ئێوە کەهاتن
Tuesday, 25/06/2019, 10:48
بە چوپلیسێکى شڕو وڕەوە
بە چەکەکۆنى وەک تاپڕەوە
بە جل و بەرگى پڕ لە ئەسپێوە
دابوتانە بەر ئەو دەشت و کێوە
بێ پوڵ و پارە و گیرفانى خاڵى
کاتێ کە میللەت بەعسى راماڵى
ئێوە فوتان کرد بە کەڕەنادا
بەسەر میللەتا جوان خۆتان بادا
وتتان ئێمە بووین هاتینە خوارێ
بۆ بەختى ئەنگۆ هەڵماندا زارێ
بەعسمان راونا لە دەشت و دەرا
بوینە تاڵانچى بە پاش و بەرا
مس و فافۆن و تەلمان ئاودیو کرد
شارمان بە لادێ و دێمان هەتیو کرد
جاچوینەبەغدا وتمان وا چاکە
پەیامى ئاشتى بەرین بۆ کاکە
پاش گفت و لفت و قسەو پێکەنین
بۆ دیدارى یەک شیعر هەڵچنین
بە دەستى خاڵى هاتنە دواوە
وتتان رێکەوتن کەڵکى نەماوە
شەڕى ناوخۆتان هێنایە گۆڕێ
خەنى بوون بەوەى میللەت بدۆڕێ
چاوتان لە مافى نەتەوە خەوان
بۆ برا کوژى بوونە پاڵەوان
دوژمنتان هێنا بۆ گیانى خۆتان
کەڕ بون لە ئاستى شین و ڕۆڕۆتان
میللەت کەوى بوو خۆرەى تێکەوت
تا بوونە خاوەن کۆمپانیاو نەوت
بوونە فیرعەون و نەمرود بە جارێ
لە ناوتان بردین بەردتان لێبارێ
تازە بە تازە بۆ گەمەو یارى
نیوە موچەیەک ئەکەن بە دیارى
هى ناوەڕاستى ساڵى بەرێیە
ئەڵێن قەیناکە دەوڵەت لە رێیە
کوا دەوڵەت و تاج کوا کردەو بەڵێن
خەریکە میللەت لە دەستان هەڵێن
ئێوە وەک گەنەو مۆرانەو خۆرە
بە درۆو فشەو بەیت و بالۆرە
گۆڕتان هەڵکەندو هیواتان تێنا
کوردەواریتان لە بن دەر هێنا
بڕۆن حەوت بەردى جاران لە دوتان
نەفرین لە بیرو کردەوەو خوتان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست