی زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری كاندیده‌كانی سه‌ر به‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی خۆیه‌ و هه‌روه‌ها  یه‌كێتی و گۆڕانیش سه‌ر به‌ زۆنه‌كه‌ی خۆیانن.

* ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌ركه‌وتووه‌  و ئه‌وه‌ی له‌و كۆبونه‌وانه‌دا به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كوێت و به‌لایدا نه‌چوون باسكردنی ئه‌و  كاندیدانه‌یه‌ كه‌ ئایا ده‌توانێت له‌و بواره‌دا چیی پێشكه‌ش بكات و پێشبخات، ته‌نها باس له‌ دابینكردنی شایسته‌ حزبیه‌كان و چۆنێتی دابینكردنی به‌رژه‌وه‌نده‌ی كه‌سی وحزبیه‌كان بووه‌ و كێ ده‌توانێت له‌ حكومه‌ته‌وه‌ كاره‌ حزبیه‌كه‌ راییبكات و كامه‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كام كوتله‌ن و به‌س. ئه‌گه‌ كابینه‌كانی پێشتر تا رێژه‌یه‌ك خه‌ڵكی تا راده‌یه‌ك پسپۆڕی تێكه‌وتبێت ئه‌مجاره‌ و بۆ كابینه‌ی نوێ ئه‌وه‌ش نه‌ماوه‌.

بۆیه‌، تا ره‌وتی سیاسی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ بڕوات، نه‌ چاوه‌رێی به‌رێوه‌بردنی حكومه‌تی جیاواز بین و نه‌ خه‌لكی شیاو له‌ شوێنی شیاو ده‌بینینه‌وه‌.  ئێوه‌ ته‌نها ته‌ماشای ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ بكه‌ن كه‌ هه‌ستیارن دنگه‌ی پێشكه‌وتنی هه‌موو میله‌تێكن و پێویستی به‌ لێهاتوویی زیاتر و خه‌ڵكی پسپۆری شاره‌زای خاوه‌ن زانست و مه‌عریفه‌یه‌ی زیاتره‌ له‌وانی دیكه‌ی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵكی وا دانراون كه ته‌نها سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌و خه‌ته‌كانن و به‌س. بۆیه‌ چاكسازی و گۆڕینی شێوازی حوكمداری قسه‌ی رووتبوو، ته‌نها چاوه‌ڕێی هه‌ڵه‌ی زیاتر و پاشه‌كشه‌ بین نه‌ك حوكمی ره‌شید، چاوه‌رێی زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندبونی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و هه‌ژاربونی هه‌ژاره‌كان بین نه‌ك دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، چاوه‌رێی حوكمێكی پر كێشه‌ و میله‌تێكی پر له‌ چه‌رمه‌سه‌ری بین نه‌ك ئارامی و ئاسوده‌یی، چاوه‌رێی ملكه‌چبونی زیاتر بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و لاوازی زیاتر له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا بین نه‌ك به‌هێزبون و پێشكه‌وتن،  ده‌بێت چاوه‌رێی ئه‌وه‌بین هه‌روا زیاتر فرۆكه‌ی توركیا و فشاری ئێران به‌ زه‌قی له‌ كوردستاندا ئامانجی خۆیان بپێكن.  له‌هه‌مووی چه‌رمه‌سه‌ریتر ده‌بێت چاوه‌رێی ئه‌وه‌بین كه‌ كێشه‌ و ململانێی حزبه‌كان زیاتر له‌ كابینه‌كانی پێشوو له‌ناو حكومه‌تدا ره‌نگبداته‌وه‌.  ‌


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە