کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


راستییەکان لە یادی 53 ساڵەی داستانی هەندرێندا، کێ کردی؟

Monday, 20/05/2019, 9:22


بە حوکمی بەرنامەی سەکۆی چەپ، لە گەڵ  چەندین  تێکۆشەر ئەگەر زێدە رۆیی نەبێت بڵێم دەیان تێکۆشەری زێڕین دیدارم ئەنجامداوە کە بەشداری شەڕی هەندرێنیان کردووە، هەموو دەگێڕنەوە کە پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی عێراقی بە سەرکردایەتی رەئیس کەمال، ملازم عەبدولرەحمان، فاخر مێرگەسوری، ملازم خدر، مام سدیق، مام ئەلیاس، عەریف یونس، عزەت سلێمان بەگ داستانەکەیان تۆمار کردووە، کە تا ئەوکات گەورەترین سەرکەوتن بووە بەسەر سوپای داگیر کەری بەغدا ئەنجامدرابێت، تەنانەت ئەو دەستکەوتانەی لە شەڕەکە بە دەست هاتووە لە چەکی قورس و ئامێری پەیوەندیکردن زیاتر بووە لە بارتەقای هەموو ئەو چەکانەی کە هێزی پێشمەرگە پێش داستانەکە هەیان بووە، سەرکەوتنەکەش لە کاتێکدا تۆمارکرا کە جوڵانەوەی کوردی توشی دوبەرەکی و کەرت بوون هاتبوو ، بەمەش روح خرایەوە بەری.
 بەڕێزمەسعود  بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان  لەسەر سەردێری "   پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی پەنجا و سێیەمین ساڵیادی داستانی هەندرێن" لە بەرواری  " 12ـی 5ـی 2019 " پەیامێکی پیرۆزبایی و وەبیرهێنانەوەی  بڵاو کردۆتەوە، لە بەشێکیدا دەڵێت "  پێشمەرگەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و بە هاوکاری هێزەکانی حیزبی شیوعی لە پلانێکی تۆکمەی دژەهێرشدا لە 12ـی 5ـی 1966 پەلاماری دوژمنیان تێکشکاند و لیواکانی یەک و سێ و چوار و پێنجی سوپای عێراق لە چیای هەندرێن و زۆزک و گەرووی ئۆمەرئاغا و ئاکۆیان بە تەواوەتی تێکشکان و زیانێکی یەکجار زۆریان بەرکەوت" ، ئەمە لە کاتێکدایە مێژوو پێمان دەڵێت سەرکەوتنەکە تەنها لە چیای هەندرێن تۆمار کراوە نەک لە زۆزک و شوێنەکانی دی، ئەوانە لەو چرکە ساتە بەرەی شەڕ بوونە لێ سەرکەوتنیان تێدا تۆمار نەکراوە، بۆیە ناکرێت  ناویان بە هاوتایی لە گەڵ هەندرێن ریز بکرێت، دووەم سەرکەوتنەکە پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی و دۆست و لایەنگرەکانی تۆماریان کردووە نەک کەسی دی بۆیە ئەویش ناوی پارتی دیموکرات ریز ناکات پارێز دەکات، لێ لە رێگای بەخشینی رۆڵی سەرەکی بە پێشمەرگەی شۆرشی ئەیلولەوە دەیانکاتە بەشە شەریکی سەرەکی، سێیەم پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی لەوکاتە بەشێک بوونە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لق و پەلەکانی حیزبی شیوعی بەشێک بوونە لەو جوڵانەوە چەکدارییە، بە جیا ناوهێنانیان پارتی دەکاتەوە بە تاکە هێزی پێکهێنەری پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول، ئەمەو نەک تەنها شەڕی هەندرێن بگرە  تەواوی شەڕە گەورەکانی ساڵانی  63  بۆ 70 مۆرکی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی پێوە بووە، پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی نەک هاوکاری داستانی هەندرێن  نەبوونە بگرە هێزی سەرەکی و کۆتا بوونە لە داستانە مێژوویەکەی هەندرێن، هەر ئەمەش  وا دەکات شایەدحاڵەکانی  ئەو رۆژانە  بڵێن کۆچکردووان ئیدریس بارزانی و فرانسۆ حەریری تا چۆمان دەستڕی سوریان هەڵداوەو دروشمی بژی حیزبی شیوعیان وتوەتەوە" سەیری لینکی ڤیدیۆکان بکەن".
لە داستانەکەی هەندرێندا  هەر 60 فیداییەکە کە هێزی یەکەمی سەرکەوتنەکە بوون شیوعی بوون،  3  شەهید  درا وەک پێشتر نەخشەی  بۆ داندرا بوو لە لایەن فەرماندە شیوعییەکانەوە کە ئەوانیش عەریف یونس و ساڵەح مام ئەلیاس هەردوک شیوعی بوون، خدر عەوڵا بەگیش دۆستی ئەو حیزبە بووە، سڵاو لە یاداوەری روحی پاکیان، خۆزگەم بارزانی بتوانێت کەسێکی پارتی ئەوکاتە بدۆزێتەوە نەک شەهید و بریندار بگرە بەشداربوو نەک لە ناو فیدایەکان بگرە لە بەشداربوەکان  بۆ ئەوەی لە یادی 54 ساڵەی داستانەکەدا لە ساڵی داهاتوو مەدالیای ئازایەتی پێ ببەخشێت، راستیەکەش ئەوەیە لە کاتێک دوای سەرکەوتنەکە پێشمەرگەکانی پارتی دێنە هەندرێن بۆ ئەوەی شوێنی شیوعییەکان بگرنەوە، وەلێ کە هێرش دەست پێ دەکات جارێکی دی دەکشێنەوە چیایەکە دەدرێتەوە بە پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی بۆ ئەوەی پارێزگاری لێبکەن.
دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنە لە رێگای جیهازەکەی ئەبو شاخەوانی کوڕە کریستانی بەشداربوی داستانەکەوە ، پەیوەندی لە نێوان پێشمەگەو سوپای عێراقی دەست پێدەکات تا دەگاتە بەیاننامەی 30 حوزەیران کە داننان بە لامەرکەزیەتی کوردستانی لێ هاتە ئاراوە.
بە پەراوێز خستنی لایەنەکان و خواردنی بەشی یەکتر لە جوڵانەوەی چەکداری کوردستاندا باو بووە تا هەنوووکە بە تایبەت لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە، دەیان جار خۆیان کردووە بە خاوەند چالاکی وا کە بە رێکەوت چەند کەسێکیان تێیدا پشکدار بوونە، ئەوان نەک تەنها سەروەت و سامانی کوردستان بگرە سەروەری و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانیش بە موڵکی خۆیان دەزانن و تەزویری مێژوو دەکەن،  بەیاننامەکەی بارزانیش لە یادی 53 ساڵەی داستانی هەندرێندا دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە، راستە مێژوو براوەکان و دەسەڵاتداران دەینووسنەوە ، وەلێ  قۆناغی تەسحیحاتی مێژوو دەستی پێکردووە، مێژوو لە حەکایەت و تەسریحاتەوە  بووە بە زانست و گێڕانەوەی راستیەکان، پشکنین و بەڵگەو گەڕان بە دوای راستییەکان و وتەی ئەکتەرە ئەکتیڤەکانی روداوەکان.
ئەوە ئەگەر هەندرێن لەو شەڕە قارەمانانەیە ئازاد نەکرایاتەوە، هەتا هەتایە دەکرایە پەڵەیەکی رەش بەناو چەوانی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعیەوە، ئیتر وابووە سەرکەوتن فرە بابەو شکستیش هەتیو.
لە کاتێکدا حیزبی شیوعی لە نێوان 1946 بۆ 1961 بۆ ماوەی 15 ساڵ هێزی یەکەمی کوردستان بووە، ئەمڕۆ لەسەر ئەو مێژووە دەژێت، دەبوایە  وەڵامی بۆ هەموو ئەوانە هەبێت کە دەیانەوێت مێژووەکەی زەوت بکەن و بیشێوێنن، ژیانی ئەمڕۆی لەسەر مێژوو بێت، داکۆکینەکردن لەو مێژووەش مانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، خەریکە سەرکەوتنەکان و داستانەکان و مێژووش  وەک گواستنەوەی شەهیدەکان سەنگەر بگوازنەوە.

بۆ سەلماندنی  بۆچونەکانم ئەم دوو دیدارە ببینن:
ئەبو شاخەوان  تێکۆشەرێکی کریستان:

عەبدوڵا تۆفیق ناسراو  پاڵەوانی  هەندرێن :

بۆ بینینی هەموو بەرنامەکان:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە