کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


من لە سەر بنجی خۆم رواومەتەوە

Tuesday, 18/06/2019, 10:39


مامە گیان لە زۆر وڵاتدا رۆژی باوكە، ئەمڕۆ زۆر بەتاسەوە بیرم كردی، بیری سۆزی باوكایەتیت، بیری حیكمەت و سەركردایەتیت. بیرم لەوە كردەوە ئەگەر تۆ ئێستا لەژیاندا بمایتایە سبەی ئەنجامی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی چۆن دەبوو؟ كێشەی ئێستای كەركوك بەكوێ دەگەشت؟ ئەمە منی خستە خەیاڵێکی قوڵەوە و بە تەواوی باوکم هاتە بەرچاوم:
لە بەیانیەوە پەرۆشە بۆ شێوازی پێشوازی کردنەکە، تەلەفۆنێکی بۆ د.خەسرەو دەکرد و پێی دەوت هەموو بازگەکانی ئاگادار بکاتەوە کە شاندی پارتی دێت و دەبێت پێشوازییەكی شایستە بكرێن. 
دواتر ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئاگادار دەکردەوە لە کاتی گەیشتنی شاندەکە لەبەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسی پێشوازییان لێ بکرێت، خۆ ئەگەر جەنابی کاک مەسعوودیش هاتبایە، مام خۆی دەچووە پێشوازی، مام هەمیشە دەیوت پێشوازیکردن لە میوان گەورەییە. 
دواتر کۆبوونەوەکە بە دوو قسەی خۆش و بە گێڕانەوەی دوو نوکتە دەستی پێ دەکرد و هەموو گرژی و ناخۆشییەکانی لە بیر شاندی هەر دوولا دەبردەوە و زەمینەی دروست دەکرد بۆ گفتوگۆیەکی دۆستانە.
پاشان داوای دەکرد شاندی پارتی قسە و باس و داواکاری و گلەییەکانی خۆی بە تەواوی باس بکات، ئەگەر لە کۆبوونەوەکە گرژییەک دروست بوایە، ئەوا مام داوای پشوویەکی کورتی دەکرد و بە کاک مەسعودی دەوت چۆنە دوو قۆڵی پێکەوە چایەک بخۆینەوە؟
كە دەستیان پێ دەكردەوە مام بە زەردەخەنەوە بە هەردوو مەکتەبی سیاسییەکەی دەوت لە بیرتان نەچێت کاک نێچیرڤان تەنها هی پارتی نییە، کاندیدی یەکێتیشە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، کاک نێچیرڤان چەندە لە ئاست پارتی بەرپرسیارە دوو ئەوەندە لە ئاست یەکێتیدا بەرپرسیارە، لەھەمانکاتدا پشتیوانی خۆی و یەکێتی بۆ کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی رادەگەیان و بۆ هەر دوو لای روون دەکردەوە کە لەگەڵ کاک مەسعوود رێککەوتوون پشتیوانی کاک بەرهەم بکەن وەکو سەرۆک کۆماری نوێ تاکو یەکدەنگی کورد لە کوردستانەوە بگوازرێتەوە بۆ یەکدەنگی کورد لە بەغدا. سەبارەت بە كەركوكیش مام هەموو مەترسییەكانی بۆ ئامادەبوان ڕوون دەكردەوە. 
کۆبوونەوەکە بە نیوەڕۆخوانێکی مام جەلالانە کۆتایی دەهات و هەردوو لا بە خۆشحاڵی و بە هەستێکی برایانەوە دەگەڕانەوە و بەم جۆرە کوردستان دوور دەخرایەوە لە گرژی و ئاڵۆزی ...
رۆژی دواتر لە هەر دوو رۆژنامەی کوردستانی نوێ و خەبات ئەم هەواڵەمان دەخوێندوە:
" سەرۆك تاڵەبانی لە بارەگای خۆی لە سلێمانی پێشوازی كرد لە سەرۆك مەسعود بارزانی و پێكەوە تاوتوێی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەندیان كرد لە پێش هەموویانەوە كێشەی پارێزگاری كەركوك. لای خۆیەوە سەرۆك تاڵەبانی هەموو پشتیوانییەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی راگەیاند بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا سەرۆك بارزانی جەختی كردەوە پارتی دیموكراتی كوردستان پەرۆشە بۆ كۆتاییهاتنی دۆخی نائاسایی كەركوك و هاوكار دەبێت لە دانانی پارێزگارێكی نوێی كورد لەو شارە وەك بەشێك لە بەركەوتەی یەكێتی لە پێناو پاراستنی شوناسی کوردستانی بوونی شارەكە."
لە پڕ لەم خەیاڵە ڕاچەنیم و هاتمەوە ناو واقیعەکە کە ماممان لەگەڵ نییە، هەربۆیە ئێستا دەستمان لەسەر دڵمانە کە ئایا یەکێتی و پارتی دەتوانن بەرپرسانە و بە گیانی لێبوردەییەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن یان نا؟ بەشکەم ئەوانەی هەمیشە ئەڵێن ئاخ ئەگەر مام جەلال لێرە بووایە (وەک برایانی پارتی) و ئەوانەی بەردەوام دەڵێن ئەرکی ئێمە درێژەدانە بە رێباز و بەرنامەی مام جەلال (یەکێتییەکان) بتوانن ناکۆکییەکان وەلاوە بنێن و وەکو مام و کاک مەسعود کێشەکان چارەسەر بکەن؟ 
ئاخ باوکە گیان ئێمە هەموومان بێ تۆ تەنهاین، کورد هەموو بێ تۆ تەنهایە، تۆ بە حەق باوکی هەموومان بووی...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە