کوردستانپۆست خۆی نوێ ئەکاتەوە
Thursday, 27/06/2019, 8:02
بەڕێزان لەستافی کوردستانپۆستی خۆشەویست،
دوای سڵاوێکی گەرم و هیوای لەش ساغی بۆ یەکە بەیەکەتان و کامەرانی لەژیانی ڕۆژانەتاندا.
زۆر سوپاستان ئەکەم بۆ ئەم هەلە کە بتوانم هەندێ ڕاو و سەرنج دەرببڕم سەبارەت بە نوێ بوونەوە و گۆڕانکاری لەم سایتەدا کە ڕەنگە وەك پێویستیەك وابێ تا خوێنەری ئازیز زیاتر کەڵك لە زانیاری و ڕاپۆرت و ووتارانە وەربگرێ و بتوانێ لەگەڵ ئاستی ووشیاری و مامەڵەی ڕۆژانەی، بەرجەستەی بکا.
جێگای ئەوپەڕی خۆشحاڵیمانە کە توانیومانە چەندین قۆناغ و وێستگەی ئاڵۆز و دژوار تێپەڕێنین و هەنگاو دوای هەنگاو شتی نوێمان پێشکەش بە خوێنەری کورد، کردوە. هەر لەسەرەتاوە بەوە دەستمان پێکرد کە بتوانین ئەو بتە ناشرینانە تێك و پێك بشکێنین هەر وەك چۆن ئیبراهیم خواکانی خۆیانی تیك و پێك دا و دواتر چەکوشەکەی دایە دەست یەکێک لە بتەکان و بەخەڵکی گەمژە و بێ ئاگای ووت، ئەوە ئەو خوایەیە کە ئەم کارەی کردوە؛ پاشان خەڵکی کەوتنە گومان و پرسیار و ڕامان کەوا چۆن بت ئەتوانێ ئەو کارە بکا.... ئەمەش سەرەتای هەموو شۆڕش و گۆڕانکاریەکان بوو، لەبەرئەوەی مرۆڤ توانی پرسیار لای خۆی دروست بکا و پاشان بگەڕێ بەدوای وەڵام وشیکاریەکان.
کاری پێشینەی کوردستانپۆستیش هەروا بووە؛ توانیویەتی وا لە خوێنەر بکا پرسیار دروست بکا ، پاشان ڕەخنە بگرێ و پاشان شەقامیان لێ بگرێ، ئەم ٣ قۆناغە کوردستانپۆست زۆر بەباشی پێکای، بتەکانی پێناساندن، ڕەخنەبارانی کردن ئینجا تێك و پێکی شکاندن .
لە بتە گەورەکانەوە دەستمان پێکرد و هیچمان بۆ بتە بچووکەکان جێ نەهێشتەوە وەکو (مەلا مستەفا، جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، نەوشیروان مستەفا)، پاشان بەچکە بتەکان دوای ئەوان بەبێ هەڵاوردەکردن ، هەموویانمان فرێ دایە زبڵدانی مێژووەوە. ئێدی دوای ڕماندنی ئەو کەڵەکە تڕە (کوردایەتی)ی ئەمان ناویان لێنا و پێچەوانەکەیان کرد.
کوردستانپۆست جارێکی تر هاتەوە پێناسەی تەواوی کوردایەتی کردەوە بەوەی کوردایەتی مانای خۆی هەیە و ئەوەی پێشوو کوردایەتی نەبووە و هەروەك چۆن تەزوویر و فرت و فێڵ لە هەڵبژاردنەکان ئەکەن ئاوهاش، هەمان شتیان کرد بۆ هەموو ئەو شتانەی کە پێویستبوو نەکرانایە.
کوردستانپۆست هەتا هەنووکە لەسەر ئەو هێڵە نیشتمانیە کار ئەکا کە گەلی کورد پێویستە ناوماڵی خۆی ڕێك بخا و سنووری ئاکار و بەرزی کوردایەتی خۆی لەدەست نەدا..
لای کوردستانپۆست هیڵی سوور تەنها خیانەت کردن لە نیشتمان و کلك گرێدان لەگەڵ دوژمنانی کورد تاوانی گەورەیە و لێخۆشبوونی نییە. هەر بۆیە لەماوەی زیاتر لە ٢ دەیەی ڕابردوو بێ ووچان کاری کردوە و هەرگیز ماندوو بوونیان نەزانیوە. ئەڵبەت لەم ڕێگایەدا چەندین جار تیرۆری دەسەڵات و کوشتن و زیندانی کردن بۆ چەندین کەسی دڵسۆزی ئەم سایتە یەخەی گرتون و باجی ئەم هەموو هیلاکی و شەونخونیەیان داوە.
نوێبونەوە بۆ؟
بەداخەوە کوردستانپۆست ئەبێ ئەو ڕاستیە بزانێ کەوا کاری ئێمە لەگەڵ جەماوەرێکی نا ووشیار، کەم خوێنەرەوە، کەم بڕوا بە گۆڕانکاری، کەم یەکتر خوێندنەوە و ڕاگۆڕینەوە، کاڵبوونەوە و پووکانەوەی هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و کلتووری، چەقبەستوویەکی زۆر ئەستەم، ئەمانە و چەندینی تر کەوا لە کوردستانپۆست کردووە، نەتوانێ بەتەواوی ڕێگایەك هەڵببژێرێ بۆ گۆڕانکاری لەو کۆمەڵگایە، لە بارو دۆخێکی وەها قورسدا و لەم قۆناغەدا ئەبێ هەندێ پشوو درێژبین و بزانین ئەو کێشمە کێش و ڕاکێشان و داکێشانە هەرێمیانە و بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە چ جۆرە گۆڕانکاریەك لەگەڵ خۆی دێنێ. ئەوەی ئێستا ئەتوانین بیکەین و ئەوەندەی تر ناشرین کردنی ئەم دەسەڵاتە، لەوەش زیاتر هەوڵ بدەین گەلەکەمان بخەینە سەر هێڵی سیاسەتی ناوچەکە و هەوڵ بدەین فێریان بکەین مامەڵە (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکان) لەگەڵ (عەرەب و تورك و فارس) نەکەن و خۆیانیان لێ بەدوور بگرن تا ئەو کاتەی هەلێکی گونجاو لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە سەر هەڵبدا و بەهەموان پشتگیری لێ بکەین.
تیشك خستنە سەر خەباتی ڕۆژئاوا و وا لەگەنجانی باشوور بگەیەنین بتوانن سوود لە توانا و هزری ئەوان ببینن و چاویان لێبکەن. با پێکەوە هەموان شەڕی ئابووریان دژ بەرپا بکەین، دژە کەلتوور گەشە پێبدەین، لەم کاتەدا ئەم جۆرە خەباتە بۆ کوردستانپۆست بەرهەمێکی نیشتمانی باشی لێ سەوز ئەبێ.
لە کۆتاییدا هیوادارین پێکەوە بەردوام لەهەوڵدا بین و خەباتمان زیاتر بەرەو پێشەوە بەرین. جارێکی تر لەش ساغ و بێوەی بن.
براتان/حەمە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست