کۆیلایه‌تی نییه به‌ڵام زۆر ناڕه‌وا و شه‌رمه
Wednesday, 26/06/2019, 11:28
وڵامێک بۆ دڵشاد حوسێن
په‌رله‌مانتاری خانه‌نشینی کوردستان کاک دڵشاد حوسێن بابه‌تێکی به ناوی (مووچه و بێده‌نگی و ئازادی) نوسیوه، که تێیدا ده‌یه‌وێت داکۆکی له‌وه بکات، که په‌رله‌مانتار دوای خانه‌نشینبوونی ئیتر خۆی ئازاده گه‌ر وازیش بهێنێت و نابێت حزبه‌که‌ی هیچ منه‌تی به‌سه‌ردا بکات، چونکه ئه‌م کۆیله‌ی حزبه‌که‌ی نییه، و خۆی پێشتر هونه‌ری هه‌بووه و (شت) بووه، سه‌یر له‌وه‌دایه، که به‌رێزی هه‌ر له‌یه‌که‌م په‌ره‌گرافه‌وه خۆی له هه‌قیقه‌تی بابه‌ته‌که ده‌دزێته‌وه، له که له رابروودا قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر کراوه، ئه‌ویش هه‌ق بوون و ناهه‌ق بوونی مووچه‌ی زۆری خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران و پله‌باڵاکانه. که ئه‌مه‌یان به‌لای خه‌ڵک و ده‌نگده‌ره‌وه گرنگه و جیی بایه‌خه ، به‌وه‌ی که دێت و ته‌نها به رسته‌یه‌ک ده‌ڵێت (ئیتر ئەو موچەیە زۆر یان کەم، ھەق بێت یان ناھەق، کە ئەوە باسێکی ترە)!
په‌رله‌مانتاره‌کانی کوردستان مووچه‌یان نزیکه‌ی هه‌شت میلیۆن دیناره، که ده‌کاته نزیکه‌ی شه‌ش هه‌زار و پێنج سه‌د دۆلار، له‌کاتێکدا گه‌نجێک که تازه کۆلیج ته‌واو ده‌کات و داده‌مه‌زرێت مووچه‌ی ناگاته ٣٠٠ دۆلار، واتا ئه‌ندام په‌رله‌مانێک ٢٢ بیست و دوو ئه‌وه‌نده‌ی گه‌نجێک وه‌رده‌گرێت، که زانکۆی ته‌واو کردبێت، ئه‌گه‌ر گه‌نجه‌که شانسی هه‌بێت و بتوانێت دابمه‌زرێت. له کاتێکدا ئێستا به پێی ئاماره‌کان ٢٠٠ هه‌زار ده‌رچووی زانکۆ و په‌یمانگا له کوردستان هه‌ن که دانه‌مه‌زراون! ئه‌مه ئه‌گه‌ر بێت و هێشتا حسابی ئه‌و هه‌موو ئیمتیازاتهمان نه‌که‌ین، که په‌رله‌مانتاره‌کانی کوردستان هه‌یانه، هه‌ر له پشووی هاوینه و زستانه (که گه‌نجێک ئه‌سته‌مه بتوانێت به‌و ده‌رامه‌ته که‌مه‌ی هه‌یه‌تی له پشوی هاویندا سه‌فه‌ری وڵاتێک بکات، به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ری یان پیشه‌ی سه‌ربه‌خۆی وه‌ک دهسگێری و شۆفێری ته‌کسی و ...هتد.)، وه‌رگرتنی خانوو و زه‌وی، پاره وه‌رگرتن بۆ سه‌یاره‌ی تازه مۆدێل و پاسه‌وان و هتد، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ئیمتیازاتی تری ژێر به ژێر وه‌ک ئیفاد و سه‌فه‌ری وڵاتان و هی تر، که هاوڵاتی ساده هه‌تا مردن پێێ نازانێت، مه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سته‌ڵاتدارێتی کوردستانه به راپه‌رینێکی جه‌ماوه‌ریی بڕوخێ و دۆسییه‌کانیان هه‌ڵبدرێته‌وه. هه‌ندێک له‌مانه ته‌نها دوو ساڵ ئه‌ندام په‌رله‌مان بوونه، به‌م جۆره هه‌ر ده‌ستهه‌ڵبڕین یان ئاماده‌بوونێکیان له دانیشتنێکدا له په‌رله‌مان ده‌یان هه‌زار دۆلار له سه‌ر بوودجه‌ی حکومه‌ت و سامانی هه‌رێم ده‌که‌وێت!
ئه‌مانه دواتر دێن به مووچه‌ی ٦ میلیۆن و چوارسه‌دوپه‌نجا هه‌زار دینار خانه‌نشین ده‌بن، له‌گه‌ل مووچه‌ی دووپاسه‌وان تا مردن! ئه‌مه له کاتێکدا که‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشینی له‌کوردستان ٣٠٠ نزیکه‌ی هه‌زار دیناره، واته خانه‌نشینی په‌رله‌مانتارێک ٢٠ ئه‌وه‌نده‌ی که‌مترین مووچه زیاتره، که ئه‌مه له هیچ کوێیه‌کی وڵاتانی پێشکه‌وتوو و خاوه‌ن سیسته‌می دیموکراتی بوونی نییه، مه‌گه‌ر له سۆماڵ و مۆزه‌بیق و ته‌نزانیا! دواتریش زۆبه‌یان ده‌ست ده‌که‌نه‌وه به کاری بازرگانی، یان پارێزه‌ریی یان مامۆستایه‌تیی زانکۆ له زانکۆ ئه‌هلییه‌کاندا، واته بێکار دانانیشن! زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان ئیتر هیچ هه‌ڵوێستێکی مرۆڤدۆستی جدی له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی هه‌ژار و ده‌نگده‌رانییان لێ نا‌بینیت. وه‌ک ئه‌وه‌ی زمانی حاڵیان به خه‌ڵک بڵێن (ئێمه گه‌یشتین به نان و نیعمه‌تی شاهانه‌ی خۆمان، ئێوه‌ش که‌یفی خۆتانه و کارمان پێتان نه‌ما!).
له‌م وڵاته‌ی منی لێ ده‌ژیم (سویسرا) جیاوازی مووچه‌ی په‌رله‌مانتارێک له‌گه‌ڵ که‌مترین مووچه‌ی که‌سێک که کار بکات له ٣ تا چوار ئه‌وه‌نده زیاتر نییه، جگه له‌وه‌ی هه‌ر پاش ته‌واوبوونی ماوه‌ی کاره‌که‌یان ده‌گه‌رێنه‌وه سه‌ر کار و پیشه‌ی پێشوویان و مافی خانهنشنبوونیشان نییه، کاک دڵشاد خۆشی لێره ساڵانێکی زۆر ژیاوه و ده‌ژی، بڕواش ناکه‌م ئاگای له‌م بابه‌تانه نه‌بێت، ئاخر لای ئه‌مان په‌رله‌مانتاریی پیشه‌یه‌ک نییه، که‌مرۆڤ ساڵانێکی زۆر به‌رده‌وام بێت تێیدا و بگاته ته‌مه‌نی خانه‌نشین بوون.
مرۆڤ به‌ده‌ست خۆی نییه کاتێک ئه‌م جۆره سیاسه‌تمه‌دارانه ده‌بینێت، که به دروشمی باقوبریق و چه‌واشه‌کاریی و ده‌نگی خه‌ڵکی ره‌شورووت و مافخوراو پلهوپۆستیان به‌ده‌ست هێنا، دواتریش خه‌ڵک و ده‌نگده‌ریان له‌بیرخۆیان برده‌وه، نه‌ک هه‌ر ئه‌مه به‌ڵکو ئه‌وه‌شیان بیرخۆیان بردۆته‌وه، که پێش ئه‌وه‌ی ببنه په‌رله‌مانتار پیشه‌یان چیی بووه و ده‌ستکه‌وتیان چه‌ند بووه، قێز له سیاسه‌ت و حزبایه‌تی کوردستانیش ده‌کاته‌وه. راسته ره‌نگه سێ چوار که‌سێک له هه‌ر خولێکدا مامۆستای زانکۆ بوو بێتن و مووچه‌که‌یان هاوتای ئێستای یان هه‌ندێک زیاتر له خانه‌نشینییه‌که‌یان بوو بێت، به‌ڵام ئه‌وه بهڵگهنهوهیسته که زۆرینه‌یان فه‌رمانبه‌رێکی ئاسایی، یان کادرێکی حزبی به مووچه‌یه‌کی که‌مه‌وه، یان پیشه‌یه‌کی تریان هه‌بووه، که داهاتی مانگانه‌یان یه‌ک له‌سه‌رده‌ی خانه‌نشینییه‌که‌ی ئێستایان که‌متر بووه. هه‌ندێک له‌مانه‌ش له‌ئه‌وروپا بوونه و رۆژێکیش کاریان نه‌کردوه، یان کاری ڕه‌ش و نایاساییان کردوه و له پاڵیشدا له‌سه‌ر سۆسیال ژیاون، که پاره‌یه‌کی زۆرکه‌م وه‌رده‌گرن! بگره ده‌ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر ئاشکرابوو که په‌له‌مانتارێکی خانه‌نشینی یه‌ک له حزبه‌کان له دانیمارک خۆی وه‌ک نه‌خۆشی ده‌روونی تۆمارکردبوو، یه‌کێکی تر گوایه پشتهێشهی هه‌یه وه مووچه‌ی سۆسیالیان هه‌بوو!
دڵنیام ئێستاش گه‌ر بێت و به‌دواداچوون بۆ ئه‌وانه بکرێت له وڵاتانی ئه‌وروپا و که‌نه‌دا و ئه‌مریکا نیشته‌جێن، که سیسته‌می پێشکه‌وتووی ژیان و گوزه‌رانییان هه‌یه، ئه‌وا هیچیان موڵک و سامانی تایبه‌تیی کورستانیان یان مووچه‌ی خانه‌نشینییان تۆمار نه‌کردوه، که ده‌بێت به پێی یاسا تۆماری بکه‌ن و بگره دێن له‌سه‌ر خانه‌نشینییه زۆره‌که‌یان، که وه‌ریده‌گرن، مووچه‌ی سۆسیالیش وه‌رده‌گرن! واته فێڵ له یاسا و سیسته‌می سۆسیالی ئه‌م وڵاتانه‌ش ده‌که‌ن، که‌چی له‌سه‌ر ئه‌مه‌وه دێن و پله‌ی (کۆنه په‌رله‌مانتاریی) وه‌ک شانازی و بڕوانامه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی باڵا به خه‌ڵک و خوا ده‌فرۆشنه‌وه! دواتر زۆریشیان هه‌ر بیر له وازهێنان له کاری حزبایه‌تی ده‌که‌نه‌وه، خۆ گه‌ر له کاری سیاسییش به‌رده‌وام بن، ئه‌وا به‌نیازی پله و پۆستێکی به‌رزترن له کابینه‌ی داهاتوو. ئاخر ئه‌مانه گه‌ر هه‌ر هونه‌ر و بههرهیهکیشیان بێت سودی چییه؟!
ئه‌وان که توێژێکی ته‌مه‌ڵ و مشه‌خۆری کۆمه‌ڵگای باشوری کوردستانن، زۆربه‌یان پاش خانه‌نشین بوون دروشم و گوتاری کاتی بانگه‌شه‌ی خۆیان به جارێک بیرخۆیان بردۆته‌وه. هه‌ر که‌سێکیش ره‌خنه‌یان لێبگرێت، به وڵامی بێ‌مانا و ساده‌ی وا دێنه گۆ، که مایه‌ی پێکه‌نینه وه‌ک (چاوتێبڕین و شتی که‌سیی و ...هتد)، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێمه‌مانان کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌بێت، یان ئێره‌ییان پێ به‌رین، یان هه‌ر که‌سێکی کوردستان مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێت ره‌خنه‌یان لێبگرێت و ئه‌وان نوێنه‌ری ئێمه نه‌بووبێتن!
دیاره مافی هه‌ر هاوڵاتییه‌که، که خانهنشیینییهکی په‌سه‌ند وه‌ربگرێت به پێی ئه‌و بڕوانامه و لێهاتوویی و ساڵانی خزمه‌ته‌ی هه‌یبووه، به‌ڵام ئه‌مه کاتێک دروست و ره‌وایه، که ته‌مه‌نی ئه‌و که‌سانه بگاته ئاستی ته‌مه‌نی یاسایی خانه‌نشین بوون و هیچ کارێکی تریان پێ نه‌کرێت. ئه‌مه‌ش ده‌بێت به پێی یاسا (یاسای ڕه‌وا و دادوه‌رانه) رێکبخرێت. نه‌ک یاسای هه‌رێمی کوردستان که له‌م روه‌وه له هی وڵاتانی دواکه‌وتووش ناڕهواتره.
راسته له رابردوودا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پرۆژه‌ی هه‌بووه بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی مووچه‌ی پله‌باڵاکان و خانه‌نشینییان، به‌ڵام دڵنیام زۆربه، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو په‌رله‌مانتاره‌کان، له دڵه‌وه ئه‌و پرۆژهیاسایهیان پێ ناخۆش بووه و له‌گه‌ڵی نه‌بوونه. ئه‌گه‌رنا خۆ راسته یاسای په‌رله‌مان ئه‌و مووچه مۆڵه و زۆره‌ی بۆ دابینکردون، به‌ڵام گه‌ر مرۆڤێک خۆی ویژدانی زیندوو بێت و له‌گه‌ڵی نه‌بێت، ده‌توانێت گه‌ر ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشتبێته ئاستی خانه‌نشین بوون، مووچه‌که ره‌تبکاته‌وه، یان به‌وانه‌شه‌وه، که گه‌یشتونه‌ته ئه‌و ته‌مه‌نه، ده‌توانن نیوه‌ی مووچه‌که‌یان پێشکه‌شی ده‌زگایه‌کی خێرخوازی یان یارمه‌تیدانی که‌سوکاری قوربانییانی ئه‌نفال و شه‌هیدان و که‌مئه‌ندامان بکه‌ن، به‌مه‌رجێک ئه‌مه له فه‌رمانگه‌ی ده‌رامه‌ت تۆمار بکرێت. نه‌ک هه‌ر به قسه و خۆهه‌ڵکێشان بڵێن ئێمه هاوکاری خه‌ڵک ده‌که‌ین، بێ ئه‌وه‌ی یارمهتیوهرگر و بڕی پاره‌که‌ش دیار بێت که ده‌یبه‌خشن کێن و چه‌نده؟
مرۆڤ که خۆی به رۆشه‌نبیر و دڵسۆزی خه‌ڵک و هه‌ژار و ره‌شوروت بزانێت، پێویستی به یاسا نییه، تا بیکاته بیانو بۆ کاری نادروست، بۆ نمونه کاتێک مرۆڤ بڕوای به فره‌ژنی نه‌بێت، ئیتر پێویستی به‌وه نییه، که په‌رله‌مان و یاسای وڵاته‌که‌ی ئه‌مه قه‌ده‌غه بکات، به‌ڵکو خۆی ناچێت ژنی تربهێنێت، چونکه لای ئه‌م فره‌ژنی شتێکی نایاساییه.
من لێره‌دا به‌کاک دڵشاد حسێن و به‌تایبه‌ت هه‌موو په‌رله‌مانتاره‌کانی تری کۆن و تازه‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێم، که راسته ئێوه کۆیله‌ی حزبه‌کانتان نین، به‌لام ده‌نگی ئێمه واته خه‌ڵک بوو ئێوه‌ی کرد به شت و ئیمتیازاتی پێ به‌خشین. بۆیه زۆر ناڕه‌وا و شه‌رمه، که مرۆڤ به تایبه‌ت گه‌نج بێت و ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشتبێته خانه‌نشینی، ئه‌و مووچه زۆره وه‌ربگرێت، به تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی ژیانی ئه‌وروپایان بینیوه، ئاگایان له مووچه و ژیانی په‌رله‌مانتاریی ئه‌وێ و کوردستان هه‌یه، جیاوازی نێوان مووچه‌ی ئه‌وان و که‌مترین مووچه له‌و وڵاتانه ده‌بینینن، ئه‌وا دووجار شه‌رمه. بگره ناپاکییه له ویژدان و به‌ڵێن و ده‌نگی خه‌ڵکی. ئاخر هه‌ر ئێوه‌ن وا ده‌که‌ن، که خه‌ڵ سارد ده‌که‌نه‌وه له پرۆسه‌ی دیموکراسی و خه‌باتی مه‌ده‌نی له کوردستان. ئێوه‌ن که نمونه‌یه‌کی خراپی په‌رله‌مانتاریی و نوێنه‌رایه‌تی پێشکه‌ش ده‌که‌ن.
له کۆتاییدا ده‌نگم ده‌خه‌مه پاڵ ده‌نگی که‌مپینی (هه‌ڵمه‌تی دادپه‌روه‌ریی) که نۆ ساڵه به‌رده‌وامه و دوای دادپه‌روه‌ریی له مووچه‌ی پله باڵاکان و خانه‌نشینییدا ده‌کات و به ده‌ق له داواکارییه‌کانیاندا ده‌ڵێن:
١. موچەی بنەڕەتی پلە باڵاكان بۆ نیوەی ئێستای كەمبكرێتەوە, بۆ ئەوەی جیاوازی موچە كەمبكرێتەوە لە كوردستان كە بەرزترین رێژەیە لە جیهان.
٢. یاسای خانەنشینی پلە باڵاكان بە ئاستێك رێك بخرێت لە ٢ ملیۆن زیاتر نەبێت بۆ ئەوانەی تەمەنی خانەنشینی دەیانگرێتەوە, ئەوانی دیش بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.
ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه که پشتگیری ته‌واوی ئه‌و که‌مپینه بکه‌ین، که داوای که‌مکردنه‌وه‌ی مووچه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانی کوردستان و بڕینی مووچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاره له کارکه‌وتووه‌کان ده‌که‌ن، که بوونه‌ته توێژێکی مشه‌خۆر به سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه، بۆ گێرانه‌وه‌ی ئه‌و پارانه بۆ بۆ بودجه‌ی گشتی و سامانی وڵات.
تێبینی:
١. ره‌نگه تاکوته‌را په‌رله‌مانتاری خانه‌نشین هه‌بێت، که نیوه‌ی مووچه‌که‌ی بداته حزبه‌که‌ی یان که‌سوکاری شه‌هیدان و خه‌ڵکه که‌مده‌رامه‌ته‌کان، ئه‌م ره‌خنانه‌ی من ئه‌وانه ناگرێته‌وه.
٢. وتاره‌که‌ی دڵشاد حوسێن له خوارەوە بخوێنەرەوە:
----------------------------
موچە و بێدەنگی و ئازادی
دڵشاد حسێن
خەریکە داھێنانێکی نوێ دێتە سەر پێناسەی کۆیلایەتی نوێ، بەوەی لە حیزبێکدا خەباتت کرد و بە ھۆی پلەیەکەوە موچەیەکت ھەبوو ، ئیتر ئەو موچەیە زۆر یان کەم، ھەق بێت یان ناھەق، کە ئەوە باسێکی ترە. ئیتر ئەبێت ببیتە کۆیلەی دەسەڵاتدارانی حیزب و وەک ئەوەی حیزب تۆی لە ئەستێرەیەکی ترەوە ھێنابێت و پلە و موچەی پێبەجشیت و خۆت ھیچ نەبوو بیت. بێگومان تا ئێستاش حیزبەکانی دەسەڵات بەشێکی زۆر ئەندام و کادیرانی بە ھۆی موچەوە پاپەندیان بە حیزبەوە گرێداوە.
کاتێک پلەدارەکانی ناو یەکێتی ، بوون بە گۆڕان، یەکێتی زۆر ھەوڵیدا ئەو موچە و ئیمتیازاتانەی بە قەولی خۆیان بە ھۆی یەکێتیەوە دەستیان کەوتوە لێیان ببڕێت، لەمەدا ئەوانەی وەزیر و پەرلەمانتار و پلە تایبەتی حکومی بوون تا ئاستی بەرێوەبەری گشتی و قایمقام و بەرێوەبەر ، یەکێتی نەیتوانی دەستکاری ھیچ موچە و ئێمتیازاتێکیان بکات. چونکە موچەی حکومەت بوو و بە پێی یاسا وەریان دەگرت. تەنھا ئەوانەی کادری حیزبی بوون توانی موچەکانیان ببڕێت. بەڵام گۆڕان گەڕانەوەی موچەی ئەو کادرانەی کرد بە ئەولەویەتی کاری فراکسیۆن لە پەرلەمان و توانی لە ماوەی دوو ساڵدا موچەی ئەو کادیرانە بە قەرەبوەوە وەبگرێتەوە. ئەمە ھەنگاوێک بوو بۆ ئازادکردنی حیزبایەتی و دەرھێنانی ئەو بیانوە بەدەست حیزبەوە بۆ ئەوەی ئازاد بن لە بیروڕا و حیزبایەتی و کۆیلایەتی حیزبی بە موچەوە نەھێڵن.
کەچی بەداخەوە ئێستا ئەم مۆدیلە نوێیە کۆیلایەتیەی کە گۆڕان لە گۆڕی نا، ئێستا کەسانێک ئەو مۆدیلە پەرەپێدەدەن و پێیان وایە کە بە ھۆی حیزبەوە گەشتیتە پلەیەک و بویتە خاوەن موچە، ئیتر ئەبێت بێدەنگ بیت و ئەگەر دەنگیشت کرد واز لە موچەکەت بێنە. ئەوانە بوونەتە پەرلەمانتاری گۆڕان لە خولەکانی پەرلەمان کەس لە سفرەوە دروستی نەکردون ، بەڵکو خۆیان لە جومگەسەرەکیەکانی گۆڕان خەباتیان کرد و ھەریەکە و بەشی خۆی وەک دەنگدەرانی قوربانی داوە و ھەشە لە بەرئەوەی خۆی فیگەرێکی باش بوە ، گۆڕان خۆی داوای لێکردوە خۆی بپاڵێوێت و بەشێکی زۆری دەنگەکانی گۆڕانی بەدەستھێناوە.
ھەبوە پێش ئەوەی ببێتە پەرلەمان ھەم پێشەکەی و ھەموو موچەکەی کەمتر نەبوە لە موچەی پەرلەمان، نمونە بۆ ئەوە زۆرە.بۆیە ئەگەر کەسێک پێی وایە موچەی خانەنشینی ناھەقیە ئەوا دەزگای پەرلەمانت لە بەردەستە و بەشداری حکومەتیت، چۆن بە یاسا دەدرێت ، ئەتوانی بە یاسا بیبڕیت، نەک بێیت و لە چاوبرسێتێەوە بڵێیت مادام موچەت ھەیە ئەبێت بێدەنگ بیت، یان موچە وەرمەگرە ئەوجا ئازادبە. ئەی ئەوانەی ھەمان موچەیان ھەیە و ئاقڵ گوێڕایەڵی حیزبن بۆ ئەوان حەڵاڵە، ئەمەیە دوفاقی و کۆیلایەتی مۆدێرن و زیندوکردنەوە و پەرەپێدانی کۆیلایەتی موچە.
تێبینێ: من پەرلەمانتاری خانەنشینم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست