کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا گۆران پێشه‌نگی ئۆپۆزسیۆنبوونی تا هه‌تایه‌ دۆڕاندووه‌؟

Thursday, 04/07/2019, 1:36


هیچ كه‌سیك ناتوانێت نكوڵی له‌وه‌بكات كه‌ به‌ دامه‌زراندنی گۆڕان ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ له‌ كوردستان سه‌ریهه‌ڵدا و ناره‌زایه‌تی و ده‌نگی زوڵاڵی خه‌ڵكی سته‌ملیكراو به‌رزبووه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی حوكمڕانی كوردستان به‌ ده‌نگی به‌رز خۆی سه‌پاند و كه‌لێنه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی خرانه‌روو و خه‌ڵك زنجیری ترس وتۆقاندنی ده‌سه‌ڵاتی بچڕاند. لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نپه‌ كه‌ ئایا گۆڕان له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دامه‌زرا كه‌ رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی گشتی له‌ كوردستان بگێڕێت و لاسه‌نگی حوكمڕانی له‌ كورستان هاوسه‌نگ بكاته‌وه‌ یان وه‌كو ناره‌ازه‌یاتیه‌كی نێو حزبێك چه‌كه‌ره‌ی كرد و جیابووه‌ و وه‌زعی كوردستان وای سه‌پاند كه‌ ببێته‌ پێشه‌نگ و دواتر فراوانبونی خۆی بۆ سه‌رجه‌م كوردستان سه‌پاند، گرنگ له‌ده‌رئه‌نجامدا له‌ ئه‌مری واقیع و بارودۆخه‌ خودی و بابه‌تیه‌كه‌ خۆڕسكانه‌ سیستمی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنی به‌ شێوه‌یكی سروشتی هێنایه‌ئاراوه‌.
به‌ڵام له‌و رۆژه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دامه‌زراوه‌ تاوه‌كو ئه‌مرۆ به‌ چه‌ند قۆناغێكی جیاوازدا تێپه‌ڕی و هه‌رجاره‌ و ئه‌رێنی و نه‌رێنی زۆرێك له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی كاریگه‌ری بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر پێكهاته‌و سیاسه‌ت و رێباز و ستراتیجی بزوتنه‌وه‌كه‌ جێهێشتووه‌ و، تادواجار گه‌یشت به‌وه‌ی له‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری فراونه‌وه‌ ورده‌ ورده‌ به‌ خۆی بگۆڕێت بۆ حزبێكی كلاسیكی كه‌ ئه‌ویش وه‌كو ئه‌وانیتر له‌ هه‌وراز و نشێودا بدات و به‌ قه‌یراندا تێپه‌رێت و كێڕڤی قه‌باره‌ و متمانه‌ی خه‌ڵك و جامه‌وه‌ریه‌كه‌ی هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز بكات و، تا دواجار و به‌ به‌شداری بێ قه‌یدو شه‌رتی له‌ ده‌سه‌لات و بێ هه‌ڵسه‌نگاندی وه‌زعی خۆی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازیه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پارتی نه‌خوێنێته‌وه‌ ( له‌ رووی جه‌ماوه‌ری و نه‌بوونی هێزی عه‌سكه‌ری و نه‌بوونیی سه‌رچاوه‌ی دارایی به‌ هێز) و ته‌نها له‌به‌رچاوگرتنی كۆنه‌ ركابه‌ری و ره‌فتاری هاوشێوه‌ی ئه‌وكاته‌ی كه‌ له‌ نێو رێكخستنه‌كانیدا بوو سیاسه‌تی به‌كاربردنی سه‌رچاوه‌ مادیه‌كان بگرێته‌به‌ر و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حساب بۆ جه‌ماوه‌ر نه‌كات و ته‌نانه‌ت پارتی و یه‌كێتیی ئه‌مرۆ و پێگه‌ی ئه‌وان به‌ به‌راورد به‌ خۆی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌خوێنێته‌و و وه‌كو ئه‌وان ره‌فتار بكات.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئامانجێكی بهێنێته‌دی سه‌نگه‌ری ئۆپۆزسیۆنبونی خۆی چۆڵكرد و به‌ بێ هیچ ره‌صیدێكی پێویست خۆی خزانده‌ نێو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و له‌و ناوه‌شدا پارتی به‌ زۆرزانی خۆیه‌وه‌ رێگه‌یكه‌ی گۆڕانی گریسرێژ كردو ئه‌گه‌ری خلیسكانی تا دێت زیاتر ده‌بێته‌وه‌ و، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ته‌نها پۆست و پێگه‌ی حزبی ته‌سك و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی كۆمه‌ڵێك له‌ بازنه‌یه‌كی دیاركیراو دابین و ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
ئه‌وه‌ی دیاره‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ قه‌یرانێكی قووڵدایه‌ و ده‌رفه‌تێكی فراوانی له‌به‌رده‌مدا نیه‌ كه‌ به‌م نزیكانه‌ ده‌رباز بێت و وه‌زعه‌كه‌ی ئاساییبێته‌وه‌، بۆ ماویه‌كیشه‌ ده‌سه‌لات له‌ هه‌لی زیاتر ده‌گه‌رێت وه‌كو پێشتر بۆ یاریكردنی به‌كارهێنانی هه‌ردوو حزبی گۆڕان و یه‌كێتی كه‌ وابكات ئۆپۆزسیۆن ته‌نها به‌ناو بمێنێته‌وه‌ و هه‌ردوولایه‌ن بۆ ماوه‌یكی درێژ بخاته‌ دوای خۆیه‌وه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌دووره‌وه‌ ئێسقانه‌كه‌ به‌ كه‌مێك گۆشته‌وه‌ پیشانیانبدات. ئێمه‌ لێره‌دا باسی هۆكاره‌ بابه‌تیه‌كان ناكه‌ین كه‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی له‌م وه‌زعه‌ قه‌یراناویه‌دا هه‌یه‌ یان نه‌، ته‌نها مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ بیسه‌لمێنێن ئایا ئۆپۆزسیۆن له‌ ئاوی لێخنی به‌رژه‌وه‌ندی حزبدا خنكاوه‌ یان له‌زه‌لكاوی نه‌زانی و هه‌ڵپه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری و كورتبینی سه‌ركردایه‌تی و بیری ته‌سكی كاڵفامانه‌ و هه‌رزه‌كاری سیاسی نوقم بووه‌ و زیندبونه‌وه‌ی نیه‌.
بایكۆتی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بۆ هه‌لبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان نیشانه‌ی بێباوه‌ڕی و بێمتمانه‌یی خه‌ڵكه‌ به‌ سه‌رجه‌م حزبه‌كان و ئه‌م جاره‌ش گۆڕان به‌ به‌شداری له‌ ده‌سه‌ڵات ته‌نها قازنجی حزبی خۆی ده‌كات و دوابزماری ئۆپۆزسیونبونی له‌ نه‌عشی حزبه‌كه‌یدا و به‌ یه‌كجاری و تاهه‌تایه‌ ئه‌و متمانه‌یه‌ هبه‌ده‌ستناهێنێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ به‌بده‌ستیهێنابوو. ئه‌گینا به‌ مانه‌وه‌ی و توندكردن و تۆكمه‌كردنی پۆپۆزسیۆنبونی خۆی هه‌ل و بواری ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌مدا بوو كه‌ راوبۆچون و سۆزی ئه‌و خه‌ڵكه‌ نارازیه‌ تا راده‌ه‌یك رابكێشێت بۆ لای خۆی. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ گۆڕان مه‌گه‌ر شانازی به‌ مێژووه‌وه‌ بكات كه‌ هابه‌شه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا و باس له‌و قوربانیانه‌ بكات و له‌مه‌ش هیچ جیاوازیه‌كی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا نامێنێته‌وه‌ و وا باشتره‌ زیاتر له‌ یه‌كێتی نزیك بێته‌وه‌ نه‌ك ململانێی بكات و خۆی بخاته‌ باوه‌شی پارتیه‌وه‌ و هه‌لی یاریكردن بۆ پارتی زیاتر و فروانتر بكات. به‌مه‌ش ده‌توانێت زۆرێك له‌و مشه‌خۆرانه‌ی خۆی و هه‌واداره‌ به‌ژه‌وه‌نخوازه‌كانی رازیبكات و هاوسه‌نگی هێزی گشتی له‌كوردستان تا راده‌یك هاوسه‌نگ بكات. دیاره‌ زۆربونی ده‌نگی ناره‌زایی له‌ نێوگۆڕان شایه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌نگاوه‌كان به‌ هه‌ڵه‌نراون و خه‌ڵكی دڵسۆزی ناو گۆڕان تاراده‌یك باش هه‌ستیان به‌وه‌ كردووه‌.
بۆیه‌ ده‌كرێت ئه‌و خه‌ڵكه‌نارازی و خاوه‌ن مێژووه‌ی ناو گۆڕان و ده‌ره‌وه‌ی و ئه‌وانه‌ی بایكۆتی ده‌نگدانیان كرد له‌ نه‌وه‌ی تازه‌ و كۆنیش به‌میكانیزمێكی نوێ و تۆكمه‌ و به‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می دامه‌رزاندنی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ كه‌ تاوه‌كو ئه‌م حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ نه‌خاته‌لاوه‌ به‌شداری ده‌سه‌ڵات نه‌كات و له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامی هه‌مه‌چه‌شندا بێت بۆ دروستبونی ئۆپۆسیۆنی راسته‌قینه‌ی دڵسۆز كه‌ تاكه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ سه‌ره‌تادا لابردنی ئه‌م دسه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌ بێت، ئه‌گه‌ر چه‌ندین خولی هه‌ڵبژاردنی تریش چاوه‌رێ بكات، ئه‌گینا گۆڕان سه‌نگه‌ری ئۆپۆزسیۆنی خۆی دۆراندووه‌ و تاهه‌تایه‌ وه‌زعی تایه‌بتی خۆی جێگیر نابێت و تا دێت كرژ ده‌بێته‌وه‌ و ته‌نها بازنه‌یكی دیاریكراوی ده‌سترۆیشتووی هه‌مان شێوه‌ی حزبه‌كانی تر ده‌مێنێته‌وه‌. یان به‌ێشویه‌كی كاتی ئه‌گه‌ر به‌خۆداچونه‌وه‌ بكات و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌نه‌ دڵسۆزه‌ نیشتمانپه‌ره‌وه‌ره‌ خاكیه‌كه‌ی یه‌كێتی هه‌ماهه‌نگی بكات و له‌م قۆناغه‌دا ئۆپۆزسیۆنێكی به‌ره‌یی دروستبكه‌ن و له‌وكاته‌دا ناوكی پاك و به‌هێز و دڵسۆزی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌ بێلایه‌نه‌ نارازیه‌كه‌ خۆی فه‌رزده‌كات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە