گەوهەر لەنێو گوفەکدا
Sunday, 23/06/2019, 9:54
ئەم هەڵوێستە ڕێک مانیفستۆی باوکایەتیی و مرۆڤ بوونە، ڕۆمانە، شیعرە، پەخشانە، هەرچی جوانە، لەو هەڵوێستەدا دەیدۆزیتەوە، ژانرێکی سەربەخۆی ئەدەبییە، ئەو جۆرە لە باوکایەتی، پڕە لە شیعرییەت و جوانی و پاکی و ژیان،
کۆمەڵگایەکی تەندروست و لەبار کە تاکەکان بە کەرامەتەوە تێیدا بژین و بمرن، بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاوا، نە پێویستیمان بە دکتۆرە و نە بە زانا و نە بە پۆلیس، کۆمەڵگایەکی تەندروست پێویستی بە هەڵوێستە، هی ئەلەو جۆرە!
دوای ئەوەی دەستدرێژی دەکەنە سەر کچە حەوت ساڵانەکەی، بەر لە هەموو شتێک، خاوەنداری لە کچەکەی دەکات، لەوە تێدەگات کە کچەکەی قوربانییە و بێ گوناهە، گوێ بە "وتی وتی"ی دەعبا و جڕ و جانەوەر نادات لە خزم و دۆست و ناسیار، هەڵدەستێت باوەش بۆ کچەکەی دەکاتەوە و بەپێی توانای خۆی، بە گژ تاوانباراندا دەچێتەوە، سەرباری ئەوەی باری ئابووری زۆر بەرزیش نییە، بەڵام دەچێتە لای پزیشكی پسپۆڕ و تاوانی سەر کچەکەی بە بەڵگە دەکات، نەک هەر یەک پزیشک، بەڵکو دووان، دواتریش لە فەرمانگەی پزیشکی دادی بەڵگەی ڕاپۆرتی پزیشکی بۆ کچەکەی ئامادە دەکات، کە دەستدرێژی کراوەتە سەر و تاوانێکی گەورەی بەرامبەر ئەنجام دراوە.
ئەو باوکە، دوای ئەوەی کچەکەی دیار نامێنێت، لە ڕێگای پۆلیسەوە، نەیتوانییوە سکالا لەسەر ونبوونی تۆمار بکات، چونکە دیار نەمانی کاتژمێری یاسایی تێنەپەڕاندووە، بەڵام هەڵدەستێت، مزگەوت بە مزگەوت دەگەڕێت و داوا دەکات کەوا بانگەوازی بۆ بکەن، کە کچێکی چکۆڵەی ون کردووە و زانیاری لەسەر کچەکەی دەدات بە مزگەوتەکان، دواتر لە شوێنێك بەبێ هۆشی دەدۆزرێتەوە و لە لایەن ژنێکەوە دواتریش هەر لە ڕێگەی یەکێک لەو مزگەوتانەوە، کە باوکی ژمارەی تەلەفۆنی خۆی جێ هێشتبوو، کچەکە ڕادەستی باوکی دەکەنەوە بەبێ هۆشی، دوای دوو بۆ سێ ڕۆژ، ئینجا کچەکە دێتەوە هۆش خۆی و چیرۆکەکە بۆ باوکی باس دەکات، هەڵبەت بە باوکی وتبوو "ئەگەر بۆت باس بکەم، لێم نادەی؟". دوای ئەوە باوکی ئەوە دەکات کە کردوویەتی.
دوای هەبوونی بەڵگەی پێویست، شکایەت دەکات و تاوانباران لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن، دوای دەستبەسەر بوونی تاوانباران، بڕێک پارە وەک (سولحی عەشایەری) پێشنیار دەکرێت بۆ باوکێکی کەم دەرامەت، کە بێگومان پێویستی بەو بڕە پارەیە بووە، بەڵام لە پێناو ماددیەت و پارەدا دەستبەرداری دۆزی کچەکەی نابێت و کچەکەی نافرۆشێت، بەڵکو هەرجۆرە پێکهاتن و لێخۆشبوونێک ڕەت دەکاتەوە و سورە لەسەر ئەوەی کە تاوانابران و دەستدرێژیکارانی سەر کچەکەی دەبێ بە سزای خۆیان بگەن.
هەمیشە، باوکێک کەسایەتییەکەی لە ڕێگەی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کچەکەیدا، پێوانە دەکرێت، بۆ برایێکیش هەڵسوکەوتی لەگەڵ خوشکەکیدا، بەڕاستی مامە گیان، تۆ شایەنی بە تاتۆ بتخەمە سەر جەستەم، پەیکەرت بۆ دروست بکرێت، لەو وڵاتەی ئێمە لە ئەگەری تاوانێکی لەوشێوە، یان دەست دەخەنە سەر دەمی کچەکە بۆ ئەوەی بخنکێت و شەرەفی تکاو بنێژن، یانیش ئەگەر دڵنەرم بن، دەست دەخەنە سەر دەمی کچەکە و بێ دەنگی دەکەن و بابەتەکە دادەخەن، ئەوەی یەکەم کە کوشتنی قوربانییەکەیە، وەحشەتە. ئەوەی دووەمیش تاوانە، چونکە کەسی قوربانی حەقی خۆی وەرناگرێتەوە و ئەوە کاریگەریێکی خراپی زیاتر لەسەر دەروونی جێ دەهێلێت، هەروەک کەسی تاوانباریش بەبێ سزا دەربازی دەبێت و دەست کراوەتر و ئازادانە لەناو کۆمەڵگا لە کەمیندا دەبێت بۆ ئەوەی منداڵی زیاتر بکات بە قوربانی. لێ ئەو باوکە، شؤڕشی کردووە، وتویەتی "من کچەکەم قوربانییە و باوەشی بۆ دەکەمەوە، تاوانبارنیش پێویستە سزا بدرێن!" بەڕاستی ئەوەیە خۆشەویستی. ڕەنگە ئێستا هەموو شەوان چیرۆکی بۆ بگێڕێتەوە تا بخەوێ، چونکە لەو ساوە، خەوی زڕاوە و ناخەوێ، دڵنیام باوکێک ئەوە هەڵوێستی بێت، ئەوە ئەکت و هەڵسوکەوتیشی دەبێت.
دکتۆر عەبدوڵواحید کە بە ئاشکرا بانگەوازیی بۆ منداڵبازی دەکرد (زەواجی منداڵی نۆ ساڵان"، ئەوەندەی لە دەست نایە، مامۆستا و پڕۆفیسۆرەکانی زانکۆ، زۆرینەی هەری زۆریان، ناتوانن تا ئەو حەدە مرۆڤ بن، خۆ ئەوە هەڵوێستە ئاسایی و ڕاستەکەیە، لێ ئەوە بۆ کۆمەڵگای ئێمە، شۆڕشە، چونکە نەبووە و نییە، ئێمە هەمیشە، خواش تێمان ناگا چی ئەکەین و کێشە چۆن چارە دەکەین، ئێمە قوربانی لە جەلاد مارە دەکەین ، ئەوە چارەسەری نێو کلتورەکەی ئێمەیە، لە باشترین باردا.
لە هەموو ئەوانەش جوانتر، ئەوەیە کە ئەو باوکە، کرێکار و زەحمەتکێشێکی بێ سەوادە، بەڵام مرۆڤ بوون، لە کۆشەیەک دایە، کە وابەستەی مەدرەک و زانکۆکان نییە، مرۆڤ بوون پێویستی بە ناونیشانی قەبە نییە، مرۆڤ بوون قوربانی دانە و تۆزێک سەختە، ئەوەیە کە ئەو باوکە ئەنجامی داوە، ئەوەیە کە باوکان و برای کۆمەڵگاکەی ئێمە ئەنجامی نادەن، خۆ هەمووانیش دەیزانن و دەفامن.
دەبێ چی لەوە جوانتر هەبێ، کچۆڵەکەت تاوانی بەرامبەر کراوە، باوەشی بۆ بکەیتەوە، لە وڵاتێکی گەندەڵدا، کە تاوانبارانی دەستبەسەرکراویش بەردەدرێن، لە کاتێکدا، بەربوون بە کەفالەت بەر ئەو ماددە یاساییە ناکەوێت کە ئەو تاوانبارانەی پێ ڕاگیراوە، باوکی دڵسۆز هەڵدەستێت دەستگا ڕاگەیاندنەکان ئاگادار دەکاتەوە، وەکو جاری یەکەمین، ئەوەی لە دەستی دێت، دەیکات، دەستی کچە وردیلەکەی دەگرێت و بەرامبەر کامێراکان بە سەربەرزییەوە داوای سزادانی تاوانبارانی دۆزی کچەکەی دەکات.
هێندەی ئاگرێک بۆ کەسێکی سەرمابردوو لە سەفەرێکی شەوێکی بەفراوی، کە ڕێگای ون کردبێت، مایەی ئارامی و دڵنیاییت بۆ من! ئەو تاوانە چەندە قێزەوەنە، بەردانی تاوانبارانیش ئەوەندەیتر قێزەوەنتر، بێ هەڵوێستی کۆمەڵگا لە هەمووی قێزەوەنتر، ئەکت و هەڵوێست و باوەشی تۆ، بۆ کچەکەت، زۆر زۆر مایەی دڵخۆشی و هیوا و پشتگیری و پێداهەڵگوتنە.
شەرەف و ناموس و جوانی، یانی تۆ، خۆشەویستی یانی تۆ، باوکایەتییش، یانی تۆ..
لە بەسرە و بەغداش بووایە، ئێستا خەڵک لەسەر شەقامەکان بوو، بەڵام کورد شەقامی خاوێن و دەروونی پیس و هۆشێکی گێژ، هەموو سەرمایە و پۆزەکەیەتی، تەنانەت قێزەوەنترین و دڕندەترین تاخم و دەستەکانیش بەرامبەر بە منداڵ سڵ دەکەنەوە و لە ئەگەری ڕودانی تاوان گەلی بەو شێوە بە توندی سزای تاوانباران دەدەن، چونکە منداڵ داهاتوو و تروسکایی ڕێگای تاریکە، بەڵام داوەشاوی کۆمەڵگای ئێمە، بۆ ئەوەش، نالەقێ و هەڵوێست نانوێنێت.
ڕۆمانێکی دۆستۆڤسکی هەیە، بەناوی (یادگارییەکانی خانەی مردووان)، بەشێک هەیە لەو ڕۆمانەدا، بە ناوی (مێردەکەی ئاکۆلکا)، (ئاکۆلکا) کچێکی ناز و عەیارە، دوای ئەوەی دەبێتە بەر باس و ناوی لە کۆڕ و کۆمەڵدا بڵاو دەبێتەوە، یەکێک لە لات و بێ دەربارەکان، بانگەشەی ئەوە بڵاو دەکاتەوە، کە ئەو کچێنی (ئاکۆلکا)ی نەهێشتووە، ئاکۆلکا هەرچی دەڵێ کەس باوەڕی پێ ناکات، تەنانەت دایک و باوکی خۆشی، باوکی بە ئاکۆلکا دەڵێت " بریا یاساکان گۆڕانکاری بەسەر نەهاتبایە، بۆ ئەوەی بە سانایی بمتوانیبا بتکوژم و لە کۆڵ خۆمت بکەمەوە، بریا هەرگیز نەبووایەی"، منیش ئەوکاتە کە بەر لەو ڕوداوە بوو، بە خۆمم وت تۆ سەیرکە، ئەو ڕۆمانە، لە سەد و پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا نوسراوە، ئەوکاتە یاساکان گۆڕانیان بەسەر هاتووە و یاسا هێزی ئەوەی هەبووە ڕێگا لەو تاوانە بگرێت، لای ئێمە ئێستاکە یاساکان گۆڕاون، بەڵام یاسا ئەو هێزەی نییە، ئەوە جگە لەوەی کە ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، بیر و ڕای کۆمەڵگای ڕوسی لەوبارەوە گۆڕا و کوشتنی ژنان لەسەر پارچە گۆشتێک و پرۆسەیەکی زۆر سانا و ئاسایی کە سێکسە لە مرۆڤدا، ناکوژرێن و سزا نادرێن، بەڵام کۆمەڵگای ئێمە هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە، ڕوسیا کە بەراورد بە ئەوروپا پێشکەوتنەکەی سنورادرترە، ئێمە سەد و پەنجا ساڵ لە دوای ڕوسیاوەین، ئەدی دەبێ بەراورد بە ئەوروپا ئێمە لە کوێ بین، لەو بارەوە، بەڵام ئەوەتا شۆڕشەکەی ئەو مامەیە، بیر و ڕام دەگۆڕێ و کودەتا بەسەر بێ هیواییم دەکات و هێندەی کە نازانم چەندە زۆرە، دڵخۆشم دەکات.
بە شەروالێکەوە، کە پێشتر زۆربەی ئەوانەی ژنیان دەکوشت لەبەریان بوو، بە هەمان ئەو شەروالەوە، ئەو مامەیە، داکۆکی و خاوەنداری لە کچەکەی دەکات و گوێ بە هیچ کام لە نرخە ڕزیو و بۆگەنەکانی کلتور و کۆمەڵگا نادا.
بەڵام دیسانەوەش، ئەوەتا ئێمە ئەوە نین، کە بتوانین، بەرامبەر ئەو هەموو جوانییە، خاوەنداری بکەین و شەقامەکان پڕ بکەین و هاواری پشتگیریمان لێ هەستێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست