کەی کۆتایی بەیاریەکەی دەسەڵاتی مافیای کوردی دێت.؟
Tuesday, 18/06/2019, 23:49
لەئێستاداگەورەترین پرسیار دوای ٢٨ساڵ ،لەدەسەڵاتی مافیاگەری کوردی و یاریە فێلاویەکانی ئەوەیە کەکەی کۆتایی بەیاریەکانیان دێت و دەبێت چۆن کۆتاییان پێبهێنرێت.
ڕەنگە ئاسان نەبێت وەڵامی ئەوپرسیارە ئاڵۆزەبدەینەوە ،بەرامبەر بەدەسەڵاتێک ،کەهەمووبنەماكانی خۆی لەسەر توندوتیژی و کوشتن وڕاوەدوونان و بەکارهێنانی هیزومیلیشیا بنیاد نابێت و بەتەنها زمانی چەک دەزانیت و نەوە دوای نەوە و لەڕێگەی میلیشیاوە درێژەبەمانەوەی خۆی دەدات .
بەدرێژایی مێژوو هیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرو شمولی لەڕێگەی گاڵتەجاری هەڵبژاردنەوە کۆتایی نەهاتوە،بەڵکوگاڵتەجاری هەڵبژاردن سیناریۆیەک بووە بۆمانەوەی خودی دەسەڵات و شەرعیەت دان بەسەرکوت و دزی و تاڵانی دەسەڵات.ئەوەی خەڵکی کوردستان بۆ بەشوێن ئەلتەرناتیڤ دا نەگەڕاوەو هەمووجارێک بەدرێژایی ٢٨ ساڵ جوتە ژێرباری سیناریۆکانی سەرانی مافیای کوردو شەرعیەتی پێداونەتەوەو کردوونی بەسەردارو سەروەری خۆی ،لەکاتێک دا هەموو ڕاستیەکان بەچاوی خۆیان دەبینن و دەزانن ئەم دەسەڵاتە مافیاگەریە ٢٨ساڵە هەرچی سامانی ژێرزەوی وسەرزەوی هەیە داگیرو تاڵانیان کردووەو دەسەڵاتەکانیان ،لەباوکەوە دەگوازنەوە بۆکوڕەکانیان و خەڵکیش هەر خەریکی ستایش و ڕازی بوونە .جار دوای جار پەیمانیان بۆ تازەدەکەنەوە و ژیان و گوزەرانیان دەخەنەوە ژێر دەسەڵاتی گورگەکان و ڕاناچەنن ،لەسەر ژیان و گوزەرانیان .
ئایاخەلکی کوردستان ،لەناهۆشیاریانە بە تاوانەکانی دەسەڵاتی مافیای کوردی ،یان هێشتا بڕوایان وایە ئەو دەسەڵاتە هۆڤیە دەتوانیت ژیانیان باش بکات .بۆیەبیریان لەڕێگاچارەی تر نەکردوەتەوە،یان کۆمەڵگایەکین بەهۆشیاریەوە حەزمان لە دەسەڵاتێکە ئازارمان بدات و بمانچەوسێنێتەوە.. تاچیژ لەئازارو چەوساندوەببینین بۆیە بێ دەنگین و ساڵ دوای ساڵ چارەنوسمان دەدەینەوە دەستیان و تێرنابین لەئازارو مەینەتی و بیر لەڕێگای کۆتایی هێنان بەیاریە قیزەونەکانی دەسەڵات ناکەینەوە .
کۆمەڵگای زیندوو هەرگیز تەسلیم بەبێ مافی نابێت و بەردەوام لەمەیدانە بۆمافەکانیان ،خەڵکی کوردستان هەرچی سوکایەتی و بێ مافی هەیە بەچاوی خۆیان دەیبینن و هەڵوێستەی جدی ناکەن و هەمیشە بەشوێن فریاد ڕەسی وەهمی داوێڵن و لەئاسمانەوە دابەزێت و ڕزگاریان بکات ،بەلام ئەوفریاڕەسە هەرنایەت و ئەمانیش دەبێت لەچاوەڕوانی گۆدۆیدا بۆ فریادڕەس بخولێنەوەو.
سیزیف ئاسا٢٨ساڵە بەردەکەیان داوەبەشانیانداو ئامادەنین دەست بەرداری بن ،پاڵەوانە ناڕزیەکانیش هەمان ووتە سواوەکانی خۆیان دووبارەدەکەنەوەو لە دەوامەدا وەستاون و بیرکردنەوەیان بەقەدەر دۆنکیخۆتەیە ،کەدەیەوێ بەشمشێری دارینەوە خۆی ڕزگار بکات .
خەڵکی کوردستانیش ٢٨ساڵە ،لەڕووی جەستەیی و دەرونی یەوە تیرۆر دەکرێن و قوتی ژیانیان دەزرێت و ڕێگای ڕاستەقینەی کۆتایی هێنان بەیاریەکانی دەسەڵاتی مافیای کوردیان نەگرتوەتەبەر ،کەشۆڕشە بۆ وەڵام دانەوەی دەسەڵاتە هۆڤیەکەی کورد.
دەبێت چەندی تر خەڵکی کوردستان بەردەوام بن لەشەرعیەت دان بەئازارو مەینەتیەکانیان لەژێر ئەو دەسەلاتەی ،بەردەوام دوای باوک کوڕەکانیان دەکەن بەحاکم بەسەرتانەوە ئێوەش خەریکی چەپڵەلێدانن بۆیان .یەک جار ببن بەخۆتان و یاری باوک و کوڕەکان کۆتایی بهێنن دەسەڵات بگەڕێننەوە بۆخۆتان ،کەخاوەنی ئەسڵی کۆمەڵگان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست