کاك هەڤاڵ؛ خۆتان خۆشبن
Tuesday, 18/06/2019, 10:19
بە بۆنەی مردنی سەرۆکی پێشووی میسر(موحەمەد مورسی)، هەر زوو پارێزگاری سلێمانی لە فەیسبووکی خۆی نووسیبووی؛ ئەمڕۆ جوامێرێك جێی هێشتین.
-----------------------
لەڕاستیدا ئەبێ زۆر سوپاسی کاك هەڤاڵ بکەین بۆ ئەو هەستە ئایینیە ناسکە شەفافە ئیخوانیەی دەربڕیوە، لەبەرئەوەی مردنی ئەو کەسە ئەوەندە کەسەر و ناڕەحەتی خستە دڵی هەزاران لە برا ئیخوانەکانی جیهان و ئەوانەی لای خۆمان، کە نەدەکرا سەرخۆشی و دڵتەنگی بۆ هەڵنەڕێژن، کاک هەڤاڵ بەم کارەی ئەو زەحمەتە گەورەیەی لەسەر ئێمە و سەرۆکی کابینەی ٩ و سەرۆکی هەرێمی نوێ و سەرۆکی مەرجەع، لابرد، خەمی ئێمەو هەموانی لای برا عەرەب و ئیخوانەکان ڕەوانەوە،، خوا سەبووری بە کاکە هەڤاڵ و مامۆستا عەلی قەراغی و مەلا هەمزە و عەلی کەڵەك و فاتیح شارستانی و عومەر چنگیانی و مەلا کرێکار و زۆر لە لە خوا ترس و مورشد و موخلسی ئیخوانەکان بەڕێز ئەردۆگان بدات.
ڕۆژانە ئەو هەموو کورد و گەریلا کچ و کوڕانە لە بەرەکانی جەنگدا دژ بە ئیخوانەکان و قاعیدە و داعش و ئەردۆگانەکان بریندارو شەهید ئەبن، ئەم کاك هەڤاڵەی لیستی گۆڕان، ڕووی نەهاتوە بە ووشەیەك لە فەیسبووکەکەی خۆی سەرزەنشت و سووکە ڕەخنەیەك لە سوپاکەی ئەردۆگان بگرێ،.
بێ مەڵامەت نییە لەبەرئەوەی مامۆستاکەی وەك خۆی بیرئەکاتەوە، ئەمانە هەمووی بەرهەمی نەوشیروان مستەفان، کە ئەیووت گۆڕان ڕێز لە سەوابتە ئایینیەکان ئەگرێ و لەلایەکی تر ئەیووت گۆڕان خاوەنی هیچ ئایدۆلۆژیەك نیە!
ئەم هەڵوێستەی هەڤاڵی ئیخوان دەری خست کە بەڕاستی و بە هەموو مانایەک لە باشووردا (ئەزمەی پیاوە)، دەنا چۆن کەسێك خۆی بە کورد بزانێ ئاوا بەو شێوەیە و بەو بێ شەرمییە داکۆکی لە کەسێكی ئیسلامی تووند ڕەو دەکات کە نیوەی هێزەکەی ئەبو بەکر بەغدادی خەڵکی میسر و سەر بە محمەد مرسی بوون، هاتبون کورد قڕبکەن و ئەنفالی کچانمان بکەن.
هەڤاڵ لەسەردەمی سەدام شانامەی بەسەر سەدامدا ئەووت و دواتر کەوتە لێسینەوەی پێڵاوی نەوشیروان و دواتریش خۆی خستە بن هەنگڵی کۆسرەت و دەست ماچکردنی هێرو، وا ئێستا خەریکی ئەوەیە خۆی لای ئەردۆگان شیرین بکات. لە ڕێگای –عەلی قەراغی- خۆی هەرزان فرۆش بکات، وەك هەر چۆن لەم کارانەدا پسپۆر و لێهاتووە، ئەزانێ چۆن کاسە لێسێ و مامە حەمەیی و ڕیایی بکا، بەشکم خوایە دڵی ئەردۆگان نەرم بێ و دەرگایەکی ڕەحمەتی لێ بکاتەوە!
بەڕاستی شەرمە شاری سلێمانی، شاری شێخی مەزن، شاری پیرەمێرد، شاری حەمە سالح دیلان و شاری ئارام بەدەست ئەم جۆرە مرۆڤانەوە ئاوای لێبێ و مێژووی ڕۆشن و پڕ خەبات و پڕ شکۆمەندی بخەنە ژێر پێیانەوە.
دەی ڕووتان ڕەش بێ و ئێوە و ئەویش لەوە لاتر بچن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست