لێرەدا رای خۆم لەگەڵ هەندێک زانیاری لە کتێبی ساپیانی نۆوا حەراری دەخەمە ڕو لەسەر مێژوی دروستبونی خواد ؛
نۆوا حەراری دەڵێت ؛ زمانی شامپانزێ تەنها ئەتوانێت گروپێکی دوانزەکەسی پێکەوە ببەستێتەوە ، بەلام زمانی مرۆڤی ساپیان هێندە پێشکەوتوە و زانیاری ئەدات لەسەر شتێک، روداوێک، کە ئەمڕۆ بەو زمانەی کە هەیەتی ئەتوانێت نزیکەی دوسەدو پەنجا کەس پێکەوە ببەستێتەوە، لە رابوردودا تەنها پەنجا کەس، بەبێ ئەوەی کە ئەم گروپە پیوستیان بە شتێکی تر هەبێت بۆ پێکەوە بەستنەوەیان. بۆ نمونە شەمپانزێ دەڵێت ؛ ئاگادار، شێر هات. بەڵام مرۆڤی ساپیان ئەتوانێت بڵیت ؛ ئەم بەیانیە، نزیکەی پێنج کیلۆمەترێک لە ئێمەوە، چەند شێرێکم بینی لەگەڵ بێچوەکانیاندا بەدوای نێچیردا دەگەران، پێ دەچێت کە ئەوان برسیان بێت، بۆیە دەبێت هەمومان ئاگادر بین و سەرپەرشتی دەروبەری خۆمان بکەین چونکە لەوانەیە ئەگەر هیچیان دەست نەکەوتبێت بێرەدا تێپەڕنو ژیانی ئێمەش بخەنە مەترسیەوە......تاد، هەروەها مرۆڤی ساپیان دەتوانێت بڵیت کە شێر ڕەمزی کۆمەڵگەکەیانە. زمانی ئۆمۆساپیان لەسەر پێدانی زۆرترین زانیاری لەسەر دەروبەری وەستاوە.
بەلام دوای ئەم ژمارەیە بۆ مرۆڤی ساپیان زمان بەس نیە بۆ پێکەوەبەستنەوەیان، دەبێت چارەسەرێکی تر بدۆزێتەوە، هەر بۆیەش ئەو خێزانانەی کە لەسەدەی نۆزدەوە دەستیانکرد بە بازرگانی، پاش ئەوەی کە گەورەبونو کاربەدەستیان زۆر دەبو بەڵام هەر سیستەمی کۆمۆنیکاسیۆنی کۆنیان پەیڕەوی دەکرد، شکستیان دەهێنا لەبەر ئەوەی کە دەبوایە سیستەمەکەیان بگۆڕیایە لەگەل زۆربونی ژمارەیان، ئەمە بوە هۆی داهێنانی شەریکە وەک چارەسەرێک ، بۆ نمونە شەریەکی پیژۆی سەیارەی فەرەنسی شتێکی ڤیرتوێلە، مرۆڤێک نیە، کەسێک نیە، بەلام ئەم شەریەکەیە کۆمەلە کەسێک بە مەبەستی بازرگانی لەدەوری خۆی ؛ پیژۆ، کۆدەکاتەوە، کە ئامانجیان بەدەست هێنانی قازانجە، خاسیەتەکانی ئەم شەریەکەیە بە قانون نوسراونەتەوە و هەمو ئەندامانی پەیڕەوی دەکەن، بۆیە کاتێک کابرایەکی فەرەنسی لێرەوە دەچیت بۆ بەرازیل لەگەڵ هەمان کرێکاری شەریکەی پیژۆدا قسە دەکات، دەزانن باسی چی دەکەن، هەر وەک چۆن کاتی خۆی مارکسیەکان بەبێ ئەوەی یەکتری بناسن لەم پەڕی دنیاوە دەچون بۆ ئەو پەڕی دنیا بۆ لای کەسێک بەبی ئەوەی بیناسن، ئەوەی کە کۆی دەکردنەوە ئایدیۆلۆژی مارکس بو کە هەمویان پێی ئاشنابون، ئەمڕۆش کابرایەکی موسڵمان لەکوردوستانەوە دەچیت بۆ ئەمەریکا لەگەل کابرایەکی موسڵمانی ئەمریکیدا لە یەکتری تێ دەگەن.
تیۆریەکانی لە ناوچونی نێندەرتال زۆرن، یەکێک لەو تیۆریانە ئەوەیە کە هەرچەندە نێندەرتال ئامێریان بەکار دەهێناو کەسانی زیرەک بونو قەبارەی مێشکیان گەورەبوە، بەلام بەرامبەر بە مرۆڤی ساپیان نەیانتوانیوە بەرگری بکەن، بەرامبەر بە تاکێکی ساپیان توانیویەتی و زۆر زاڵیش بوە، بەلام ساپیان لە ئۆرگانیزاسیۆندا توانایەکی بی هاوتایان بوە، بۆیە نێندەرتال نەیان توانیوە بەرامبەر بە ساپیان بوەستنەوە، کەواتە ئەو زمانە ئاڵۆزە بەرهەمی ئەو خاسیەتەیە، بەلام کاتێک کە ژمارەیان زۆر دەبێت زمان بەس نابێت دەبێت پەیڕەوی سیستەمێکی تر بکەن، بۆیە لەدوای زمان بۆ بەستنەوەی ئەو کۆمەڵگەیە لەدەوری ئایدیایەک، مرۆڤی ساپیان تەوتێمی دروستکرد، وەک وتمان؛ شیر ڕەمزی خێلەکەمانە، تەوتیم دەیتوانی ژمارەیەکی زیاتری مرۆڤ پێکەوە ببەستێتەوە، یەکەم تەوتێمیش کە مرۆڤی ساپیان دروستی کرد، تەوتێمی شیرێکە بە پیوە وەستاوە، لەشی مرۆڤەو سەری شێرە، 32 هەزار ساڵ لەمەبەر، کە ئێستاکە بۆتە مارکی شەریکەی پیژۆی فەرەنسی، ئەوەبو بۆیەکەم جار مرۆڤ شکڵێکی دروستکرد کەلەوە و بەر بونی نەبوە، کەواتە تەوتێم لەدوای زمانەوە دێت بۆ بەستنەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە مرۆڤ. لەدوای ئەوەی کە شارو شارستانی دروست بو خواکان جێگەی تەوتێمیان گرتەوە وەک بینیمان لای سۆمەری و فیرعەونەکانو یۆنان...تاد، ئەم پرۆسەیە بەردەوام بو هەتاوەکو مرۆڤی ساپیان گەشتە یەکتا پەرستی کە لە وتارەکەدا ژۆن سۆلێغ باسی دەکات کە چۆن.
کەواتە گەیشتن بە یەکتا پەرستی وەک پرۆسەیەکی لۆژیک هاتوە، بۆ بەستنەوەی ژمارەیەکی زیاتری مرۆڤ کە قارەکانی دەبڕێ و بەڕێکەوتیش نیە کە لە هەمان کاتا بە دروستبونی یەکەم ئیمپراتۆریەت لە جیهاندا کە ئەخمەنیەکانن دینی زەردەشتی وەک دینێکی یەکتا پەرستی پەیڕەوی دەکرا، هەرچەندە ئەخمەنیەکان هەرگیز دینی خۆیان نە سەپاندوە بەسەر هەمو دانیشتوانی ئیمپراتۆریەتەکەیان، وادیارە کە پاشماوەی لێبوردەییان لە پەرستنی خواوەندەکان هێشتا لە هەڵسوکەوتیانا مابو.
ئەگەر یەکتا پەرستی بە پرۆسەیەکی ناڕەوا هەژمار بکرێت ئەوا زۆر لە پرۆسەکانی مێژوش بەهەمان شیوە، وەک نۆوا حەراری دەڵیت ؛ گەورەترین هەڵەی مێژویی شۆڕشی کشتوکاڵی بو. بەلام ئەو پرسیارەی سەرەکیەی کە دێتە پێشەوە ئایا پرۆسەی بەرەوپێشچونی ناچرەڵی مرۆڤ خۆی لە خۆیدا کاولکارە یان بەسودە بۆ مرۆڤ ؟ ئایا مرۆڤ سەرباری ململانێکان بەرەو داهاتویەکی رونو بەختیاری دەڕوات یان نە ؟ زۆر لە بیرمەندەکان وایان باوەڕە کە بەرەو کاولکاری دەڕوات، ئەمەیە گرێ کوێرەکە؛ گەیشتن بە یەکتا پەرستی جۆرێکە لە کۆبونەوەمان، لە سنورشکاندنی نێوانمان، جیاوازیەکانمان، بەلام چۆن مرۆڤ خەو بە ژیانێکی بەختیاریەوە دەبینێتو بەرەو پێچەوانەکەی دەڕوات ؟ کەواتە خۆی بڕیار نادات هێزێکی سروشتیە کە نە بەختیاری دەزانێت چیە نە زوڵمو نە بەزەیی، چۆن ڕیی تێ دەچیت کە ڕەحمو بەزەیی بەرهەمی ماتریاڵ بن ؟ کەواتە یان ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤی ساپیان بەهەلە ئەم هەستانەمان تەرجومە کردبێت، هەروەها پێ دەچێت هۆکاری تەقینەوە گەورەکە بێت کە بیرەوەری لە هەمو گەردیلەیەکدا جێ هێشتوە، بۆیە سانتۆگوستان دەڵێت ؛ کۆتایی هەموشتێک دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێیە، بەلام بۆچی دەبێت ئێمە هەمیشە بگەینە کۆتایی و کاولکاری هەتاوەکو ژیانێکی نوێ سەرلەنوێ دەست پێ بکەینەوە ؟ لەبەر ئەوەی کە هەتاوەکو ئێستاکە نەمان تانیوە کە مرۆڤ تێ بگەیەنین بەهەر شێوەیەک بێت کە بزانێت سەرشکاندن چیە پێش ئەوەی سەری بشکێنێت، ئەمەیە سروشتی مرۆڤ، هەر بۆیەش فروغی فورغزادە بەوپەڕی شانازیەوە دەڵیت ؛ من لەو کەسانە نیم کە کاتێ دەبینم کەسێک سەری خۆی دەشکێنێت بە دیوارێکدا ئیتر بگەڕێمەوە دواوە، من دەبێت خۆم سەری خۆم بشکێنم هەتاوەکو تێ بگەم. منیش فروغ دڵنیا دەکەمەوە کە ئەو بەتەنها نیە و هەمو مرۆڤایەتی هەمان پرۆسە پەیڕەوی دەکەن.
نیچە هەمیشە دژی ڤاگنەر ئەدوا، دژی مۆسیقاکانی ڤاگنەر بو، دەیوت کە مۆسیقای ڤاگنەر هەر توڕەبونو هەڵچونە بە پێجەوانەی ژۆن سێباستیان باخەوە کە زیاتر بەخۆدا چونەوە و قوڵبونەوەیە، بەلام کۆتایی وتی ؛ وابزانم کەدەبێت بە ڤاگنەردا تێپەڕین، ئەوەبو ڤاگنەر بوە مۆسیقای نازیەکانو شەڕی جیهانی دوەمیش جۆرێک بو لە ئاوازی ڤاگنەر. کەواتە دەبێت هەموجارێک بە ڤاگنەردا تێ پەڕین.
من باوەڕم بە هیچ نیە، ئەمەش نابەستمەوە بە نیهلیسمو شتی ترەوە، ئەوەی کە ئەیناسمەوە وەک هەقیقەتێک کەبونی هەبێت، ئەشکەنجەیە، تەنها ئەشکەنجە بونی هەیە وەک هەقیقەتێک هەر بۆیەش لەو کاتانەدا مرۆڤی ساپیان شتێکی بەسود دەکاتو دەدرکێنێت، ئەو کاتەیە کە لە ئەشکەنجەدایە، ئیتر دوای ئەوە هەموی تڕی بەردەم ڕەشەبان . تۆ بڵێی ئەشکەنجە تەرجومەی ئانو ساتی پێش تەقینەوە گەورەکە بێت لە ناخی مرۆڤدا ؟ ئەشکەنجەی لەدایکبونی جیهانێکی نوێ، بیرو تێڕوانینێکی نوێ ؟
ژۆن سێباستیان باخیش مشتێکە لە ئەشکەنجە، بەڵام بە بێ ڤاگنەر بونی نیە، دەبێت بە ڤاگنەردا تێ پەڕین، کەواتە یاریەکە ئێستاکە رونە بۆ مرۆڤی ساپیان، بۆیە هەتا ئەم سەردەمە مرۆڤ هەمو هەوڵێکی داوە بۆ گۆرینی دەوروبەری هەتاوەکو بیگونجێنێت لەگەڵ خۆیدا، بەلام ئەفسوس بێ هودەیە. بە پێی نۆوا هەریری و زۆرێک لە بیرمەندەکان کە باسی داهاتو دەکەن لەگەل ژیری دروستکراو ( ڕۆبۆت)، سەدەی داهاتو نۆرەی ئەوە هاتوە کە ناچار بین سروشتی مرۆڤ بگۆڕین هەتاوەکو بتوانین ئەم ژەهرە تالە قبول بکەین، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆمان باشکردنی باری ژیانمانە و هیچی تر، بەلام چلۆن بتوانین ؟ کاتێک مرۆڤێکی ساپیان دەبێتە ئیسلامی دەڵێت کە بیرو باوەڕەکەی ئەو باشترینیانە، هەر هەمان مرۆڤ دەبێتە کۆمۆنیست بەهەمان شیوە، کاتێک دەبێتە ناسیۆنالیستێکی ڕەگەزپەرست دەیەوێت ئەوانی تر لەناو ببات، هەر یەکەو بەلای خۆیدا دەیبات کە گوایە چارەسەرەکەی ئەو باشترین چارەسەرە.
تەنها ڕیگا ئەوەیە کە ناخی ناوەوەی مرۆڤ بگۆڕین، واتە ململانێ دژی سروشت، کە مارکس باسی دەکات، خۆ بۆچونی مارکس بۆ ململانێ دژی سروشت وەک ئەوە نیە کە ئێمە پێی گەیشتوین یان پێی دەگەین لە سەدەی داهاتودا، واتە گۆڕینی ناوەوەی مرۆڤ، دەستکاری کردنی ئای دی ئێنەکانی، چاندنی نۆرۆنی دروستکراو. بەڵام ئەمەش جارێکی تر دەمان بات بەرەو کاولکاری.
خۆ ئەگەر ئەمڕۆ شارەکان پربون لە خەڵکو لادیکان جێ دەهێڵن لەبەر گەڕان نیە بەدوای کاردا، جۆرێکە لە خۆ ون کردن، لەبەر ئەوەی کە مرۆڤ ناتوانێت لەلادێیەکدا لە بۆشاییدا بژی، لە شارەکاندا وەک بۆزۆنی هیگس خێرایەکانیان زیاد دەکەنو دەکێشن بەیەکدا، بەو هۆیەشەوە هەست بەبونی خۆیان دەکەن، ئەو سەردەمە بەسەر چو کە مرۆڤ دەیتوانی لە لادییەکدا سەیری خۆر بکات کە چۆن هەڵدێتو چۆن ئاوا دەبێت، پێویستی بە رووداوە هەتاوەکو ناخی خۆی ون بکات لەو جەنجاڵیەدا، ئەو ناخەی کەبوە بە بەڵا بۆیی و نازانێت چۆن جڵەوی بگرێت.
هەمو ئەو شتانەشی لە مێژوشدا رویان داوە هەر هەمویان درۆن، مێژو بەوجۆرە دەگێڕینەوە کە پێویستمانە، ئەمڕۆ وەها ديڵیین لەبەر ئەوەی کە دەگونجێت لەگەڵ سیاسەتماندا، دوای دەساڵی تر گۆڕانکاری تێدا دەکەین، زانیاریەکانی شارستانی مئسۆپۆتامیا هێشتا نادرێن بە تەلەبەی کۆلێژ لە ئەوروپا، تازە دەستی پێکردوە، نەوەکا بایبڵ بەدرۆ بخاتەوە. نە عیسا بونی هەبوە نە موسا، نە ئیبراهیم نە محەمەد، هەمویان بەرهەمی خەو و خەیاڵی بێ توانایی مرۆڤن، بۆیە مرۆڤی رۆبۆت ئەیەوێت لە داهاتودا ئەوتوانایە بەدەست بهێنێت کە خەوی پێوە بینیوە کە لە ڕابوردودا و دەیکردنە خاسیەتی خواو پێغەمبەرەکان. لەوانەیە پێم بڵین کە ئارتور رامبۆ بونی هەبوە، بەڵی بونی هەبوە، بەو هەمو توانایەی خۆیەوە لە ئەشکەنجەو ئازاردا ئەتلایەوە، پاش ئەوەی هەردو قاچیان بە بێ بەنج بڕیەوە.
ئێمە کاتێک لەباسێک لە فەلسەفەیەک تێ دەگەین کەخۆمان بە ئەزمون دەیگەینێ ، کاتێک سوقرات دەڵێت ؛ خۆت بناسە، ئەمە وتەیە هەرگیز یارمەتی مرۆڤێک نادات کە خۆی بناسێت، هەر ناش زانێت خۆ ناسین چیە و بەچ مانایەک دێت، هەتا ئەو ڕۆژەی کتوپر لە شتێک تێ دەگات بە تێپەڕبونی بە ئێسپاسێکی ئەشکەنجەدا، ئەوسا دەڵێت ؛ ئاه، مەبەستی سوقرات ئەوەبو ؟ ئەمەش بەس نیە، لەسەردەمێکی تردا بەشیوەیەکی تر خۆی دەناسێت، ئەمجارەش دەڵیت ؛ ئاه ! بەهەڵە تێگەشتبوم کەواتە ئەمەیە خۆ ناساندن....تاد. وادەزانین هەردوکمان باسی هەمان چەمک دەکەین، بەلام هەڵەین، هەستو ئارەزوەکانمان لە وشەو زاراوەکاندا گیریان خواردوە . ئەوەشی دەی خوێنینەوە و دەی بینین ئەوە نیە کە نوسەر مەبەستی بوە؛ بڕۆ کتێبێک بخوێنەرەوە کە لە سەردەمی لاویتا خوێندوتەوەتوە، دەبینیت کەهەمان کتێب نیە کە دوای دەساڵ دەی خوێنیتەوە، سەیری تابلۆیەک بکە کە هونەرمەندێک کردویەتی هەمان تابلۆ نیە کە ئەو دەیبینێت یان هونەرمەند کردویەتی و من دەیبینم . کەواتە ئەو خودایەش ئەو خودایە نیە کە منوتۆ دەیناسین ئەگەر هەردوکمان لەسەر هەمون دین بین.
سەفەر سەلامەت.