مێژووی مانگرتن و زیندانیانی باکور و بێدەنگی باشور
Monday, 20/05/2019, 9:24
مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە کۆنەوە بەشێک بووە لە کاروانی درێژخایەنی تێکۆشانی زیندانیانی سیاسی ناو گرتووخانەکان لەدژی سیسەتەمی داپڵۆسێنەری دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکان.
لە عیڕاق(حەمید عوسمان) کە خەڵکی شاری هەولێر بوو بە تۆمەتی سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی عیراق لەسەردەمی شا فەیسەڵی دووەم زیندانیکرابوو، چواردە شاهێدی لەسەر بوو وێڕای دژوارترین ئەشکەنجە ئیعتڕافی نەبوو لە ژووری ژمارە(یەک) قورسترین زنجیریان لە پێی کردبوو، ناوبراو لەو سەردەمەدا ماوەی نۆزدە ڕۆژ مانیگرت لە خواردن.
لە زیندانی ئامەدی باکوری کوردستان چوار زیندانی سیاسی کورد کەمال پیر، محەمەد خەیری دوورمووش، عەلی چیچەک، عاکیف یەلماز لە بەرواری چواردەی تەمووزی ساڵی(١٩٨٢) لە دژی ستەم و ئەشکەنجەی فاشیزمی دەوڵەت تورک لە گرتووخانەدا دەستیانکرد بە(چالاکی مانگرتن تا مردن) لە کۆتاییداهەر چواریان گەیشتنە کاروانی شەهیدان.
زیندانی سیاسی کورد(سەبری ئۆک) کە نزیکەی بیست و دوو ساڵ لە زیندانەکانی تورکیا مایەوە، لەو ماوەیەدا لە کاتی جیاجیادا دەیان جار مانیگرت، جاری واهەبووە چەندین ڕۆژ یا چەندین هەفتە بەردەوامبووە لە مانگرتن لە خواردن، ئەگەر سەرجەم ڕۆژانی کاتە جیاوازەکانی مانگرتنی ناوبراو لەو بیست و دوو ساڵەدا کۆبکرێتەوە دەکاتە نزیکەی پێنچ سەد ڕۆژ، سەبری ئۆک ئێستا لە ڕیزەکانی(کەجەکە)بەردەوامە لە خەبات. نووسەر(فوئاد کاف) یەکێکی ترە لەو زیندانیە سیاسیانەی کە ماوەی(٦٤) ڕۆژ لە زیندانی ئامەد ساڵی(١٩٨٢) مانیگرت ناوبراو بیست ساڵ لە زیندان مایەوە.
زۆر جار زیندانیانی سیاسی لە گرتووخانەکانی تورکیا مانیانگرتووە لە خواردن، بەڵام ئەوە جاری یەکەمە دژ بە گۆشەگیری سەر(عەبدوڵا ئۆجەلان) ڕێبەری پەکەکە، حەوت هەزار زیندانی سیاسی کورد پێکەوە مانگرتن لە خواردن ڕابگەیەنن. مانگرتنی ئەم جارە بە پێشەنگایەتی(لەیلا گیوڤەن) پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) لە زیندان لە(١٨) ی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکردووە و دوای ئازادبوونیشی تا ئێستاش بەردەوامە لە مانگرتن. لە شاری هەولێر ئەندامێکی هەدەپە(ناسر یاگز) زیاتر لە پێنچ مانگە بەردەوامە لە مانگرتن، هەروەها(هەرێم مەحمود) لە شاری کەلار ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مانیگرتووە. لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا بەهەمانشێوە چواردە کەس کە زۆربەیان ڕۆژنامەنوووسن چوار مانگ زیاترە تا ئێستاش لە مانگرتندان. چالاکی مانگرتن لە چەندین ووڵاتی تر بەردەوامە. لەپێناو کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان مانگرتووان بەردەوامی دەدەن بە مانگرتنەکەیان.
لەسەرەتای مانگرتنەکەوە تا ئەمڕۆ ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی مانگرتوو لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ کە بریتین لە(زولکوف گەزەن، سیراج یوکسەک، مەعسوم پامای، ئایتەن بەچەت، زەهرا ساغڵەم، مەدیا چنار، یونجا ئاکجی) لە ناو زیندانەکان شەهیدبوون، هەروەها ئەغور شاکار لە ئەڵمانیا لەدژی گۆشەگیری سەر ئۆجەلان لەبەردەم دادگای شاری کریفێڵد خۆی سوتاند بەوهۆیەوە شەهیدبوو.
ڕاگەیاندنەکانی باشوری کوردستان بێهەڵوێستن ڕۆماڵی ئەو خەباتە مەزنەی مانگرتووانی ناو زیندانەکان ناکەن، تیشک ناخەنە سەر شەهید بوونی مانگرتووان ، باسی مانگرتنی چواردە ڕۆژنامەنووسی کوردی باکوری هاوپیشەکانیان ناکەن، بەڵام باسی ئەوە دەکەن عومەر حەسەن بەشیر لە سودان لە ناو ژووری زیندانەکەیدا فێنککەرەوەی بۆ داندراوە، ڕۆماڵی مانگرتنی ناسر یاگز لەهەولێر و هەرێم مەحمود لە گەرمیان ناکەن، ئاماددەن ڕۆماڵی هەموو پرسێکی جۆراوجۆر بکەن، تەنیا ڕۆماڵی بارودۆخی حەوت هەزار زیندانی سیاسی مانگرتووی کوردی باکوری کوردستان ناکەن!
لە هەرێمێکدا ئەو هەموو دەزگای ڕاگەیاندنەی دەسەڵات، سێبەر، ئەهلیی، سەربەخۆ هەبێت تیشک نەخاتە سەر پرسیێکی گرنگی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستی وەک پرسی هەزاران زیندانی سیاسی مانگرتووی کورد، کەواتە ناتوانین بڵێین ڕاگەیاندنەکانی باشوری کوردستان لە ئاست بەرپرسیاریەتی مرۆڤدۆستی و نەتەوەییدان، ڕاگەیاندنە حزبیەکانیش ئاڕاستەکراون، حزب کێشەی بیستن و دیتنی پرسە نەتەوەیی و مرۆڤدۆستیەکانی هەیە! بێ هەڵوێستی ڕاگەیاندنە حزبیەکان ڕەنگدانەوەی بێهەڵوێستی حزبەکانیانە. جێگەی داخە بەهەمانشێوە ئەو بێدەنگیە سەرجەم ڕێکخراوە مەدەنییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە! ژیان هەڵوێستە نەبوون باشترە لە بێهەڵوێستی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست