کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مرۆڤە پێست سپیەکان بە گەران بەدوای باوکیاندا، کارەساتی گەورەیان خولقاند

Monday, 20/05/2019, 9:54


ئارتیو ڕامبۆ دەڵێت :
 پێست سپیەکان گەیشتن، ئیتر دەبێت خۆت پۆشتەکەیت ، بچیت بۆ کار، پاشان بۆ کەنیسە.
ئێمە کاتێک لە ڕۆژهەلات ئەژیاین و هەمو خەو و خەیاڵمان ئەوەبو کە بگەینە ئەوروپا و لە دیسکۆکاندا سەما بکەین، لەبەر ئەوەی کە وامان دەزانی خەڵکی ئەوروپی کارناکەن و پارە بەسەریاندا دەبارێت، بەلام راستیەکی پێچەوانە بوو، پارە بەسەر ئێمەدا ڕژابوو، ئەوروپایش ئەو گەلەن کە کەڵچەری کارکردن بەستراوەتەوە بە دین و باوەڕیانەوە، کە دەڵێین مرۆڤی پێست سپی، مانای مرۆڤی کارکەر. سەدام حسەیەن چەندە هەوڵی دا کە کاوە فێری کارکردن بکات، لەولاشەوە گۆرباچێڤیش لە روسیا  بە سیاسەتێکی تر، بەلام نەیان زانی چۆن ئەو ئارەزووە لە ناخی تاکەکانیاندا بهروژێنن، ئارەزوی گەڕان و کارکردن، هەتاوەکو ئێرەیی بە مێرولە نەبەین.
لەکاتێکدا کە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لەسەر تاشە بەردەکانی سۆمەری و بابلی نێرگەلەمان دەکێشاو قاوە و چای دیژلەمەمان دەخواردەوە، هەندێک کەسیش کردبویان بە بەردە نوێژ، ئێمە هیچ پرسیارێکمان لە خۆمان نەدەکرد کە ئایا چی نواسراوە لەسەر ئەو تاشەبەردانە،  پرسن  نەبوین بەو باسانە، هەتا پێست سپیەک ڕۆژێک بەویادا تێ پەڕی و داوای لە گەنجێکی کورد کرد کە یارمەتی بدات لە چونە سەر شاخێکی بەرز بۆ هێنانە خوارەوەی نوسراوێکی مزماری، ئیتر لەوەوە ئاشنا بوین بە هەموو شارستانیەتی سۆمەری و بابلی و سانسکریتی، پاشان نوسینەکانی میسر و هەروەها شارستانیەتی ئەنکا لە ئەمەریکای لاتین هەر پێست سپیەکان دۆزیانەوە، بەم بۆنەیەوە ئەو گەلانەش ئاشنابوون بە مێژوی ناوچەکەیان، بە مێژووی باو و باپیریان، بۆیە موفتی پێنجوێنی لە هۆنراوەیەکیدا دەلیت ؛
من خاسی ئنگلیز ناچێ لە بیرم
کە پێی ناساندم باو و باپیرم .
هەمو ئەم دۆزینەوانە بە تێکۆشان و پرسنی مرۆڤی سپی بوە. هەروەها کاتێک چینیەکان باروتیان دۆزیەوە، بەکاریان دەهێنا بۆ ئاهەنگو خۆشی، هەرگیز بەخەیاڵیاندا نەدەهات کە دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ بۆمب و چەکی کوشندە و هە مەجۆر،  یابانیەکان کحولی ساکێیان وەک بۆمب بەکار دەهێنا دژی دوژمنەکانیان، هەتا پێست سپیەک درکی بەمە کرد و لە مەوە هەموو جۆرە چەکێکیان داهێنا. هەمو ئەو ئیمپراتۆریەتانەی پیش ئەوان، بە هەموو توانایانەوە هەوڵیان نەدا بزانن کە لەو سەری دەریای ئەتلەنتیکەوە چی ڕووئەدات، هەتا کریستۆف کۆلۆمب بە  گەشتێک ئەمەریکای دۆزیەوە. ئیتر دوابەدوای ئەمانە هەمومان دەزانین کە داهێنانەکانی مرۆڤی سپی  چۆن هەمو جیهانی گرتۆتەوە بە کارەبا و تەلەفۆن و ئەنتەرنێت و چەکی ئەتۆمی و ...تاد. لە کاتێکدا لای چینیەکان کۆپیکردنەوە هونەرێکە نەک دزینی فکرەیەک، لای موسڵمانانیش وایان باوەڕە کە قورئان کتێبێکی زانستیە و هەموو زانستێک کە مرۆڤی پێست سپی ئەی دۆزێتەوە، پیشبینی کراوە لە کتێبەکەیاندا.
 پاشان مرۆڤی سپی، ئەمەریکای دروست کرد، وەک شارستانیەتێکی مۆدێرن و لیبێراڵ و جیاواز، وەک شورایەک بۆ پارێزگاری کردن لە خۆی، لە هەمان کاتا وەک ئاوێنەیەک کە بتوانێت داهاتوی خۆی تێدا ببینێتەوە، پێویستی بە فاڵچی نیە کە پێی بڵێت؛  تۆ سەفەرێکت لەبەرە، سەفەر سەلامەت.
ئەم کارەکتەرە پرسنیە، وەهایی لەمرۆڤی سپی کردوە کە پرسیار لەخۆی بکات، ئەگەر ئەو لە هەموو بوارێکدا لەوانی تر بەتوانا ترە، کەواتە پێ دەچێت کە ڕەچەڵەکێکی جیاوازی هەبێت، ڕەچەڵکێکی شکۆدار و شکڵێکی جوانیشی هەبوبێت هەر لەسەرەتاوە، جیاواز لە مرۆڤی ئەفریقی کە زیاتر شکڵی مرۆڤی سەرەتاییان هەیە، ئەمەش شایەنی نەک قبوڵ کردنە، بەڵکو تێ گەیشتنە.  بۆیە کاتێک نوسینی ئێرانی و سانسکریتی ئەدۆزنەوە سەرنج ئەدەن و دەبینن کە لێکچونێکی گرنگ هەیە لەنێوان زمانە ئەوروپیەکان و زمانی ئەواندا، پاش ئەوەی لە سەر تێکستی پاشای ئەخمەنیدا،  دەستەواژەی ئاری ئەدۆزنەوە، ئیتر ئەمە دەکەن بە تێۆری ڕەگەزی ئاری کە گوایە ڕەگەزێکی مرۆڤ هەبوە لەو ناوچەیەدا و ئەوان باپیرە گەورەی مرۆڤی پێست سپی بوون، پێش کەوتوو بونوو ناویان ئاری بوە، بەڵام بە تێکەڵاو بونیان لەگەڵ ڕەگەزی تردا شکڵیان گۆڕاوە، بۆیە دەبێت ڕەگەزی ئاری پوختە بکرێتەوە لەو تێکەڵاویە،  هەندێک لە ناسیۆنالیست و مرۆڤە بە فیزەکانیان وەک پیسبون بە مرۆڤی تر لێکدانەوەیان بۆ دەکرد.   ئیتر فکرەی نازی و مرۆڤی ڕەسەنی ئاری لەمەوە ڕەگی داکوتا و شەڕی جیهانی دوەمیش وەک کارەساتێکی مرۆیی گرنگ.  کاتێکیش فۆتۆگرافێک یان ڕیپۆرتاژێکیان دەکرد، هەتا ئەمڕۆش هەر خێرا منداڵیکی قژ زەرد و چاو شین ئەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بیخەنە پێشەکی دۆکیومەنتەریەکەیان و پێمان بڵێن ؛ ئەوەتا بەڵگە. بەڵام ئەمڕۆ، هەرچەندە ووشەی( ئار) بەمانای زەوی دێت و ئاری بەمانای کەسانی خاوەن زەوی، بەو کۆمەلگەیە وتراوە کەلەسەرەتای شارستانیەتا دەستیان کرد بە کشتوکاڵ، ئەوا ئەمڕۆ نەک تەنها ووشەی  ئاری قەدەغەیە لە ئەوروپا، بەڵکو بۆت نیە تەنانەت ووشەی ڕگەزیش بەکار بهێنیت لە زمانەکەتا. کاتێک کچیکی ئێڕانی بە مامۆستا فەرەنسیەکەی وتبوو کە ئەو لە رەگەزی ئاریە، مامۆستاکەی گاڵتەی پێ کردبوو، وتبوی ئاری وەک ڕەگەز بونی نیە و ووشەی ڕەگەزیش زاراوەیەکی ڕەگەز پەرستیە، کچە فارسەکە زۆر سەری سورمابوو . چونکێ ئەوروپی فێری ووشەی ئاری کردین و هەر ئەوانیش لێمانی قەدەغەدەکەن.  ئەمەش هەر بە بڕیاری مرۆڤی پێست سپی بوە کە دان بەهەڵەکانی رابوردویدا ئەنێت، هەمیشە بە مێژوی خۆیدا دەچیتەوە. لەم کەینوو بەینەدا گەلانی هیندۆ ئەوروپیش چونە ژێر کاریگەری ئەو یاریەوە،  ئەوانیش شانازی بە چاوشین و قژ زەردەکانیانەوە دەکەن، نەک هەر گەلی هندۆ ئەوروپی بەڵکو مرۆڤی  شکڵی ئەوروپی لای هەمو گەلانی تر بە مرۆڤی سەروتر لەوان دەبینرێن، ئەمڕۆ بچۆرە هەر ولاتێکی ڕۆژهەلاتی ئیسلامیش ئەگەر پێستت سپی بێت ئەوا زیاتر ڕێزت لێ دەگرن، بگرە موسڵمان بونیشت ئەو ڕیزەت زیاد ناکات ئەگەر پێستت ڕەش بێت. لەسەر ئەمەش لەفەرەنسا نوکتەیک دروست کراوە ؛ مندالیکی عەرەب دەچیت بۆ لای بەڕێوەبەری خوێةدنگاکەی  بە گریان، سکاڵای لا دەکاتەوە و دەڵیت کە هاوڕێ فەرەنسیەکەی پیی ووتوە ؛ عەرەبی پیسو پۆخەڵ، بەڕیوەبەرەکەش کە دەبینێت منداڵە عەرەبەکە دەگری، پێی دەلیت ؛ تۆش پیی بڵی ؛ فەرەنسی پیسو پۆخڵ. منداڵە عەرەبەکە سەیرێکی هاوڕی فەرەنسیەکەی دەکات کە قژی زەردە و چاوی شینە، بە بەڕیوەبەرەکەی دەلێت ؛ ئاخر ئەو پیس نیە.
 کاتێکیش مرۆڤی سپی مرۆڤی نێندەرتاڵی دۆزییەوە، بینیان کە مرۆڤێکی بە شکڵ جیاواز بوو لەوان؛ پەل قەوی و سەرزل و چوار شانەو گردە،  هەر خێرا کەوتنە زەم کردنی کە گوایە مرۆڤێکی بێ توانابوە  لەبەردەم مرۆڤی ساپیاندا، کەلوپەلی بەکار نەهێناوە، زیرەک نەبوە و حۆل بوە. ئێستاکە کە بەهۆی زانسی ئای دی ئینەوە دەرکەوتوە کە دی ئای ئێنی مرۆڤی ئۆرازی و ئەوروپی لەسەدا سێ هەتا حەوتی تێکەڵە لە گەڵ مرۆڤی نێندەرتاڵدا، واتە مرۆڤی پێست سپی ئەوروپیش تێکەلاوی هەبوە لەگەڵ نێندەرتاڵدا، ئیتر هەر خێرا لەگەل نێندەرتاڵدا ئاشتبونەوە و تواناکانی ئەوانیان خستە ڕوو کە گوایە مرۆڤی نێدەرتاڵ پێش ئەوان کەلوپەلیان بەکارهێناوە و راویان کردوە و شتی زۆر تریش، تەنها جیاوازیەک ئەوە بوە کە مرۆڤی ساپیان لە کارکردن بە کۆمەڵ و ئۆرگانیزاسیۆندا بەهێزتر بوون لەوان .
دواهەمین کارەسات کە مرۆڤی سپی کردویەتی بەهۆی گەرانی بەدوای باوکیدا، ئەوەبو کە کاتێک ئەوروپیەکان بەتایبەتی فەرەنسیەکان و بەلژیکیەکان، چونە رواندە لە ئەفریقا، بینیان کە سێ شکڵی مرۆڤی ڕەشی لێیە ؛ ئوتو، توتسی،توا، سەرنجیان دا کە توتسیەکان کەسانێکی بەشکڵ وەک مرۆڤی سپی وان تەنها ئەوە نەبێت کە ڕەنگی پێستیان ڕەشە، بۆیە هەر خێرا وتیان کە ئەمانە ڕەسەنی فیرعەونەکانن، ئەمەش بوە پاڵنەری ئەوەی کە بی سەلمێنن رەگەزی فیرعەونەکانیش کە خاوەنی شارستانیەتێکی نایاب بوون وەک توتسیەکان بوون، نەک وەک مرۆڤی ئەفریقی سەرەتایی، ئیتر لەمەوە مرۆڤی توتسیان هێنایە پێشەوە و زیاتر گرنگیان پی ئەدان، جیاوازایان دەکرد لەنێوان ئێتنیەکاندا، بەم بۆنەیەوە توتسیەکان کە ژمارەیان لەسەدا بیستو پێنجی دانیشتوان بوو بەلام ئەوان زیاتر خوێندەوار بوونوو پۆستی باڵایان بەدەستەوە بوو،  وەک بەرزە مرۆڤ سەیردەکران، ئەم جیاوازیەش وەهای کرد کە دوبەرەکی و رق بکەوێتە نێوان ئەم دو ئێتنیەوە، ئەوەبو لەسالی 1994 دا ئوتوەکان لەماوەی تەنها سێ مانگا نزیکەی 800 هەزار توتسیان بە ماشێت ( جۆرە چەکێکە لە نێوان شمشێرو چەقۆدا ) کوشت، کە بوە هۆی لەناوبردنی لەسەدا هەفتاو پێنجی توتسیەکان، ئەم جێنۆسایدەش بە دواهەمین جینۆسایدی مرۆڤایەتی دادەنرێت. 
  
خۆ ئەم جیاوازیەی کە دەکرێت لە نێوان مرۆڤەکاندا  لەهەمو سوچێکی ئەم زەویەدا بوونی هەیە، تەنها لای مرۆڤی مرۆڤدۆست و هۆشمەند نەبێت کە لە ناو هەمو گەلێکدا بوونی هەیە ئەم جیاوازیە نامێنێت، چەندەش ئەو گەلە سیستەمی پەروەردە و سیاسەتی مۆدێرنتر بێت ئەوا ئەو جیاوازیە کەمتر دەبێتەوە وەک لەئەوروپا دەیبینین،  خۆ ئەگەر مرۆڤی پێست سپی بۆڵەبۆڵ بکات و دژی بیانیەکانی بدوێت لەبەر ئەوەی کە بیانیەکان دێنە وڵاتەکەیی و  کاری ئەو ئەدزن، ئەوا جێگەی تێگەیشتنە، بەڵام لە رۆژهەلات تورکێک ڕقی لە کوردێکە لەبەر ئەوەی ئەو تەنها  کوردە یان کوردێک عەرەبێکی خۆش ناویت لەبەر ئەوەی کە عەرەبە نەک لەبەر ئەوەی کە هاتوە نانی ئەو بخوات، یان موسڵمانێک ڕێگە نادات کە تۆی مەسیحی بچیتە مزگەتەکەیەوە، براکەشی کە کوردە دەیکوژێت لەبەر ئەوەی کە وەک ئەو ئیسلام نیە، هەرگیز کەنیسەیەک جیاوازی ناکات لەنێوان ڕەگەزەکاندا، هەرچۆنێک بێت مرۆڤی پێست سپی هەڵەکانی خۆی دەناسیتەوە و دانی پێدا دەنێت، بەڵامم هەتاوەکو ئێستاکە تورکیا دانی نەناوە بە جینۆسایدی ئەرمەنیەکان، چەندەها تاوانی تر لەلایەن مرۆڤەوە کراون لە ڕۆژهەلات، بەڵام خەڵکی گرنگی بەو مێژوە نادەنهەتاوەکو ڕێگری بکەن لە دوبارە بونەوەی.
هەتاوەکو ئەمڕۆ چەند جۆرێک لە مرۆڤ دۆزراونەتەوە، لەوانە مرۆڤی ساپیان کەئێمەین، نێندەرتاڵ، دینۆڤای و چەند جۆرێکی تر کە هەتا ئەم ساتە لەژێر لێکۆڵینەوەدان، زۆر لە ناسیۆنالیستەکانی ئەوروپا هیوادارن کە ڕۆژێک ئەو جیاوازیە بە زانست بسەلمێنن؛ کە جیاوازیەک لە  ئای دی ئێنیاندا هەبێت، بەوهۆیەشەوە لە زیرەکی و بەتواناییاندا جیاوازبن، لەسەر ئەم بنەمایەش بیسەلمێنن کە مرۆڤی سپی لە ڕەسەنێکی جیاوازە و جارێکی تر تیۆری مرڤی ئاری بەجۆرێکی تر زیندوو بکەنەوە، بۆیە ترسی ئەوە هەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان  شتێک بدۆزرێتەوە و بەکار بهێنرێت بۆ مەبەستی ڕەگەز پەرستی و نانەوەی ئاژاوەیەکی گەورە لەنێوان مرۆڤ و کۆمەڵگەی رووی زەویدا.  نۆوا هەراری لە کتێبەکەیدا بە ناوی ؛ ساپیان، ئەمە بە مەترسیەکی گەورە دادەنێت. بەڵام ئەگەر هۆکارەکەش ئابوری و دیمۆگرافی بێت، ئەوا مرۆڤی سپی لە بەرپەرچدانەوەی ئەو تیۆریە و دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ ڕێگری کردن لە روداوێکی نەخوازراوی ئاوا کە جیاوازی بخاتە نێوان مرۆڤەکان، کۆمەڵگەیەکیی مولتی ئێتنیان پێکهێناوە وەک ئەوەی دەیبینین لەئەوروپا و لەئەمەریکادا، تێکەڵبونێکی بەجۆرێک کراوە لە نێوان هەموو جۆرە مرۆڤی کیشوەرەکانی تردا  کە دوای چەند جیلێکی تر ئەو مرۆڤە ئەوروپیە چاوشینەی کە ئەمڕۆ دەیبینین بوونی نامێنێت و مرۆڤێکی نوێ دێتە کایەوە، کە تێکەڵە لە هەموو ڕەگەزێک. هەرچەندە لە ئەوروپا ناسیۆنالیستەکان ئەمەیان پێ ناخۆشە و لە ڕۆژهەلاتیش ئیسلامیەکان خۆیان مەڵاس داوە، گوایە ئەوروپا دەکەنە ولاتێکی ئیسلامی، ئەمانە هەمووی خەو و خەیاڵی مرۆڤی نەخۆشن.  ئەمڕۆ لە فەرەنسا لەلای گەنجان بۆتە جۆرێک لە مۆدێلی دڵگیر و سەردەمی، ئەگەر تۆ یەکێک لەباوک و دایکت لە رەگەزێکی تر بێت، ئەوا وەک شتێکی جوان و مۆدێرن ڕيچاوی لێ دەکرێت.
ئەگەر جاران باسی ڕەگەزپەرستی دەکرا، بۆ نمونە چۆن کەسێک بۆ کارێک هەڵنابژێرن لە ئەوروپا لەبەر ئەوەی کە لە رەگەزێکی جیاوازە، ئێستاکە باسی جیاوازی کەڵچەری دەکرێت، لەبەر ئەوەی  کە کەڵچەرەکەی جۆرێک هەڵسوکەوتی پێ داوە کە بۆ ئەو کارە نابێت و کەسێکی بە کارەکتەر دەریای ناوەڕاستە، وەک چۆن لە ئەمەریکا دەڵێن مەکسیکیەکان بۆ هەندێک کار باشترن،  ئەم  بۆچونەش کاری کردۆتە سەر هەڵس و کەوتی پۆلیسێکیش کە کە بەجۆرێکی تر سەیرت بکات، کاتێک تۆ رەنگی دەموچاوت جیاوازە، خۆ لەنێوان ئەوروپیەکانیشدا ئەو جیاوازی کارێکتەر و هەڵسوکەوتە هەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تۆ بۆ کارێک بشێیت و بۆ کارێکی تر نەشییت، ، موشکیلەکە ئەوەیە کە بیانیەکان هەر خێرا هۆکارەکەی دەبەنەوە بۆ موشکیلەی ڕەگەزپەرستی، نەخێر موشکیلەی جیاوازی کەڵچەریە، بۆ نمونە کاتێک دەبینێت باوکێکی ڕۆژهەلاتی بەسەر مندالە دوو ساڵیەکەیدا دەقیژێنێت و منداڵکەشی زراوی تۆقیوە لەباوکی و تێ ناگات بۆچی باوکی ئاوا دەقیژێنێت بەسەریدا،  لەهەمان کاتا باوکی بەرامبەر بە کامێراکەی لەسەر فەیسبوک زەردەخەنە دەیگرێتو سەیرمن دەکات هەتاوەک و پێمان بڵێت کە ئەو بە مەبەست و بۆ قازانجی کوڕەکەی دەی کات هەتاوەک و منداڵەکەی بکاتە سەگێکی هارو بتوانێت بەیانی لەگەل کوڕی گەڕەکدا، لە کۆمەڵگەدا بەرگری لە خۆی بکات . ئەمەش کەلچەرێک فێری کردوە،  لەکاتێکدا ئەم جۆرە پەرەوەردەیە لە ئەوروپا جێگەی گاڵتە جاڕیە، بەگوێرەی نۆوا هەراری،  خەڵکی دەڵین گوایە موسڵمانان تۆلێرەنسیان نیە، بەڵام ئەگەر سەیری مێژوی عوسمانی سەدەی شانزە بکەین ئەوان زیاتر تۆلێرەنستر بوون لە ئەوروپای ئەو سەردەمە، کەچی ئەمڕۆ پێجەوانە بۆتەوە. پێ دەچێت ئێمەش وەک گەردیلەکان هەڵسوکەوت بکەین، بڕیار لەسەر کەڵچەر و هەڵسوکەتمان ئەدەین بەگوێرەی ئەوەی بەرامبەرمان بۆئەوەی نەکەوینە خاڵی سفری ململانێ .
هەموو گەلانی جیهان  سەردەمێک لە مێژویاندا پەلیان هاویشتوە بۆ داگیرکردنی گەلانی تر، بە جینۆساید کردنیان و بە کۆیلە کردنیان، بەڵام ئەگەر مرۆڤی سپی لە گەڕان بەدوای زانست و لێکۆڵینەوە و داهێناندا چەندەها تاوانی کئەنجام داوە، لەهەمان کاتا هەر خۆیشی فکرەی مافی مرۆڤ و مرۆڤ دۆستی  بڵاودەکاتەوە و نمونەیەکی جوانی کۆمەڵگەیەکی داهاتوومان بۆ دەڕەخسێنێت بە تێکەڵکردنی ئێتنیە جیاوازەکان کە مۆدێلێکی گرنگە بۆ نەهێشتنی جیاوازیەکانمان، ئەم نموونەیەش ئەمڕۆ بەهۆی هەندێک هۆکارەوە لەوانە ئیسلامی سیاسی  کە مەبەستی تێکدانی ئەو مۆدێلەیە، لە ئەوروپاش هەندیک لە ناسیۆنالیستەکان، خستویانەتە بەر مەترسیەوە .
بە گوێرەی نۆوا هەریری جیاوازی کەڵچەری لەگەڵ ڕەگەز پەرستیدا ئەوەیە کە ڕەگەزپەرستی زانستێکی ڕاست نیە و ئێمە جیاوازا نین وەک ئەوەی دەیزانین. بێگومان ئێمە ناڵێین کە ڕەگەزپەرستی نیە، ئەگەر لە رابوردودا ڕەگەز پەرستی بەبیانوی گوایە جیوازی ڕەگەزەوە بوە ئێستاکە بە بیانوی چیاوازی کەڵچەریش جارێکی تر لەهەندێک حالەتا دەبێتەوە بە جۆرێک لە ڕەگەز پەرستی.
نۆوا هەراری لەسەر ئەم مۆدێلەی کە ئەوروپا پەیڕەوی دەکات، دەڵێت ؛(  موجازەفەیەکی گرنگە بۆ ئەوروپا کە ئایا ئەتوانێت کەسانێک زۆری بیانی بهێنیتە سەر خاکەکەی بەبی ئەوەی کە ئەوان کەڵچەرەکەی لەناو نەبەن ؟ خۆ ئەگەر شتێکی وا رویدا و ئەم مۆدێلە سەری گرت، ئەوا دەبێتە مۆدێلێکی جیهانی و هەمو گەلانی تر کۆپی دەکەنەوە، بەڵام ئەگەر سەرنەکەوێت ئەوا  دەبێتە کارەسات  وەک ئەوەی بەرە و شەڕێکی جیهانی بڕۆین، لەبەر ئەوەی کە ئەگەر ئێمە نەمان توانی لەگەڵ یەکتردا بگونجێین و چارەسەرێک بدۆزینەوە، کەواتە چۆن دەتوانین چارەسەریک بدۆزینەوە لە کاتێ هەڵگیرساندنی ناکۆکیەکی گەورە لەنێوان گەلاندا ؟ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە