کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌ردۆگان قه‌ره‌بووی دۆڕانه‌كه‌ی له‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بناری قه‌ندیل ده‌كاته‌وه‌

Monday, 01/07/2019, 1:33


ئه‌و هه‌موو هه‌وڵ و ته‌كتیك و كرده‌وه‌ فێڵاویه‌ی پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌سته‌نبوڵ بۆ كورد و رووپه‌رمایی بۆ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌ توركه‌كان به‌ پێشێلكاری زیاتر له‌به‌رامبه‌ر قه‌ندیل له‌ لایه‌ك و كردنه‌وه‌ی دیداری ئۆجه‌لان له‌ ئیمرالی و ئاماژه‌كردن به‌ كوردستان و سه‌ردانی كوردستانی باكوور و هێمنی له‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زعه‌كه‌، هیچ دادێكی ئه‌كه‌په‌ و ئۆردوگانی نه‌دا و به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌ها له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دۆڕاندی و، ئه‌وه‌ی له‌ئه‌سته‌نبوڵ بدۆڕێت وه‌كو خۆیان وتیان له‌ هه‌موو توركیا دۆڕاوه‌، له‌پاش ده‌ركه‌وتنی ده‌رئه‌نجامه‌كان، ئه‌گه‌ر له‌ توانایدا بوایه‌ به‌ به‌هانه‌یه‌كی چه‌واشه‌كارانه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی سێباره‌ ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام جیاوازی ده‌نگه‌كان له‌ نێوان هه‌ردوو كاندید به‌ به‌شداری كارای كوردی ئه‌سته‌نبوڵ یه‌كلا بووه‌وه‌ و ریگه‌ی هه‌موو به‌هانه‌كانی ئۆردوگانی بڕی، بۆیه‌ مامه‌ڵه‌ی ئه‌كه‌په‌ و ئه‌ردۆگان به‌م شێوه‌یه‌ له‌ پاش دۆڕان هه‌وڵێكه‌ بۆ چه‌ندین مه‌به‌ست وئامانجی هه‌مه‌چه‌شن:
*له‌بیربردنه‌وه‌ی دۆڕانه‌كه‌ی ئه‌كه‌په‌ و یه‌ڵدرمی كاندیدی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ و هه‌وڵی كاریگه‌ربون و گۆڕینی رای گشتی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ و ئاوردانه‌وه‌یان به‌ره‌و قه‌ندیل و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی تێكشكانی مه‌عنه‌وی كه‌وتنه‌ سه‌خته‌كه‌ی یه‌ڵدرم و هه‌وڵی له‌بیركردن و رازیكردنی هه‌واداران و ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی و ره‌واندنه‌وه‌ی نائومێدی له‌ دڵ و ده‌روونی سه‌ركرده‌ و كادران و ئه‌ندامه‌ ئه‌كه‌په‌ییه‌كان و هه‌وڵی رێگری له‌ داڕوخان و نه‌هێشتنی په‌شێوی سیاسی و به‌رگه‌گرتن له‌ لێكه‌وته‌كانی ئه‌م كۆسته‌ گه‌وره‌یان له‌ پاش بردنه‌وه‌ی ئیمام ئۆغلۆ به‌ هاوكاری كوردی ئه‌سته‌نبوڵ و هه‌په‌گه‌، وای كردووه‌ توشی هه‌ستریا بن.
* ئیستیغلالكردنی باردوخی ناوچه‌یی و ململانێ و هه‌ڕشه‌و گوڕه‌شه‌ی شه‌ڕی نێوان ئیران و ئه‌مریكا و به‌ نهێنی رازیكردنی ئێران (كه‌ له‌ وه‌زعێكی ناله‌بار و گۆشه‌یه‌كی لاته‌ریك وهه‌ڵوێستێكی لاوازدایه‌) به‌ كرده‌وه‌ سه‌ربازی و سیاسیه‌كانی له‌ كوردستانی باشوور، بۆیه‌ بۆردومان و فشار و سنوربه‌زاندن و پێشێلكاریه‌كانی له‌ سنوری پێشووی خۆی تێپه‌ڕاندووه‌.
* نه‌بوون و لاوازی هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان و نوتق به‌ستنیان، به‌ڵكو له‌م كاته‌دا سه‌ردانی سه‌ركردایه‌تی كورد بۆ توركیا به‌ ملشۆری، له‌به‌ر زاڵبونی ناكۆكی و قه‌یرانه‌ نێوخۆییه‌كان و ململانێی حزبی و به‌رده‌وامی گه‌نده‌ڵی له‌ لایه‌ك و سه‌ر‌قاڵبونی عیراق به‌ كێشه‌ نێوخۆییه‌كان و توشبوون به‌ كێشه‌ی ئێران - ئه‌مریكا له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌وڵی لاوازكردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم به‌م كرده‌وانه‌ و گرتنه‌به‌ری حكومه‌تی عیراق رێگه‌ی خۆدوورخستنه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م هاوكێشه‌ ناوچه‌ییه‌كه‌ و، به‌كارهێنانی ئه‌م پێشێلكاریانه‌ی توركیا له‌ بناری قه‌ندیل به‌كارهێنانی وه‌ك خاڵێكی لاوازی هه‌رێم له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندیه‌ ژێربه‌ ژێره‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا و به‌كارهێنانی وه‌ك خاڵێكی لاواز له‌ گفتۆگۆكانی هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، وای لێهاتووه‌ له‌ده‌رئه‌نجامدا هه‌مووان ده‌میان داخه‌ن و رێگه‌ی ده‌ستدرێژی بۆ توركیا فه‌راهه‌مبێت .
* لاوازی ئێڕان له‌م كاته‌دا به‌ ته‌واوی و رازیبونی به‌ كرده‌وه‌كانی توركیا و نه‌بوونی هیچ هه‌ڵوێستیك، به‌ڵكو گومانكردن له‌ هاوهه‌ڵوێستی و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان له‌پێناو خودپارێزی له‌ هه‌ر كرده‌وه‌ و هه‌ڵوێستێك كه‌ زیانی له‌ مه‌ر ئه‌م كێشمه‌كێشه‌ی نێوان و خۆی و ئه‌مریكا لێبكه‌وێته‌وه‌ و له‌ دواجاردا زیان به‌ خۆی له‌مه‌ر هاوكێشه‌ هه‌ستپاره‌كه‌ی ئه‌مرۆ بدات، وای كردووه‌ توركیا توشی هیچ به‌ربه‌ستێك نه‌بێت.
* نه‌بوونی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا و هیچ وڵاتێكی زلهێز به‌هۆی ئه‌و پرسه‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ له‌مه‌ڕ ناوچه‌كه‌ له‌ ئارادان و به‌تایبه‌تی كێشه‌ی موشه‌كی ئیس 400ی روسی و فرۆكه‌ی ئێف 35ی ئه‌مریكی بۆتوركیا و، هه‌وڵی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی به‌لایه‌كدا بۆ ئه‌مریكا و توركیا و روسیا خاڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها ململانێی گه‌وره‌كانی نێوان روسیا و ئه‌مریكا و پرسی سوریا و وه‌زعی كورد له‌وبه‌شه‌دا خاڵیكێ تری رێخۆشكردنه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌رامی توركیا له‌م كاته‌دا.
واته‌ له‌م قۆناغه‌دا زه‌مینه‌كه‌ له‌باره‌ و ده‌رگا كراوه‌یه‌ كه‌ به‌بێ هیچ سه‌ركۆنه‌ و هه‌ڵوێستێكی هیچ لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار، ئه‌ردۆگان مه‌رامه‌كانی خۆی بێنێته‌دی، له‌ لایه‌ك خۆی له‌ ده‌ردانی دۆڕانه‌ گه‌وره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌‌ رزگار بكات و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی ده‌ردانی خراپ بۆ سه‌ر خۆی و حزبه‌كه‌ی و جێبه‌جێكردنی نه‌خشه‌و پیلانی نوێ بدات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، ئه‌مه‌ش پاش ساردبونه‌وه‌ی رای گشتی و كپكردنه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌كان. لێره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ روونده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ و زۆری تریش پێشیلكاریه‌كانی توركیا له‌ بناری قه‌ندیل و كوشتنی خه‌ڵكی سڤیل چربۆته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر وابڕوات تاوانی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و چاوه‌روانیش ده‌كرێت توركیا له‌م تاوانانه‌ی به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووی كاردانه‌وه‌ و هه‌ڵوێستی توند نه‌بێته‌وه‌، له‌‌مه‌شدا وا دیاره‌ به‌م وه‌زعه‌ سیاسیه‌ی ئێستای ناوچه‌كه‌ و مشتومڕ و ململانێیه‌ تونده‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مریكا، بێ هیچ به‌ربه‌ستێك كاری خۆی ئه‌نجامده‌دات و توشی هیچ هه‌ڵوێستێكی نارازی به‌هێز نا‌بێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كرده‌وه‌ قێزه‌ونه‌كانی و ته‌نها خه‌ڵكی مه‌ده‌نی كورد قوربانی ده‌ستی تورك و ئه‌ردوگان ده‌بێت، ئه‌گینا نه‌ په‌كه‌كه‌ و نه‌ هه‌په‌گه‌ش هیچ زیانێك ناكه‌ن له‌م ره‌فتارانه‌ی ئه‌ردۆگان و توركیا و تا بێت جه‌ماوه‌ریان به‌هێزتر ده‌بێت و زیانه‌ گه‌وره‌كه‌ به‌سه‌ر ئۆردوگان و ئه‌كه‌په‌ خۆیدا ده‌شكێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌رئه‌نجامی كێشه‌ی موشه‌ك و فرۆكه‌كه‌ تووشی گرفتی گه‌وره‌ی زیاتر نه‌بێت به‌ سه‌لامه‌تی لێی ده‌ربچێت و ئاستی جه‌ماوه‌ری نه‌گاته‌ نزمترین پله‌ و توشی قه‌یرانی گه‌وره‌تر نه‌بێت له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌ قوڵه‌ ئابووریه‌كه‌یدا كه‌ رێگه‌ی لێ وێلكردووه‌ و توشی شه‌وكوێری و شڵه‌ژان بووه‌. ‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە