ماڵێک لەسەر خاکێکی فشەڵ
Saturday, 08/06/2019, 13:35
پێم وایە نووسین ئەگەر تەنیا نووسین بێت، هیچ مەبەستێکی فیکریی و زانستی لەگەڵدا نەبێت، خوێنەر بەرەو ئامانجێکی دیارییکراو نەبات، ئایدیا و بیروباوەڕیک لە پشت نووسەرەکەیەوە نەبێت، وەک خواردنەوەی چا ، یان کوپێک قاوە قڵپبوونەوە دەبێت بۆناو گەدە، لەوە زیاتر هیچ مانایەکی نەمێنێت و لەهزردا جێگەیەک ناگرێت، چاکترە نەنووسرێت و بڵاو نەکرێتەوە.
کازانتزانکی لە نامەیەکدا دەپاڕێتەوە بۆ ژیان دەپاڕێتەوە، تا تەمەنی مەودای ئەوەی بداتێ، تا نووسینەکانی تەواوبکات پەیامەکەی بەنیوە ناچڵی جێنەهێڵێت، کڕوزانەوەی ئەو پیاوە بۆژیان ، وەک ئەرک وایە کە کۆمەڵگای گرێکی لە داهاتوو، هەروەها جیهان لە ناهەمواری بەئاگابێنێتەوە.
ئێمە بۆ دەنووسین؟ بۆ کێ دەنوسین؟ دوا جار نووسین چی داوە بە خۆمان و بە خەڵکیش!؟
لە مێژە بیر دەکەمەوە، کە دەبێت "بە بەهاوە باسی شتە بێبەهاکان بکەین " دەزانین هیچ شتێک هەمیشەیی نییە ، بەڵام دوا جار ئێمە لەناو مێژوویەکدا گوزەر دەکەین ، کە هیچ چیرۆکی شکۆ و بوێری بۆ مێژووەکەمان پێ نییە ، دەشزانم باشترین ڕێگە ئەوەیە کە بە هێزیی خۆمان، دوودڵی بڕەوێنێتەوە و لەهەوڵی ئەوەدابین بەهای کەسایەتی بگەڕێنینەوە و بەدەستی بێنین کە ئێستا لە باشور یان لەو هەرێمە لاقەکراوەدا، بەدەست چەند جامانەسوور و گرێکدراو بە دەستی تالەبانییەکانەوە گرێدراوە، شەرم و شکۆمان شکێنراوە، بەها بۆ تاک بە تاکمان لەکەداربوە. هەر ئەوەی ڕۆژانە دەست لەسەر برینێک هەڵدەگرین و دەستمان لەسەر برینێکی تر دادەنێین ، کورد بێبەها کراوە و نیشتیمانەکەمان بە نرخێکی هەرزار دەفرۆشرێت و تاڵان دەکرێت، کاتێک بەقسەکردن پێمان لەسەر هەور دادەنێین و خۆمان لەناو تەمەنێکدا، کە ژیان ژیان نرخێکی نەماوە و بە نەخۆشی و بە دەردوبەڵاوە لەسەر ئەژنۆکانمان ڕێدەکەین .
کە سەیری کەناڵەکان دەکەم ئەو هەموو کەسە هەرزانە لەناو پۆشاکی گران بەهادا دانیشتوون و دێن قسەمان بۆدەکەن دەبینم بەها لەناو تاک بەتاکیاندا غایبە و ئەوان لەخۆیانەوە نمایندەی ئێمەن و نمایشی شتگەلێکمان بۆ دەکەن کە هەمووی مانای بێکەسایەتی تات بەتاکمان پیشاند دەدات لەم ساتەدا .
چۆن مرۆڤێکی بە بەها دروست دەبێت ، کە دۆڕان یان کەوتن لە بژاردەکانیدا نەبێت ؟ ئێمە گوێمان لە بێدەنگیە، مرۆڤی بەبەها حەزی لە دەنگی بێدەنگی نییە . دەوروبەرمان هەمووی بووە بەگورگی برسی، گورگی گیرفان و گورگی ناوگەڵ و گورگی خوێن، گەر بمانەوێت بەها بگەڕێنینەوە، دەبێت ئێمە مەڕی قوربانی نەبین ، بەڵکو مەڕێکی شەڕانگێزبین ، مەرێک ڕووبەڕووی گورگە ترسنۆک و برسییەکان بینەوە. مرۆڤی ئازا و بەبەها تەنها بەگورگی دەمێنێتەوە .
ژیان وایە کەسە بەهێزەکان بۆ ئێمە کات بۆ شتی بێنرخ تەرخان دەکەن ، دەشزانین هیچ کەسێک ساویلکە نییە تەنانەت ساویلکەکانیش، بەڵام بۆچی نیشتمانی ئێمە تژی بوە لە ساویلکە؟ ئەمڕۆ هاوڕێیەکم زەنگی بۆ لێدام ووتی : دەزانی کوڕەکەی تاڵەبانی دەڵێت لەمێژە هەوڵم داوە لە لەندەنەوە بگەڕێمەوە و ببمە پێشمەرگە، من پێکەنیم نەمزانی هاوڕێکەم ساویلکەیە یان دەیەوێت بەساویلکەیی لە مانای ژیان بگات؟ ئاخر چۆن مرۆڤ کاتێک سەرکەوتن، یان کۆتایی شەڕێک دەبینێت، ئەوسا دەڵێت منیش بە نیازم بووم بۆ لاتان بگەڕێمەوە. بڕواکردن بە نیازی کەسێک کە نەهاتۆتە دی ساویلەکەیی تۆ و فێل و درۆزنی ئەویترە، چونکە ئەو دەزانێت کە لەبەری رەنجی رابردووی تۆ دەخوات، دەیەوێت بە درۆیەک رەوایی بە دزیی بدات.
شەڕ دەبێت بۆ شانازیی بکرێت ، مرۆڤ هەر بڕیارێکی دا دەبێت خۆی بە پێوە بمێنێتەوە ، ئێمە بۆ ئەوە لەدایک نەبووین کە هەمووژیانمان بنوشتێنەوە و کڕنوش بەرین ، دەبێت ڕقمان لەگریمانەکان بێت کە دێنە بەردەم ژیانمان .
پرسیارە جەوهەرێکە لێرەدایە، کەی دەست بەدروستکردنەوەی ژیان بکەین کە هەموومان لەدەستمان داوە؟ ئێمە هەمیشە قسە بۆمردۆکانمان دەکەین بێئاگا لەوەی کە مردۆکانمان گوێیان لە ئێمە نییە، بەڵام خۆمان زیندوو فەرامۆشی دەچنینەوە.
ئەوەی لەماوەی ئەم٢٨ ساڵە دروستمان کردوە لەسەر خاکێکی فشەڵە، بۆیە لەهەموو کاتێکدا ئامادەین بە خۆمانەوە بە رۆی ئەو خاکەدا بچین، کە باسیش کراین، ناڵێن ئەوانە خاوەنی ئەو خاکە بوون، کە هەڵی لووشین، بەڵام خاکەکە خۆی پێمان دەڵێت، ئێوە شایستەی ئەوە نیین خاوەنی ئێمە بن، بۆیە ئێوەمان خستە ژێر خۆمانەوە، ئێوە شایستەی ڕۆچون و لەناو چوونن.. ئەگەر وا نییە، کوا چیتان لەدەست دێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست