کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیستەمی سیاسی تەقلیدی و کۆمەلگەی دواکەوتو / هەرێمی کوردستان وەک نمونە

Monday, 27/05/2019, 21:35


ناوەڕۆک
سیستەمی سیاسی و دامەزراوەکانی
سیستەمی سیاسی و کۆمەلگەی تەقلیدی
دەسەلات و سیستەمی سیاسی نەگۆڕ نیە  
سیستەمی سیاسی و سیستەمی کۆمەلایەتی
‌هەر کۆمەلگەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە
کۆمەلگە پێویستی بە رێکخستن هەیە
سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان
بۆ پڕۆسەی بەمۆدێرن کردن دەرکەوتەیەکی قۆناغی ئینتیقالیە
هەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەڵێم
دەزگای بیرۆکراسی و ئیرهاب وەک ئامرازی سەقامگیری
گەندەڵی لە بیرۆکراسیەتی ئەم سیستەمەدا
پیادەکردنی دەسەلاتی سیاسی هەرێم مەرکەزیە

سیستەمی سیاسی و دامەزراوەکانی
سیستەمی سیاسی دەولەتێک بە دەستورو کەلتوری سیاسی و ئەلیتە سیاسیەکەیەوە دیاری دەکرێت، هەروەها لە دابەشکردنی دەسەلاتە واقعیەکانە لەنیوان ناوەندەکانی بریاردا. سیستەمە سیاسیەکان و دامەزراوەکانی وەک (پەڕلەمان، حکومەت، دادوەری)، دەوڵەت، حیزب و رێکخراوەکانی و ڕای گشتی و هاوبەشیی هاولاتی لەحکومەت و کارگێریدا، هەروەها رێکخراوە کۆمەلایەتیەکان، دەسەلات و هێزو پێشبرکێیەکانی هەلبژاردن هەموو ئەمانە لەژێر چەتری سیستەمی سیاسیدا کۆدەبنەوە. سیستەمی سیاسی داینەمۆی دەولەت و ژیانی کۆمەلگایە، هەروەها ئەرکی رێکخستنی کۆمەل دەگرێتە ئەستۆ. سیستەمی سیاسی زیاتر تایبەتە بەرێکخستنی شێوازو کاری دەسەلات و کۆمەل و کۆمەلە سیاسیەکان و چەند دامودەزگایەکە لە کۆمەلگایەکی دیاریکراودا کاروباری بەریوەبردن دەگرنە ئەستۆ لەرێگای ئەو یاساو ریاسا مولزیمانەی لە ئارادان، یان دانراوون لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی پەیرەوکراودا. بەلام سیستەمی سیاسی بەتەنیا بریتی نیە لە دامەزراوە حکومیەکان بەلکو لەهەموو پێکهاتە کۆمەلایەتیەکان بەهەموو لایەنە سیاسیەکانیەوە بە پێکهاتە تەقلیدیەکانیشەوە کە لەسەر بنەمای خزمایەتی و عەشیرەت دامەزراون. کەواتە سەرجەم دیاردەکان پێکەوە سیستەمێک پێک دەهێنن. 

سیستەمی سیاسی و کۆمەلگای تەقلیدی
خه‌سله‌تی کۆمه‌لگای ته‌قلیدی بریتیه‌ له‌کرده‌وه‌ ته‌قلیدیه‌ کۆمه‌لایه‌تیه‌کان. واتا ئه‌و کرده‌وانه‌ی که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌قل و مه‌نتق دانه‌مه‌زراوه‌، به‌لکو له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و کرده‌وانه‌ی که ‌سه‌رده‌مانێک کاری پێکراوه‌و جێگیربوه‌و به‌ میرات ماوه‌ته‌وه‌ وه‌ک شتێکی ته‌قلیدی. یه‌کێک له‌خه‌سله‌ته‌کانی کۆمه‌لگای ته‌قلیدی بریتیه‌ له‌پێکهاته‌یه‌کی داخراوی کۆمه‌لایه‌تی که‌ به‌زه‌حمه‌ت خۆی ده‌داته‌ ده‌ست گۆرانکاری به‌تایبه‌ت به‌مۆدێرن کردنی هه‌ره‌می سه‌ره‌وه‌ی. جگه‌ له‌مانه‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م کۆمه‌لگایه‌ سه‌ربه‌خۆییان نیه‌و به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌نه‌ریتی گشتی کۆمه‌لگاکه‌. 
لێره‌دا هوشیاری ئاینی زاله‌ به‌سه‌ر ته‌واوی بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌لگاکه‌. ده‌سه‌لاتی سیاسیش خه‌سله‌تێکی حوکمی فه‌ردیه‌ تێیدا. بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ کۆمه‌لگایه‌ هه‌روه‌ک ئاماژه‌م پێدا به‌پێی سروشتی خۆی، خۆی که‌متر ده‌داته‌ ده‌ست به‌مۆدێرن کردن. زیاتر له‌شوێنی خۆی ده‌چه‌قێ و گۆڕانیشی کاتێکی درێژی ده‌وێ که‌ ئه‌میش به‌نده‌ به‌کۆمه‌لێک فاکته‌ره‌وه‌.

ئابوری خزمایه‌تی و بارودۆخی پابه‌ندبوون
له‌م سیسته‌مه‌ ته‌قلیدیه‌دا وه‌ک نمونه‌ی هه‌ریمی کوردستان په‌یوه‌ندی شه‌خسی دروست ده‌بێت و ڕۆل ده‌بینێت و داروده‌سته‌ کاره‌کان بۆ ده‌سه‌لات ده‌به‌ن به‌ ریگاوه‌. به‌م شێوه‌یه‌ گه‌شه‌کردنی ئابوری گێڕ ده‌بێت و ده‌سه‌لاته‌که‌ ده‌سه‌لاتێکی دواکەوتوی تەقلیدیە‌و هوشیاری کۆمه‌ل وه‌ک پێویست له‌ئارادا نیه‌و ده‌سه‌لاتداری ته‌قلیدی و کلاسیک سوود له‌م دیارده‌یه‌ وه‌رده‌گرێ و ده‌شیه‌وێ که‌ش و هه‌وا کۆمه‌لایه‌تیه‌ دواکه‌وتوه‌که‌ هه‌ر به‌م شێوه‌ کۆنه‌ بمێنێته‌وه‌ له‌ شێوه‌ی داب و نه‌ریته‌ ته‌قلیدیه‌کان ، هۆزو خیل و عه‌شره‌ت و ئاغا ده‌‌بوژینیته‌وه‌. هه‌موو پێشکه‌وتن و هوشیاریه‌کی کۆمه‌لایه‌تی ده‌بێته‌ لاوازکردن و گۆرینی ئه‌و نه‌ریته‌ ته‌قلیدیه‌ی که‌ دواتر ده‌بێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م ده‌سه‌لاتی ده‌سه‌لاتدارو سیسته‌مه‌ سیاسیه‌ ته‌قلیدیه‌که‌دا. هه‌ربۆیه‌ به‌گشت شێوه‌یه‌ک ئه‌م لایه‌نه‌ هه‌وڵی له‌ناوچونی پێشکه‌وتن ئه‌دات و ده‌یه‌وێ کۆمه‌لگا کۆنه‌که‌ کۆمه‌لگایه‌کی داخراو بێت و به‌هۆی ناهوشیاری کۆمه‌ڵه‌وه‌ بۆی بچێته‌ سه‌رو ده‌سه‌لاتدار جێگای یاساش بگرێته‌وه‌و ده‌یه‌وێ له‌م زیاتر کۆمه‌ڵ هیچی تر نه‌بینێت. 
له‌و کۆمه‌لگایانه‌ی هوشیاری سیاسی هاولاتیان کزو لاوازه‌و هه‌روه‌ها ره‌وشی ئابوری و کۆمه‌لایه‌تی تیایاندا لاوازه‌، ئه‌وا مەترسی ئەوە زۆرە سیسته‌می سیاسی په‌یره‌وکراو له‌ده‌وله‌تدا سیسته‌مێک ‌بێت که‌ له‌سه‌ر زه‌برو زه‌نگ و خۆسه‌پاندن بونیاد ‌نرابێت. لێره‌دا پێشێلکردنی مافی تاکه‌کانی کۆمه‌ل و سه‌ربه‌ستیه‌کانیان و بوارنه‌دان به‌گروپی سیاسی جۆراوجۆر له‌ ده‌وڵه‌تدا شتێکی ئاسایی ده‌بێت. واتا له‌ ولاتدا سیسته‌می دیکتاتۆری په‌یره‌و ده‌کرێت ، ئیتر ئایا ئه‌و سیسته‌مه‌ دیکتاتۆریه‌ سیسته‌می دیکتاتۆری تاکه‌ که‌سی بێت، یان تاقم و گروپ بێت .

ده‌سه‌لات و سیسته‌می سیاسی نه‌گۆر نییه‌
به‌لام په‌یره‌و کردنی هه‌ر شێوه‌یه‌ک له‌ سیسته‌م له‌ده‌وله‌تدا شتێک نیه‌ بۆ هه‌میشه‌ به‌زۆر بسه‌پێندرێ، یان هه‌تا سه‌ر بڕ بکات و نه‌گۆڕ بێت. ‌ئه‌گه‌ر سیسته‌مه‌ سیاسیه‌ په‌یڕه‌و کراوه‌که‌ له‌گه‌ڵ باری سایکۆلۆجی و فکری و کۆمه‌لایه‌تی خه‌لکی ولاتدا گونجاو نه‌بوو ئه‌وا ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسیه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌کی زه‌مه‌نییش په‌یڕه‌و بکرێت به‌لام وه‌کو ئه‌نجام هه‌ر هه‌ره‌س دێنێت و ئامانجی رێکخستنی ده‌وڵه‌ت ناپێکێ که‌ له‌ڕاستیدا پێویسته‌ بۆ خۆش گوزه‌رانی و سه‌قامگیرکردنی ڕه‌وشی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی و ئابوری هاتبێته‌ کایه‌وه‌. ڕوداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ولاته‌ عه‌ره‌بیه‌کان په‌یامێکی گرنگه‌ بۆ ده‌سه‌لاتداران.
مێژووی سیاسی بۆ ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ لێوه‌ی فێر بێت. ده‌سه‌لاتی کۆنەپارێزو ته‌قلیدی هه‌ر هێشتا به‌ربلاوترین شێوه‌کانی ده‌سه‌لات و سیسته‌مه‌ سیاسیه‌کانه‌ چونکه‌ ده‌سه‌لاتی یاسایی و ئه‌قلانی له‌ گه‌شه‌ مێژوییه‌که‌یدا دره‌نگ هاتۆته‌ دروست بوون.

سیستەمی سیاسی و سیستەمی کۆمەلایەتی
سیستەمی سیاسی لەناو سیستەمی کۆمەلایەتیدا پەیدا دەبێت. هەموو گۆڕانێک لەسیستەمی کۆمەلایەتی و دۆخی کۆمەلایەتی کار لە سیستەمی سیاسی دەکات و ئەوانیش گۆڕانیان بەسەردا دێت. لەبەر ئەوەی سیستەمی سیاسی تاڕادەیەک بریتیە لە سیستەمی کۆمەلایەتی بۆیە هەر جۆرە ناسەرکەوتنێک لە سیستەمی سیاسیشدا دەبێتە هۆی دواکەوتنی دۆخە کۆمەلایەتیەکەو سیستەمە کۆمەلایەتیەکە. لەم بوارەدا حیزب و رێکخراوی سیاسی بە تایبەت گرنگیدان بە ئایدیۆلۆژیای ئەو حیزبە ڕۆڵی گرنگ دەبینێت و هێزێکی بەتوانایە بۆ گۆڕین و بەمۆدێرن کردن. پێشکەوتنی سیستەمی سیاسی پێویستی بە هوشیاری کۆمەلایەتی هەیە کە یارمەتی کۆمەڵ ئەدات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی سیستەمەکە. هوشیاری کۆمەلایەتی رێگا بۆ هاولاتیان خۆش دەکات لەزۆر لایەنەوە چاودێری ژیان بکەن لەبواری سیاسی ، کۆمەلایەتی، کەسایەتی، ئەخلاقی..تاد. 
کێشەی لەسەرخۆ گەشەکردنی کۆمەلگا لەبوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی و فەرهەنگیی دەمێکە لەلایەن زاناکان و کۆمەلناسەکان بایەخی پێدراوە. مێژووی مرۆڤایەتی ئەو ڕاستیەی بە ڕوونی نیشانداوە کە گۆڕانکاری کۆمەلایەتی و سیاسی پڕۆسەیەکی حەتمیە. هەموو ئەو کۆمەلگایانەی لە ئاستی نزمی ئابوری و سیاسی و کۆمەلایەتیدان دەبێت بەو رێگایانە تێپەڕن کە ولاتانی پێشکەوتوی جیهان پێیدا تێپەریوون. هەربۆیە دەوڵەتی عێراق و هاوشێوکانی بە کوردستانیشەوە بێبەش نیە لەم یاسایە. بەلام دیارە هەر کۆمەلگایەک بەگوێرەی خەسڵەتی نەتەوەیی خۆی بەم پڕۆسەیەدا تێپەڕ دەبێت. بەم پێیە پێکهاتەی سیاسی حیزبی سیاسی و سیستەمی سیاسی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی کۆمەلایەتی ئەو کۆمەلگایە خۆیەتی. بەواتا بەرهەمی واقعی کۆمەلایەتیە. سەدام حسێن هیچی تر نەبوو لە بەرهەمی واقعی کۆمەلگای عێراق خۆی هەربۆیە توانیشی دیکتاتۆربێت، دیکتاتۆرتر لە دیکتاتۆرەکانی تر. 

هەر کۆمەلگایەک تایبەتمەندی خۆی هەیە
بێگومان هەر کۆمەلگایەک تایبەتمەندی خۆی هەیە. بیروبۆچوونی هەر کۆمەلگایەکی مرۆڤایەتی دەربارەی دەسەلات و سیستەمی سیاسی لەگەڵ ئەوی تردا دەگۆڕێ ئەویش بەپێی ڕەوشی تایبەتی هەر کۆمەلگایەک لەڕووی مێژوویی و ڕەوشی ئابوری و کۆمەلایەتی و ئاستی هوشیاری و جیۆپۆلەتیکەوە کە بە هەمویانەوە باری سایکۆلۆجی و کۆمەلایەتی و هوشیاری سیاسی و کۆمەلایەتی تاکەکانی کۆمەلگا دیاری دەکەن. ئەم فاکتەرانە بۆنمونە لە ولاتێکی ڕۆژئاوای ئەوروپا بەپێی تایبەتمەندیەکانی خۆی شێوازێکی ترە بە بەراورد لەگەڵ ولاتێکی تری دواکەوتوو، یان تازەگەشەکردوو. واتا سیستەمی سیاسی پەیڕەوکراو لە ولات و دەوڵەتێَکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێ. لەهەر دەولەتێکدا ڕادەی هوشیاری سیاسی کۆمەڵ و بیروبۆچوونی مرۆڤەکانی دەبارەی دەسەلات لەسەر بنچینەی قۆناغە مێژوییە جیاجیاکان بەخۆوە وەردەگرێ کە دەوڵەتی پێدا ڕۆیشتوە.

کۆمەلگا پێویستی بە رێکخستن هەیە
کۆمەلگا بەبێ دەسەلاتی سیاسی رێکخراو مەحاڵە، لەبەر ئەم هۆیە پێویستی بەدەسەلاتێکی سیاسی، بە سیستەمێکی سیاسی رێکخراو هەیە تاوەکو بنەماکانی ژیان و گوزەران رێک بخات. دەزگاکانی دەوڵەت کە سیستەمە سیاسیەکە پێکدەهێنن وەک پەڕلەمان و حکومەت و دادوەری ڕۆڵی گرنگ دەبینن تێیدا. لێرەدا حیزبی سیاسیش گرنگ و پێویستە بۆ سیستەمی سیاسی کە بریتیە لەشێوازێک بۆ بەیەکەوە گرێدان و بەستنەوەی گشت پەیوەندیە سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابوریەکانی نێو کۆمەلگا، هەروەها ئەرکی رێکخستنی کۆمەڵ و ڕۆڵی بەرێوەبردن لە رێگای ئەو یاسایانەی کە هەن لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی پەیڕەوکراودا دەگرێتە ئەستۆ. ئەو کۆمەلگایانەش کە پەیکەری دەوڵەتیان نیە دەکرێ دابنرێن کە سیستەمی سیاسیان هەبێت. زاراوەکە بەشێوەیەکی دیاریکراو لە زانستی سیاسیدا بریتیە لە کۆمەلێک پەیکەرو پڕۆسەو دەزگا کە لە نێوان خۆیاندا کارلێک دەکەن. لەبەر ئەوەی زاراوەکە بەفەرمانەکانیەوە دەناسرێت ئەوا دەکرێت ئاماژە بدات بەو رێکخستنە سیاسیانەی دەوڵەت و نادەوڵەتیش. 

سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان
ئایا "سیستەمی سیاسی" هەرێمی کوردستان دەچێتە خانەی کام لە سیستەمە سیاسیەکان و تەنیا لەم ڕوانگەیەوە دەکرێ خوێندنەوەیەکی زانستیانەی بۆ ئەنجام بدەین ، ئایا شتێک هەیە لە هەرێم پێی بوترێت سیستەمی سیاسی؟ یان دەسەلاتی تاقم و گروپێکی سیاسیە؟
سەبارەت بەم شێوە دەسەلاتە سیاسیە کە هەرێمی کوردستانیش بەدەر نیە لێی دەکرێ باس لە چەند تیۆریەک بکرێ کە لە ئەدەبیاتی زانستیدا بەم رێگایەوە دەکرێ کاراکتەری دەسەلاتی سیاسی لە سەرجەم سیستەمەکەدا دیاری بکرێ، تیۆریەک بەکاردێت بەسەر سیستەمە سیاسیەکانی "جیهانی سێ" بەگشتی. 
(مۆدێلی بە موئەسەسە کردن) هەوڵی ئەوە ئەدات سیستەمە سیاسیەکانی "جیهانی سێ" بەوە جیابکاتەوە تا چ ڕادەیەک توانیویانە سیستەمی سیاسی بە موئەسەسە بکەن. زیندو کردنەوەو گەشە پێدانی خێڵ و عەشرەت و سالانە ڤێستیڤالی خێڵ و هاوشێوەکانی لەلایەن دەسەلاتدارانی  هەرێمی کوردستان و بە خێڵ و خێزان کردنی سیاسەت و تەوریسی سیاسی دوور کەوتنەوەیە لە سیستەمی بە موئەسەسە کردن. تەنانەت لە پێشکەوتوترین دەوڵەتی عەرەبیدا دژە قورساییەک بەرامبەر بە دەسەلاتی ئۆتۆکراسی دروست نەبووە. 

خالێکی تر بریتیە لە Prätorianism . باس لە بەکاراکتەر کردنی سیستەمێکی سیاسی دەکات کە تێیدا سوپاو هێزی چەکداری فەرمانڕەوایی دەزگای جێبەجێکردن دەکات، یان مەیالە بەلایدا پڕۆسەی بریارە سیاسیەکان داگیر بکات. لێرەدا دەزگا مەدەنیەکانی نێو ئەم سیستەمە ناتوانن کارا بن. پەڕلەمانێکی کارای دیموکراسی وەک ئەوەی کۆمەلگە مەدەنیەکان لەم سیستەمەدا هێشتا دروست نەبووە. هەرێمی کوردستان وەک نمونە. 
یەکێک لەو تیۆریانەی بۆ ئەم مەبەستە ئاماژەی پێبدەم بریتیە لە سیستەمە پاتریمۆنیالیزمەکەی ماکس ڤێبەر کە بریتیە لە شێوازی دەسەلاتداری کەسی تاک کە بنەما شەرعیەکەی وەلای تەقلیدی و ئینجازی ماددیە. لە کۆمەلگە گەشە کردوەکاندا کە پێکهاتەی مۆدێرنی دەوڵەتیان پێوە دیارە ئەم شێوە فەرمانڕەواییە شێوازێکی تری دراوەتێ کە بە نیوپاتریمۆنیالیزم ناو دەبرێ.
ئەم شێوازی دەسەلاتە بەوە دەستنیشان دەکرێ کە کەسی دەسەلاتدار خاوەنی ئیدارەو دەزگای سەربازی و دارایی و ئامرازی فەرمانڕەوایی خۆیەتی، بەواتا بە مەرکەزیەت کردنی دەسەلات هەیە. ئەم جیهازی دەسەلاتە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کەسانی پابەند دروستبووەو دادوەری و مافە سیاسیەکانی تر لەلایەن دەسەلاتدارەوە وەک شتێکی، مولکێکی شەخسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ و توانای بەسەر ئامرازەکانی دەسەلاتدا هەیە هەروەک بەسەر شمەکێکی خۆیدا هەبێت، بەم شێوەیە دەکرێ بکڕدرێ و موزایەدەی پێوە بکرێ، بە قەرز بدرێ و لە وەرەسەدا بەش بکرێت ئەوەی لە لایەن دەسەلاتی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە پەیڕەو دەکرێت.
لەم بارودۆخەدا گەل بێ سیاسە کراوە، ئیرادەی سیاسی لێ سەندراوەتەوەو دوور دەخریتەوە لە هوشیاری سیاسی و وەک بتێک لێی دەڕوانرێت ، بێ مافی سیاسیەو وەک خزمەتکار سەیر دەکرێ نەک وەک هاولاتی لە دیدگا مۆدێرن و مەدەنیەکەوە. لەلایەن توێژە دەسەلاتدارەکەوە وەک ئۆبجەکتی ڕوتاندنەوە سەیر دەکرێ. ئەمە داگیرکردنی موڵکی گشتیە بە رێگای دەسەلاتداری کەس و دەستەو تاقمەوە. ئەم سیستەمە سیاسیە تەقلیدیە بەهۆی بلۆک کردنی خۆیەوە رێگر دەبێت لە گەشەکردن بە ئاڕاستەی ولات و دەوڵەتێکی مۆدێرن.  دەسەلاتدار پشت بە ئیدارەکانی سەر بە شەخسی دەسەلات و سوپاو میلیشیاکانی دەبەستێت. لەم سیستەمەدا سەرجەم پەیوەندیەکانی ناوەوەو دەرەوەی دەسەلات پەیوەندی شەخسیە. لێرەدا جودا کردنەوەی دەزگاکان لانی کەم بە ڕووکەش ددان پێدا نراوە، هەربۆیە دەکرێ لە ڕای گشتیدا ئاماژەی پێ بدرێ، بەلام لە پراکتیکدا بوارە شەخسیەکان و گشتیەکان لەیەکتر جودا جودا ناکرێنەوە. 
بەم شێوەیە دوو سیستەم لەتەنیشت یەکترەوە دەبن. پەڕلەمان و حکومەت و دادوەری کە لە یەکتر جودا نەکراونەتەوە ، بەلام لە ڕاستیدا دەسەلاتدارە (پاتریمۆنیالەکە) تەقلیدی و خێڵ و خێزان و دەرەبەگ و عەشرەت خۆی دەخنێتە نێو سیستەمە شەرعیە ئەقلانیەکەو فۆرمی دەگۆرێت و کرمێی دەکات و بێکاریگەریی دەکات. 
       
بۆ پڕۆسەی بەمۆدێرن کردن دەرکەوتەیەکی قۆناغی ئینتیقالیە
ئەم سیستەمە بریتیە لە گرێدانێکی تەقلیدی و ئەلەمەنتی مۆدێرن. هەربۆیە بۆ پڕۆسەی بەمۆدێرن کردن دەرکەوتەیەکی قۆناغی ئینتیقالیە بەلام سیستەمە سیاسیە تەقلیدی و خێڵەکیەکانی وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان توانای گواستنەوەی ئەو قۆناغە مێژوییەی نیە. ئەم ڕژێمە دەبێت جۆرێکی تر شەرعیەت بدات بەخۆی و تەواو لێرەدایە یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی. ئۆرگانەکانی وەک پەڕلەمان و حکومەت و حیزب ڕووکەش بەکار دەهێنێت بۆ خۆشاردنەوەی لە پشتی ئەمانەوەو تەنانەت حیزبیش دەبێتە ئامانج نەک ئامراز. هەربۆیە سەقامگیریەکەی بەتەنیا لە پیادەکردنی هێزەوە سەرچاوە ناگرێت هەرچەندە ئەوە ناگەیەنێت بەدوور بێت لە میکانیزمی کۆنترۆڵ و ئیرهاب. شارەزایانی زانستی سیاسی دەگەنە ئەو ڕاستیەی کە دەرئەنجامەکانی لە کۆتایدا دەبێتە هۆی وێران کردنی پێکهاتەکەی خۆی. 
 
خەسڵەتێکی تری بریتیە لە چڕکردنەوەی دەسەلات، ئەمەش لەنێوان دەسەلاتی مەرکەزی و کۆمەڵدا. لەم سیستەمەدا جیهازی دەوڵەت لە هەوڵی ئەوەدایە رێگر بێت لە دروستبوونی رێکخراوی سەربەخۆی کۆمەلایەتی. هەربۆیە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی سەرجەم بزوتنەوەو چالاکیە کۆمەلایەتیەکاندایەو 
بەردەوام میتۆدو ستراتیجی نوێ گەشە پێئەدات بۆ بەرتەسک کردنەوەو ژێردەست کردنی داواکاریە کۆمەلایەتیەکان. پێکهاتە بیرۆکراسیەکان (دامودەزگاکانی دەسەلات) لەم سیستەمەدا مۆنۆپۆڵی سەرجەم پەیوەندیەکانی نێوان ئەلیتەی سیاسی و کۆمەڵ دەکەن. دەسەلاتی جێبەجێ کردن (سوڵتەی تەنفیزی) لە خودی سەرۆکدا کۆدەبێتەوەو کاریگەر دەبێت بەسەر سیستەمە سیاسیەکەدا. لەنێو دەزگا دەوڵەتیەکەدا (ولاتدا) دەسەلات لە شەخسی سەرکردە سیاسیەکەدا چڕ بۆتەوە (ێدام ، بارزانی ، تاڵەبانی ، قەزافی، ئەردۆگان ، بەشار ئەسەد ، ئەمیرو شێخەکانی سعودیە ...).
ئەوەی لەم شێوە دەسەلاتەدا بەتوندی پیادە دەکرێ ئەوەیە خەڵکان و کارمەندان لە دەزگاو دائیرەکانی خۆیاندا خاوەن مافی خۆیان نین. ئامرازە ئیداریەکان دەخرێنە خزمەتی دەسەلاتەوە. دادوەری و مافە سیاسیەکانی تر وەک شمەکێکی شەخسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ. هیچ بەرپرسێکی بالا بۆ هەر ڕەفتارێکی تیرۆر کردن و بازرگانی ناشەرعی و بەهەدەردانی سامانی گشتی وەک نمونەی باشوری کوردستان ڕوبەرووی دادگاو لێپێچینەوە ناکرێنەوە چونکە سیستەم و دەسەلاتەکە خۆی لەوە پێکهاتوە. ئەم دەسەلاتە توانای رێفۆرمی ڕاستەقینەی نیە چونکە خۆی لەگەندەڵیی دروستبوەو هەر رێفۆرمێکی ڕاستەقینە واتای هەرەسهێنانی سیستەم و دەسەلاتەکە خۆی دەبەخشێت. هەربۆیە خۆی بە ناچار دەبینێت لەسەر پیادە کردنی سیاسەتە ستەمکارانەکەی خۆی بەردەوام بێت.      

ئەم دەسەلاتە تەقلیدیە لەلایەن ئەلیتەیەکی سیاسی و بیرۆکراتی دەورە دراوە هەرچەندە مەبدەئیەن بەناوی سەرجەم موئەسەساتەکانی دەوڵەتەوە دەدوێ بەلام لە ڕاستیدا لە هەوڵی ئەوەدایە دەسەلات و کاریگەریی خۆی گەورەو سەلامەت بکات. ( ئەلیتەی سیاسی ئەو کەسانەن یان لە توێژو چینێکی سیاسین کە لەناو رێکخراو و دامودەزگاکانی سیستەمە سیاسیەکەدا خاوەن بریارو پۆزیشنن).     
لە ژێرەوە شەڕی کێبرکێی ئەلیتەکان هەیە کە لەلایەن دەسەلات خۆیەوە دروست دەکرێ بۆ سوود وەرگرتن لەم میتۆدە کە خزمەتی سەقامگیری و دەسەلاتەکە دەکات. کار بۆ لەیەکتر ترازاندن و دابەش کردنی ئۆپۆزیسیۆن دەکات ئیتر ئەوەی شەقام یان پەڕلەمان بێت، بەم میتۆدە دەسەلاتدار کار بۆ سەقامگیر کردنی دەسەلاتەکەی دەکات و تەنانەت ڕۆڵی حەکەمی سیاسیش دەبینێت.  
کێبڕکێ لەنێوان ئەلیتەی سیاسی هەیە بۆ جێ پێکردنەوەی خۆیان بەلام تەنیا دەسەلاتدارە تەقلیدیەکە بڕیار ئەدات ئایا ئایدیای سیاسی، بەرنامەو ئامانج و ستراتیجیەت کە لەنێو ئەلیتەکەدا نوێنەرایەتی دەکرێن لە نێو پڕۆسەی بریاری سیستەمەکەدا چوونە ژورەوەی هەیە یان نا. شتێکی ئاساییە ستەمکارێکی لەم جۆرە کە سەربازو کارمەندان لەژێر ڕەحمەت و بریاری بێسەروبەری ئەمدان لە بارودۆخێکی وادا نین عەرزی ئارەزوەکانی خۆیان بەرامبەر بە دەسەلاتی بێسەروبەر بکەن. 
دەسەلاتە سیاسیەکەی هەرێم دەسەلاتێکی ئۆتۆکراسی و ئاوتۆریتێرو تەقلیدی و ناتەکنۆکراتە. دەیەوێ سوود لە کەسە تەکنۆکراتەکان وەرگرێ بەلام رێگا نادات بگەنە دەسەلات. وەک یەکێک لە سیستەمە سیاسیە دیکتاتۆری و تەقلیدیەکان ئامانجیانە کۆمەڵ قبوڵیان بکات و دەسەلاتیان نەخەنە بەر مەترسی. دەرفەتی ڕەخنە گرتنیش تەنیا ئەوەندەیە نەبێتە مەترسی بۆ سەر دەسەلات. دروستکردنی کۆمەلگایەکی نوێ و گۆڕینی ئەو کۆمەڵگە کۆنە بەنوێ ئامانجی سیستەمە دیکتاتۆریە تەقلیدیەکان نەبوە. تێئالانی کۆمەلگەش لە دین و خێڵەوە بەلگەی وەستانی گەشەی ئەقڵیی ئەو کۆمەلگەیەیە. 
دەسەلاتی خێزان و خێل و بنەماڵەی سیاسی کە دەسەلاتی تەقلیدیە خەسلەتی تۆتالیتاریزمیشی پیوە دیارە وەک خواست لە بوونی تاک حیزبی جەماوەریی، سیستەمی تیرۆر، مۆنۆپۆل کردنی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و رێکخراوە جەماوەریەکان و کۆنترۆڵ کردنی سوپاو دەست گرتن بەسەر ئابوری و سامانی ولاتدا. سیستەمێکی تیرۆر لەسەر بنچینەی فیزیکی و دەرونیی کە لەلایەن حیزب و پۆلیس و دەزگای نهێنیەوە کۆنتڕۆڵ و پڕاکتیزە دەکرێ. حیزبیش بۆ سەرکردەکەی نەک هەر چاودێر بەلکو دژایەتی "دوژمنانی"ڕژێم دەکات و سەرکوتی ڕاپەرینی عەفەوی و رێکخراوەیی دانیشتوان دەکات و تیرۆری سیستێماتیک دژ بەو لایەنانەی کە بە نەیاری ڕژێم ناو دەبرێن و هەروەها دژ بەو گروپە کۆمەلایەتیانەش کە دروست دەبن. ئەوەی ببێتە ئۆپۆزیسیۆن ئەوا شوناسی دوژمنی سیستەمەکەی ئەدرێتێ و دەبێت لەناو ببرێت ئەگەر بۆی بکرێت. ئازادیی لەم سیستەمەدا لەناو دەبرێت ، هەڵبژاردن گاڵتەجاریەو دیموکراسیەت ساختەیە. ئەوە بنچینەی سەرەکی هەر سیستەمێکی سیاسیە کە بیەوێ بەرەو دیکتاتۆریەت و تۆتالیتاریزم گەشە بکات. نە لەناو، وە نە لە دەرەوەی حیزب ئۆپۆزیسیۆنی قبوڵ نیە. لەبەر ڕۆشنایی قەدەغەکردنی تەکەتولات بەتەنیا سەرووی حیزب فەرمان دەردەکات.

خاڵی جەوهەری لەم بەرپرسیارێتیە ئەوەیە کە هەر بەرپرسێک نەک هەر لەلایەن حیزب و سەرۆکەوە دەستنیشان دەکرێ بەلکو ئەوەندەش لە پۆستەکەیدا بێت لەبەرگی سەرۆکدا ڕۆڵ و کاریگەری و چالاکی دەبینێت. جا ئەگەر سەرۆک بیەوێ هەڵەکانی خۆی یان هی تر ڕاست بکاتەوە ئەوا هیچ رێگایەکی تری لەبەردەم نابێت جگە لەوەی کە ئەوانەی فەرمانەکان جێبەجێ دەکەن دوور بخرێنەوە ، سزا بدرێن  یان لە ناویان بەرێت، ئەوانە دەبێت لەنێو ببرێن کە هەڵەکانی خۆی بەسەریاندا ساغ دەکاتەوە. ئەوە یاسای حیزب و ئیرادەو ویستی سەرۆکە. وا ئۆرگانیزە کراوە کە تەنیا یەک ئامانجی هەیە بریتیە لەوەی  ئەو ئیرادەو ویستە ڕاستەوخۆ لە هەموو ئاستەکانیدا جێبەجێ بکرێت. ئەگەر گەیشتە ئەم قۆناغە ئەوا سەرۆک بێ بەدیل دەبێت چونکە گشت پێکهاتە ئالۆزەکەی بزوتنەوەکە بێ فەرمانی سەرۆک یەکسەر دەکەونە بۆشاییەوەو خۆی وێران دەکات. لەو بڕوایەدان کە بەبێ سەرۆک ئیتر هەرچییەک بێت و هەرچۆن بێت هەمووی وون دەبێت و لەدەست دەچێت. سەرۆک شوێنی حیزب و ئایدیۆلۆژیاش دەگرێتەوە.

"هەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەڵێم.."
ئەم دەسەلاتە کار بۆ بەکاریزما بوون دەکات کە بەرێگای سەرۆکەوە پراکتیزە دەکرێ. بەر لە هەموو شتێک پێویستە بایەخ بە باش گوزەرانی دارودەستەکەی بدات. بەرێوەبەرانی ئیداری لەلایەن سەرۆکەوە یان سەرۆکی باڵێکی ناو حیزب هەڵدەبژێردرێن وەک ئەوەی لە ناو یەکێتی و پارتی پراکتیزە دەکرێت. هەروەها سەرجەم نمونە تەقلیدیەکان لە ڕاستیدا بەو شێوەیە چارە دەکرێن کەدەلێت: "هەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەڵێم..". هەر بۆیە لەم شێوە دەسەلاتەشدا کەپیتالیزم ناتوانێ گەشە بکات. بیست و هەشت ساڵی ئەزمونی باشوری کوردستان ئەو ڕاستیەمان بە ڕوونی پێ دەڵێت. ڕاڤەکردنی ماکس ڤێبەر بۆ مێژوو لەسەر ململانێی نێوان کاریزما (ڕەوتێکی نائەقلانی و سۆزگەرایە)، لەگەڵ دەسەلاتی یاسا (ڕەوتێکی ئەقلانیە) دروست دەبێت. کاریزما بەو واتایە کە گروپێک بڕوایان وایە کەسێک هەیە کە خاوەنی چەند خەسڵەتێکی نائاسایی و لە ڕادەبەدەرو ڕزگاریی کۆمەلگەیە. دەشێت ئەم کەسە چاکەخواز بێت و وێرانکەریش بێت. چونکە هەر فەرمانێک لەلایەن ئەو سەرکردەیەوە (کاریزمای نەگەتیڤ) دەربچێ بە یاسایەک دادەنێ و دەبێت کۆمەڵ جێبەجێی بکات و لەو فەرمان و یاسایانە لانەدەن.  

دەزگای بیرۆکراسی و ئیرهاب وەک ئامرازی سەقامگیری
سەقامگیری ڕژێمی بەعس و ئاکەپە بەر لەهەموو شت ئەنجامی گۆرینی دەوڵەت و کۆمەڵ بوو بەرێگای ئیرهابی بەردەوام. ئیرهاب و زەبروزەنگ تەنانەت دوای سەقامگیری دەسەلاتیش بۆ کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵ بە موئەسەسە کراوە، بە شێوەیەک کە بە دەگمەن توانای کاردانەوە بۆ بەرامبەرەکەی بمێنێتەوە. داڕمانی سیستەمی سیاسی سەدام حسێن بە ڕوونی نیشانیدا کە گۆڕانکاریە ڕاستەقینە کۆمەلایەتی و ئابوری و سیاسیەکانی ئەو 35 ساڵەی فەرمانڕەوایی بەعس بێ ئەنجام و بێکاریگەری نەبوو. هەربۆیە دەسەلاتی بەعس دیاردەیەکی نەگۆڕ نەبوو. لەبەر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانە کۆمەلایەتیانە ئەو پرسیارە دێتە پێش چۆن ئەم سیستەمە سیاسیە سەرەڕای ئەم گۆڕانانە کۆمەڵ و دەوڵەتی بەردەوام کۆنترۆڵ کردو بەعسیش ئەو هەموو چەند ساڵە بمێنێتەوە. چۆن یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی خێزان و بنەماڵە توانیویانە ئەو هەموو سالانە فەرمانڕەوایی بکەن؟

ئەوەی پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان دەزگا بیرۆکراسیەکان و ئەلیتە سیاسیەکە، ئەو دەزگا بیرۆکراسیە ئاوتۆنۆمیەکی زۆر سنورداری پێئەدرێ. هەرچەندە هەوڵێکی بەردەوامی مەدەنی و بیرۆکراسیە عەسکەریەکانیش هەیە دەرفەتی گەمە کردن پێکبهێنن و کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی بریارەکانی سەرکردایەتی سیاسی دروست بکەن بەلام پابەندبوونی کارمەندە قیادیەکان بە دەسەلاتدارەوە هەیە وەک پڕەنسیپێکی پێکهاتەی بیرۆکراسیەتی دەسەلاتە تەقلیدیەکە. لە بەرژەوەندی ئەم شێوە دەسەلاتە نیە رێگا بە دروستبوونی ئەلیتەیەکی بیرۆکراتی بەهێز بدات. هەربۆیە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە رێگربێت لەم جۆرە ئەلیتانە یان سنوورداریان دەکات. بە کۆنترۆڵ کردن و ژێر دەست کردنی ئەلیتە بیرۆکراتیەکە دەسەلاتدار دەتوانێت قورسایی خۆی لە سیستەمدا بۆ مەودای دوور بەهێز بکات. ئەوەی پەیوەندی بە نێوان بیرۆکراسیەت و کۆمەڵ هەیە لایەنە بیرۆکراسیەتەکە بەو ئاڕاستەیەدا مەیالە چەقی سەرجەم پڕۆسە سیاسیەکە بێت. جیهازە بیرۆکراسیەکە لەم سیستەمەدا هەوڵی مۆنۆپۆل کردن ئەدات بەرژەوەندیە کۆمەلایەتیەکان لەناو پڕۆسەی بریاردا قوت بدات و بریارە سیاسیەکان لەسەر ئاستی سەرجەم کۆمەڵدا کاریگەر بکات. بۆ پاراستنی ئەم ڕۆڵە دەزگا بیرۆکراسیەکەی دەسەلاتدار لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت رێگر بێت لەبەردەم دروستبوونی رێکخراوی سیاسی و کۆمەلایەتی سەربەخۆ. بەلام ئەزمونە مێژوییەکانیش ئەوە نیشان دەدات ئەو سیستەم و دەسەلاتانەش ڕۆژگارێک بەر هەرەس و داڕمان دەبن ئیتر بەهەر هۆکارێکی ناوخۆ یان دەرەکی بێت.

لە جیهانی سێ فراوان کردن و مۆدێرنیزە کردنی جیهازی بیرۆکراسی بوونی نەبووە وەک لەوەی لە گەشەکردنەکانی ئەوروپادا هەبووە. لەبری فراوان بوونی دیموکراسیەت لە جیهانی سێ زۆرتر بە ئاڕاستەی مەرکەزیەت بوونی دەسەلاتی سیاسی و ئاوتۆنۆمی دەسەلاتداراندا ڕۆیشتوە، نوێکردنەوەو مۆدێرنیزە کردن لە گۆڕانکاریەکانی سیستەمدا بۆ ئەم دەزگا بیرۆکراسیەی دەسەلات نامۆیە.
جیهازی بیرۆکراسیەت لێرەدا وەک ئامراز لە خزمەت و مانەوەو پیادە کردنی دەسەلات و کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵ و سامانی گشتیدایە. کەواتە مەیالە بەلای ئەوەدا تەواوی کارلێک کردن (شبکات التفاعل) لە نێوان ئەلیتەی سیاسی و کۆمەڵدا کۆنترۆڵ بکات بە هەردوو دیودا.
 
گەندەڵی لە بیرۆکراسیەتی ئەم سیستەمەدا 
خالێکی تری قیادەی سیاسی لەم سیستەمەدا بریتیە لە بواری گەندەڵی. لە کاتی ڕژێمی بەعسدا دیاردەی گەندەڵی گەیشتبوە لوتکە. لە عێراق بەتایبەتی بازرگانی کردن بە نەوتەوە پێوانەی گەندەڵی بردە لوتکە. بە ملیارد دۆلاری ئەمریکی لە ناوەڕاستی سالانی حەفتاکانەوە سالانە لە سامانی گشتی و داهاتی دەوڵەت کرایە موڵکی شەخسیی بەمە توێژێکی دیاری ملیۆنەرو ملیاردێری دۆلار دروستبوو. هەروەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستانیشدا هەیە. بەتەنیا سەدام حسێن لە سەرەتای سالانی هەشتاکانەوە ملیاردەها دۆلاری لە بازرگانی نەوت بۆ خۆی لادابوو. بازرگانی کە لەکاتی ئابڵوقە ئابوریەکەی سەر عێراق لە بازاڕی ڕەشدا دەکران. ئەم پارەیە خرابوە سەر حیسابی بانکە بیانیەکان. هەروەک لای سەرجەم دیکتاتۆرەکان باوە تەواوی شتە شاراوەکان دوای ڕوخانی ئەم کەسانەو ڕژێمەکانیان بە دەر دەکەوون. خۆ دەوڵەمەند کردن ئەگەر بگەرێینەوە بۆ نمونەکەی عێراقی بەعس لە نێو ئەفسەرە پلە بەرزەکان و سیاسیە مەدەنیەکان زۆر بەربلاو بوو. لە عێراقی بەعس و سوریاو هەرێمی کوردستانیش گەندەڵی بەشێوەیەکی وا ببوە وە بۆتە شتێکی ئاسایی کە کەس ترسی لە سزادان نەبووە. بیرۆکراسیەتی حیزب و بیرۆکراسیەتی دەوڵەت لە عێراق لەیەکتر جودا نەبوون و دەوڵەت ڕۆڵی سەیتەرە کردنی نەبووە لە بواری ئابوریدا. ئەوەندەی ئەم بارودۆخە بەم شێوەیە مایەوەو ئەوەندەی ڕۆڵی شەخس شوێنی حیزب و دەوڵەت بگرێتەوە لەنێو گەلدا بێ بڕوایی بەرامبەر بە حیزب زیاتر دەبێت. خەلکی ڕوو لە سیاسەت وەردەگێڕن و بەدوای ستراتیجیەتی خۆ دەوڵەمەند کردندا دەگەرێن. ژمارەیەک لە کەسەکان و حیزبیەکان لە عێراقی ئێستەو باشوری کوردستان بوونە بازرگانی سەرکەوتوو، هەندێکی تر هەر لەسەر ستایلە کۆنەکە ماونەتەوەو هەژار کەوتوون. کەواتە گەندەڵیی پلانکراو لەم شێوە سیستەمەدا خزمەتی سەقامگیری سیستەم دەکات بەلام دەرئەنجامەکەی دژوار دەبێت بۆ کۆمەڵ و ئابوری ولات. 
زەبروزەنگ و هەڕەشە کردن بە شێوەیەکی وا توند بە موئەسەسە کراوە کە بەردەوام خۆی دوبارە دەکاتەوە. دەبێتە هۆی گومان دروست کردن هەر یەکێک بەرامبەر بەوی دی . سەرجەم دەسەلاتی دەوڵەت دەگوازرێتەوە بۆ دەسەلاتدارە تاک و تەقلیدیەکە. دەستورو یاساکان و تەنانەت حیزب نرخی نادرێتێ. ئەم جۆرە دەسەلاتە بە ڕای من چەندین خەسڵەتی دەسەلاتی شمولیی هەیە. 

ئەوەی پەیوەندی بە مۆنۆپۆلی حیزبەوە هەیە. دەسەلاتدار لەم سیستەمەدا ئەگەر بۆی بکرێت ئارەزووی تەنیا لە بوونی یەک حیزبی سیاسی هەیە کە سەرجەم دەسەلاتەکانی لەدەستدا بێت و بەتەنیا بریار بدات. نە لە نێو ، و نە لە دەرەوەی حیزبەکەیدا ئۆپۆزیسیۆن قبوڵ ناکات. یەکێتی و پارتی هەر یەکەو لە زۆنێکی داگیر کراوی خۆی بۆتە حیزبی قائیدو ، حیزبی قائیدیش بە ئاڕاستەی تاک حزیبیدا دەڕوات. ئەم شێوە حیزبانە وەک پێویستیەکی سیاسی و کۆمەلایەتی دروست نەبوون بەلکو تەنیا ئامرازن لە خزمەتی دەسەلاتدا.

لەبەر ڕۆشنایی قەدەغە کردنی فراکسیۆن بەتەنیا سەرانی حیزب فەرمان دەردەکەن. ئەو کەسەی پیادەی سیاسیەت بکات هەوڵ بۆ گەیشتن بە دەسەلات ئەدات، دەسەلات وەک ئامراز لە خزمەتی ئامانجی تردا. لێرەدا دەسەلاتدارێک لە چەقی سیستەمە سیاسیەکەدایە کە سەرجەم بریارە سیاسیەکان بەرێگای هێلانەیەک لە پەیوەندی ئیداری و جیهازی بیرۆکراسی پیادە دەکات. سیاسیە قیادیەکان و دارودەستەو کارمەندەکان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە کەسی دەسەلاتدارەوە پابەندن. ئەوەندەشی خۆیان بریار بدەن ئەوا وەک ئیرادەی دەسەلاتدار دەبینرێت. نە دامودەزگا دەوڵەتیەکان وە نە ئینستیتوتەکان وەک نمونە سێ ئۆرگانەکەی دەوڵەت لەم سیستەمەدا خاوەنی قورسایی خۆیان نین.  

پیادەکردنی دەسەلاتی سیاسی هەرێم مەرکەزیە
ناکۆکە بەخۆی ئەگەر لە بەغدا باس لە فیدرالیەت بکرێت و لە هەرێمیش مەرکەزیەت پیادە بکرێ. بێدەسەلاتکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نیشانەی ئەم بۆچونەیە. مەرکەزیەتیش لەگەڵ دیموکراسیەتدا یەکناگرێتەوە. 
دەسەلاتدارانی هەرێم پشت بەدارو دەستەکانی، بە ئیدارەکانی و بە هێزی چەکدارو ئاسایش و دەزگا هەوالگریەکانى دەبەستێت (زێڕەڤانی و لەشکری بارزان و گولان و دوو هێزی پێشمەرگەی حیزبی و دەزگای پاراستن، دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر و هێزی ئاسایشی حیزبی و بنەماڵە...) ، دوو ئیدارەیی ژێر دەسەلاتی سوڵتانیی و هەروەها پیادەی ئابوری بنەماڵەو خێزان تاقم دەبەستێت. لەبری دروستکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانیی ئەنجومەنێکی هەوالگری هەیە لەژێر سەرکردایەتی ئەندامێکی خێڵە سیاسیەکە ("ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم"). هەروەها سەرۆکی هەرێم وەک ئەندامێکی تری خێڵ کە سەر بە حیزبێکی دەسەلاتە. 
دەسەلاتەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سیستەمی پەڕلەمانیدا یەک ناگرێتەوە. سەرۆکی بالای ڕاپەڕاندنیشەو هیچ بالانسێک نیە لەنێوان سەرۆکی هەرێم و حکومەتدا (دەزگای ڕاپەڕاندن). پەیوەندی نێوان پەڕلەمان و حکومەت پەیوەندیەکی ناتەندروستەو سێ دەسەلاتەکە بەنێو یەکتردا تواونەتەوەو ئەمەش خەسلەتێکی سیستەمە دیکتاتۆرەکانە. ئەم دامەزرێنەری بەڕێوەبەرە گشتیەکانە...، هەربۆیە دەکرێ لێرەدا باس لە سیستەمێکی سەرۆکایەتی بکەین لە ولاتێکی دیکتاتۆردا. لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش سیستەمی سەرۆکایەتی پیادە دەکرێ بەلام کۆنگرێس (پەڕلەمان) بەهێزەو توانای کاردانەوەی هەیەو دەوڵەتی قانونە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ ئایا ئەم هەرێمە چ پێویستیەکی بە سەرۆک هەیە؟ نمونەی تورکیاشمان هەیە کە سیستەمی سەرۆکایەتی لە ولاتە دواکەوتو وە دیکتاتۆرەکاندا سەرکەوتو نابێت.
هەردوو بنەماڵە گەورەو بچوکەکان بازاڕی هەرێمیان کردۆتە بازاڕی بازرگانی شمەک و نەوت و قاچاقچێتی ناوخۆ بۆ ئێران و تورکیاو بۆ بەرژەوەندی خۆیان و مۆنۆپۆڵ کردنی بازاڕو وێران کردنی سەنعەتی محەلیی ولات و بواری کشتوکاڵی. گەرنا وەلامی ئەو پرسیارە چۆن ئەدرێتەوە کە بە هەزاران میلۆنەرو بە دەیان ملیاردەری دۆلار لە هەرێمی کوردستان دروست بووە ئەگەر بە رێگای ڕەفتاری چەتە گەری و ناشەرعی نەبێت. خاوەن پڕۆژەو لایەنە ئابوریەکان دەبێت لێرەدا هەمیشە حیساب بۆ بریاری هەڕەمەکی و بێسەروبەر بکەن. ئەوەی ئەم سیستەمە کاری لەسەر دەکات بریتی نیە لە دروستکردنی ژێرخانی ئابوری نەتەوەیی هەرچەندە ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانیی یەک ناگرێتەوە لەگەڵ سروشتی ئەو دەسەلاتەدا، تەنیا ڕوو دەکەنە ئەو پڕۆژانەی کە دەستکەوتی ماددی خۆیانی تێدایە. 
خوێندنەوەی ئەم توێژینەوەیە یارمەتیدەرە بۆ دروست کردنی ستراتیژیەتی پێچەوانە بەرامبەر ئەو شێوە سیستەمانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە