کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێران لە دووڕیانی هێشتنەوەو لەناوبردن

Wednesday, 03/07/2019, 6:24


ماوەیەکى زۆرە گرژی و ئاڵۆزییەکانى نێوان ئەمریکاو ئێران میدیاکانى جیهان و رای نێودەوڵەتى و بەتایبەتتر وڵاتانى هەرێمى سەرقاڵکردووە، گرەوى سیاسیەکان ئەوەندە ئاڵۆزە نازانن چۆن گرێکوێرەى ئەو مەتەڵە هەڵبێنن، ئاخۆ چارەنووسی ئێران دوای گەمارۆکانى ئەمریکا بەکوێ دەگات؟ ئایا هەر بەڕاستى ئەمریکا نیازى وەشاندنى گورزى سەربازى هەیە یاخود دەیەوێ لەرێی هەڕەشەو گوڕەشەکانیەوە دەستکەوتە ماددیەکانى لەناوچەکە زیاد بکات و پێگەى خۆی زیاتر توندو تۆکمە بکات؟
بۆ ناسینەوەى کەسایەتى هەر سەرکردیەیەک و خوێندنەوەى لایەنى دەروونى، دەبێ چەند خاڵێک لەبەرچاو بگرین:
یەکەم: ئەو سەرکردانەى لەبواری رۆژنامەگەری کاریان کردووە بە جۆرە ئاڕاستەیەک شەن و کەونى پەیوەندیەکانیان دەکەن لەبری زمانى زبر، زمانى دیالۆگ دەخەنە گەڕ.
دووەم: ئەو سەرکردانەى لەبواری بزنسمان کاریان کردووە، هەر بەو چاوەوە کار بۆ دەستکەوتى زیاتری ئابووری و دارایی دەکەن.
سێیەم: سەرکردە سەربازیەکان کە لەکەسانى دیبلۆماسی زیاتر توندو کەللە رەقن، ئەوانە جگە لە داپلۆسین و سەرکوتکردن و زمانى هەڕەشەو پەلاماردان هەموو ئەگەرەکانى تر بە لاواز دەبینن بۆ یەکلاییکردنەوە کێشەکان.
ترەمپ لای هەموو لایەکمان ناسراوە وەک ملیاردێرو بزنسمان، دیارە هەر بەو ئەقلیەتە دەیەوێ سیاسەتى ئەمریکا بەڕێوە ببات، وێڕای چوونە ژێر باڵی هەندێ لەو بڕیارو پێشنیارانەى هەندێ جار بەدەر لە ویستى خۆی، بەناچاری پێیەوە پابەند دەبێت.
ئەوەى لەو ماوەیە لەو کابرایە بیندرا، زمانى هەڕەشەو تەختکردنى بەرامبەر کۆریای باکور بەکار هێناو دواجار بۆ ئاشتەوایی و پاراستنى ئەمریکا کە هەڕەشەى یەکەمە لە رووى نزیکى سنوورەوە، کەچی رەچەى دیالۆگى هەڵبژاردو لەگەڵ سەرۆکەکەى کۆبۆوەو کۆبوونەوەکان بەردەوامیان هەیە.
تڕەمپ سڵ لەو هەقیقەتە ناکاتەوەو بێ پەروا دەڵێت: لەمەودوا بێ بەرامبەر شەڕ بۆ کەس ناکەین و هەر کارێک ئەنجام بدەین، پارەی خۆمانى لێ وەردەگرین، ئەوەتا بەرامبەر قاشقچی سعودى بەرەگەز ئەمریکى بەپێی بەڵگەنامە نهێنیەکان ئەمریکا بەرامبەر بە 400ملیار دۆلار بێدەنگى هەڵبژارد کە سەرەڕای وەرگرتنى ئەو بڕە پارەیە، کەچی ناو بەناو بۆ رای گشتى ئەمریکا ئەو بابەتە دەوروژێنێ.
بابەتى ئەمریکاو ئێران لە چەند روویەکەوە قسە هەڵدەگرێ:
یەکەم: ئەو سەرکردانەى ئەمریکا خۆی دروستى کردوون وەکو قووتوبەند(معلبات) کاتى بەرهەمهێان و کاتى کۆتاییان هەیە کە دەبێ فڕێ بدرێن و بخرێنە نێو زبڵدانى مێژووەوە، لەوەشدا رەنگە ئێران بۆ ئەمریکا پاروویەکى ئاسان نەبێت بتوانێ بەشەڕ ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە، چونکە ئەمریکا لەوە تێگەیشتووە چونکە ئێران لە روسیا نزیکەو هاوسنوورە، روسیا بۆ پاراستنى ئاسایشی خۆی وا بە ئاسانی دەستبەرداری ئێران نابێت بۆ زلهێزێک کە پێی لەو ناوچەیە چەقاند ئیدى زیان بە هەموو بەرژەوەندیەکانى بگات بۆیە روسیا هەرچەندە حەز بە مانەوەى ئەو رژێمەیش نەکات بەڵام ئامادە نییە وا بە ئاسانى دەستبەرداری ببێت و پشتى تێ بکات.
دووەم: ئەمریکا لەهەموو ئەو هەڕەشانەى دەیکات بۆس زای زیاتری ئابووری و دارایی، لەوەدا دەیەوێ هاوپەیمانەکانى رازى بکات کە دەیەوێ بە سفرکردنەوەى نەوتى ئێران و گەماری سەر کەل و پەلەکانى، رەواجی زیات ربە دۆستە نزیکەکانى ئەو ناوچەیە بدات.
سێیەم: ئەمریکا خوازیارە پەیوەندیەکانى بەجۆرێ لەگەڵ ئێران رێک بخات، بەتەواوى دەست بەسەر ئاوە گەرمەکەو ناوچەکە دابگرێ و هەموو خێرو بێرەکانى رۆژهەلاتى ناوەراست بۆ خۆی ببات.
چوارەم: دەشێ دواجار ئەمریکا ئێران ناچاری سەر مێزى گفتوگۆکان بکات و بەو ئاقارەى ببات کە خۆی بەرنامە رێژی بۆ کردووە.
کێشەکانى ئەفغانستان و یەمەن و تا رادەیەکى زۆریش ئێراق ئامانجە گەورەکەى ئەمریکای تێدا نەهاتە دی، رەنگە شەڕکردن بۆ سنوورێکى ئاوا فراوان و پشتگیری روسیا وچین بۆ ئێران، ئەرکى ئەمریکا قورس دەکەن کە نەتوانێ وا بەئاسانى پەنا بۆ شەڕ ببات و ئەو هێڵەى وەک دوا دەرچە کاری لەسەر بکات، وروژاندنى رای گشتى ئێرانە بۆ خۆپیشاندان و هەڵگەڕانەوە لەو رژێمەو رووبەرووبوونەوەى ئەو رژێمە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە